ئەرێ لە مەیدانی تەقسیم و پاركی گەزی دیموكراسی دەردەكەوێت؟
ئەسڵی ئایدنتاشباش
هەندێك كەس بێ هیوایە و هیوای منیش زۆر گەشە، ماوەیەكە خۆپێشاندانەكانی توركیا مودێلیان گۆرٍاوە و لە چوارچێوەی یەك كەسدا گرێدراون. ئەمە خاڵێكی وەرچەرخانە بۆ توركیایەك كە كەوتبوو سەر رێگایەكی و چاوەروان دەكرا كە بۆ ماوەی 10 ساڵی دیكە هەر لە سەر ئەم رێگایەدا بێت.
گەنجەكانی پاركی گەزی و مەیدانی تەقسیمی ئەستەنبۆڵ ئەوەیان سەلماند كە باشتر لە پیرە مێردەكانی كۆڵانەكانی ئەنقەرە لە دیموكراسی و كلتووری دیموكراسی تێگەیشتوونە. ئەو گەنجانە نەرازی بوونی خۆیان و داواكارییەكانی خۆیانیان بە شێوەیەكی سەردەمییانە لە چوارچێوەی پیوانەكانی دیموكراسیدا دەربڕی و هەڵوێستێكی ئاشكرایان بۆ راگرتنی هۆت زۆتی بەرێوەبەرایەتییە كڵاسیكەكەی ئەنقەرە نیشان دا. بەڵام دەسەڵاتی سیاسی توركیا كڵاسیك بوونی خۆی بە پولیس و میدیا و هێزە ئەمنییەكانییەوە بەو پەڕی بێ شەرمییەوە نیشانی رای گشتی كۆمەڵگەی توركیا و كۆمەڵگەی جیهان دا. بێگومان ئەم هەڵوێستە كڵاسیكەی حكوومەتی توركیا نیشانەی تێنەگەیشتنی دەسەڵات و ئوپوزسیونی توركیا لە دیموكراسی و مافە دیموكراتیكەكانی خەڵكە. چە دەسەڵات و چە ئوپوزسیونی توركیا هیشتاكە بە عەقڵیەتی نیوەی یەكەمی سەدەی بیستەمدا هەڵسووكەوت دەكەن و توانای خۆ گرتنیان لە بەرامبەر دیموكراسییدا نییە، بۆیە كاتێك كە تۆزێك تەنگاو دەبن هەر خێرا پەنا بۆ هێز دەبەن.
| دەسەڵاتی سیاسی توركیا كڵاسیك بوونی خۆی بە پولیس و میدیا و هێزە ئەمنییەكانییەوە بەو پەڕی بێ شەرمییەوە نیشانی رای گشتی كۆمەڵگەی توركیا و كۆمەڵگەی جیهان دا |
ئەو كەس و لایەنانەی كە بە هۆی هەبوونی هێزی موتڵەقەوە لە دەردەوی سەرۆك وەزیر ئەردوغان كۆ بوونەتەوە لە خۆپێشاندانەكانی مەیدانی تەقسیم و پاركی گەزیدا ئەوەیان سەلماند كە چەندە زەمینەیان بۆ تاوان كردن و هەڵە كردن رەخساندووە. بێگومان ئەمانە هەر هەموویان دەستكەوتی دیموكراسین بەڵام هەندێكیان لە جیاتی ئەوەی سوودیان هەبێت زەرەریان هەیە و ئەوانەی دیكەیش كە سوودیان هەیە بەس ناكەن.
حكوومەت لە پاركی گەزی و مەیدانی تەقسیم چە جۆرە پەیامێكی وەرگرت، ئایا وەكو حوسنی موبارەك هەوڵ بۆ توندتر كردنی هەڵوێستی خۆپێشاندەرەكان دەكات یا بە پێچەوانەوە هەوڵ بۆ بێدەنگ كردنی دیموكراسی و پێشەل كردنی مافە دیموكراتیكەكانی خەڵك دەدات؟ ئایا حكوومەت دەتوانێت سوود لە رووداوەكان و خۆپێشاندانەكان وەربگرێت و دەست بە رێفراندومێكی گشتی لە توركیا بكات؟
من پێم وایە هەر چەند حكوومەت هێشتاكە بۆ ئەوەی كە پەیامەكانی پاركی گەزی بە باشی وەرنەگرێت خۆڕاگری دەكات و میدیاكانی حكوومەتیش هەوڵ بۆ تاوانبار كردنی خۆپێشاندەرەكان دەدەن، بەڵام دەسەڵاتی سیاسی توركیا ناتوانێت نە وەكو حوسنی موبارەك هەڵسووكەوت بكات و نە دەتوانێت دیموكراسی بێدەنگ بكات بەڵكو ناچار دەبێت كە پاكێجێكی نوێ دیموكراتیزە كردنی توركیا پێشكەش بكات. چوونكە حكوومەتیش باش دەزانێت كە سەردەم گۆڕاوە و وەكو رابردوو ناتوانێت بە زۆری پولیس یا بە بریاری دادگاكان ئوتوریتەی خۆی لە سەر كۆمەڵگەدا بسەپێنێت، سەپاندنی ئوتوریتە لە سەر كۆمەڵگە و خۆ فەرز كردنی دەسەڵات لە سەر كۆمەڵگە زەرەرێكی یەكجار زۆری بۆ دەسەڵاتی سیاسی دەبێت.
| توركیایش هیچ شانسی ئەوەی نییە كە بە گشتی پشت لە وڵاتانی رۆژئاوایی و دیموكراسی رۆژئاوایی بكات و ئەو حەرەكەتانەی كە لە سەردەمی 28ی شۆباتدا لە لایەن لائیكەكانەوە كراون ئەمرۆیش لە لایەن ئیسلامییەكانەوە دووبارە بكرێنەوە |
لە لایەكی دیكەوە پێویستە حكوومەتی توركیا باش ئەوە بزانێت كە ئەگەر دەنگی لە سەدا 50ی خەڵكی بە دەستەوە هێناوە ئەو مانایە ناگەینێنت كە سەدا 50ی دیكە سەركوت بكات و مافەكانیان پێشەل بكات و داواكارییەكانیان پشتگوێ بخات. ( رووداوەكانی گەزی نموونەیەكی بەرچاوی ئەم راستییەن.)
بێجگە لەمانە توركیا لە رووی سیاسی و ئابوورییەوە ئەنتەگرەی جیهان بووە ( كراوەیە و تێكەڵ بووە)، بۆیە ئەگەر دەسەڵات هەوڵ بۆ سەركوت كردنی دیموكراسی و داواكارییە دیموكراتیكەكان بكات ئەوا سیستەمی جیهانی بێدەنگ نابێت و رێوەشوێنی پێویستی خۆی وەردەگرێت. توركیایش هیچ شانسی ئەوەی نییە كە بە گشتی پشت لە وڵاتانی رۆژئاوایی و دیموكراسی رۆژئاوایی بكات و ئەو حەرەكەتانەی كە لە سەردەمی 28ی شۆباتدا لە لایەن لائیكەكانەوە كراون ئەمرۆیش لە لایەن ئیسلامییەكانەوە دووبارە بكرێنەوە. لە حاڵەتێكی بەمجۆرەدا توركیا رووبەرووی كارەساتێك دەبێتەوە كە تەخمین كردنیشی ترسناكە.
وا بزانم حكوومەتیش بیری لەم شتانە كردووەتەوە كە ماوەی یەك هەفتەیە هەڵسووكەوتی بەرپرسانی حكوومەت گۆڕاوە، ئەردوغان وەكو رۆژانی رابردوو هەڕەشە لە كەس ناكات و وەزیری ناوخۆی توركیایش دەڵێت ئامادەین كە لە نێوان پرۆژەكانی حكوومەت و داواكارییەكانی خەڵكدا رێفراندوم بكەین، ئەمە نیشانەی گۆڕانكاری ئیجابییە لە نێو حكوومەتدا، كۆبوونەوە بە پەلەكەی وەزیری دادی توركیا لەگەڵ شاندی بەدەپە و دەستپێكردنەوەی هەوڵدانەكانی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد، نیشانەی ئەوەیە كە حكوومەت لە لافاوی دیموكراسی خەڵك ترساوە بۆیە دەستی بە گۆڕانكاری و بەڵێنی رێفورمی لە رووی سیاسیی و یاساییەوە داوە.
خۆپێشاندانەكانی پاركی گەزی و مەیدانی تەقسیم ساز كردنی جۆرەیەك هاوسەنگی بوو لە بەرامبەر حكوومەتدا كە هەوڵ بۆ ئوتوریتەر كردنی خۆی دەدات. بۆیە من پێم وایە كە خۆپێشاندانەكانی پاركی گەزی گەیشتنە ئەنجامی خۆیان و زوو یا درەنگ دیموكراسییەكی سەردەمییانە لە توركیا پەیڕەو دەكرێت.
سەرچاوە. میللیەت




