٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

ئایا قۆناغی چارەسەری بەردەوامە؟

سەرچاوە: KDP.info

 روشەن چاكیر

هاوكات لەگەڵ دەستپێكردنی رووداوەكانی پاركی گەزی و مەیدانی تەقسیم زۆربەی هەرە زۆری كێشە و بابەتە گرنگەكانی مەیدانی سیاسی توركیا لە بیر كران. یەكێك لەم بابەتە گرنگانە هەوڵدانەكانی كۆتایی هێنان بە توندوتێژییەكانی پەكەكە و چارەسەر كردنی پرسی كورد و قۆناغی ئێمراڵی یا قۆناغی چارەسەرییە. دوای ئەوەی كە تۆزێك بارودۆخی پاركی گەزی و مەیدانی تەقسیم ئارام بوویەوە ویستم بزانم كە لە رووی قۆناغی چارەسەرییەوە دەوڵەت گەیشتووە چە مەرحەلەیەك و تا ئێستە چە جۆرە هەنگاوێكی ناوە.

قۆناغی ئیمراڵی یا قۆناغی چارەسەری پرسی كورد هاوكات بە كێشانەوەی هێزەكانی پەكەكە بۆ باكووری عێراق گەیشتە مەرحەلەیەكی دڵخۆشكەر و پەكەكە ولایەنی كوردی ئیرادەی خۆی بۆ چارەسەر كردنی ئەم پرسە دەربڕی و ئەمەیش هەنگاوێكی زۆر گرنگ و ئیجابی بوو. روو نەدانی هیچ جۆرە رووداوێكی نەخوازراو لە كاتی ئەم كێشانەوەیەدا پێشكەوتنێكی زۆر گرنگ ئەرێنییە، هەر چەند بریارە كێشانەوەی هێزەكانی پەكەكە لە ماوەیەكی كۆرتدا بە كۆتا ببێت، بەڵام پرۆسەی كێشانەوە پرۆسەیەكی یەكجار هەستیار و گرنگە، چوونكە ئەگەر لە كاتی كێشانەوەدا رووداوێك روو بدات ئەوا مومكێنە پرۆسەكە پەرتەواز بكات، بەڵام جێگای خۆشحاڵییە كە تا ئێستە هیچ جۆرە رووداوێك رووی نەداوە و ئەم پرۆسەیەیش وردە وردە كۆتایی پێ دێت.

لە لایەكی دیكەوە كۆمیتەی عەقڵمەندان كۆتایی بە كار و چالاكییەكانی مەرحەلەی یەكەمی خۆی هێناو دەستی بە ئامادە كردنی راپۆرتی خۆی كردووە بۆیە بمانەوێ و نەمانەوێ بۆ هەنگاو نان ئەمجارە نۆرەی حكوومەتی توركیایە.

پرۆسەی كێشانەوە پرۆسەیەكی یەكجار هەستیار و گرنگە، چوونكە ئەگەر لە كاتی كێشانەوەدا رووداوێك روو بدات ئەوا مومكێنە پرۆسەكە پەرتەواز بكات

دوای ئەوەی لایەنی كوردی رایگەیاند كە لە لای خۆیەوە دەستی بە مەرحەلەی دووەمی قۆناغی چارەسەری كردووە، ئێمەیش چاوەروانی ئەوەمان دەكرد كە حكوومەتی توركیایش ئەرك و بەرپرسیاریەتییەكانی خۆی لە مەرحەلەی دووەمدا ئاشكرا بكات، بەڵام حەرەكەتی كوردی رەخنە لە دوای رەخنەی ئاراستەی حكوومەتی توركیا كرد و رایگەیاند كە حكوومەت تا ئێستە هیچ جۆرە هەنگاوێكی گرنگی نەناوە. سەرەتا ئوجەلان دواتر موراد قەرەیڵان و دوای ئەویش پارتی ئاشتی و دیموكراسی (بەدەپە) و كۆنگرەی كۆمەڵگەی دیموكراتیك (كەجەدە) رایانگەیاند كە حكوومەت نەتەنیا لە مەرحەلەی یەكەمدا هەنگاوی باشی نەناوە بەڵكو بۆ دەست پێكردنی مەرحەلەی دووەمیش كەم تەرخەمە و چالاكییەكانی زۆر لاوازن. بێجگە لەم رەخنانە حەرەكەتی كوردی سەبارەت بە چەند خاڵی گرنگی دیكە دڵگرانی خۆی دەردەبڕێت، و دەڵێت چارەسەر نەكردنی ئەم خاڵانە دەبێتە هۆكاری لاواز كردنی پرۆسەی ئاشتەوایی و قۆناغی چارەسەری.

یەكێك لەم خاڵانە مەسەلەی كوشتنی 34 گەنجە كوردەكەی گوندی روبوسكییە و ئەوانی دیكەیش بریتین لە، دامەزراندنی قەرەقووڵ و بنكەی سەربازی لەو شوێنانەی كە لە لایەن پەكەكەیەوە چۆڵ كراون، سووڕانەوەی فرۆكە جەنگییەكانی سوپا لە سەر مۆڵگەكانی پەكەكە، بەردەم كردنی سیستەمی جاشایەتی، درێژە پێدان بە دۆزی كەجەكە، باشتر نەكردنی بارودۆخی ئوجەلان و بەكار هێنانی وشەی سەرۆكی جیاییخوازەكان بۆ ئاپو لە لایەن سەرۆك وەزیری توركیاوە.

بەشداری كردنی پەرلەمانتاری بەدەپە شاری ئەستەنبۆڵ سرری سۆرەیا ئۆندەر لە خۆپێشاندانەكانی پاركی گەزیدا بوو بە هۆكاری ئەوەی كە سەرۆك وەزیری توركیا مۆڵەت بە ناوبراو نەدات كە سەردانی ئیمراڵی بكات

بە پێ دوایین لێدوانی سەرۆكی كۆنسەی بەرێوبەرایەتی كۆماجڤاكێن كوردستانێ موراد قەرەیڵان حكوومەتی توركیا بەم هەڵسووكەوتانەی خۆی بۆ ئەوەی كە قۆناغەكە پەرتەواز بكات چی لە دەستی دێت دەیكات و دەستی بە ئامادەكاری بۆ شەڕێكی بەرفراوان كردووە.

ئەگەر سەیری تێبینی، رەخنە و داواكارییە جێبەجێ نەكراوەكانی پەكەكە بكەین و بڵێن قۆناغی چارەسەری راگیراوە و پێشكەوتنی بە خۆیەوە نەبینیوە، راست نییە، چوونكە چەندین كێشەی نەخوازراو لە توركیا روویان دا و بوون بە هۆكاری ئەوەی كە دەوڵەت نەتوانێت بە پێ پێویست بۆ قۆناغی چارەسەری هەنگاو بنێت. هەنگاو نەنانی حكوومەت یا خۆ لاوازی هەنگاوەكانی حكوومەت نیشانەی راگرتن یا پەرتەواز كردنی قۆناغی چارەسەری نییە.

لێرەدا ئەوەی سەرنجراكێشە ئەوەیە كە دیارە حەرەكەتی كورد و حكوومەتی توركیا هێشتاكە نەیانتوانیوە بێ متمانەیی نێوان خۆیان لە ناو بەرن و زۆر بە باشی متمانە بە یەكتر ناكەن. بۆ نموونە بەشداری كردنی پەرلەمانتاری بەدەپە شاری ئەستەنبۆڵ سرری سۆرەیا ئۆندەر لە خۆپێشاندانەكانی پاركی گەزیدا بوو بە هۆكاری ئەوەی كە سەرۆك وەزیری توركیا مۆڵەت بە ناوبراو نەدات كە سەردانی ئیمراڵی بكات و لەگەڵ ئوجەلاندا كۆ ببێتەوە ئەمەیش بووەتە هۆكاری تووڕە بوونی ئوجەلان.

دوای ئەوەی كە سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیری توركیا زۆر بە راشكاوی ئاماژەیان بەوە كرد كە سەبارەت بە ئامادە كردنی دەستوورێكی نوێ بۆ توركیا بێ هیوا بوونە، جۆش و هەیەجانی حەرەكەتی كوردیش بۆ دەستپێكردنی مەرحەلەی دووەمی قۆناغی چارەسەری رووبەرووی جەڵتە بوویەوە. بەڵام لە بەرامبەردا باسی ئەوە دەكرێت كە حكوومەت دەستی بە ئامادەكاری بۆ پێشكەش كردنی پاكێجێكی نوێ دیموكراتیزاسیون و هەنگاونان بۆ چارەسەر كردنی كێشەی دەستووری بنەڕەتی كردووە، ئەم هەنگاوانە تۆزێك دەبنە هۆكاری دڵخۆشی و دڵگەرمی حەرەكەتی كوردی.

سەبارەت بە كاریگەری رووداوەكانی پاركی گەزیش هەر چەند دەمەوێ لە داهاتوودا زۆر بە بەرفراوانی باسی ئەم كاریگەرییە بكەم بەڵام ئێستە دەمەوێ لە رستەتان پێشكەش بكەم و ئەویش ئەوەیە كە رووداوەكانی پاركی گەزی ئەوەیان سەڵماند كە لە نێوان رای گشتی كورد و رای گشتی توركیادا جیاوزییەكی ئەوەتۆ نییە و داپۆشینی ئەم جیاوازییە زۆر ئاسانە و لێدوانەكانی ئوجەلان و قەرەیڵان سەبارەت بە رووداوەكانی پاركی گەزی نیشانەی ئەوەیە كە حەرەكەتی كوردیش هەستی بە نزیك بوونی رای گشتی توركیا و كورد لە یەكتر كردووە.

 

سەرچاوە: وەتەن

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار