لە یادی 66 ساڵەی پەڕینەوە لە ڕووباری ئاراس لە یادی 66 ساڵەی پەڕینەوە لە ڕووباری ئاراس

(بابەكر شێخ سێن كركەمۆی):
لەو رێڕەوە مێژووییە بارزانیی نەمر ئومێدی ئێمە بوو
ئێمە هەموومان لە گەڵ بارزانیی نەمر رێگای مان و نەمانمان هەڵبژارد بۆ ئازادی و سرفرازی و كوردستانێكی ئازاد.
سەفەر یوسف میرخان ژاژوكی
یەكێكە لەو داستانەی كە هەموو میللەتی كورد شانازی پێوە بكات، پەڕینەوە لە ڕووباری ئاراس ئەو داستانەی چەندین ماناو بەهاو رەهەندی نەتەوەیی و سەربازایی و سیاسی تیا بەرجەستەیەو، بە گشتی گوزارشتە بۆ ئازایەتی و ئیرادەی نەبەزیوی نەتەوەیەك كە لە پێناو مانەوەو سووربوون لەسەر مافی ئازاد ژیان هەرگیز كۆڵیان نەداوە. ئەم پەڕینەوەیە ئەوەی سەلماند كە باوكی رۆحی كورد بارزانیی نەمر و رێبوارانی رێبازەكەی چەند بە ئیرادەنەو گیانی خۆیان فیدا دەكەن.
لە یادی 66 ساڵەی پەڕینەوی بارزانیی نەمر و هەڤاڵانی لە رووباری ئاراس بە پێویستمانزانی لەگەڵ پێشمەرگەیەكی ماندوونەناس (بابەكر شێخ سێن كركەمۆیی ) تەمەنی 82 ساڵە و شایەدحاڵ و بەشداری بووی بەرگری لە كۆماری كوردستان لە مەهابادو ڕێڕەوە مێژووییەكەی بۆ یەكێتی سۆڤیەتی جارانە و هەڵگری مەدالیای بارزانیی نەمرە، لەم دیمانەیەدا ئەو پێشمەرگە قارەمانە لە بارەی یادگارییەكانی رۆژانی سەخت و دژوارنەدا بۆمان دوا.
سەفەر یوسف میرخان ژاژوكی
· پێشمەرگەی گیانفیدای كوردستان مام (بابەكر شێخ سێن) ساڵی 1931 لە گوندی (كركەمۆیی) لە بنەماڵەیەكی جووتیار و كوردپەوەر سەر بە دەڤەری بارزان لە دایكبووە، لە تەمەنی یك ساڵانە بووە لەگەڵ بنەماڵەی توركیا ئاوارە ودەردەبەر بووە و هەمان ساڵ باوكی كۆچی دوایی كردووە، تەنها 1 دایك و 2 خوشكی هەبووە، بەمشێوەی رۆژانی سەختی خەبات خۆی بە بوونی پێشمەرگەی بارزانیی نەمر و كوردستان كرد: هەرچەندە من تەمەنم لاوی زۆر ئارزوم هەبوو ئەم نیشتمانە پەروەر و كوردپەروەر بارزانیی نەمركە گویی بیستی بووم و زۆرم پێ خۆش بوو ئەم سەركردەیەی ببینم، لە ساڵی 1943 دوایی گەڕانەوەی سەربەرزانەی بارزانیی نەمر و هەڤاڵانی بۆ دەڤەری بارزان، هەموو كاتێك بارزانیی نەمر سەردانی گوندەكان و ناوچەكانی دەڤەر دەكرد بۆ پەیوەندی كردنی خەڵك بۆ كوردایەتی وشۆڕش. جارێكیان لەگەڵ چەند كەس لە هەڤاڵانی هاتنە گوندی ئێمە كركەمۆی خەلك لە دەوری كۆبوونەوە، ئەو كاتە زانیم ئەو قارەمانە بارزانیی نەمرە، بوویە دواتر خوالێخوشبوو تەها رەش بێروخی منی بە جەنابی بارزانیی نەمر ئاشنا كرد و دوای ناساندن و رێزلێنان، بە منی فەرموو: تۆ كێت هەیە؟ من پێم گوت: 2 خوشك و دایكم هەیە و داوام لێكرد بە ئەو تەمەنی لاویەم خزمەت كوردستان بكەم، من بە ئارەزوی خۆم گەیشتم و لە شۆڕشی دووەمی بارزان 1943 – 1945دا من وەكو لاوێكی 13 ساڵانەوە دا خزمەتم دەكرد لە ناو پێشمەرگەكان و گەیاندنی خواردەمەنیەكان بۆ بارەگاكان، كاتی هەلگرتنی چەكیشیم دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی كۆماری كوردستان لە مەهاباد.
· مام(بابەكر شێخ سێن) لە بارەی پەیوەندی كردنی وەكو پێشمەرگەیەك لە كۆماری كوردستان لە مەهاباد دا گوتی:
كاتی چوونمان بۆ كوردستان رۆژهەڵات، خەڵكی هەموو ناوچەكانی كوردستان وەكو تەرگەوەڕ و مەرگەوەڕ و شنۆیە و مەهاباد و نەغەدە و گوندەكانی دەوروبەریان هەموویان بە گەرمیان پێشوازیان لە ئێمە كرد و لەوێشدا ئێمەیان دابەش بە سەر ناوچەكان و گوندەكانی دەوروبەریان كرد، هەرچەندە ئەو كاتە تەمەنم زۆر نەبوو، بەڵام هەرچونێك بێ بەشداریم لە بەرگری كۆماری كوردستان لە مەهاباد كرد. لە 22-1-1946 كۆماری كوردستان لە مەهاباد دامەزرا بارزانیی نەمر لەم كۆمارەدا پلەی ژەنڕاڵی وەرگرت و قازی محەمەد بووە پێشەوای كوردان، ئێمە لەشكری بارزانیەكان لەم كۆمارەدا هەموو كاتێك چاونەترس وخۆراگر بووین چونكە بارزانیی نەمر هەمیشە لە پێشەوەی سەنگەرەكانی كوردایەتی بوو، مێژوو شاهیدی ئەو دەدات لە بارزانییەكان دەسكەوتی مەزنیان بۆ كوردستان بە دەستهێناوە، چونكە بارزانیی نەمر هەمیشە دەیفەرموو: ئێرە لەگەل كوردستانی عێراق هیچ جیاوازی نیە كوردستان هەر كوردستانە، بۆیە دەبی بەرگری لەم خاكە بكەین و دەبی ئێمە هەموومان بە یەك بیر و باوەڕ دەست بدەینە تفەنگ وبۆ ئازادی كوردستان و كوردایەتی خەبات بكەین. بۆیە ئێمە ئامادە بووین خۆمان فیدای كوردستان بكەین، چونكە سەركردەیەكی وەكو بارزانیی نەمرمان لە گەڵ دابوو.
· لە بارەی رووخانی كۆماری كوردستان لە مەهاباد و بڕیاردانی بارزانیی نەمر بۆ ئەم رێڕەوە مام (بابەكر شێخ سێن) گوتی:
ئێمە لەشكری بارزانییەكان خۆمان نەدا دەست و لە گەڵ بارزانیی نەمر بەرگریمان كرد، هەرچەند بارزانیی نەمر چەندین جار داوای پێشەوا قازی محەمەد كرد مەهاباد بەجێبهێلێت و پێی گوت: هەرچیمان هەبێ پێكەوە دەیخوێن، بەڵام پێشەوا قازی محەمەد بەم پێشنیارە رازی نەبوو، چونكە نەیدەتوانی خەڵكی مەهاباد بەجێبهێلیت پاشان پێشەوای قازی محەمەد ئاڵای كوردستان وكو ئەمانەت تەسلیم بە بارزانیی نەمر كرد. ئەوە بوو تاكو لە گادەر پەڕینەوە، كە دەكەوێتە نێوان سنوری ئێران و عێراق پێشەوەو پشتەوەمان دوژمن بوو و ئەوانەی كە پیرو پەككەوتوو بوون بە ماڵ و خێزان بڕیار درا لەگەڵ خوالێخۆشبوو شێخ ئەحمەد بارزانی بگەڕێنەوە كوردستان. من لە گەڵ خوالێخۆشبوومامم و مستێ عەوڵا لە گوندی كركەمۆی لەو كەسانە بووین لە گەڵ بارزانیی نەمر و هەڤاڵانی رێگای كوردایەتی بۆ ئازادی كوردستان هەڵبژارد...
بەڕاستی لەم رێڕەوەدا بۆ رێگای نادیار دەچووین، بارزانیی نەمر ئێمەی كۆكردەوە و بە ئێمەی پێشمەرگەكان فەرمووی: چارەنووسی ئێمە نادیارە و زروفمان سەختە و نازانم لە برسان دەمرین، یا لە سەرمان رەق دەبینەوە و لەوانەیە ئێمە لە رێگا توشی زۆر شت بین برسیەتی، سەرما، گەرما، كەمین. ئێمەرێگای مان و نەمان هەڵبدەبژیرین ئەوەی دەچێتەوە با بچێتەوە، ئێمە بەردەوام دەبین و ئەوەی لەگەڵ ئێمە دەمێنێتەوە دەبێ كوشتن و برسیەتی و چەرمەسەری لە پێش خۆی دابنێ، وا بێر نەكاتەوە گوندەكانی ئەم دەڤەرە مەرو ماڵاتیان زۆرە، ئێمە لە پێناو پاراستنی كەرامەت و سەرو ماڵی كوردستان دا پشت بە خوای گەورە ئەوە رێگای ئێمەیە، دوایی ئێمە هەموومان بە یەك هەڵویست هاوارمان كرد كە لەگەڵتدا دادەبین و مردنمان لە ژیان پی خۆشترە، ئەوە بوو رێگای مان و نەمانمان هەڵبژارد بۆ ئازادی و سرفرازی و كوردستانێكی ئازاد.
· مام (بابەكر شێخسێن) لە بارەی بیرەورییەكانی بە غەمباری گوتی:
لە ماوەی ئەو رێڕەوە سەرسەختەمان كە بۆ ماوەی 62 رۆژ خایاند تا لە رووباری ئاراس پەڕینەوە، دەتوانم بڵێم ئەو قسانەی بارزانیی نەمر پێش سەفەرەكەی بۆمانی كردبوو، هەمووی هاتەدی، ئێمە تووشی برسیەتی و ناخۆشی و سەرما و شەڕ و كەمێنەی دوژمن بووین، هەتا لە رێگادا چەندین شەهید و بریندارمان دا. لەو رێڕەوەدا بارزانیی نەمر زۆر گرنگی بە چەك دەدا و لە رێگا دەیفەرموو: هیچ كاتێك گوللەی چەكتان بە فیڕۆ نەدەن با لە برسان بمرین نەك بێ فیشەك بین، چونكە چەك دەمانپارێزێت، هەرچی ئەو نەخۆشییەی ئێمە لەو رێگادا لە توانای كەم كەس هەیە كە بتوانێ بەرگەی بگرێ، بەڵام لە ئەوەیە رێگای مان و نەمانەدا بارزانیی نەمر مان لە گەڵ دا بوو لە پێش ئێمە پێشمەرگەكان و كاروانەكە یەدا بوو، ئێمە تەحەموولی ئەو ناخۆشییانەمان كرد. هەمیشە بارزانیی نەمر دەیگوت: ئەگەر لە رێگا دا نانێكمان هەبوو پێكهەوە هەموومان دەیخۆین و هەتا ئەگەر ئەوانەی نانییان پێ نەبوو لە رێگا نانی پێدەدا ئەگەرنا بە برسێتی درێژی بە رۆیشتنمان دەدەین. لە ئەو سەفەرە مێژوییە بارزانیی نەمر ئومێدی ئێمە بوو، هەموو كاتێك دڵی ئێمەی دەدایەوە و دەیفەرموو: دەبێ سەبر و تەحمولتان هەبێت، رۆژی ئێمە دێت بە خۆشی دەژین، و هەتا رۆژێك دێت كوردستان ئازاد دەكەین و من دەمەوێ ئاڵای كوردان هەڵبكەم، ناهێڵم چیتر كوردستان یەخسیر داگیركراو بێت و نابێ قەد ئێوە بێ ئومێد بن. هەمیشە چاوی لە پێشمەرگەكانی هەبوو و هەرچی لە دەستی دەهات دەیكرد ولە 15/6/1947 كاتێك گەیشتینە سەر رووباری ئاراس فڕۆكەكانی دوژمن بەسەرماندا دەسورانەوە و بەدوامان دەگەڕان .
· لە درێژە قسەكانی مام (بابەكر شێخ سێن) كە چاوەكانی پڕببون لە فرمێسك گوتی:
لە رۆژی 15/6/1947 ئێمە گەیشتنە سەر رووباری ئاراس و لەوێشدا كە بارزانی نەمر بە شەهید میرحاج ئاكرەیی وەكو نوێنەرایەتی خۆی نارد بۆ روسیا تاكو ئێمە بە پەنابەر وەربگرن، ئەوە بوو سێ رۆژ لە چاوەروانیدا ماینەوەی ئەوەی هیچ شتێكمان هەبێ بیخۆین لە برسان بی تاقەت ببووین و هێزەكانی دوژمنیش هەر لێمان نزیك دەبوونەوە، چاومان بە هەڤالێكی قارەمان خوالێخۆشبوو سەلیم خان مەرعان بێدۆدی كە یەكێك لە مەمەلەوانەكان بوو كە زۆر زیرەك و لیهاتوو بوو لە دیوی روسیاوە بە پێیان لە خوارەوی ئەو جێگەیی كە لێی دەرباز بووین وردە وردە دەهات بە بێ ئەوەی ئاو لە سەری تێ بپەڕێ و تا گەیشتە لامان دواتر بە پەلە ئەم هەواڵە بە بارزانیی نەمر راگەیاند، بارزانیی نەمربە خۆیشەوە باشترین مەلەوان بوو و هەتا ئەوانەی كە مەلەوان بوو لە لای خۆی لە كەناری روبارەكەی دانا بۆ ئەوەی ئەگەر هاتبوایە یەكێك مەترسی بۆ هاتبوایە پێش و نەیتوانیبا دەرباز بێت یان ئاو بیبردبا مەلەوانەكان بە هانی بچن و هەتا هەر چەند هەڤالێك مەلەوانی لە گەڵ دابوو، هەتا جارێك ئاو یەكێك لە هەڤاڵانی لە گەڵ خۆی برد كە سەدیق بەخشی بوو، كە بارزانیی نەمر بینی مەلەوانەكان لە بەر ئەوە سێ شەو رۆژ هێچان نەخواردووو ماندووبوون، خۆی خستە ناو ئاوەكەو رزگاری كرد كە گەیاندە ئەوە دیوی رووبارەكە. بارزانیی نەمر هەموو ئەو كەسانەی وەك شارەزا و رێنما لەگەڵماندا هاتبوون خەڵاتی كردن و بەڕێزەوە ناردنیاینەوە تەنها مام میرزا نەبێ كە روو لە بارزانیی نەمر كرد و گوتی: خاكی كوردستان بە بێ تو لە من حەرام بێ ئەویش لەگەڵمان پەڕییەوە بۆ ناو روسیا.
دواتر ئێمەیان بردە بیابانێكی چۆل و داوامان لە رووسیەكان كرد كە خواردنمان پێبدەن، ئەوان دەیانگوت: نابێ ئێوە نان بخۆن تاكو دكتۆرەكان دین، كە دكتۆرەكانیش هاتن گوتیان نابێ هیچ كەس لە 100 گرام زیاتر نان بخوات، ئەگینا تووشی ئازار دەبن، وابوو چونكە 3 شەو و رۆژ بوو هیچمان نەخواردبوو.دوای ئێمەیان بردە نەخچەوان كە نزیكی 40 رۆژ ماینەوە دواتر ئێمەیان دابەش كراین بەسەر گوندەكان و هەرچەند كەسێك پێكهەوە دابەش كراینو ماوەی 3مانگ ژیانی ناخۆشمان بردەسەر، چونكە گرفتمان زمان بوو كە نەماندەزانی و شارەزای جوگرافیای ئەو وڵاتەش نەبووین ..
· لە بارەی ژیان لە ماوەی 12 ساڵ لە سۆڤیەتی جاران كە ئێوە هەڤاڵانی بارزانیی نەمر بۆ مافەكانی كوردایەتی پەنایان هێنا بووە ئەو وڵاتە، مام( بابەكر شێخ سێن) گوتی:
بۆیە ئێمە هەڤاڵان بۆ یاوەری رابەری بزوتنەوەی ئازادی خوازی كوردستان بارزانیی نەمر رێگای مان و نەمان لە هەموو رویەك و قوناغی دورو و سەختمان هەلبژاد تاكو دەنگی كورد بە جیهان بگەینن و لە ماوەی (12) ساڵ ئێمە لە خاكی سۆڤیەت دا ژیان هەرچەندە لە ماوەی چوونمان بۆ خاكی سۆڤیەت وەزعمان زۆر ناخۆش بوو لە ئێمەیان بە سەر ناوچەكان لە شارەكەكان و گوندەكان روسیا دابەش كراین و ئێمە شارەزای باشمان نەبووین، لەویشدار ئێمە بۆ خۆمان ئیش دەكرد چونكە وەزعی ژیان لە دیدار زۆر ناخۆش بوو و ژیان لە ماوەی 3سال زۆر ناخۆش بوو، چونكە زۆربەمان بارزانیی نەمرمان نەدێت، تاكو خۆپیشاندانمان كرد وبارزانیی نەمر داوای لە حكومەتی سۆڤیەت كرد و بەوانی راگەیاند كە من لەم كاتەوە خۆم بە سەركەوتوو و سەربەست دەزانم من هاتووە تەرحی كێشەی میللەتی كورد بكەم، گەلەكە باوەڕی خۆی بە من داوە، ئێوەش دەوڵەتێكی گەورەن دەڵێن یارمەتی هەموو میللەتە چەوساوەكان دەدەن، من لە پێناوە ئەوە لە دەرگای كریملنم داوە، گەلی كورد داوای یارمەتیان لێ دەكات، ئەوە بوو بێری نەتەوایەی رابەرمان بارزانیی نەمر بە گەل وكوردستنان. ئەو ماوەی دا بە خواستی بارزانیی نەمر هەموومان كە خراینە بەرخوێندن، ئێمە زۆر لە هەڤاڵان بروانەمەكان لە بوارەكانی جیا جیا وەرمان كرد من لە پێش گەڕانەوەمان بۆ كوردستان بروانامەی بكالوریوس لە میكانیك وەربگرم تاكو دوای شۆرشی تەمووزی ساڵی 1959 گەڕاێنەوە بۆ خاكی كوردستان دیسان بەشداریمان لە شۆرَشی ئەیلوول مەزن و گوڵان كرد لە هەمان سەنگەر و خەبات دا .
· لە كۆتاییدا مام(بابەكر شێخ سێن)گوتی:
ئەمڕۆ یادی 66 ساڵەی پەڕینەوەیە لە رووباری ئاراس،من هەتا دەمرم خۆم بە پێشمەرگەی بارزانیی نەمر دەزانم و هەروەها ئێستا ئێمە لە كوردستانی ئازاد دەژین وەك جاران نەبوو و هەتا ئەو ئاڵایەی كە لە كاتی تێكچوونی كۆماری كوردستان لە مەهاباد دا كە پێشەوای كوردان قازی محەمەد دایە دەستی بارزانیی نەمر بە ئەمانەت بپارێزێت ئێستا ئەو ئاڵایە لە سەر دام و دەزگاكانیكوردستان هەڵدراوەو ئەو ئازادی كە ئێستا هەمانە بەرهەمی خەباتی بارزانیی نەمر و پێشمەرگەكانی قارەمانەكانی كوردستان كە لە شۆڕشەكان بارزان و كۆماری كوردستان لە مەهاباد و شۆڕشی ئەیلوولی مەزن و گوڵانی پێشكەوتنخواز و خوێنی هەزاران شەهیدی كوردستانە، بۆیە نابی ئەو دەسكەوتانە لە بیر بكەین لە سایەی ئەوان خاوەن پەرلمان و حكومەت و هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی كە ئەویش وەكو باوكی بۆ ئەم رێبازە بە بەردەوامی خەبات دەكات بۆ تەبایی و سەقامیگری ئاسایشی كوردستان، بۆیە پێویستە هەموومان پاڵپشتی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی بكەین لە هەموو روویەكەوە. هەروەها سۆپاس بۆ ئێوە و رۆژنامەی خەباتیان كە هەردەم ئێمە بە سەردەكەنەوە دڵی ئێمە خۆش دەبێت لە یادی ئەم رۆژە مێژووییەش پەڕینەوی لە روباری ئاراس دا پێرۆژبایی خۆم لە هەموو گەڵی كوردستان و خانەوادە سەربەزەكانی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان دەكەم ..سڵاو دروودم بۆ گیانی ئەو چوار ئەفسەرە شەهیدەعزت عەبدولعزیز و مستەفا خۆشناو محەمەد،مەحمود قورسی و خەیروڵڵا عەبدولكەریم سوور بوون كە دوای یەك رۆژ پەڕینەوەمان لە ڕووباری ئاراس لە (19/6/1947) حكوومەتی عێراق هەر چوار ئەفسەرەكەی لە سێدارەدا بڕیاری لە سیدارەدانی ئەو چوار شەهید بەجێ هێزالەم رۆژەدا هەزاران سڵاو بۆ گیانی شەهیدانی رێبازی كوردایەتی و سەروەریان بارزانیی نەمر و كاك ئیدریسی هەمیشە لە یاد دەنیریم.هەر بژی كوردستان . هەر بژی بارزانی
تیینی: ئەم بابەتە لە ژمارەی(4344) رۆژنامەی خەبات لە (18-6-2013) بڵاوبوویتەوە.




