٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

هەڵبژاردنەكانی توركیا و قۆناغی چارەسەری پرسی كورد

سەرچاوە: KDP.info

فێكرەت بلا

رووداوەكانی پاركی گەزی بوون بە هۆكاری ئەوەی كە توركیا زووتر دەست بە سازدانی هەڵبژاردنە گشتییەكانی خۆی بكات. سەرۆكی وەزیری توركیا رەجەب تەییب ئەردوغان لە بەرامبەر رووداوەكانی پاركی گەزی و خۆپێشاندانەكانی مەیدانی تەقسیمدا بۆ بێدەنگ كردنی ئوپوزسیون سەندوقی هەڵبژاردنەكانی نیشاندا و ئەمەیش بە مانای دەستپێكردنی هەڵمەتی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە توركیا. سەرۆك وەزیری توركیا رۆژی شەممە سێیەمین میتینگی پارتەكەی خۆی لە شاری سامسوندا ساز كرد و لەم میتینگەدا پرۆپاگەندەیەكی یەكجار باش و پێشوەختی بۆ هەڵبژاردنەكان كرد و بریارە لە رۆژانی داهاتوویشدا سەردانی شاری ئەرزرووم بكات و لەوێش دەست بە هەمان پرۆپاگەندە بكات.

باوردۆخی هەنۆكەیی وای كردووە كە توركیا ئەمرۆ لە نێو قۆناغی هەڵبژاردنە گشتییەكانی خۆیدا سێ قۆناغی دیكەیش بە رێوە ببات. ئەم سێ قۆناغە ئەوەندە گرنگن كە هەریەك و بە شێوەیەكی زۆر سەرسۆڕ هێنەر كاریگەرییان لە سەر قۆناغی هەڵبژاردنەكاندا دەبێت، ئەم قۆناغانە بریتین لە قۆناغی یەكیەتی ئەورووپا، رووداوەكانی پاركی گەزی و قۆناغی چارەسەری پرسی كورد. بە هۆی خۆپێشاندانەكانی پاركی گەزی و مەیدانی تەقسیم، قۆناغی پاركی گەزی كەوتە پێشی دوو قۆناغی دیكەیەوە. تا ئەمرۆ سەرۆك وەزیری توركیا لە زۆربەی هەرە زۆری میتینگ و گوتار و كۆبوونەوەكانی خۆیدا زۆر بە بەرفراوانی باسی پاركی گەزی و خۆپێشاندانەكانی مەیدانی تەقسیمی كردووە. بەڵام بە هۆی گۆڕینی چۆنیەتی خۆپێشاندانەكان و هێوەرتر بوونەوەی بارودۆخەكە، ئەمجارەیان سەرۆك وەزیری توركیا دەستی بە باس لە كردن لە قۆناغی یەكیەتی ئەورووپا و قۆناغی چارەسەری پرسی كورد كردووە.

خۆپێشاندانەكانی مەیدانی تەقسیم و هێرشەكانی پولیس بۆ سەر خۆپێشاندەرەكان و رەخنە كردنی توركیا و حكوومەتی توركیا لە لایەن بەرپرسانی یەكیەتی ئەورووپایەوە بوو بە هۆكاری ئەوەی كە قۆناغی یەكیەتی ئەورووپایش پێش قۆناغی چارەسەری پرسی كورد بكەوێت، بێجگە لەم خاڵە هاوكات هەوڵدانەكانی راوێژكاری ئەڵمانیا ئەنگێلا مەركەل بۆ داخستنی دەرگای یەكیەتی ئەورووپا بە رووی توركیادا رولێكی یەكجار گرنگی بۆ پێش خستنی قۆناغی یەكیەتی ئەورووپا هەبووە.

لەگەڵ دەستپێكردنەوەی قۆناغی یەكیەتی ئەورووپا كە ماوەیەكی درێژە پەرتەواز كراوە، قۆناغی چارەسەری پرسی كوردیش رووبەرووی راوەستان و ئاستەنگی بوویەوە. وتە هەڕەشە ئامێزەكانی سەرۆكی دەستەی سەرۆكایەتی كەجەكە موراد قەرەیڵان و هاوسەرۆكی بەدەپە سەلاحەدین دەمیرتاش هیمایەكی زۆر باشن كە دەسەلمێنن قۆناغی چارەسەری پرسی كورد رووبەرووی ئاستەنگی و پەرتەوازی بووەتەوە.

حكوومەتی توركیا كە دەستی بە قۆناغی ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردن كردووە، رەخنە لە لێدوانەكانی موراد قەرەیڵان و سەلاحەدین دەمیرتاش دەكات و دەڵێت كە بە هیچ شێوەیەك قۆناغی چارەسەری پرسی كورد رانەگیراوە و هەوڵدانەكان بۆ چارەسەر كردنی ئەم پرسە بەو پەڕی جدییەتی خۆیانەوە درێژەیان هەیە. دوای ئەم لێدوانەی حكوومەتی توركیا وەفدی بەدەپە لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەتی توركیا ( جێگری سەرۆك وەزیر و وەزیری داد) كۆ بوویەوە و دوای كۆبوونەوەكەیش هەر دوو لا ئاماژەیان بەوە كرد كە هەفتەی داهاتوو كۆبوونەوەیەكی دیكەی هاوبەش لە نێوان هەر دوو لادا ساز دەكرێت و بەمجۆرە مەرحەلەی دووەمی قۆناغی چارەسەری بە رەسمی دەست پێدەكات. لەم سێ قۆناغە كە كاریگەرییەكی یەكجار زۆریان لە سەر پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی توركیا دەبێت حكوومەت تەنیا قۆناغی یەكیەتی ئەورووپا بە هەند وەرناگرێت و بە جدی بەدوایدا ناچێت، بەڵام ئەو دوو قۆناغەكەی دیكە بۆ توركیا زۆر گرنگن بۆیە حكوومەت ناچارە بەو پەڕی هێزی خۆیەوە هەوڵ بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئەو قۆناغانە بكات.

سەرۆك وەزیری توركیا ئاماژە بەوە دەكات كە قۆناغی پاركی گەزی قۆناغێكە كە لە لایەن چەندین هێز و لایەنی ناوخۆیی توركیا بە پشتگیری چەندین هێزی دەرەكی بە شێوەیەكی نایاسایی و نادیموكراتیك دەست پێكراوە و جۆرەیەك كوودەتای كۆمەڵایەتییە كە دەیەوێ بە دوور لە پیوانە دیموكراتیكەكان دەسەڵاتی توركیا هەڵبوەشێنێتەوە، بۆیە حكوومەت بەوپەرٍی هێزی خۆیەوە بەدواداچوون بۆ قۆناغی پاركی گەزی دەكات و بارودۆخەكە ئارامتر دەكاتەوە.

قۆناغی چارەسەری پرسی كوردیش قۆناغێكە كە دەتوانێت جارجار حكوومەت و بەدەپە یا حەرەكەتی كوردی بە گشتی تەنگاو بكات، بەڵام هەم حكوومەت و هەم حەرەكەتی كوردی سوورن لە سەر سەرخستنی ئەم قۆناغە. لە بەرامبەر هەوڵدانەكانی حكوومەت و حەرەكەتی كوردیشدا ئوپوزسیونی توركیا كە لە دژی قۆناغی چارەسەرییە دەیەوێ بە چڕتر كردنەوەی هەوڵدانەكانی خۆی لە دژی ئەم قۆناغە، لەم سەردەمەدا سیاسەت بكات و تۆزێكیش بێت پێگەی خۆی لە نێو رەگەزپەرەستەكاندا بەهێزتر بكات.

 

سەرچاوە. میللیەت

 

 

 

 

 

 

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار