جەلتەی سیاسی
غازی حەسەن
من نە دکتۆرم و نە سیاسییەکی پلە یەکم تا بیتوانم پشکنین بۆ دیاردەی ترسناکی ئەو نەخۆشیانە بکەم کە هەنووکە رووبەروی کوردستانن. بەڵام وەکو رۆژنامەنووسێک دەتوانم ئەوەی دەبینم و بڵاوە ئاماژە پێبکەم.
ئەزموونی سیاسی لە کوردستان لە ماوەی پتر لە بیست ساڵی رابردوو، پێشکەوتنێکی گەورە و جێ متمانەی بەدەستهێناوە. راستە لەناوەخۆدا کار دەکرێت گومان بخرێتە سەر رەوشی ئیداری و سیاسی لە کوردستاندا، بەڵام پێچەوانەی ئەم رەشبینییە و بە خراپ ناوهێنانی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان ، لە بواری دیبلۆماسی و پەیوەندی لە گەڵ درواسێ و وڵاتەکانی ئەوروپا و ئەمەریکاو ئوسترالیاو و رسیا و چین و کەنەدا و ئاسیای ناوەڕاست و هەروەها بواری بازرگانی و نەوت و وزەو ئاوەدانکردنەوەی کوردستان و دەرگا کرانەوە بەسەر کۆمپانیا بەناوباگەکانی نەوت و گاز و بیناکردن و ئاودانکردنەوە، هەنگاوی گەورەی ناوە. بەلایەنی کەمەوە ئەمەش بۆتە بنەمایەکی بەهێز و جێ هیواو متمانە بۆ سیاسییەکانی ناوەخۆ و ئەو لایەنانەی دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە.
| هەندێک لایەن کە بڕیاریان دایە لەژیر دروشمی ئۆپۆزسیۆن کاربکەن، هەموو شتێک بە رەشبینی و بە لەقالبدان و توڕەییەوە شرۆڤە دەکەن |
دەبێت بیربکەینەوە، بۆچی پرۆسەی سیاسی لە کوردستاندا بەرەو گۆشەیەکی پڕ لە گومان و ململانێ و هەتا ناشیرنکردنی یەکتر دەبردرێت. ئامانانج لەم خراپ ناوهێنان و بەکارهێنانی زاراوەی باوی سیاسی چییە؟ کێ سود لە ملمانێکان وەدەگرێت؟ پێش وەڵامی ئەمە قسەی هاووڵاتییەکی ئاسایی دەگێڕمەوە کە دەڵێت "لەکاتی گوێگرتن لە گوتاری سیاسی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن لە کوردستاندا، هەست بەوە دەکەم ئیدی ئومێد نەماوە و کوردستان لە قەیرانێکی ترسناکە.. ئێرەیان وەکو دۆزەخ وێنا دەکەن". وەڵامەکە لێرەیە، بۆ کوردستان بە دۆزەخ دەچووێنن؟ چونکە هەندێک لایەن کە بڕیاریان دایە لەژیر دروشمی ئۆپۆزسیۆن کاربکەن، هەموو شتێک بە رەشبینی و بە لەقالبدان و توڕەییەوە شرۆڤە دەکەن. دەسەڵاتیش بە گومانەوە سەیری هەنگاوەکانیان دەکات. بەراستی ئەم هەلومەرجە رێک لە کەسێکی نەخۆش دەچێت، کە هێشتا نیشانەکانی نەخۆشی ترسناکی لێ بەدیار نەکەتووە، بەڵام گروپێکی نەخۆش، بە گۆترە و بە پێی مەزاج و لە روانگەی ئەزمونی نەخۆشییەکانی خۆیان، دەڵێن نەخێر تۆ نەخۆشییەکەت ترسناکە.. سەیری ناوچاوەکانت بکە، سەیری رەنگ و پێستت بکە.. سەیری هەنگاوە خاو و مردووەکانت بکە.. لەمەش خراپتر ئەی ئەوەتە ناتوانیت بەرێکوپێکی قسەبکەیت و وەڵامی پرسیارەکانت پێنادرێتەوە و دەیان دەیان لێکدانەوە و مەزەندە و گومانی دیکە. ئەمەش بۆ دوو هۆکار دەگەڕێتەوە (خۆبەستنەوەیە بە پرۆگرامی گومان لێکراو) یاخود ( نەزانین و کوێرانە دیقەت دانە لە کێشەکان).
| گروپێکی نەخۆش، بە گۆترە و بە پێی مەزاج و لە روانگەی ئەزمونی نەخۆشییەکانی خۆیان، دەڵێن نەخێر تۆ نەخۆشییەکەت ترسناکە.. |
سیاسییە رق هەڵگرتووەکانی کوردستان، ئەوانەی بڕیاریان داوە، تەنیا بەیەک ئاراستە و لەیەک دید و ئایدیۆلۆژیا و یەک لایەنە بڕیار بدەن، رەوشی کوردستان تووشی جەلتەی سیاسی دەکەن. با نمونەی کێشەی پرۆژەی دەستور بهێنینەوە.. سیاسییەکانی ئۆپۆزسیۆن دوایان دەکرد و بەدەنگی بەرز لەگەڵ گێڕانەوەی پرۆژەی دستوریان بۆ پەرلەمانی کوردستان و رێککەوتنی (نیشتیمانی!!!!) بوون و بە ناوی بەرژەوەندی گشتی لە سینگ و بەرۆکی خۆیان دەدا و شینە با بەڕۆیان بوو.. کەچی کە سەرۆکی هەرێم لە هەنگاوێکی دروست لە پێناو رێزگرتن لە رای گشتی و گێڕانەوەی متمانە لە نێوان لایەنە سیاسییەکان دروستکردنی کۆدەنگی. بڕیاری دا پێشنیار و نامەی لایەنەکان دەربارەی پرۆژەکە بگێڕێتەوە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بۆ لێکۆڵێنەوە و بڕیارلێدان.. کەچی ئەمجارە هەر هەمان ئۆپۆزسیۆن دەیانەوێت مەسەلەکە تووشی جەلتە بکەنەوە.. دەیانەوێت مەسەلەکان لە نێوان تەنیا چەند حزبێکی سیاسی کە ئەندامن لە پەرلەمان سنوردار بکەن. ئەمە فشارێکی ترسناکە دژی رەوشی سیاسی، دوور نییە کوردستان لە سایەی ئەمجۆرە مومارەسە و فشارە خراپە بەردەوامانە تووشی جەلتەیەکی سیاسی ترسناک بێت..!
| ئەمجارە هەر هەمان ئۆپۆزسیۆن دەیانەوێت مەسەلەکە تووشی جەلتە بکەنەوە.. |
لە بەر ئەوە گەڕانەوە بۆ مەنتیق و رێزگرتنی رای هاووڵاتی و پێکهاتەکانی کوردستان لە کورد و تورکمان و کلدو ئاشوری و سریان و ئێزیدی و کاکەییەکان، هەروەها وابەستە بوون بە بنەمای دیموکراسی نەک (حزباندن) ، خۆ دوور گرتن لە بچوکردنەوەی کێشەکان لە بەرژەوەندی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات. دەبێت ئامانج دەرباز بوون بێت لە کێشەکان، نەک درێژەپێدانی لەژێر ناو و ئامانجی سیاسی. تەنیا رێگەش بۆ خۆپاراستن لەو جەلتە سیاسییە مەترسیدارە، رێزگرتنە لە ماف و ئەرکەکانی هاووڵاتیان لە پرۆسەی سیاسیدا.




