٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

ئاسایی كردنەوە

سەرچاوە: KDP.info

 محموود ئوڤۆر

بە سەبر بوون لە توركیا هەمیشە سوودی هەیە، رووداوەكانی مەیدانی گەزی و زۆر و توندوتێژی وردە وردە بە كۆتا دەبێت و لە بەرامبەردا سیاسەت و دیالوگ باڵ بە سەر مەسەلەكەدا دەكێشێت. سەرۆك وەزیر لە لایەن خۆیەوە دەرگاكانی كردەوە و لەگەڵ نوێنەری خۆپیشاندەرەكان كۆبوویەوەو مزگینی ئەوەی پێدان كە دەتوانن بۆ چارەسەر كردنی كێشەكانی پاركی گەزی پەنا بۆ رێفراندوم ببەن و لە رێگای رێفراندومەوە ئەو كێشانە چارەسەر بكەن.

دوای ئەم كۆبوونەوەیە سەرۆك وەزیر دوێنێ شەو دووبارە لەگەڵ گرووپێكی دیكەی نوێنەری خۆپیشاندەرەكاندا كۆ بوویەوە. دوای ئەم كۆبوونەوانەی سەرۆك وەزیر لەگەڵ نوێنەری خۆپیشاندانەكان، جێگری سەرۆكی گشتی پارتی داد و گەشە پێدان حوسێن چەلیك ئاماژەی بەوە كرد كە مەسەلەی پاركی گەزی و مەیدانی تەقسیمی توركیایان رادەستی دادگا كردووە و تا بریاری دادگا نەبێت ئەوان وەكو حكوومەت هیچ جۆرە هەنگاوێك نانن. ئەگەر بێتۆ دادگا بریار لە سەر جێبەجێ كردنی پرۆژەكانی حكوومەت بدات، ئەوا حكوومەت بەر لە جێبەجێ كردنی پرۆژەكانی لەگەڵ خەڵكدا دەست بە دانووستاندن دەكات و راوبۆچوونی خەڵك وەردەگرێت. ئەو بریارە كە لە لایەن خەڵكی توركیا بە گشتی و دانیشتوانی ئەستەنبۆڵەوە بدرێت بۆ حكوومەت زۆر گرنگ و كاریگەرە. ئەگەر بریاری دادگا ئەرێنی بێت یا نەرێنی بێت، ئەوا حكوومەت دووبارە دەگەرێتەوە بۆ بریاری خەڵك.

ئەم لێدوانانەی جێگری سەرۆكی گشتی ئاكەپە حوسێن چەلیك نیشانەی ئەوەیە كە قەیرانەكەی پاركی گەزی وردە وردە بەرەو چارەسەری دەروات. لە لایەكی دیكەیشەوە نوێنەری خۆپیشاندەرەكانی مەیدانی تقسیمی ئەستەنبۆڵ ئاماژەی بەوە كرد كە لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆك وەزیری بەڵێنی ئەوەی داوە كە تا دادگا بریاری خۆی دەرنەكات، ئەوا حكوومەت بە هیچ شێوەیەك پرۆژەكانی خۆی جێبەجێ ناكات و ئەمەیش ئەنجامێكی باشی كۆبوونەوەی سەرۆك وەزیر لەگەڵ نوێنەری خۆپیشاندەرەكاندا بوو كە ئاماژەیەكە بە دەستپێكردنی قۆناغی ئاسایی كردنەوە و لەیەك گەیشتنی حكوومەت و خەڵك.

لەلایەكی دیكەوە سەرۆك وەزیری توركیا بریاری ئەوەی داوە كە سەبارەت بە بەكار هێنانی توندوتیژی لە دژی خۆپیشاندەرەكان دەست بە لێكۆڵینەوە دەكات و ئەو پولیسانە كە بە شێوەیەكی رادەبدەر هێزیان بەكار هێناوە رووبەرووی یاسا دەكرێنەوە. ئەمەیش نموونەیەكی دیكەیە كە حكوومەت بە راستی دەیەوێ بە لەیەك گەیشتن و تەفاهم ئەم كێشانە چارەسەر بكات.

لێدوانەكانی سەرۆك وەزیر، جێگری سەرۆكی گشتی ئاكەپە و نوێنەرانی خۆپیشاندەرەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە ئێتر هیچ پێویستییەك بە خۆپیشاندان و ئاڵۆز كردنی بارودۆخەكە نەماوە و خۆپیشاندەرەكان دەبێت چاوەروانی بریاری دادگا و بریاری خۆیان بكەن.

وتەیەكی دیكەی سەرۆك وەزیری توركیا هەیە كە دوێنێ ئێوارە پێشكەشی كردبوو و رای گشتی توركیا زۆر بە سەرسۆڕمانییەوە سەیری دەكات و بە پەیامێكی سیاسی وەسفی دەكات. سەرۆك وەزیر داوای لە گەنجانی پاركی گەزی و مەیدانی تەقسیم كردبوو كە پێویستە بۆ ماوەی 24 كاتژمێر ئەو مەیدانە چۆڵ بكەن بە پێچەوانەوە پولیس ناچار دەبێت لە مەیدانەكە دەریان بكات.

ئەم پەیامە دەتوانێت دووبارە ببێتە هۆكاری ئاڵۆزتر كردنی بارودۆخەكە بۆیە پێویستە سەرۆك وەزیری توركیایش بۆ ئاسایی كردنەوەی بارودۆخەكە وەكو خۆپیشاندەرەكان تۆزێك سەرخۆ بێت و واز لە لێدوانی لەم چەشنە بهێنێت.

وەكو خاڵی كۆتایی هیوادارم حكوومەتی توركیا هەست بەوە بكات كە لە سەدا 58ی ئەو گەنجانە كە لە پاركی گەزی كۆ بوونەتەوە وا بیر دەكەنەوە كە لە توركیادا ماف و ئازادییەكانیان سنووردار كراون و پشتگیری كردنی ئەوان لە خۆپیشاندانەكان تەنیا بۆ مەسەلەی پاركی گەزی نییە بەڵكو بۆ مەسەلەی ماف و ئازادییەكانی خۆیانە، بۆیە پێویستە دەسەڵاتی سیاسی توركیا گوێ لە داواكاری ئەم گەنجانە بدات و لە هەر جۆرە هەوڵدانێك بۆ بەرتەسك كردنەوەی بازنەی ماف و ئازادییە تاكەكەسییەكان خۆی بەدوور بگرێت و لە بە رێبازی سیاسی خۆیدا بچێتەوە و بزانێت كە هۆكاری سەرەكی ئەو قەیرانە پەیوەندییە ناراستەكانی نێوان حكوومەت و خەڵكە.

 

سەرچاوە. یەنی شەفەق

 

هەواڵی پەیوەندیدار