وه‌ڵامی پرسیارێك

كه‌ریم قادر
پرسیارێكه و له مێشكی زۆرێكماندا بوونی هه‌یه، كه ئه‌گه‌ر ژماره‌ی هه‌موو كورد كۆبكه‌ینه‌وه به‌وانه‌ی به عه‌ره‌ب و تورك و فارس كراون و ئه‌وانه‌شی له سه‌رده‌می زوودا به هه‌ر هۆكارێك زێدی خۆیان جێهێشتووه یا ده‌ركراون و كه‌وتوونه‌ته وڵاتانی جیاجیاوه، نزیكه‌ی 50-60 ملیۆنێك ده‌بێ، هه‌رچه‌نده هه‌میشه خه‌باتی كردووه و قوربانی داوه، به‌ڵام بۆ تا ئێستا نه‌بۆته خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی خۆی؟
ئایا له‌به‌رئه‌وه بووه زیاتر كاری بۆ شارستانی ئه‌وانی دی، به تایبه‌تی ئیسلام كردووه یا كاری بۆ ئایدیۆلۆژیایه‌ك كردووه هیچ په‌یوه‌نده پێوه‌ی نه‌بووه؟ ئایا وڵاتانی زلهێز، كه له‌سه‌ر ئه‌مه له لایه‌ن كورد زۆر لۆمه ده‌كرێن، ده‌ستیان له‌و بێبه‌شكردنه‌دا هه‌بووه؟ ئایا خۆی شایسته‌ی ئه‌وه نه‌بووه یا په‌یوه‌ندی به سایكۆلۆژیایه‌وه هه‌یه و خۆی ئه‌مه‌ی نه‌ویستووه یا وه‌ك ده‌ڵێن خۆ خۆره؟ ئایا هه‌ر حه‌ز ده‌كات بێگانه حكومڕانی بكات؟ ئه‌مانه و چه‌ندین پرسیاری دی هه‌ن، كه ده‌هێنن قسه‌ی له‌سه‌ر بكرێ.
له‌م وتاره‌دا، وه‌ك رۆژنامه‌نووسێك به له‌به‌رچاوگرتنی ململانێكانی دۆخی ئێستا، هه‌وڵ ده‌ده‌م ئه‌وانه‌ی تاقه‌تم پێیان ده‌شكێ وه‌ڵامبده‌مه‌وه، ئه‌وانی دیش بۆ شاره‌زایان جێده‌هێڵم، به تایبه‌تی هه‌نووكه ده‌رفه‌تی زۆر له به‌رده‌م قوتابی كورد واڵایه تا له نامه‌ی ماسته‌ر و تێزی دكتۆرا به وردتر لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ن.
به ته‌بیعه‌ت، كورد هه‌میشه خۆی له مه‌لیك به مه‌لیكتر زانیوه و هۆكاره‌كه‌شی نازانم، لێ ده‌توانم بڵیم هه‌رچیه‌كی وه‌رگرت بێت، نه‌یكردۆته ئامراز بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی، به‌ڵكو هێنده له‌گه‌ڵیدا هاوته‌ریب بووه گه‌یشتۆته راده‌ی خۆ به كۆیڵه‌كردنی.
حه‌تمه‌ن به‌ر له گه‌یشتنی ئایینی ئیسلام به كوردستان، دانیشتووانه‌كه‌ی پێڕه‌ویان له ئاینگه‌لێكی ئاسمانی كردووه، واته بت په‌رست نه‌بووه، چونكه پێڕه‌وكار و ئاسه‌واری ئه‌و ئاینانه هێشتا له كوردستان بوونی هه‌یه. زۆر ناچمه ناو ورده‌كاری ئه‌و ئاینانه‌وه، كه پێشتر له كوردستان هه‌بوونه، چونكه سه‌ریان لێده‌رناكه‌م. ئه‌وه‌نده ده‌زانم، كه ئایینی ئیسلامی وه‌رگرتووه، وه‌ك ده‌ڵێن به ویستی خۆی بووه، به‌ڵام ئاسه‌واری شه‌ڕه‌كان شتێكی دیكه‌مان پێ ده‌لێن، به پێچه‌وانه‌ی میلله‌تانی دی زۆر به دڵسۆزی كاری بۆ سه‌ركه‌وتنی ئایینه نوێیه‌كه‌ی كردووه تا راده‌یه‌ی ئه‌وه‌ی له بیری چۆته‌وه، كه كورده و رێك چۆته قالبی نه‌ته‌وه‌یه‌كی دی، به زمانی ئه‌وان دواوه و تواناكانی خۆی له باڵاكردنی ئه‌و شارستانییه خه‌رج كردووه، نه‌ك خزمه‌تكردنی نه‌ته‌وه‌كه‌ی. كه‌سانێك پاساو بۆ ئه‌مه، به‌وه ده‌هێننه‌وه، كه گوایه ئه‌و سه‌رده‌م كاركردن بۆ نه‌ته‌وه باو نه‌بووه، به‌ڵام كه‌س به‌و دوعایه ناڵێ ئامین، چونكه كاركردنی ئه‌و سه‌رده‌می نه‌ته‌وه‌كانی غه‌یره كورد به جۆرێكی دیكه بووه، له‌پاڵ خزمه‌تكردنی شارستانی ئیسلام، خزمه‌تێكی باشی نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆشیان كردووه. كه‌واته عه‌یبه‌كه له كورد خۆی بووه نه‌ك شارستانییه‌كه. به پوختتر خزمه‌تكارێكی خۆبه‌خش بووه، بۆیه ره‌نج به‌خه‌سار بووه.
وڵاته زلهێزه‌كان گوناهبارن، چونكه له دوای كۆتایهاتنی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهان له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان نه‌خشه‌ی ئه‌و ناوچه‌یان داڕشت، هه‌رچه‌نده كاركردن بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان ئاساییه، به‌ڵام بێ پرسكردن به كورد ئه‌و كاره‌یان كرد، كه من پێموایه سه‌رچاوه‌كه‌ی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه و تاراده‌یه‌كیش مه‌زهه‌بی بوو. ئێستا ئه‌وان دان به‌و هه‌ڵه‌یه‌ی خۆیان ده‌نێن و تاراده‌یه‌كی باش كورد توانیویه‌تی تێ‌یان بگه‌یه‌نێ، كه كورد دژی دابینكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌وان نییه. به تایبه‌تی به حیكمه‌ت و شاره‌زایی سه‌ركردایه‌تی سیاسی و ئیداری كوردستان، ئێستا ده‌رگای كوردستان به‌رووی كۆمپانیاكانیان كراوه‌یه، كه به بۆچوونی شاره‌زایان ئه‌مه بۆ گه‌یشتن به ئامانجه‌كه زۆر گرنگه. كه‌وته له‌پاڵ ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی له سه‌ره‌تای نه‌وه‌ته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو رووی له ناوچه‌كه كردووه، كه پێشبینی داڕشتنه‌وه‌ی سنووره خوێناویه‌كان ده‌كرێ، ده‌رفه‌تێكی باش بۆ كورد هاتۆته پێش مافه نه‌ته‌وه‌یه‌كانی به‌ده‌ست بهێنێ. به‌ڵام هه‌ندێ حزبی علمانی و ئیسلامی كوردستان، كه جگه له دژایه‌تیكردنی ئه‌و ده‌رفه‌ته هیچ هاوبه‌شیه‌كیان له نێوان دا نییه، بێ ئاگا له دۆخه‌كه به بیانووی سه‌مه‌ره دژایه‌تی ئه‌و ده‌رفه‌ته ده‌كه‌ن، به په‌خشكردن و بڵاوكردنه‌وه‌ی كولتووری ره‌شبینی و چاندنی تۆوی نا ئومێدی، ته‌نانه‌ت هێنده به تووندی كار له‌سه‌ر ئه‌مه ده‌كه‌ن، خه‌ریكه نه‌ته‌وه و وڵاته‌كه‌ش له‌به‌رچاوان سووك ده‌كه‌ن، كه له‌ناو میلله‌تانی دی به‌و شێوه‌یه نییه، به‌ڵكو به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی هێڵی سووره، به‌ڵام ئه‌وانه هه‌ندێجار هه‌ر بۆ دژایه‌تیكردنی ئه‌و ده‌رفه‌ته، دژایه‌تیه‌كانی ئه‌موئه‌و له‌به‌رچاوی جه‌ماوه‌ری كوردستان شیرین ده‌كه‌ن و خۆمان بچووك ده‌كه‌نه‌وه. ئایا ئه‌وانه نازانن كوردستان پاپۆڕی هه‌مووانه به ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزیسیۆنه‌وه، خۆ ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات نوقم بێت، هه‌موو ئاو ئاو ده‌چین نه‌ك ده‌سه‌ڵات به ته‌نێ. به مانایه‌كی دیكه، جه‌ماوه‌ریش ئه‌و راستییه ده‌زانن، كه ئه‌وه ده‌سه‌ڵاته، ئه‌و خۆشگوزه‌رانی و ئارامی و سه‌قامگیرییه‌ی به‌دیهێناوه. نه‌ك ئه‌وان، به‌ڵكو ئه‌وان بوونه‌ته هۆكاری شێواندنی دۆخه‌كه. ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی به سایكۆلۆژیای ئه‌و سه‌ركردانه هه‌یه، كه سه‌ركردایه‌تی ئه‌و به‌ره‌یه ده‌كه‌ن، هه‌میشه له به‌رامبه‌ر بێگانه خۆیان به بچووك داده‌نێن و حه‌ز به‌وه ده‌كه‌ن حكومڕانیان بێت، نه‌ك كورد خۆی حكومڕانی خۆی بكات. واته ئه‌وانه خۆشی خۆیان له مه‌ینه‌تی كورد ده‌بیننه‌وه و ده‌یانه‌وێ خۆ به‌خۆ هه‌میشه له شه‌ڕ دابین و نه‌پڕژێینه سه‌ر خزمه‌تكردنی ئه‌و خه‌ڵكه، كه شایسته‌ی هه‌موو خزمه‌تكردنێكه به ئامانجه‌كه نه‌گه‌ین، ئه‌گه‌ر نا، ده‌بێ ئه‌وان له‌بری ئه‌و دژایه‌تییه بێ چوارچێوه‌یه تۆوی خۆشه‌ویستی بچێنن و وڵاته‌كه له‌به‌رچاوی خه‌ڵك شیرین بكه‌ن.
من پێموایه ئێستا زۆرینه له راستی كاركردنی ئه‌و به‌ره‌یه گه‌یشتوون، كه له‌گه‌ڵ دنیابینی جه‌ماوه‌ر ناته‌بایه. بۆیه له دوا هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان، له گه‌رمیان و پارێزگای نه‌ینه‌وا به ده‌نگ نه‌دانیان بۆ كاندیدانی ئه‌و به‌ره‌یه وه‌ڵامی ئه‌و شێوه نه‌شازه‌ی كاركردنی ئه‌وانی دایه‌وه. ئه‌مه‌ش له‌خۆیدا مه‌سێجێكه، كه پێویسته واز له دژایه‌تی كردنی ئه‌و ده‌رفه‌ته هه‌ڵگرن و ئه‌و وڵاته به‌و شێوه‌یه نییه ئێوه وێنه‌ی ده‌كه‌ن، ئێمه خۆمان چاومان هه‌یه.




