٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

بڕوخێ مورسی

سەرچاوە: KDP.info

غازی حەسەن

پێش ساڵێک لە 30حوزەیراندا، موحەمەد مورسی سەرۆکی نوێی میسر بەر لەیەک ساڵ دوای روخانی رژێمی حوسنی موبارەک دەستبەکار بوو، لایەنە ئیسلامییەکان کە دەیان ساڵ بوو سەرکوت دەکران و مێژووەکەیان لەتەک گومان، زیندان و هەندێکجار خۆگونجان لەگەڵ دەسەڵاتیشی تێدابووە. دوای شۆڕشی جەماوەری، وەکو هێزی یەکەم لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتی میسر دەرکەوتن و زۆرینەی دەنگیان بەدەستهێنا. لەئاکامی هەنگاوە توندەکانی ئیسلامییە ئیخوانییەکان، تێڕاونین و لێکدانەوە و حیساباتی رۆژئاوا و ئەمەریکا بەرانبەر راپەرینی خەڵکی میسر و دوارۆژی ئەم وڵاتە گۆڕانی بەسەردا هات. تەنیا هەندێک لایەن و ناوەندی توێژینەوە و رۆژنامە جیهانییەکان بەهاری دەربازبوون لە دیکتاتۆرەکان و حکوومەتە شمولییەکانی وڵاتانی عەرەبیان بە پایزی عەرەبی چواند. دیارە ئەمەش بە پلەی یەکەم بۆ زالبوونی لایەنە ئیسلامییەکان و قۆرخکاری پێگە گرینگەکانی دەوڵەت گێردراوە، نابێت لەبیری بکەین، ئەوانەی لە بنەڕەتیشدا لەگەل سیاسەت و فکری ئیسلامی لە کاری دەوڵەتداری هەڵناکەن، بە خێرایی دژایەتی ئیسلامییە ئیخوانییەکانیان دژی بزاڤی کۆمەڵگەی مەدەنی و  مافی ئافرەت و زۆربوونی بێکاری و دژایەتی لایەنە دیارەکانی بە مەدەنی بوونی کۆمەڵگەیان قۆزتەوە و هەنووکە وەکو یەکێک لە لایەنە ناشینرنەکانی دەسەڵاتی ئیسلامییەکان وێنا دەکرێت. رەنگە ئەمەش ببێتە سەرەخۆرەی ئەمجۆرە دەسەڵاتە خۆسەپێنانەی دەیانەوێت کۆمەڵگە بەتوندی و پێچەوانەی گەشەکردنی دونیا ئاراستە بکەن.

لەئاکامی هەنگاوە توندەکانی ئیسلامییە ئیخوانییەکان، تێڕاونین و لێکدانەوە و حیساباتی رۆژئاوا و ئەمەریکا بەرانبەر راپەرینی خەڵکی میسر و دوارۆژی ئەم وڵاتە گۆڕانی بەسەردا هات

لەم رۆژانە بەرهەلستکارانی موحەمەد مورسی و سیاسەتی ئیخوان لە بەرێوەبردنی دەوڵەتدا، داوایان کردووە کە مورسی دەست لەکاربکێشتەوە، کەچی لەبەرانبەر ئەوەدا گروپەکانی ئیسلامییەکانی سەر بە مورسی خۆپیشاندانیان بۆ پاڵپشتی مانەوەی مورسی لە دەسەڵات و دژایەتی لایەنە دژەکانی ئیسلامییەکان کرد. پێدەچێت رەوشی میسر لە سایەی خۆسپەپێنی و تاکڕەوانە بڕیاردانی مورسی بۆ ئەوەی بە خێرایی جومگە گرینگەکانی دەوڵەت کۆنترۆل بکات، توڕەیی لایەنە علمانی و کۆمەڵگەی مەدەنی و هەتا وڵاتەکانی رۆژئاواش نیگەرانتر و  فرەتر بکات.

مورسی کە بانگەشەی پاراستن و پەرەپێدانی رێڕەوەی شۆڕش دەکات، لەم ماوەیە بەناوی چاکسازی لە پارێزگارەکاندا،لە کۆی بیست و حەوت پارێزگار  یانزدە پارێزگاری سەر بە ئیخوانی دامەزراندووە، بەتایبەتیش ئەوەی لەقەسیر مەسەلەکەی بەیەکجاری ئاڵۆزتر کردووە. ئەم شارە بە یەکێک لە شارە گەشتوگوزارییە گرینگەکانی میسر دەژمێردرێت و خەڵک و کەرتێکی زۆری وەبەرهێنان لەم وڵاتە پشت بە گەشتوگوزار دەبەستن، ئەو پارێزگارە ئیسلامییەی مورسی دایناوە، بانگەشەی قەدەغەکردنی مەی فرۆشتن و گۆرانی گوتن و تێکەڵبوونی ئافرەت  و پیاو لە دامودەزگاکانی حکوومەت دەکات. کەواتە مەسەلەکە رێک پێچەوانەی سیستەم و سیاسەتی شۆڕشی جەماوەری میسر بەرێوەدەچێت، وەکو لایەنە چاودێرەکان باسی دەکەن  موبارەکیش بۆ خۆسەپاندن  هەمان سیاسەتی پەیرەو دەکرد، کەچی مورسی هەنووکە کوتومت هەمان سیاسەت بەرێوەدەبات.

 

لە هەمان گاڤدا راپرسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پێگەی لاینەگر و رێژەی جەماوەری مورسی بە لەبەر سیاسەتە هەڵەکانی لە دابەزین دایە.  ئەم دابەزینەش وای کردووە، رێژەی راستەقینەی ئیسلامییەکان لە کۆمەڵگەی میسر بەدەربکەوێت کە رێژەی %٣٠ە.

گرینگ، لادانی مورسی کە بەهەڵبژاردن هاتووە، هیچ بنەمایەکی دیموکراسی تێدا بەدی ناکرێت، لە هەمان گاڤیشدا سیاسەتی تاکڕەوی  و کارەکانی ئیسلامییە ئیخوانییەکان و موحەمەد مورسی سەرۆکی میسر هیچ رەواییەکی تێدا نییە، چونکە ئەوان دەیانەوێت هەمان سیاسەتی موبارەک دوبارە بکەنەوە. موبارەک بەناوی نیشتیمان و  ئەمانەش بە ناوی ئیسلامی بوون و دژایەتی گەندەلی و نەهێشتنی بێکاری دەیکەن.  بەڵام میسرییە علمانییەکان لەوە گەیشتوون ئەو رەوشە تازەیەی ئیخوانەکان دروستیان کردووە، وڵاتەکەیان بەرەو گۆشەیەکی تەژی لە قەیران و  کێشە دەبات. بۆیە ئامادە نین هاوکاری ئەم سیستەمە بکەن، کە خۆی قەیرانە و لە پێناو گێژەنێکی گەورەتر ئیدارەی ناکۆکییەکان دەکات.

میسرییە علمانییەکان لەوە گەیشتوون ئەو رەوشە تازەیەی ئیخوانەکان دروستیان کردووە، وڵاتەکەیان بەرەو گۆشەیەکی تەژی لە قەیران و  کێشە دەبات

رەوا نییە، میسری خودانی شارستانیەت کە ئابورییەکەی پشت بە گەشتوگوزار دەبەستێت بە دابڕاوی لە گەشتیارانی جیهان بژیت، هەروەها رۆشنبیری میسری کە هەمیشە راۆشنبیرییەکەی پێشەنگ و  رۆشنەگر بووە لە جیهانی عەرەبیدا، ئەمڕۆ گۆرانی گوتن و بە یەکەوە کاردنی ئافرەت و پیاوی تێدا قەدەغە بکرێت.  رەوایەتی ئەم شۆڕشەی میسر لەوە دایە گەنج لە دەسەڵات و پێگە گرینگەکانی وڵاتدا رۆلی هەبێت و  سەرکردایەتی بکات، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کارا بکرێن، نەک لە دادگا سزا بدرێن. هونەر بڤە بێت و هونەرمەند و راگەیاندنکارەکانیان لە دادگا سزا بدرێن چونکە رەخنە لە سەرۆکی وڵات دەگرن، ئەم سیستەمە پێویستە  نان بۆ خەڵک دابین بکات  و ئابوری وڵاتەکە راست بکاتەوە، نەک مورسی لە پێناو رازیکردنی ئیسلامییەکان سیاسەتی نیشتیمانی بڕیار لێبدات . سیاسەتی دەرەوەی لەسەر حیساباتی ناوەخۆیی و فشاری گروپە ئیسلامییەکان دابرێژێت. ئەوەتە لەلایەک دەیەوێت ئێران رازی بکات و لەلایەکی دیکە لە کرملن بە پێی سیاسەتی روسیا و بەرژەوەندییەکانی ئەوان بڕیار لە دەستوەرنەدان لە کاروباری سوریا دەدات، کەچی دواتر لە ناو میسر بڕیاری بڕینی پەیوەندییەکانی لە گەڵ حکوومەتی سوریا دەدات. هەروەها هاوکاری حەماس دەکات و لەگەڵ پارتی داد وگەشەپێدانی تورکیا دەیەوێت هاو ستراتیژ بێت، کەچی ناتوانێت لەترسی پەرەسەندنی گروپی ئیسلامی توندڕۆی چەکدار لە سینا، دەستبەرداری رێککەوتنی نێوان ئسیرائیل و میسر بێت. بانکی نێودەوڵەتی بە مەرج قەرز بە میسر دەدات. ئەمەریکا نیەگەرانن لە هاوکاری سەربازی و دارایی و دیبلۆماسی ئیسلامییەکانی میسر.

ئەو پارێزگارە ئیسلامییەی مورسی دایناوە، بانگەشەی قەدەغەکردنی مەی فرۆشتن و گۆرانی گوتن و تێکەڵبوونی ئافرەت  و پیاو لە دامودەزگاکانی حکوومەت دەکات

پێناچێت نە کۆمەلگەی نێودەوڵەتی و نە شەقامی توڕەی میسری رێگە بدەن مورسی ماوەیەکی درێژ لە دەسەڵات بمێنێتەوە، کاتێک ئەمەریکا هاوکاری سەربازییەکانی درێژە پێدەدات، نایانەوێت رژێمێکی ئیسلامی توندڕەوی دژ بە بەرژەوەندییەکانی رۆژئاوا و کۆمەڵگەی مەدەنی لە میسر نەهێز دروست بێت. هەروەها پێناچێت مورسی خۆشی ئەو لێهاتووە بێت، بتوانێت وڵاتەکە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن سەرکردایەتی بکات. وەکو هەندێک رۆژنامەی بیانی ئاماژەیان پێکردووە بەرهەڵستکارەکانی مورسی دەڵێن با رۆژی دەستبەکاربوونی مورسی، رۆژی کۆتایی پێهێنانی دەسەڵاتەکەشی بێت. بۆیە دەڵێن بڕوخێ مورسی..!!

هەواڵی پەیوەندیدار