ئەردوغان دوایین شەڕی خۆی دەكات
ژووست لاگەندژیك
لەم رۆژانە كە راوەستان لە توركیا بووەتە جۆرەیەك لە دەربڕینی نارەزایەتی و بە هەزاران كەس رادەوەستن، پێویستە ئێمەی رۆشنبیر و نووسەری توركیش راوەستین و زۆر بە هۆشیارییەوە سەیری سیاسەتەكانی پارتی دەسەڵات بە گشتی و بە تایبەتی سیاسەتەكانی سەرۆك وەزیری توركیا رەجەب تەییب ئەردوغان بكەین. پێویستە بزانین كە بۆ چی سەرۆك وەزیری توركیا لەم رۆژانەی دواییدا ئەوەندە باسی رووداوەكانی پاركی گەزی و مەیدانی تەقسیم دەكات و دەیەوێ بسەلمێنێت كە دەستی دەرەكی و ئەجەندای دەرەكی لە پشت ئەو رووداوانەیەوە.
ئێمە دەتوانین بارودۆخی رۆحی ئەمرۆی سەرۆك وەزیری توركیا وەكو بارودۆخی رۆحی سەرۆكی كۆچ كردووی بەریتانیا مارگرت تاچەر و سەرۆكی ئەڵمانیا هەڵموت كۆهەڵ هەڵبسەنگێنن. سەرۆكی بەریتانیا و سەرۆكی ئەڵمانیا بە هۆی مانەوەیان بۆ ماوەیەكی درێژ لە دەسەڵاتدا نەیانتوانی كە هەست بە كێشە و داواكاری و ویستی كۆمەڵگەكانی خۆیانیان بكەن، بارودۆخی ئەمرۆی سەرۆك وەزیری توركیا رەجەب تەییب ئەردوغانیش هەر بەمجۆرەیە. ناوبراو دوای مانەوەی بۆ ماوەی 10 ساڵ لە دەسەڵاتدا ئەمرۆ ناتوانێت هەست بە كێشە، داواكاری و پەیداویستییەكانی كۆمەڵگەی توركیا بكات.
| پێویستە بزانین كە بۆ چی سەرۆك وەزیری توركیا لەم رۆژانەی دواییدا ئەوەندە باسی رووداوەكانی پاركی گەزی و مەیدانی تەقسیم دەكات |
پارتی داد و گەشە پێدان و رەجەب تەییب ئەردوغان كاتێك كە تازە دەسەڵاتیان بە دەستەوە گرتبوو، بۆ كەم كردنەوەی كاریگەرییەكانی سوپا و هێزی سەربازی لە سەر سیاسەتی توركیا، زۆر بە خێرایی، سەروشكی و توندرەوی هەنگاویان نا و سوور بوون لە سەر هەنگاوەكانی خۆیان. ئەنجامی ئەم هەنگاوانەیش بوو بە هۆكاری ئەوەی كە كۆتایی بە دەستوەردانی سوپا لە كاروباری سیاسی بهێنرێـت، بەڵام سەروشكی و سووربوون لە سەر بریارەكانی خۆی و تەعویز نەدانی ئاكەپە و سەرۆك وەزیر كە وەكو تایبەتمەندی دەسەڵاتی ئاكەپە پێناسە دەكرن، ئەمرۆ وەكو رابردوو نەتەنیا هیچ سوودێكی بۆ توركیا و دەسەڵاتی سیاسی توركیا نییە بەڵكو بە پێچەوانەوە زەرەری بۆ دەسەڵاتی سیاسی توركیا و سەرۆك وەزیری توركیا هەیە.
خاڵێكی سەرەكە و گرنگ كە من لەم چەند رۆژەی دواییدا لە گوتەكانی سەرۆك وەزیری توركیا و كۆڕ و كۆبوونەوەكانی پارتی داد و گەشە پێدان هەستم پێ كردووە كە سەرۆك وەزیری توركیا لە گوتەكانی خۆی لە میتینگەكانی ئەنقەرە و ئەستەنبۆڵ و لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكان و لە كۆبوونەوەی گرووپی پارتەكەی خۆی لە پەرلەمانی توركیا دەیەوێ هۆكار و رێكخەری رووداوەكانی پاركی گەزی و خۆپێشاندانەكانی توركیا بۆ دەستێكی دەرەكی و ئەجەندایەكی دەرەكی بگەڕێنێتەوە. بێجگە لەمەیش گوتەكانی ئەردوغان لە میتینگەكەی شاری ئەستەنبۆڵدا نیشانەی ئەوەن كە سەرۆك وەزیری توركیا دوایین شەڕی خۆی بۆ درێژەدان بە دەسەڵاتی خۆی دەكات.
پێشتر سوپا و ژەنەراڵەكانی سوپا بۆ ئەوەی كە زەمینی بۆ كوودەتا سەربازییەكانی خۆیان خۆش بكەن دەستیان بە ئەدەبیاتی حەماسی دەكرد و باسی ئەوەیان دەكرد كە چەندین پلانگێڕی نێونەتەوەیی بۆ پارچە كردن و داگیر كردنی توركیا لە ئارادان بۆیە سوپا بۆ پاراستنی سەربەخۆیی توركیا ناچارە دەست بە كوودەتا بكات، بێگومان پێشتر خەڵك متمانەی بەم گوتانە هەبوو و هەر ئەم متمانەیە بوو كە ژەنەراڵەكان دەیانتوانی بە ئاسانی كوودەتا بكەن.
ئەمرۆیش سەرۆك وەزیری توركیا تاكتیكی سەدەی بیستی ژەنەراڵەكانی توركیا بەكار دەهێنێت و دەڵێت، ئەو خۆپێشاندانانە كە لە پاركی گەزی و مەیدانی تەقسیم و چەندین ناوچەی دیكەی توركیا دەستیان پێكردووە و بەردەوامن نە بە هۆی بڕینی دار یا نارازی بوون خەڵك لە بەرامبەر كریارەكانی دەسەڵاتن، بەڵكو پلانێكی دەرەكییە و ئارمانجی لاواز كردنی توركیایە.
| ناوبراو لە ساڵەكانی كۆتایی سەدەی بیستەمدا شەڕێكی زۆری لە دژی نەسلی رابردووی سیاسەتمەدار و دەسەڵاتدارەكانی سوپا و نوێنەرانی ئەم چینە لە نێو كۆمەڵگەدا كردووە |
خەڵكی توركیا ئەمرۆ متمانەی بەمجۆرە گوتانە و بەمجۆرە تێوەریانە نەماوە و بۆی گرنگ نییە كە دەسەڵاتی سیاسی چۆن دەبێت و كێ دەبێت، شتی گرنگ بۆخەڵك پاراستنی ئارامی، تەبایی و رێز گرتن لە ژیان و ماف و ئازادییە تایبەتییەكانی خەڵكە. ئەردوغانیش هەستی بەم داواكارییە سەرەكییەی خەڵكی توركیا كردووە بۆیە پەنای بردووە بەر تاكتیكی ژەنەراڵەكانی سەدەی بیستی سوپای توركیا، بەڵام ئاگای لەوە نییە كە هەڵومەرج گۆڕاوە و تاكتیكەكانی رابردوویش ناتوانن ببن بە هۆكاری سەرخستنی پلان و ستراتیژییەكان.
ئەردوغان كە لە دایك بووی گەڕەكی قاسمپاشای ئەستەنبۆڵە یەكێكە لە نوێنەری مسڵمانە سەردەمییەكانی توركیا كە بۆ گەیشتن بە ئارمانجەكانی خۆی زۆر بە باشی دەزانێت چۆنە سیاسەت بكات و گوتار و كرداری خۆی بۆ ئەم مەبەستە بەكار بهێنێت. بە هۆی ئەم تایبەتمەندییەوە ئەردوغان توانی ببێتە سەرۆك وەزیری توركیا. ناوبراو لە ساڵەكانی كۆتایی سەدەی بیستەمدا شەڕێكی زۆری لە دژی نەسلی رابردووی سیاسەتمەدار و دەسەڵاتدارەكانی سوپا و نوێنەرانی ئەم چینە لە نێو كۆمەڵگەدا كردووە و هاوكات هەوڵی بۆ بەدەستەوە هێنانی پشتگیری كومپانیا گەورەكانی توركیا وەكو گرووپی كومپانیاكانی كوچ و چینی ناوەندی كۆمەڵگە و نەسلی مسڵمانە تازە پێگەیشتووەكانی داوە.
لە ساڵانی رابردوودا ئەردوغان توانی لە شەڕی دژی ژەنەراڵەكان و نەسلی بەرێوەبەرەكانی رابردووی توركیا سەركەوتن بە دەستەوە بهێنێت، بەڵام ئەمرۆ ئەو بیروڕایەی سەرۆك وەزیر و ئاكەپە كە لە رابردوودا بوو بە هۆی سەركەوتنی ئەردوغان، ناتوانێت هیچ سوودێك بە ئەردوغان بگەینێت بە پێچەوانەوە زەرەری بۆ ئەردوغان و ئاكەپە هەیە. بۆیە ئەگەر ئاكەپە و ئەردوغان لەم قۆناغەی ئێستەی توركیادا بیروڕای خۆیان نەگۆڕن ئەوا ناتوانن كێشەكانی ئەم قۆناغە چارەسەر بكەن.
سەرچاوە: زەمان




