ماوەی سەرۆكایەتی سەرۆك بارزانی دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ گەلی كوردستان
رێبوار حەمەلاو شوانی
ئەوانەی بە ناوی ئۆپۆزسیۆن بوون بە حەسرەتەوە لە پێناو گەیشتن بە دەسەڵات بەرچاویان تاریك بووە و تەنیا خۆیان مەبەستە دەبێت بزانن، سەرۆك بارزانی ساڵ51 تەمەنی خەباتی شۆرشگێری خۆی تەنیا پێناو خزمەتكردنی گەڵ ونیشتیمانەكەی بەخشییووە و تەنیا هیوای و ئاواتی سەربلندی و سەرفرازی میللەتەكەی بووەو نەك وەرگرتنی كورسی دەسەڵات بۆ مەرامێكی تایبەتی و شەخسی خۆی، ئەمرۆ سەرۆك بارزانی لە سەر ئاستی ناوچەكە و جیهاندا بە ناسنامەی كورد هەژمار دەكرێت و چونكە بە سیاسەتی زانایانەی خۆی توانیوێتی دۆزی كورد نەتەنیا لە هەرێمی كوردستان بەڵكو لە هەموو بەشەكانی تری كورستان بە ناوەندە نێودەوڵەتییەكان و وڵاتانی جیهان بناسێنێت و دونیا بلێت كوردیش دەبێت خاوەن سەرەوری و ڵاتی خۆی بێت. سەرۆك بارزانی هەمووكات بڕوای بەمافەكانی مرۆڤ و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی و ئازادییەكانی تاك و مافی نەتەوەییی كورد و نەتەوەكانی تر هەیە بە تایبەت لە بڕیاردانە چارەنووسازەكاندا، لە پێناو بە دیهێنانی دیموكراسی و ئاشتی كە سەرچاوەكەشی بۆ ئەزموونەكانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی مێژوویی نەتەوەی كورد و كە لە پووری نیشتیمانی و خەباتگێڕانەی بارزانیی نەمرەوە تێ دەكۆشێت و سوودیش لە ئەزموونی گەلان وەردەگرێت كە لەگەڵ واقیعی كوردستاندا دەگونجێن. ناحەزانی ئەزموونی كوردستان و بە تایبەت سەرۆك بارزانی، هەموو جارێك و هەر جار بە بیانوو پیلانێك لە هەوڵی ئەوەدان تا ئەو دەستكەوتانوە كە بەرهەمی خوێنی هەزران شەهید و خەبات و ماندووبوونی پێشمەرگە وجەماوەری كوردستان بەدەستهاتووە و خۆی لە پەرلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەبینێتەوە بكەنە ئامانج و لە رێگەی هاش وهوشی چەواشەكارییەوە، مەڕامە ئاژاوە گێرییەكانیان بهێنەدیی، لێرەدا ئۆپۆزسیۆن لە جیاتی ئەوەی هەوڵ بۆ ئەوە بدات كە دۆز و پێگەی كورد لە ئاستی ئیقلیمی و جیهانی بەرەو پێشەوە ببات و بەهێز بكات،ئەوە هەر جارێك و لە سەر ناوی ئۆپۆزسیۆن كە ئاستەمە خۆشیان بزانن كە چییان دەوێت یا بزانن كە ئەركیان چییە و دەبێت چی بكەن، ئەوە بە ناحەق و بەرق وكینەوە هیرش دەكەنە سەر پارتی و شەخسی سەرۆك بارزانی بێ ئەوەیی بزانن كە سەرۆك بارزانی شەرعیەتی یاسایی هەیە و لە لایەن خەڵكی كوردستانەوە وەكو كەسێك كە هەڵگری ناسنامەی میللەتی كوردە و دەنگی پێدراوە و جێی متمانەی گەلی كوردستانە. ئەو خاڵەی لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن بە تایبەتیش حزبی گۆڕان دەیەوێت خەڵكی پێ چەواشە بكات و ناوەڕۆكی دەستوورەكە بشێوێنن و تەمومژو ئاڵۆزی لەسەر ئەم ماددەیە دروست بكات، ئەو خاڵەیە كە رێگەی داوە سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەلایەن خەڵكەوە راستەوخۆ بە دەنگدانی نهێنی و راستەوخۆ هەڵبژێردرێت، بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كە یاسای ژمارە یەكی ساڵی 2005ی پەرلەمانی كوردستانە چۆن ئەم مەسەلەیەی یەكلایی كردۆتەوە؟ ئایا لە یاسای ژمارە یەكی ساڵی 2005ی پەرلەمانی كوردستاندا هاتووە سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەناو پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت، یان راستەوخۆ لەلایەن خەڵكی كوردستانەوە؟ ئەمەش بەرەو پرسیارێكی دیكەمان دەبات ئایا بە تەنیا هەڵبژاردنی سەرۆك راستەوخۆ لەلایەن خەڵكەوە، سیستمی پەرلەمانی دەگۆڕێت بۆ سەرۆكایەتی؟ بە شێوازێكی دیكە ئایا نموونەی سیستمی حكومڕانی پەرلەمانی لە سیستمی لیبرال دیموكراتی هەیە كە سەرۆك لەلایەن گەلەوە راستەوخۆ هەڵبژێردرێت و سیستمەكەش هەر پەرلەمانی بێت؟ سەبارەت بە وەڵامی ئەم پرسیارە، بۆ ئەم راپۆرتە لەچەندین پسپۆری یاسای دەستووریمان پرسی، ئەو پسپۆرانە پێیانوایە مەرج نییە بە هەڵبژاردنی راستەوخۆی سەرۆك لەلایەن خەڵكەوە، شێوازی سیستمەكە بگۆڕدرێت بۆ سەرۆكایەتی، یان تەنانەت بگۆڕێت بۆ سیستمی تێكەڵاوی نیمچە سەرۆكایەتی، ئەو پسپۆرانە خاڵی سەرەكی بۆ گۆڕینی شێوازی سیستم لە پەرلەمانیەوە بۆ نیمچە سەرۆكایەتی یان تێكەڵاوی پەرلەمانی و سەرۆكایەتی، دەگەڕێتەوە بۆ سەیركردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆك لە ناو حكومڕانی دەوڵەتدا، لەبەر ئەوەی زۆر جار سەرۆك راستەوخۆ لەلایەن خەڵكیشەوە هەڵدەبژێردرێت، كەچی دەسەڵاتی لە سەرۆكێك كەمترە كە لەپەرلەمانەوە دەسنیشانكرابێت،
دەستوور میكانیزمێكە بۆ چۆنیەتی رێكخستنی دەسەڵاتەكان لەهەموو دەوڵەتێكدا، بەپێی پێناسەی دەستووردانەرەكانیش، دەستوور هۆكارێكە بۆ رێكخستنی حكومڕانی و هەروەها دەسنیشانكردنی ماف و ئازادییەكانی هاووڵاتیانیش لەناو ئەو دەستوورە دایە، ئەگەر لەم پێناسە سادەیەی دەستوورەوە سەیری چۆنیەتی پیادەكردنی دەسەڵاتەكان بكەین.هەر دەستووریشە كە یەكڕیزیی گەل و خاك و سەروەریی دەپارێزێت. ئەوانەی كە لە هەوڵی بە حیزبی كردنی دەستوورن داوای دووبارە گەڕانەوەی بۆ هۆڵی پەرلەمان دەكەن، ناتوانن ڕای تاكرٍەویانەی خۆیان بە سەر خەڵكی كوردستان دا بسەپێن و تەنیا دەبێت چاوەروانی بریاری خەڵكی كوردستان بن چونكە لە ئەنجامدا هەر بریاری خەڵك سەر دەكەوێت .نەك هەراو هوریای چەواشەكارانەی ئۆپۆزسیۆن. كەواتا ئەوانەی كە خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن دەزانن و هەر جارێك بیانوویەك سەیروسەمەرە،دەبینەوە بێ ئەوەی بزانن چیان دەوێت و بزانن، لە سایەی ئەو ئازادیی و دیموكراسیە كە سەرۆك بارزانی لە ساڵی 1992 بانگەوازی بۆ كرد و بەرهەمەكەشی خۆی لە پەرلەمان و حكومەتی هەرێم و ناساندنی دۆزی كورد بە سەرانسەری جیهان بیینەوە، بە ناوی ئۆپۆزسیۆن بوون ئەو هەڵە نەقۆزنەوە كە باری سەقامگیری و ئابووری خەڵكی كوردستان بشوێنن، هەر رۆژێك بە بیانوو و پیلانێكەوە.




