ئەوانەی دیانهەوێـت بە ناوی ئۆپۆزسیۆن بوون لە جیانی خەڵكی كوردستان بریار بدەن !
رێبوار حەمەلاو شوانی
بۆ ئەوانەی كە نایانهەوێت تێبگەن و لە مانای ئۆپۆزسێون تێنەگەیشتوون و سیاسیەتكردنی بە باشی درك ناكەن، پەیامەكەی سەرۆك بارزانی لە 26ی گوڵانی ئەمساڵ، پەیامێكی روون و ئاشكرا بوو و بۆ ئەو كەسانەی كە بە ناوی ئۆپۆزسیۆن و چەواشەكردنی خەڵك دەیانهەوێت یاری بە چارەسەنووس خەڵكی كورستان بكەن و هەر رۆژێك و لە سەر بیانوویەكی بێ بنەما و خەیاڵی دەیانهەوێت گاڵتە بە هەست و سۆزی خەڵكی كورستان بكەن و چاویان بەو هەموو پێشكەوتنە جۆراوجۆرانەی كە لە هەموو روویەكەوە لە كوردستان روویداوە هەڵنایەت . وتارەكەی سەرۆكی هەرێم كۆمەڵێك مەنتقی بەهێزی تێدا بوو كە پشت ئەستوور بوو بە ژمارەیەك بەڵگە و ڕاستی دیرۆكی كە لە ڕابردوویەكی نزیكدا رویانداوە، بەهێزترین خاڵەكانی وتارەكە بەرگریكردن لە مافی جەماوەری هەرێمی كوردستان بوو بۆ دەنگدان وبریاردان لەسەر پڕۆژەی دەستوور چونكە لە ڕاستیدا پڕۆژەكە لە سنووری دەستەڵاتی هیچ كەس و دەزگایەك نییە كە بیگەڕێنینەوە بۆ دەستكاری.سەرۆكی هەرێمی كوردستان وەك سەرۆكی نەتەوەیی ستەم دیدەو بێ دەوڵەت و بێ دەستوور بەڵام خاوەن ئیرادەو مێژوویەكی پڕ لە سەروەری، لە ڕوانگەی پەرۆشی و دڵسۆزی بۆ ئێستاو ئایندەو. بەپێی ئەو بەرپرسیاریەتیە مێژویی و سیاسیەی لەسەر شانیەتی. لە پەیامەكەی خۆیدا حزب و لایەنە سیاسییەكان و ڕێكخراو و سەندیكاكان و تەواوی چین و توێژەكانی كۆمەڵگای كوردستانی خستە بەردەم لێپسراوێتیەكی نەتەوەیی و مێژوویی و سیاسیەوە كە بەو پەڕی هەستكردن بە لێپسراویەتی و هەستكردن بە هەستیاری و گرنگی بابەتەكە بە ئەركی خۆیان هەستن واز لە بەرژەوەندی شەخسی و تەسكی حزبایەتی بهێنن و. چیتر رێگە نەدرێت تا كو میللەتی كورد بێ دەستوور بێت. دەستوور زامنی مافی گشتی و ئایین و نەتەوەو مەزهەبە جیاجیاكان دەكات، ئەمانەش گشتیان لەناو دەستووری هەرێمدا بەو پەری سەردەمیانەو دیموكراسیەت دەستەبەر كراون، بەو واتایەی كە دەستوور بۆ گەل دەنوسرێت نەك بۆ تاكە حزبێك یان لایەنێك،هەرچی ئۆپۆزسیۆنیشە ڕەخنە لە دەسەڵاتی بە ناو تاكڕەویی دەگرێت و شین بۆ هێنانەكایەی دیموكراتی دەكات، خۆی بە بریاردەری خەكی كوردستان دەزانێت و لە بچووكترین دەرفەتیشدا سواری خواست و داواكاری خەڵك دەبێ و جڵەو بۆ ئامانجە سیاسییەكانی شل دەكات، پێچەوانەی ئارامگای دیموكراتی هەنگاوی قۆرخكاری و سیاسەتی و حزبسالاری هەڵدەگرێت و ماف و ئازادیەكانی خەڵك سنووردار دەكات، ئەوەتا لە پرسێكی گرنگ و چارەنووسسازی وەك دەستوور، ڕای خەڵك دەكاتە پێخوستی سەرەڕۆیی حزبی و بچووكترین مافە سەرەتاكانی دیموكراتی كە ڕا دەربڕینە لە سەر دەستوور كە بە خەڵكی كوردستانی ڕەوا نابێنێ و بۆیە خەڵكی كوردستان بە هەموو شێوەیەك بڕیاری سیاسی و تاكڕەوی بە ناوی ئۆپۆزسیۆن رەت دەكاتەوە .
بیانۆی گۆڕان بۆ گەڕانەوەی پڕۆژەی دەستوور بۆ پەرلەمان كە گوایە دەیەوێت، سیستەمی سەرۆكایەتیی بۆ پەرلەمانی بگۆڕێت كە خۆی لە بنەڕەتدا و لەسەر زەمینی واقیع هەر پەرلەمانییە، وەك بیانویەكی لاواز وسست و بێ بنەما لەخۆڕا نەبووە، چونكە ماوەەیەكی زۆرە عەقلییەتی سیاسیی بڕیاربەدەستانی ئێستای گۆڕان دەناسین و دەزانین چۆن بیر دەكەنەوە و دەیانەوێت بە بیانوی ئەوەی كە گوایە، سیستەم لە سەرۆكایەتییەوە دەكەن بە پەرلەمانی، چی بكەن و بگەن بە چ ئامانجێك. پڕۆژەی دەستووری هەرێمی كورستان لەلایەن لیژنەیەكی پسپۆڕو شارەزا ئامادەكراوە، كە نوێنەری هەموو لایەن و ئایدیاو بیروڕای جیاوەزەكانی تێدا بووە. بە ڕاو ڕەزامەندی هەمووان نوسراوە. نەك وەك و هەندێ لایەن دەیانەوێ ڕای گشتی چەواشە بكەن، كە دەڵێن ئەم پڕۆژەیە بەڕای لایەنێك و لە بەرژەوەندی لایەنێك نوسراوە. كە ئەوە ئەو پەڕی بێڕێزی كردنە بەرامبەر بە نوێنەری لیست و لایەنەكانی ناو پەرلەمان كە بەشداربوون لە ئامادەكرن و نوسینی پڕۆژەی دەستوور.سازانی نیشتیمانی و كۆ دەنگی حزبە كوردستانیەكانی لەسەر بووە كە 36 حزبی كوردستانی ئیمزایان لەسەر پەسەندكردنی كردووە. جگە لە گۆڕان، كە ئەوانیش ئەو كات لەناو یەكێتی نیشتیمانی كوردستانی بوون. ئەگەر نایەنەوێت هەرێمی كوردستان ببێتە خاوەن دەستوور. ئەوە پێویست دەكات بە چەواشەكاری و هەوڵدان بۆ سەرلێشێواندن و بەلاڕێ دابردن و شاردنەوەی ڕاستییەكان بە ڕاشكاوانە و ڕاستگۆیانە بڵێین لەگەڵ هەبوونی دەستور نین. هەروەكو چۆن سەرۆك بارزانی و پارتی ڕاشكاوانە دەڵێن ئێمە لەگەڵ هەبوونی دەستوورین بۆ هەرێمی كوردستان.لە كۆتاییدا هەر خەڵكی كۆردستان خاوەن بریارە و كەس ناتوانێت بە لە رێگە چەواشەكارییەوە ڕای خۆی بە سەر خەڵكدا بسەپێنێت.




