پارتی و یەكێتی دوو هێزی كۆمەڵایەتی لە چەقی ژیانی سیاسیدا

ئازا حسیب قەرەداخی
پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان، دوو هێزی سیاسین كە بە پێوەرە كۆمەڵایەتییەكان بوونەتە هێزی كۆمەڵایەتی. واتە بوونەتە دوو هێز كە قوڵایی و تانوپۆی كۆمەڵایەتییان هەیە و دەتوانن رۆڵ لە گۆڕینی بونیادی كۆمەڵایەتیدا بگێڕن.
بە جۆرێكی دیكە دەكرێ بگووترێ، پارتی و یەكێتی تەنیا دوو حزبی سیاسی نین كە لە دەورانێكدا بێنە چەقی ژیانی سیاسییەوە و لە دەورانێكی دیكەدا بكەونە پەراوێزەوە. ئەم دوو حزبە هەمیشە وەكوو دوو هێزی كۆمەڵایەتی لە چەقی گۆڕانكارییەكاندا بوون و ئاسۆی مانەوەیشیان لە چەقدا تا ئایندەیەكی دوور كراوەیە.
ئەگەر زیادەڕۆیی نەبێ دەكرێ بگووترێ بوونی ئەم دوو حزبە لە چەقی بزاوتی كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و تەنانەت كولتووریدا، وەكوو بوونی پرۆتۆن و نیوترۆنە لە چەقی ماددەدا كە دەرەنجام جووڵەی ئەمان، جیاوازی نێوانیان، رێككەوتن و نزیكی نێوانیان بزاوتی كۆمەڵگا و ئاراستە و ئۆقرەیی سیاسی دیاری دەكات.
بە واتایەكی دیكە وجودی ئەم دوو حزبە تەنیا وجودێك نییە بۆ خودی خۆیان، بەڵكو وجودێكە بۆ كۆمەڵگا و بزاوتی سیاسی لە كۆمەڵگای كوردستاندا كە لانی كەم سەدەیەكە لە هەڵكشان و داكشاندا دەبزوێ و ئەزمون كۆدەكاتەوە و دەستكەوت دەچنێتەوە.
| پارتی و "بارزانی" ئارەزووی ئەوەیان هەبوو كە ئاشتبوونەوە بكرێ و یەكبگرنەوە. لەناو باڵی مەكتەبی سیاسیدا كە نەوشیروان لەوێدا بە "جەلالی"ـیەكان ناویان دەهێنێ |
بەم مانایە بە درێژایی مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی نیشتمانی كوردستان ئەركێكی تەوەریی لە ئەستۆی ئەم دوو حزبە بووە. بەو هۆیەشەوە سەرەڕای هەموو ئەو نشێوی و سەختیانەی بە جیا جیا و بە هۆی یەكتریشەوە دووچاری هەردووكیان بووە، مێژوو نەیتوانیوە بیانخاتە دەرەوەی چەقی ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی.
وەرچەرخانەكان بۆ هەردووكیان هەمیشە سەخت و پڕ گرێوگۆڵە و ئاڵۆز بووە، بەڵام دەرەنجام تێپەڕێنراون و نەیانتوانیوە هیچ كام لەم دوو حزبە بخەنە دەرەوەی چەقی ئیرادەی بڕیاردان و دۆزینەوەی دەریچە.
بۆشایی سیاسی
كەواتە مێژووی بەردەوامی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان نەیهێشتووە بۆشاییەك دروست بێ لە پرۆسەی سیاسیدا لە رێی خستنە دەرەوەی یەكێك لەم دوو حزبە.
"نەوشیروان مستەفا ئەمین" كەسی دووەم و دەستڕۆیشتووی پێشووی ناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان و رێكخەری ئێستای بزووتنەوەی گۆڕان، لە كتێبەكەیدا (پەنجەكان یەكتری ئەشكێنن)كە دەگاتە گێڕانەوەی ئەو كاتەی رێككەوتننامەی 11ی تێدا مۆركرابوو، ئیتر كاتی ئەوە هاتووە ئاشتبوونەوە لە نێوانی پارتی و باڵی مەكتەبی سیاسی جیابۆوەدا بكرێ، لە ژێر تایتڵی "ئیستیعاب یان تێكەڵاوبوونەوە"دا لە لاپەڕە(103-104)دا باسی ئەوە دەكات كە پارتی و "بارزانی" ئارەزووی ئەوەیان هەبوو كە ئاشتبوونەوە بكرێ و یەكبگرنەوە. لەناو باڵی مەكتەبی سیاسیدا كە نەوشیروان لەوێدا بە "جەلالی"ـیەكان ناویان دەهێنێ، دوو رەئی هەبووە. (یەكێكیان، لای وابووە كە هەوڵی ئاشتبوونەوە بدرێ لەگەڵ بارزانی، بەڵام پارێزگاری سەربەخۆیی حزبەكە بكرێ. ئەوی تریان، لای وابوو كە هەردوو حزب لە رووی بیروباوەڕ و پێكهاتنی چینایەتی و رێبازی سیاسییەوە لەگەڵ یەك جیاواز نین و مانەوەی حیزبەكە لە دوارۆژدا ئەبێتەوە بە هۆی شەڕی ناوخۆ و پاڵدانەوە بە حكومەتەوە، لەبەر ئەوە هەڵوەشانەوەی حیزبەكە و تێكەڵاوبوونەوەی بە چاك ئەزانی. ئەوانەی رەئی دووەمیان هەبوو، بە زۆری لەوانە بوون كە بە تەمای دامەزراندنی كۆمەڵە بوون، جگە لەوەیش ئەوانە لایان وابوو تا ئەم حیزبە بۆشاییەكی سیاسی بەجێ نەهێڵێ، بواری گەشەكردنی رێخراوێكی تازە نابێ).
ئەم نموونەیەم لە كتێبی ئەو بەڕێزەوە بۆیە هێنایەوە تا بڵێم، لە مێژووی سیاسی كوردستاندا بەردەوام هەوڵ هەبووە كە یەكێك لەم دوو حزبە فڕێ بدرێتە دەرەوەی چەقی ژیانی سیاسی تا بۆشاییەك دروست ببێ و رێكخراوێكی دیكە ئەو بۆشاییە پڕ بكاتەوە.
| ناچارییەكیان ئەوەیە كە ئەم دوو حزبە كاتێك لە جووڵەی كۆمەڵگا و پرۆسەی سیاسی دەڕوانن، ناچارن تەنیا ئەوەیان تێدا نەبینن كە چیان لێ دەكەوێتەوە بۆ خودی حزبەكانیان، |
ئینشیقاقی بەر لە چەند ساڵیكی خاوەنی ئەو تێزە، واتە نەوشیروان مستەفا، لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان، درێژكراوەی ئەو هەوڵەیە كە بەم رێگەیە یەكێتی نیشتمانی لاواز بكات و هێزی ئەوەی تێدا نەهێڵێ لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندا لە چەقدا بمێنێ و بەو هۆیەوە بۆشاییەكی سیاسی دروست ببێ، ئەوسا بزووتنەوەكەی خۆی، بزووتنەوەی گۆڕان، وەكوو رێكخراوێكی تازە ئەو بۆشاییە پڕ بكاتەوە. كەچی نە ئەو كاتە، واتە بەر لە 43 ساڵ، نە ئێستایش توانی یەكێتی بخاتە دەرەوەی چەقی ژیانی سیاسی، ئەو بۆشاییەش دروست نەبوو كە ئەوسا بە كۆمەڵە و ئێستایش بە گۆڕان پڕی بكاتەوە.
پارتی و یەكێتی
پەیوەستی زەروورەتن
ئەمەیش ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێ كە مانەوەی ئەم دوو هێزە سیاسییە كۆمەڵایەتییە لە چەقدا، مێژوو كردە و دەركردنیان یان نەمانەوەیان كردەیەكی ئیرادەوی كەس و لایەن نییە، بەڵكو دیسانەوە دەبێ مێژوو بەپێی مەرجگەلێكی كۆمەڵایەتی سیاسی دروستی بكات. پێدراوەكانیش پێمان دەڵێن، مەرجگەلەكانی مانەوەی ئەم دوو حزبە، بەهۆی كۆی ئەزموونی هەردووكیان و توانای خۆگونجاندنیان لەگەڵ گۆڕانكارییەكان و مامەڵەی نوێیان لەگەڵ پێدراوی نوێدا، مەرجگەلێكی واقیعین و ئیرادەیەك بە خەڵكی كوردستان دەبەخشن كە ئەم دوو حزبە لە چەقدا بهێڵنەوە.
ئەمەیش هەردووكیانی پەیوەست كردووە بە چەند دانە ناچاری (زەروورەت)ـەوە.
ناچارییەكیان ئەوەیە كە ئەم دوو حزبە كاتێك لە جووڵەی كۆمەڵگا و پرۆسەی سیاسی دەڕوانن، ناچارن تەنیا ئەوەیان تێدا نەبینن كە چیان لێ دەكەوێتەوە بۆ خودی حزبەكانیان، هەرچەندە ئەمەیش مافێكی رەوایە بۆیان، بەڵكو ببینن چیان لێ دەكەوێتەوە بۆ دۆزی كوردەواری و پرسی نیشتمانیی كوردستانیی.
ناچارییەكی دیكە ئەوەیە كە ئەم دوو حزبە دەزانن خودان جیاوازین لە جیهانبینی و ئایدیا و بەرنامەدا. مافی ئاسایی هەردوولایشیانە كە جیاواز بڕواننە پرۆسەی سیاسی و بزاوتی كۆمەڵایەتی و پەیوەندییەكان لە كایە جیاجیاكانی ناو كۆمەڵگا و جیاوازیش قسەیان لەبارەوە بكەن. ئەگەر قسە و تێڕوانینە جیاوازەكان بوونە هەوێنی رەخنەی ئاڵوگۆڕكراو لە نێوانیاندا، ئەوەیشیان دیسانەوە ئیرادەیەكی دروست و ئاساییە و خزمەتیش بە كۆی بزاوتی سیاسی و كۆمەڵایەتی دەكات.
ئەم ناچارییە، كاریگەری ئەرێنی رێككەوتنی ستراتیژی نێوان ئەم دووانەی سەلماندووە، كە هەم جیاوازبن، هەم پێكەوە كار بكەن و چەترێك كۆیان بكاتەوە كە رێككەوتنێكی ستراتیژییە بۆ داڕشتنەوەی ژیانی سیاسی لە ئۆقرەیی و راگرتنی باڵانسەكاندا تا هیچیان نەكەونە دەرەوەی چەقی ژیانی سیاسی و بۆشاییەك دروست نەبێ.
هەلومەرجی ئاڵۆسكاوی ناوچەكە و كۆی ئەو پڕكێشیانەی رووبەڕووی هەرێمی كوردستان بوونەتەوە و ئەو ئەركانەی بۆ پێشكەوتنی كۆمەڵایەتی و گەشەی ئابووری و سیاسی كەوتوونەتە ئەستۆی ئەم دوو حزبە، وەكوو دوو هێزی كۆمەڵایەتی لەناو چەقی ژیانی سیاسیدا، ناچاری كردوون كە بە عەقڵ و لۆژیك و ئیدراكی سیاسی لە هەموو رووداوەكان، لە گشت بزاوت و جووڵەیەك لەناوخۆ و لە دەرەوەدا و ئەو لێكەوتانەی دەیانبێ و كاریگەرییەكانیان لەسەر جەماوەری هەردووكیان، بكۆڵنەوە و مامەڵەیان لەگەڵدا بكەن.
وەرچەرخانێكی نوێ
بەواتایەكی دیكە ژیانی سیاسی و مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان گەیشتۆتەوە وەرچەرخانێكی نوێ، بۆیە ئەم دوو حزبە ناچارن عەقڵ و ئیدراكی سیاسیان بزوێنەر و لێكدەرەوەی رووداوەكان و هەڵوێست و كردارەكانیان بێ. پێویستە مامەڵەیان لەگەڵ رەخنەكانی لەیەكتری دەگرن مامەڵەیەك بێ كە بزانێ ئەو رەخنانە لە ئیرادەی خێرەوە سەرچاوە دەگرن. رەخنە لەیەكتر گرتنیش لە راگەیاندنەوە بگوازنەوە بۆ كۆبوونەوەكانی نێوانیان.
| هەڵكەوتی سیاسی ئێستای هەرێمی كوردستان، هەڵكەوتی 43 ساڵ بەر لە ئێستا نییە و هەڵكەوتی ناوچەكەیشمان هی ئەو سەردەمە نییە |
بە راستی لە نێوانی پارتی و یەكێتیدا، بیانەوێ یان نەیانەوێ، شوێنێك نەماوەتە بۆ "عاتیف"ـە و رۆمانسییەتی سیاسی و پەرچەكرداری كتوپڕ و شڵەژاو و حیساب بۆ نەكراو. هەرچییەكیش بەم خەسڵەتانە، لە هەر لایەكیانەوە روو بدات یان بگوترێ، پێویستە بە زووترین كات لەژێر چەتری رێككەوتنی ستراتیژیدا ئیحتیواو چارەسەر بكرێ. نابێ رێگەبدرێ بە گوتاری ئیعلامی وەها لەگەڵ یەكدا بدوێن و لە هەڵوێست و بیركردنەوەی یەكتر ئاگادار بن كە وشەكان تێیدا شەنوكەو نەكراون، چونكە كۆمەڵێك كڕیاری نەیاری هەردووكیان حازرن ئەم قسانە بكڕنەوە و جارێكی دیكە لە بازاڕی سیاسیدا بە پێوانەی ناكۆكی و خوڵقاندنی كەشوهەوای گرژی ئاڵۆسكاو بەخودی خۆیان، بە پارتی و یەكێتی بفرۆشنەوە.
سەردەمی ئەوە تێپەڕیوە، ئیدراكی سیاسی پارتی و یەكێتی بەرامبەر چەوتوچەوێڵی و نامەسئولییەتی لێدوانەكانی ئەم و ئەوێك كە سواڵی رازی كردن نەیارانی پارتی و یەكێتی دەكەن. لاواز و نامەسئول بێ. نابێ بهێڵن قسە و لێدوانی ئەوانە بكەونە بەر رەشەبای مەیلێك كە زۆر دەمێكە دەیەوێ بۆشاییەك لە ژیانی سیاسیدا دروست بكات تا خۆی بۆی هەڵكەوێ پڕی بكاتەوە.
بۆشاییەك بزووتنەوەی گۆڕان پڕی ناكاتەوە
بەد بەختییەكە لەوەدایە كە بزووتنەوەی گۆڕان، بە حوكمی ژینگەی داخراوی پڕ لە غروری، نازانێ كە خۆی نەبۆتە هێزێكی كۆمەڵایەتی تا بتوانێ شوێنی چۆڵ پێكراوی هێزێكی كۆمەڵایەتی دیكە پڕ بكاتەوە. هەروەها ئەوەیشی خستۆتە دەرەوەی لێكدانەوەكانی كە هەڵكەوتی سیاسی ئێستای هەرێمی كوردستان، هەڵكەوتی 43 ساڵ بەر لە ئێستا نییە و هەڵكەوتی ناوچەكەیشمان هی ئەو سەردەمە نییە، ئێستا ئیسلامی سیاسی هەیە و لە حاڵەتی تەكوین بوونیدایە وەكوو هێزێكی كۆمەڵایەتی و كاری جدی دەكات بۆ پڕكردنەوەی هەر بۆشاییەك كە دروست ببێ. توانای كۆمەڵایەتییانە و دەرفەتی سیاسی ناوچەییش بۆ ئەمان لەبار ترە وەك ئەوەی بۆ بزووتنەوەی گۆڕان لەبار بێ.
بە واتایەكی دیكە ئەو بەرپرسیارێتییەی دەكەوێتە ئەستۆی بزووتنەوەی گۆڕان لەم وەرچەرخانەدا، ئەوەیە كە توانایەكی زۆری سیاسی و ئیعلامی تەرخان كردووە بۆئەوەی بۆشاییەكی سیاسی لە هەرێمی كوردستاندا دروست بكات، بەڵام دەرەنجام خۆی ناتوانێ پڕی بكاتەوە و جێی دەهێڵێ بۆ ئیسلامی سیاسی.
رۆژنامەی هاوڵاتی
11/6/2013




