٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

لە كۆتاییدا بزووتنەوەی گۆڕان چۆك دادەدات

سەرچاوە: KDP.info

محەمەد ئێدلبی

بەهۆی ناكۆكییەكانی ناوخۆیی و سەرنەگرتنی ئەو بەڵێنانەی بە جەماوەرەكەی درابوون؛ ئێستا بزووتنەوەی گۆڕان بە كۆمەڵێك ئازاری دەرونییەوە دەناڵێنێت و رۆژ لەدوای رۆژ لاواز دەبێت و ناكۆكییەكانی نێوان كوتلەكانی ناو بزووتنەوەكە زیادتر دەبن. ئەوە نەبێ كە خۆی درك بە ئازار و نەخۆشییەكانی نەكات؛ لە رێكخەری گشتییەوە تا ئەندامەكانی دەزانن كە كوێیان دێشێ. هەر بۆیە ماوەیەكی زۆرە هەوڵ دەدات ئەو كێشانە تێپەڕێنێ بێ ئەوەی چارەسەریان بكات لە زۆر قوناغدا ئەمەی بۆ چووەتەسەر و خەریكە ئەمە دەبێتە خەسڵەتێكی شاراوە لە دەمارەكانی بزووتنەوەی گۆڕاندا.

دروستبوونی گۆڕ‌انێكی بەرچاو لە رووپەڕ‌ی یەكەمی رۆژنامەو گۆڤارەكان و تەڵەفزیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان و دەستپێكردنی پروپاگەندەیەكی رێكخراو و گەورەكردنی خاڵە لاوازەكانی حكومەت و سەرزەنشتكردن و ناشیرینكردنی دەسەڵات، كردنەوەی گۆڕ‌ەپان بۆ ئەو گروپانەی دژی دەسەڵاتن و زیادكردنی كاریكاتێری گاڵتەئامێز و نووسینی بابەتی ورووژێنەری ساختە و دوور لە راستی و هەڕ‌ەشەكردن بە یاخیبوون دژی دەسەڵات و بڵاوكردنەوەی زانیاری چەوت و لادەر، درووستكردنی شەڕ‌ی دەروونی و سوودوەرگرتن لە پروپاگەندە بۆ دروستكردنی درز و كەلێن لەناو پێكهاتەكانی كۆمەڵگا، خستنەرووی رەوشێكی نالەباری سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئیداری و ئابووری وڵات بە چەند بەڵگەیەكی ساختەی هەڵخەڵەتێنەر و پێشبینی كردنی رەوشێكی نالەباری داهاتوو. دواجار بڵاوكردنەوەی ڤایرۆسی بێهیوایی لەناو خەڵك و كاڵكردنەوە و نەهێشتنی متمانە و وەفاداری و دڵسۆزیی نەتەوە بە دەسەڵات و حكومەتەكەی، چەند ئامرازێكن كە بزووتنەوەی گۆڕان هەوڵەكانی تێدا چڕ كردۆتەوە و بەكاری دەهێنێت بۆ ئەوەی ئامانجەكانی بپێكێت.

هەر بۆیە لە دەزگا راگەیاندنەكانی بزووتنەوەی گۆڕان و ئۆپۆزسیۆنیش بە تایبەتی بە پشتگیری هەندێك لایەنی دەرەكی چەند بابەتێك بەرچاو دەكەون كە هەموو رەگەزە تێكدەرەكانی تێدایە و سەروەری و سیمبۆل و پیرۆزییەكانی كورد دەكاتە ئامانج و دژی پرۆسەی بنیاتنانەوە و ئازادی و دیموكراسی هەرێمی كوردستان دەوەستێتەوە. شەڕ‌ێكی دەروونییان بۆ چەواشەكردنی خەڵكی دەستپێكردووە و چەند بابەتێكی دوور لە راستی و ساختە و بێ‌ بنەما لەسەر ئەزموونی كوردستان و دەزگاكانی پۆلیس و ئاسایشی كوردستان بڵاودەكەنەوە و هەوڵی لەكەداركردنی ئەو دەزگایانە دەدەن، بەمەش هەڕ‌ەشە لە ئاسایش و سەقامگیری هەرێم دەكەن.

 هەر بۆیە دوور لە هەموو بنەمایەكی رۆژنامەنووسی و ئەخلاقی، بابەتی ساختە و چەوت بڵاودەكاتەوە و بە رێگەی بڵاوكردنەوەی كاریكاتێری گاڵتەئامێز، كەسایەتی و دامەزراوە بەهێزەكانی هەرێم دەكەنە ئامانج. دەزگاكانی راگەیاندنی سەربە كۆمپانیای وشە گۆڕ‌ەپانیان بۆ دوژمنانی ئەزموون و دەستكەوتەكانی كورد كردۆتەوە و هەوڵی نەهێشتنی متمانەی نێوان خەڵك و دەسەڵات دەدەن، و دەستكەوت و دامەزراوە ستراتیژییەكانی هەرێم دەكەنە ئامانج، وەك كە ئێستاش دەیبینین چۆن دەیانەوێن خۆیان لە رای گشتی خەڵكی بدزنەوە و هەڵمەتێكی بەرفراوانیان لە دژی دەستووری هەرێمی كوردستان ئەو بزووتنەوە بەناو داكۆكیكار لە دیموكراسی دەیەوێت مافی خەڵكی لە خەڵكی وەرگرێتەوە، هاوشانی دوژمنانی كورد لەناوەوە و دەرەوەی وڵات دەستپێكردووە كە بەپێی ئەزموون و مێژوو ئەم هەوڵانە تەنها بۆ تێكدانی رەوشی ژیان و دەستەكەوتەكانی خوێنی شەهیدانە و بگرە چاویان بەو هەموو پێشكەوتنە سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتیانەی هەرێمی كوردستان هەڵنایەت كە ئەمڕۆ كە زیاتر لە بیست كۆنسولخانە و نوێنەرایەتی وڵاتانی جیهان لە هەولێری پایتەختن؛ ئەمەش جگە لە سەدان كۆمپانیای وەبەرهێنانی بیانی لە هەرێمی كوردستان. بەلام ئەوەی روون و ئاشكرایە كە بەو هەولانەی ئۆپۆزسیۆن و بە تایبەتی گۆڕان ماهیەتی ئەوان زیاتر بۆ خەڵكی روون بۆوەتەوە.

ئەوەی مایەی خۆشحاڵیە بەرزبوونەوەی ئاستی رۆشنبیری سیاسی و كۆمەڵایەتی خەڵكی كوردستانە، خەڵكی كوردستان گەیشتوونەتە رادەیەكی باشی هوشیاری و باش لە ئامانج و هەوڵەكانی ئەوان تێگەیشتوون؛ بۆیە دەلێم لە كۆتاییشدا بزووتنەوەی گۆڕان لەهەمبەر دەنگی خەڵكی چۆك دادەدات.

 

هەواڵی پەیوەندیدار