بۆ خۆپێشاندەرەكان پاركی گەزی چۆڵ ناكەن؟
مەراڵ تامەر
دوێنێ بە مەبەستی كونترۆڵ كردنی باری تەندروستی خۆم سەردانی نەخۆشخانەم كرد و لەوێ چەند دكتۆرێكی ناسراوم بینی و گوتیان زیاتر لە 10 رۆژە بەرۆژ لە نەخۆشخانەن و بە شەوان لە پاركی گەزی و مەیدانی تەقسیمین.
هەر چەند جستەیان تۆزێك ماندوو بوونی پێوە دیاربوو بەڵام رۆحیان زۆر شاد و سەرحاڵ بوو و چاوەكانیشیان گەشاوە ببوون.
هەر دوێنێ ئێوارە ماسی فرۆشەكەی سەر كۆڵانەكەمان تەلەفوونی بۆ كردم و گوتی: خاتوو مەراڵ ماسی باشمان بۆ هاتووە برۆ بۆ دووكان من لەوێ نێم كرێكارەكەم لەوێییە من لە مەیدانی تەقسیمم.
دەزانن ئەمرۆ فیستیڤاڵی جیهانی موسیقای ناوەندی كلتووری ئەستەنبۆڵ دەستی پێكرد و لە سەرەتای فیستیڤاڵەكەدا مۆسیقاژەنی ناوداری جیهان كەللیست گائۆتەر كاتێك هاتە سەر مەیدان كراسێكی رەشی لەبەر بوو كە لە سەر ئەم كراسە نووسرابوو: گەزی خۆت بگڕە. كاتێك كە ئامادەبووان سەیری ئەم كراسەیان كرد رابوون و دەستیان بە چەپڵە لێدان كرد.
دوو رۆژ پێشتریش بەرێوەبەری گشتی ئوركێسترای ناوداری جیهان كاتێك كە هاتە مەیدانەوە كراسێكی زەردی لە بەر بوو، لە سەر سینگی هیمای ئاشتەوایی و لە پشتیشەوە گەڵایەكی سەروزی دار هەبوو، كە خەڵك ئەم كابرایەیشیان بینی دەستیان بە چەپڵە لێدان كرد. مەبەستم لە باس كردنی ئەم نموونانە ئەوەیە كە لەم رۆژانە لە ئەستەنبۆڵدا ئەم كەسانە كە من پێم وابوو بێگانەن و غەریبن، خاوەن روحێكی سووك و سینگێكی بەرفراوانن و بە پۆشینی جلووبەرگ پشتگیری لە خۆپێشاندانەكانی مەیدانی تەقسیم دەكەن.
سەرەتا من وا بیرم دەكردەوە كە ئەوانیش ناحەقن و بۆیان نییە پشتگیری لەم خۆپێشاندانانە بكەن، بەڵام دواتر كاتێك كە دوێنێ گوێم بۆ لێدوانەكانی پلاتفۆرمی پشتگیری كردن لە خۆپێشاندانەكانی تەقسیم را گرت سەرەتا تۆزێك توورە بووم و گوتم: كاتی رۆیشتنەوە بۆ ماڵەوەیە بەڵام دواتر بیروڕام گۆڕا. بیرم لە گوتەكانی سەرۆك وەزیر كردەوە كە گوتبووی: ئێمە چاوەڕوانی بریاری دادگا دەكەین و دادگا سەبارەت بە پاركی گەزی چە جۆرە بریارێك بدات، ئێمە وەكو حكوومەت ملكەچی بریاری دادگا دەبین. من وام زانی كە سەرۆك وەزیری توركیا پاشەكەشی لە گوتەكانی خۆی كردووەتەوە و لە بەرامبەر خۆپێشاندانەكاندا نەرمی نەواندوە.
ئەردوغان ئاماژەی بەوە كردبوو كە ئەگەر بریاری دادگا ئەرێنیش بێت جارێكی دیكە بۆ وەرگرتنی رەزامەندی خەڵك بریاری دادگایش دەخەنە بەر دەنگدانی خەڵكەوە تا بەمجۆرە بیروڕای خەڵكیش وەربگرن. من پێم وابوو كە خۆپێشاندەرەكانی مەیدانی تەقسیم دوای ئەم لێدوانانەی سەرۆك وەزیر دەیانتوانی كە زۆر بە خۆشحاڵییەوە برونەوە ماڵەوە و چاوەڕوانی بریاری دادگا بكەن.
وام زانیبوو كە خۆپێشاندەرەكان سەركەوتنێكی گچكەیان بە دەستەوە هێناوە و جۆرەیەكی زۆر باش لە نارەزایەتی مەدەنیشیان پێشكەش كردووە و نەتەنیا پاركی گەزییان پاراست بەڵكو داهاتوویەكی ئازادیشیان بۆ خەڵك مسۆگەر كرد و پارتە سیاسییەكانیش بە دوور لە رێنمایی سەرۆكەكانی خۆیان و بەدوور لە چوارچێوەی سیاسەتی كڵاسیكدا سیاسەتێكی سەردەمییانەیان كردووەتە پیشەی خۆیان و مێژووی دیموكراسیەتی توركیایان خستووەتە نێو قۆناغێكی نوێیەوە.....
دواتر كاتێك كە پەیوەندی راستەوخۆم بە خۆپێشاندەرەكانی مەیدانی تەقسیم و پاركی گەزییەوە كرد بۆ روون بوویەوە كە بۆ چی خۆپێشاندەرەكان ئامادە نین پاركی گەزی چۆڵ بكەن.
یەكەمین هۆكاری چۆڵ نەكردنی پاركی گەزی ئەوەیە كە خۆپێشاندەرەكان بە هیچ شێوەیەك متمانەیان بە سۆز و بەڵێنەكانی حكوومەت نییە و ئاماژە بەوە دەكەن كە لەم دواییانەدا ئەوەندە نموونەی بەرچاوی بەكار هێنانی سیستەمی دادوەری لە لایەن دەسەڵاتی سیاسییەوە بینراون كە متمانەیشیان بە دەسەڵاتی دادوەری نەماوە و پێیان وایە دەسەڵاتی سیاسی لە كۆتاییدا هەر بریاری خۆی جێبەجێ دەكات.
هۆكاری دووەمی چۆڵ نەكردنی مەیدانی تەقسیم ئەوەیە كە زۆربەی هەرە زۆری خۆپێشاندەرەكان پێیان وایە كە سەرۆك وەزیری توركیا لە پاركی گەزی و مەیدانی تەقسیمدا ناوەندی كلتووری ئاتاتورك تێك دەدات و قشڵای سەربازی دادەمەزرێنێت و مەیدانی تەقسیم بە گوێرەی فیكر و پرۆژەكانی خۆی سەرلە نوێیەوە نەخشەیەكی نوێ بۆ مەیدانی تەقسیم دادەنێت.
سێیەمین هۆكار ئەوەیە كە ئەم خۆپێشاندانانە سەرەتا لە دژی برێنی دارەكان و چیمەنتۆ كردنی پاركی گەزی دەستیان پێكرد و حكوومەت سەرەتا ئەم خۆپێشاندانانەی بە هەند وەرنگەرت بۆیە لە رۆژانی داهاتوودا چەند پارت و لایەنێكی سیاسی ئاراستەی خۆپێشاندانەكانیان گۆڕا و خۆپێشاندانەكانیان كردە خۆپێشاندانی سیاسی و حكوومەتیش دەستی بە سەركوت كردنی خۆپێشاندانەكان كرد.
سەرچاوە: میللیەت




