تەلەفزیۆنەكەی عەزیز محەمەد لە ژوورەكەی نەوشیروانە

كەریم قادر
لە لاپەڕەكانی مێژووی هاوچەرخی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد زۆر بە دوای كار و پاڵەوانیەتەكانی نەوشیروان مستەفای رێكخەری بزووتنەوەی گۆڕان گەڕام تا بزانم لەو ماوەیەی تێكەڵاوی كاری سیاسی بووە چی بۆ كورد و گەل و شار و لادێ و چینوتوێژ و ئاین و مەزهەبە جوداكانی كوردستان كردووە، بە تایبەتی لەم رۆژانەیەی دواییدا لە چالاكییە حزبیەكانیدا زۆر باس لە ماف و داخوازیەكانیان دەكات.
بە ئاراستەی بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتمانی و گەڕانەوەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، كە بەم دواییە وەك بەشێك لە هەڵمەتی هەڵبژاردن لە دیدار و كۆبوونەوەكانیدا لە هۆڵی زەرگەتە ( زەرگەتە: زیندەوەرێكی زیانبەخشە) قسەی زۆری لەسەر دەكات، بەڵام شتێكم نەدۆزییەوە تا بیكەمە خەڵات و بەرۆكی كەسوكاری شەهیدانی ئەو بزووتنەوەی پێ بڕازێنمەوە.
لەو هەڵدانەوەیە هەرچیەكی نەوشیروانم وەبەرچاو دەكەوت، بۆنی دژایەتی و فیتنەی لێدەهات، یەك كردەوەشم نەدۆزییەوە كار كردن بێت بۆ بەدیهاتنی مافەكانی ئەوانەی باسیان دەكات و بەرامبەر داگیركار بێت. بە پێچەوانەوە، سەرتاپای كار و پاڵەوانیەتەكانی دژی هێزە كوردستانییەكان و شۆڕشگێڕان و نانەوەی دووبەرەكی بووە، كە لە هزردانی خەڵكی كوردستان بە زیندوویی ماونەتەوە و بەشێك لە گەواهیدەرەكانی كارە قێزەونەكانی هەر زیندوون، ئەگەر لەبەر هەستیاری دۆخەكە نەبێت، دەبوایە تا ئێستا ئەو مەسەلانە لە دادگا بوونایە.
نامەوێ باسی فڕێدانی بۆمبەكەی بۆ ناو قوتابخانەی كچان و تیرۆركردنەكانی ناوەڕاستی حەفتاكانی سەدەی رابردووی بكەم، چونكە خەڵكی سلێمانی ئەوەندە زەینكوێر نین لە بیریان نەمابێ. بۆیە رووداوێكی نزیكتر دەگێڕمەوە، كە تا دنیا ماوە وەك سێبەر لە نەوشیروان جودا نابێتەوە، هەر دەبێ رۆژێك لەسەری دادگایی بكرێ. ئەویش رووداوەكەی پشت ئاشانە. هەڤالێكی بەشداری ئەو رووداوە بۆی گێڕامەوە: ئەوكاتەی هێرشەكە تەواو بوو، لەبری بە خاكسپاردنی شەهیدەكان، كەوتینە كۆكردنەوەی كەلوپەلەكان. یەكێك لەو كەلوپەلانە تەلەفزیۆنەكەی مامۆستا عەزیز محەمەدی سكرتێری ئەوكاتەی حزبی شیوعی عێراق بوو، كە گەیشتینەوە شوێنی خۆمان، یەكێك لە بەشداربووان، كە زۆر لە نەوشیروان نزیك بوو، هاواری دەكرد:" تەلەفزیۆنەكەی عەزیز محەمەد بێننە ژوورەكەی كاك نەوشیروان." كەواتە ئەو نەوشیروانە نەك هەر تێكدەر و شۆڕشگێڕكوژ و ئاژاوەگێڕە، بەلكو دزی تەلەفزیۆنیشە.
خوویێكی دیكەی نەوشیروان، كە لەو هەڵدانەوەیە بۆم دەركەوت و زۆر لام سەیر بوو، "زیزبوونە دووبارە بووەكانیەتی." پێدەچێ ئەو خوویەی لە منداڵییەوە بۆ مابێتەوە و نەتوانێ خۆی لێ رزگار بكات. هەر كاتێك نەوشیروان پیلانەكانی لێ ئاشكرا بوو بێت یا پوچەڵ كرابنەوە و زیندە بەچاڵ كرابن، یەكسەر رێی ئەوڕووپای گرتووە و دەستی كردووە بە تۆمەت بەخشینەوە بە هەڤاڵەكانی، بە تایبەتی ئەوانەی رێگر بوونە لە جێبەجێكردنیان. ئێستاش، كە جارێكی دیكە هێزە نیشتمانییەكانی كوردستان و هاوڕێكانی پشتیان تێكرد و بە تەنێ لە گۆڕەپانی دژایەتی كردنی مافی كورد ماوەتەوە، بە شێوەیەكی منداڵانە كەوتەوە تۆمەت بەشینەوە بە سەرۆك مام جەلال و سەرۆك بارزانی، كە گوایە هەر یەك لەو دوو بەڕێزە بۆ مەسلەحەتی شەخسی خۆیان و حزبەكانیان كاریان بۆ جێبەجێ كردنی ماددەی 140 نەكردووە، كە نەوشیروان خۆی، لەبەرئەوەی لە داڕشتنی دەستووری عێراق بەشدار بووە یا هەر كەسێك سەروسەودای لەگەڵ ئەو پرسە هەبێت دەزانێ هۆكارەكانی تا ئێستا جێبەجێ نەكردی چین؟ بەڵام با نەوشیروان و ئەوانیدیش دڵنیا بن بە خوێنیش بێت ئەو ناوچانە هەر دەگەڕێنەوە سەر هەرێمی كوردستان، چونكە بارزانیی نەمر شۆڕشێكی گەورەی پڕ لە دەسكەوتی كردۆتە قوربانی ئەو ناوچانە، مەحاڵە ئەو قوربانییە بە بێ دەنگی بڕوات.
نەوشیروان لە بری ئەوەی جورئەت بە خۆی بدات لەسەر كردەوەكانی داوای لێبوردن لە كەسوكاری قوربانیان و میللەتی كورد بكات و رووی خۆی لە بەرامبەر میللەت سپی بكاتەوە، بەڵام ئەو لە خووە مێژوویەكەی، كە نانەوەی دووبەرەكی و تەشهیر و جنێوفرۆشی و ناوچەگەری و لێكترازاندنی كۆمەڵگەی كوردستانی و خۆسەپاندن و تاكڕۆیی و دیكتاتۆرییە، بەردەوامە. بۆیە پرسیار ئەوەیە: ئایا میللەت تا سەر ئەو كردەوانەی لێ قبوڵ دەكات یا بە شێوازێكی دیموكراسیانە و سەردەمیانە تۆڵەی لێدەكاتەوە؟




