٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

پرۆژەی دەستوور و ئەنجومەنی سازانی ئاساییشی حزبی

سەرچاوە: KDP.info


سوورە مەرگەیی

هەر بڕیارێك لە ئەنجومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی دەربچێت، ئەگەر بەرژەوەندی هەر پێنج ئەندامە هەمیشەییەكەی ئەنجومەن لەبەرچاو نەگرێ بڕیارێكی چرووك دەبێ، چونكە لایەنێكی ناو ئەنجومەن بە تەنیا رێگری یاسایی پێدەكرێ و دەتونێ بە مافی ڤیتۆ پەكی هەر بڕیارێك بخات كە مەیلی بەلای دەرچوونیدا نەبێ، بۆیە دەكرێ مافی ڤیتۆ بە یاسای پاراستنی بەرژەوەندی پێنج هێزەكەی ئەندام لە ئەنجومونی ئاساییشی نێودەوڵەتی ناوبەرین، كە وەك دەستكەوتێكی جەنگی دووەمی جیهانی كردوویانەتە هێڵی سووری پاراستنی بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەكانیان و مۆتەكەی سەر مافی مرۆڤ و ئازادییە سروشتییەكانی گەلان، تا ئێستاش زۆر لە گەلانی جیهان باجی ئەو یاسایە دەدەن و قەومانی چەندین شەڕی كارەسات خوڵقێنی مرۆیی لەبن سەری ئەو یاسایەوەن، لە هەر شوێنێك بەرژەوەندی یەكێك لە دەوڵەتانی خاوەن مافی ڤیتۆ ئاراستەی پێچەوانەی بڕیارەكانی ئەنجومەنەكەی وەرگرتبێ، لەو شوێنە مافی مرۆڤ و خواستی گەلانی ژێردەستە بوونە پێخووستی مافی ڤیتۆ و خواستی ئەندامانی ئەنجومەنی ئاساییش، ئەگەر رووداوەكانی سوریا وەك نموونەیەكی زیندوو وەربگرین، دەگەینە ئەو راستییەی كە ژەهری مافی ڤیتۆی ئەنجومەنی ئاساییشە بە گەرووی خەڵكی سوریادا دەكرێ، ئەوە مافی ڤیتۆیە لە پشت كەللە رەقی دوو هێزە دیكتاتۆر و تیرۆریستەكەی ناو سوریا و رۆژانە مەرگ بەسەر خەڵكی سڤیلدا دەبارێنێ، جا ئەگەر پرۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستانیش بگەڕێنرێتەوە پەرلەمان دەزانن چی دەقەومێ؟!

ــ هەر یەكێك لە دوو لایەنەكەی دەسەڵات و سێ لایەنەكەی ئۆپۆزسیۆن وەك پێنج ئەندامە هەمیشەییەكەی ئەنجوومەنی ئاساییش دەبنە خاوەنی مافی ڤیتۆ، لە هەموار كردنەوەی پرۆژەی دەستووردا هەر حزبەو هەوڵدەدات داشی بەرژەوەندییەكانی خۆی سوار بكات، بەوەش بە دەستووركردنی پرۆژەی دەستوور دەكەوێتە ژێر رەحەتی مافی ڤیتۆی حزب.

ــ پەرلەمان وەك رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەوێتە ژێر هەیمەنەی یاسای ڤیتۆی دوو حزبەكەی دەسەڵات و سێ حزبەكەی ئۆپۆزسیۆن، ئەوەش ئەركی پەرلەمان لە دەزگایەكی یاسا دانەرەوە دەگۆڕێ بۆ دەزگایەكی گوێگر لە بڕیارە ڤیتۆكراوەكان، جگە لەوەش مەترسی لەوەدایە ئەم هەنگاوە ببێتە سەرەتایەك بۆ بە دیاردەكردنی ماف و بڕیاری ڤیتۆی حزبی، بەوەش هەموو حەز و خولیا سیاسی و رێكخراوەییەكانی ناو كۆمەڵگا لە بڕیاری تاكلایەنەی ڤیتۆی حزبێكدا بێسەروشوێن دەكرێن،

ــ لەو حاڵەتەدا سازان حزبی دەبێ و هەر حزبێكیش مافی ڤیتۆی دەبێ، مافی ڤیتۆش جگە لە كەڵەگایی كردنی لایەنێك بەسەر چەند لایەنێكی ترەوە هیچ شرۆڤەو لێكدانەوەیەكی تر هەڵناگرێ، حزبی كوردیش بەو چاوچنۆكی و سەرەڕۆییە سیاسییە و بەو ئەقڵە لاوازە نەتەوەییەوە مافی یاخیبوونی لە بڕیاری خەڵك هەبێ، پیاو دڵی بەكوێی خۆشبێ؟ یان لەو پرسانەی رەهەندی نیشتیمانیان هەیە رێگەی بدرێ بە زمانی دەستەگەرایی بدوێ و بە بڵندگۆی تاك ئایدۆلۆژی بانگ بدات، چۆن نوێژی نەتەوەیی لە پاشەوە درووستە!

ــ دەنگ و ئیرادەی خەڵك دەكەوێتە ژێر كاریگەری بەرژەوەندی و بڕیار و ئیرادەی مافی ڤیتیۆی حزبی، ئای!! لەو دەستوورە نیشتیمانییەی بە فیلتەری تەنگەبەری ڤیتۆی پاراستنی ئاساییش و خواستی چاوچنۆكانەی حزبی كوردیدا رەتدەبێ.

جا كورد بۆ ئەوەی خۆی لە بڕیارەكانی ڤیتۆی پاراستنی بەرژەوەندی ئەم حزب و ئەو حزب ببوێرێ، پێویستە لە پرسێكی گرنگی وەك بە دەستووركردنی پرۆژەی دەستوور و هەموو پرسە نیشتیمانیەكان، حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لە بازنەی بڕیاری مافی ڤیتۆی نەتەوەییدا كۆبكاتەوەو بە هەر بیانوویەك دەرچوون لەو بازنە نەتەوەییە لە حزب و لایەنە سیاسییەكان حەرام بكات، 

 

هەواڵی پەیوەندیدار