٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

پێویستمان بە چەكی زمانە، نەك زمانی چەك

سەرچاوە: KDP.info

عومەر نوورەددینی

ئەگەر لە ڕوانگەی تیۆرەكانی پەیدابوون و دروستبوونی دەوڵەتانەوە سەیری پڕۆسەی بە دەوڵەتبوونی عێراق بكەین بۆمان دەردەكەوێت، كە دژوارە بتوانین پەیوەستی بكەین بە تیۆرێك یان چەند تیۆرێك پێكەوە. ئەمە بەڵگەی ئەمەیە، كە پڕۆسەی بە دەوڵەتبوونی عێراق پرۆسەیەكی تایبەتەو پەیوەستە بە حاڵەتی داگیركاری و جەنگەوە، واته‌ عێراق وەك دەوڵەت بەرەنجامی پڕۆسەیەكی مێژوویی كۆمەڵایەتی ئابووری وەچەرخاو بە شێوە پۆزەتیفەكەی نیە، بەڵكو عێراق لە هەناوی سیاسەتی داگیركاری و جەنگ و هێزەوە بەدەر لە ویست و خواستی پێكهاتەكانی گەلی عێراق لە دایك بووە، بۆیە هەمیشە لە بەرێوەبردنی وڵاتدا بە جیاوازیی سیستەمە سیاسیەكانی پاشایەتی و كۆماری و تا بە ئەمرۆیش دەگات لە بەڕێوەبەردنی ململانێی سیاسیی وڵاتدا، لە حوكمڕانیەتیی گەلدا، لە مامەڵە لەگەڵ كێشە و قەیرانەكاندا عێراق لەو بارە سایكۆپۆڵەتیكە دەرباز نەبووە، كە لە بەرامبەر یاسای هێز و ڕوانگەی خۆ سەپاندن و شمولیخوازی هێزی یاسا و ڕوانگەی پێكەوەژیان و دیموكراسیەت بكاتە بنەما بۆ ڕێكخستنی ڕێساكانی گەمەی سیاسی و گەیشتن بە دەسەڵاتی سیاسی و چۆنیەتیی پیادەكردنی، لە جیاتی چەكی زمان و دیالۆگ زیاتر پەنای بۆ زمانی چەك و بەكارهێنانی هێزی سەربازی بردووە، ئەمەیش مێژووی دەوڵەتی عێراق و وڵاتی تووشی كارەساتی گەورەی مرۆیی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و سیاسی و كولتووری كردووە. لە ئەمڕۆی عێراقدا هێزو لایەنە سیاسیە فەرمانڕەواو سەرەكیەكان هەر بەرپرس نین لە بەردەم كۆتاییهێنان بە مێژووی پەنابردن بۆ زمانی چەك و هێزوو توندوتیژی بەڵكو بەرپرسیاریەتیی گەورەیان لەسەرە، كە لە لایەكەوە هەوڵ بدەن شوێنەوارە خراپ و بەدەكانی ئەو مێژووە كەم كەنەوەو بیسڕنەوە، لە لایەكی تریشەوە كار بكات بۆ بنیاتنانی قۆناغێكی سیاسی و وێژەیی كە لە دواڕۆژدا عێراق دەكاتە نموونەی دەوڵەتێكی نوێی پێشكەوتووی بەهێز بە دیموكراسیەت و پێكەوەژیان و دابەشكردنی دادوەرانەی دەسەڵات و سامان و حكوومەتی هاوڵاتی و سەروەریی دەستور و یاسا، نەك بەهێزو چەك و سەرباز و شموولیەت و ڕژانی خوێن.

عێراق لەو بارە سایكۆپۆڵەتیكە دەرباز نەبووە، كە لە بەرامبەر یاسای هێز و ڕوانگەی خۆ سەپاندن و شمولیخوازی هێزی یاسا و ڕوانگەی پێكەوەژیان و دیموكراسیەت



ئەوانەی حوكمی عێراق لە بەغداوە دەكەن دەیانەوێت كە بنەماكانی ئەو مێژووە تازەیەی بۆ دابرێژن پێویستە هەمیشە زەنگی ئەم راستیانەی خوارەوە لە مێشك و هزریاندا بزرینگێتەوە:

یەكەم: بەهێزكردنی عێراق بە مۆدێلی هێزی زەبر و رەق، كە خۆی لەچەك و سوپا و بەعەسكەركردنی دەوڵەت و كۆمەڵگادا دەدۆزێتەوە سیاسەتێك بووە، كە رێگای بۆ كودەتای سەربازی ناسەقامگیریی سیاسی خۆش كردووە و سوپای كردووه‌تە ئالیەتێك بە دەست فەرمانڕەواكانه‌وه‌ بۆ سەركوتكردنی گەل و نەتەوەكانی عێراق نەك بۆ بەرگری لەگەل و نیشتمان. ڕاستە پێویستە عێراق سوپای هەبێت بەڵام دەبێت لە ژێر كۆنتڕۆڵی دەسەڵاتی خاوەن شەرعیەتدا بێت و بە هیچ شێوەیەك بۆ یەكلاكردنەوەی ململانێی سیاسیی ناوخۆ بەكار نەهێندرێت، سوپایەك بێت كە لە پێكهاتە و بەڕێوەبردن و كاركردنیدا ڕەنگدانەوەی حاڵەتی فرەنەوتەوەیی و ئایینی و كولتووریی عێراقیەكان بێت.

ڕاستە پێویستە عێراق سوپای هەبێت بەڵام دەبێت لە ژێر كۆنتڕۆڵی دەسەڵاتی خاوەن شەرعیەتدا بێت



دووەم: چارەسەرنەكردنی دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان و هەوڵدان بۆ چەوساندنەوە و سەركوتكردن و پاشان جینۆسایدكردنی واتا سیاسەتی دیكتاتۆریانەی پەیرەوكراو لەلایەن حكوومەتەكانی عێراق بۆتە هۆی بەرهەمهێنانی سیاسەتی شۆڕشكردن لای گەلی كوردستان كاروكردەوەی سەركوتگەریانە و دیكتاتۆریانە بووه‌تە مایەی كاردانەوەی شۆڕرشگێڕانە، بەمەیش ی سیاسی و ئاشتیی كۆمەڵایەتی لە عێراقدا بەرقەرار نەبووە و سەرەنجام چارەسەرنەكردنی كێشەی گەلی كوردستان لەسەر بنەما و پێوەرە یاسایی و دیموكراتیەكان هۆكارێكی سەرەكی بووە و بۆ ڕووخانی یەك لە دوای یەكی حكوومەت و ڕژێمە سیاسیەكانی عێراق بۆ ئەمڕو و بۆ ئایندەیش دروستە و وەك ڕاستیەك هێزی لۆجیكی خۆی لەدەست نەداوە، بۆیە حاكمە سیاسیەكانی بەغدا لە هەرحیزب و لایەنێكی سیاسی یان پێكهاتەیەكی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبی بن دەبێ ئاگاداری ئەوە بن، كە ئەگەر لەسەر بنەمای دیموكراسیەت و فیدڕاڵیەتی رێكخراو لە دەستوور و یاسادا مافی بەشداری لە دەسەڵات و بەهرەمەندبوون لە سامانی وڵات و مسۆگەركردنی سەروەرییەكی ناوخۆیی لە میانەی قەوارەیەكی سیاسیی تایبەتدا بۆ هەرێمی كوردستان مسۆگەر نەكەن ئەوا بە ئاسوودەیی ناتوانن حوكمڕانی بكەن و عێراقیش لەناو بازنەی ناسەقامگیری و توندوتیژی دواكەوتویدا دەخولێتەوە.

عێراق خۆی پێویستی بە ئیرادەیەكی سیاسی ئەوتۆ هەیە كە لە ڕوانگەی دەقەكانی دەستوورەوە هەنگاو بنێ



سێیەم: پاوانكردنی دەسەڵات سیاسی و سامان و داهاتی وڵات و وەگەڕخستنی بۆ بەرژەوەندی خۆهێشتنەوی كەسێكی سیاسی یان لایەن و پێكهاتەیەكی تایبەت نەك بۆ بەرژەوەندی هاوڵاتیان و گەلی عێراق، هۆكارێكی سەرەكی بووە بۆ لەباربردنی دڵنیایی و متمانەی سیاسی یان هەر لە ئەساسادا دروست نەبوونی ئەم متمانەیە بۆیە هەر كەسی و لایەنێكی سیاسی جەڵەوی دەسەڵاتی سیاسی لە بەغدا بە دەستەوە بێت زۆر گرنگە كە لەسەر بنەمای یاسایی و دەستووری دەسەڵات و سامان و داهاتی وڵات بەشێوەیەك ڕێك بخات و وەگەڕ بخات ببێتە مایەی بەرجەستە كردنی كردەكیانەی بەشداری هەمووان و سوود لێوەرگرتنی هەمووان، ئەو كەسەو لایەنە سیاسیانە بەم شێوەیە و لە ڕێگای بەدەستهێنانی متمانەی خاڵك و گەل و نەتەوەكانی عێراقەوە دەتوانن مانەوەی خۆیان لەسەر كورسی فەرمانڕەوایی مسۆگەر بكەن نەك بە پێچەوانەوە.

كاتێك لە مێژووی عێراقەوە ئەم ڕاستیە سیاسیانە هەڵدێنجین دەبێ نەخشە ڕێگای سیاسیی سەرەكیی وڵات و ڕۆیشتن لەسەری و پابەندبوون پێوەی بریتی بێت لە دەستوور و یاسا، دیموكرات و فیدراڵی چەكی زمان و دایەلۆگ و پێكەوە ژیانی ئاشتیانە، دابەشكردنی سامان و بەشداری لە دەسەڵات نەك بریتی بێت لە ویستی كەسێك حزبێك، نەتەوەیەك ئاینێك بە تەنیا یان زمانی چەك و هزری سەربازی و تێكدانی دۆخی پێكەوە ژیان و پاوانكردنی دەسەڵات و سامان. عێراق خۆی پێویستی بە ئیرادەیەكی سیاسی ئەوتۆ هەیە كە لە ڕوانگەی دەقەكانی دەستوورەوە هەنگاو بنێ، دایەلۆگ و زمانی گفتوگۆ بكاتە ئامرازی چارەسەری كێشەكان، كۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان حكوومەكانی فیدراڵ و هەرێم و پارێزگاكان بكاتە هەوێنی متمانەی سیاسی، عێراقی نوێ پێویستی بە هێزی دیپلۆماسیەتی كارا و بزێوی ئەوتۆیە، كە گرێكوێرەكان دەكاتەوە، نەك دیپلۆماسیەتی هیزی سەربازی و ئۆپراسیۆنەكانی جەزیرەو دیجلە، كە گرێكوێرەكان زیاترو ئاڵۆزتر دەكات ئێمە دڵنیایین كە ئیرادەی سیاسیی باڵا لە هەرێمی كوردستان بە تەواوی برواوە دەیەوێ و كار دەكات بۆ ئەوەی عێراق لەسەر بنەماكانی مۆدێلی نەرمی سیاسەت و بوونیان نانەوە بەڕێوە بچێت،

پابەندبوون بە بنەماكانی دیموكراسی و فیدراڵی و دەستوور و یاسا و شەڕاكەتی نیشتیمانی و دابەشكردنی عادیلانەی سامان و پێكەوەژیانی ئاشتیانە و چەكی زمان و دایەلۆگ دەبینێتەوە

كە خۆی لە پابەندبوون بە بنەماكانی دیموكراسی و فیدراڵی و دەستوور و یاسا و شەڕاكەتی نیشتیمانی و دابەشكردنی عادیلانەی سامان و پێكەوەژیانی ئاشتیانە و چەكی زمان و دایەلۆگ دەبینێتەوە بەو ئاڕاستەیەیشدا هەوڵەكانی خۆی وەگەڕ خست و سەردانی وەفدی كوردستانی بە سەرۆكایەتیی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا نیشانەیەكی ڕوونی سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە، ئێستا ماوەتەوە كە بزانین لەبەر ئەنجامی كۆبوونەوە باڵاكانی نێوان هەرێم و بەغدا كە لە هەولێر بەرشێوە دەچن، حكوومەتی عێراق و ئەو لایەن و ئەو كەسانەی نوێنەرایەتیی ئیرادەی سیاسیی بەغدا دەكەن بە كردەوە ئەو دەسەلمێنن، كە گەرەكیانەوە عێراق بە مۆدێلی سیاسەتی نەرم بەڕێوە بچێت یان سیاسەتی زبر و زەق. ئەگەر دنیا بە گشتی بە گەشبنیەوە بندرێت ئەوا دنیای سیاسەت دەبێت زیاتر بارگاوی بكرێت بە گەشبینی و هەمووان بە گەشبینی سەیری جووڵەی دیپلۆماسی و كۆبوونەوە باڵاكانی نێوان هەولێر و بەغدا دەكەین و دڵنیاین لەوەی، كە لەسەر ئاستی هەردوولا كەسایەتیی لایەنی و هێزی سیاسی و نیشتیمان پەروەری ئەوتۆ هەن وەك چۆن لە ڕۆژگای سەختی خەبات دژی دیكتاتۆریدا لە سەنگەری هاوپەیمانیەتیدا شەرعیەتی شۆڕشگێڕییان بۆ ڕەتكردنەوەی زوڵم و ستەم بەكار هێناوە ئەوا ئێستا و لەسەنگەری شەراكەت و هاوپەیمانیەتیی نوێدا شەرعیەتی دەستووری و دیموكراسی بۆ بەرژەوەندیە باڵاكانی گەل و نیشتیمان وەگەڕ دەخەن. لەگەڵ ئەوەیشدا دەبێت بە وریایی و چاوكراوەییەوە سەیری كۆبوونەوەكانی هەولێر بكەین چونكە لە دووڕێیانێكی یەكلاكەرەوە دەچن

هەواڵی پەیوەندیدار