نەوشیروانچیەكان بۆ بە سووك سەیری جەماوەر دەكەن؟

كەریم قادر
ئۆپۆزیسیۆن مافێكی سرووشتی حزبیانەی خۆیەتی كار بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات بكات، بەڵام ئەوەی لە كوردستان خۆی بە ئۆپۆزیسیۆن دەناسێنێ، بە تایبەتی بزووتنەوەی گۆڕانی نەوشیروان، بە هیچ فۆرمێك ناچێتە خانەی ئۆپۆزیسیۆنەوە، بەڵكو دژایەتیكردنێكی نەزانانەی سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان دەكات، كە هەموو ئەوانەی سەروسەودایان لەگەڵ دۆخی كوردستان هەیە، دەزانن ئەم دژایەتیكردنە لە كوێوە سەرچاوەی گرتووە.
راوێژكارێكی رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان( رێكخەرێكی خۆسەپێن)، كە تا ئێستاش لە ئامانجی سەرۆك بارزانی لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی كوردستان نەگەیشتووە یا تێیگەیشتووە و خۆی لێ نەبان دەكات بە شێوەیەكی ئاوەژوو، نا واقیعیانە و كینەدڵانە باس لە خولی یەكەم و دووەمی سەرۆكی كوردستان دەكات. ئەو راوێژكارە بە شێوەیەك وێنای سەرۆك بارزانی دەكات، كە لە خولی یەكەمدا سەركەوتووتر بووە تا لە دووەم، لەوەشدا دەیەوێ ئەوە پشان بدات، كە گوایە لەبەرئەوەی لە خولی یەكەمدا پەرلەمان چاودێر بووە. ئەو راوێژكارەی رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان لەو پشاندانە هەر چ مەبەستێكی هەبێت، ئەوە كەیفی خۆیەتی و ئازادە لە بانگەشەكردن بۆ بەرنامەی حزبەكەی، بەڵام راستەوخۆ كاركردنە بۆ بێ بەهاكردنی دەنگی جەماوەر، هاوكات ترسیشە لە دەنگی جەماوەر.
بە دیوێكی دیكە، كاتێك لە 16ی ئابی 1946 دا پارتی دامەزرا، لە پێناو رزگاركردن و بە دیموكراتكردنی كورستان بوو. سەرۆك بارزانییش، كە بەو پۆستە رازیبوو لە پێناو هەمان ئەو ئامانجە بوو، بەڵام، كە ئێوە ناتانەوێ لەو راستییە تێبگەن، ئەوە مەسەلەیەكی دیكەیە و پەیوەندی بە بیركردنەوە و بەرژەوەندی شەخسی خۆتانەوە هەیه، ئەگەر نا لە هیچ قۆناغێكدا سەرۆك بارزانی بەرژەوەندی حزبی نەخستۆتە سەرووی بەرژەوەندی نەتەوەییەوە، بە پێچەوانەوەی زۆر كەس و حزبی دیكەوە زۆرجار لە پێناو سومعە و بەرژەوەندی نەتەوەدا قوربانی بە بەرژەوەندی پارتی داوە. ئەمەش لە كوردستان دەگمەنە تەنیا و تەنیا لەناو رێبازی كوردایەتی ئەو قوربانیدانە بوونی هەیە، بۆ دروستی ئەو پرەنسیپە نەگۆڕەش دەتوانی لێكۆڵینەوەیەكی زانستیانەی دوور لە كینە بكەیت. بەڵام لەبەرئەوەی ئێوە هێندە حزبیانە و ناوچەییانە بیردەكەنەوە، كاركردنی سەرۆك بارزانیتان بۆ گەیشتن بەو ئامانجە لێ تێكەلاو بووە.
سەرۆك بارزانی لە ئەدای خۆیدا وەك سەرۆكی كوردستان لە هەردوو خولەكەدا، كە ئێوە چاوتان بە خولی دووەم هەڵنایەت، چونكە هەرگیز بڕواتان بە دەنگی جەماوەر نەبووە و نییە، بەڵكو هەر چاوتان لە منگەمنگی ژوورە تاریكەكان و سەفەقاتی سیاسییە، بۆ گەیشتن بە ئامانجەكە هیچ جیاوازییەكی نەكردووە، چونكە لای سەرۆك بارزانی، جەماوەر هەم مەرجەعە هەم چاودێر. دووەم هیچ كات چاوی لە سەفقەی سیاسی نەبووە، وەك ئەوەی ئێوە بڕواتان پێیەتی و بە زەوتكردنی مافی میللەت بانگەشەی بۆ دەكەن. سێیەم سەرۆك بارزانی هیچ كاتێك بە تەنیا بڕیاری نەداوە، بۆ هەر پرسێكی چارەنووسساز پێشتر لەگەڵ هەموو لایەنەكان و فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمانی كوردستان دانیشتووە و پەیوەندی كردووە، بەڵام كە ئێوە بە بیانووی منداڵانە نەدەهاتنە كۆبوونەوەكان، ئەوەشیان مایەی هەڵوەستەكردنە.
ئەرێ بە راست، ئێوە ئاگاتان لەوەیە میللەت لەسەر ئەو رەفتارەتان وەڵامی دەوێ، بەڵام لەبەرئەوەی لە بنەڕەتدا بەرژەوەندی میللەت لە بەرنامەتان دا نییە، بۆیە خۆتان كردۆتە كەڕەی شەربەت، بۆ خۆدزینەوەش لەو داخوازییەی میللەت، لە ختوخۆڕایی تۆمەت بۆ سەرۆك بارزانی دادەتاشن، كە لەوەدا بۆ بە زیندوو هێشتنەوەی پیلانەكەتان وەستان، گوایە "بڕیاری تاكڕەوانە و راوێژنەكردن و ناحەزیكردن لەگەڵ هەموو هێزەكانی دەرەوەی پارتی، بوو بە دیارترین سیماكانی ئەم قۆناغەی سەرۆكایەتی" لەبەرامبەر ئەو تۆمەتە بێ بنەمایەدا تەنها ئەوەندە دەڵێم خەڵكی كوردستان زۆر لەوە هوشیارترە و لە ئێوەمانان باشتر دەبینن و بیردەكەنەوە، كە لە ماوەی سەرۆكایەتی بارزانیدا دۆزی كورد بە كوێ گەیشتووە و گوزەرانی خەڵك و خزمەتگوزارییەكان گەیشتوونەتە چ ئاستێك و دۆخی پارچەكانی دیكەی كوردستان گەیشتوونەتە چ ئاستێك. بە كورتیەكەی زۆرینەی میللەت وەك ئێوە قورمیش نەكراوە و لە بینین و بیركردنەوە و تێڕاماندا ئازادترن. هاوكات ئاقڵانەتر هەوڵ و واقیعەكە شیدەكەنەوە و هەڵدەسنگێنن.
پرسیارە و خۆی رەپێش دەكات: ئێوە بۆ لە دەنگی جەماوەر دەترسێن؟ بۆ جەماوەر لاتان ئەوەندە بێ بەهایە؟
هەموو میللەت دەزانێ ئەو شێلوكردنەی دۆخی كوردستان رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕانی لە پشتە، ئەویش بۆ یەك مەبەستە، كورد خوێنی كورد بڕێژێ و بە مافی سرووشتی خۆی نەگات.
با من جیاوازییەكە، وەك هەیە بۆ خوێنەران روون بكەمەوە: لە خولی یەكەمدا ئێوە لە ناو حزبێكی دیكە بوون و بۆتان نەدەچووە سەرێ بە ویستی خۆتان مەنجەڵەكە تێك وەر بدەن، هەرچەندە ئەوكاتیش لە رێگەی چەند كەسێكەوە هەوڵی بی تامكردنتان دەدا، بەڵام سنوور بۆ هەوڵەكانتان هەبوو. ئەمجارەش لە هەڵبژاردندا میللەت سنوورتان بۆ دادەنێ بۆئەوەی چیتر بە سووكی سەیری نەكەن و لە ختوخۆڕایی خۆتان نەكەن بە دەمڕاست.
ئەوەتە، هێشتا هیچ نەبووە بەرنامەتان ئامادە كردووە، گوایە رێژەی دەنگدەران لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك گوماناوییە، بەڵام سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقی فیدراڵ بە ژمارە دەریخست ئەو زیادبوونە لە سلێمانی زۆر لەوەی هەولێر و دهۆك زیاترە.




