نوکتەی سیاسی
غازی حەسەن
لەم هەفتەیەدا رووداوەکان گەرمن و گوێبیستی دوو نوکتەی سیاسی وروژێنەر بووین. لە گۆڕەپانی تەقسیمی تورکیا خۆپیشاندان و نارەزایی دەستی پێکردووە، دژەکانی تورکیا ئەمە بە بەهاری ئەستەنبۆل دەچووێنن، حکوومەتی تورکیاش دەڵێت ئێمە نە دیکتاتۆرین و نە ئەوەی روودەدات بەهاری ناڕەزاییە. نوکتەترین نوکتەی سیاسی ئەوبوو کە دەسەڵاتدارانی ئێستەی سوریا رایانگەیاند و داوایان لە هاووڵاتیانی سوریا کرد ، لەبەر خراپبوونی رەوشی ئەمنی و سەرهەڵدانی خۆپیشاندان لە گۆڕەپانی تەقسیم لە ئەستەنبۆل، سەردانی تورکیا نەکەن. نوکتەکە لەوەیە بەسەدان هەزار هاووڵاتی سوریا لەبەر کوشتار و رەشەکوژی و هێرشە سەربازی و ئەمنییەکانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد کۆچیان کردووە و وەکو پەناهەندە لە خراپترین بارودۆخی دەروونی و بژێوی لە تورکیا دەژین.
| کاتی خۆی ئیسرائیل لە عێراقی سەردەمی سەدام حوسێن لە ناوەندێکی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی دا، لە سوریا هەمان کاری دوبارە کردەوە، هەر یەکێکیش لەم دوو وڵاتە هیچ کردەوەیەکی رەتدانەوەیان ئەنجام بەدا |
هەروەها بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان پتر لە حەفتا هەزار هاووڵاتی لە لەلایەن رژێمی سوریاوە کوژراون، کەچی ئەم رژێمە داوا لە هاووڵاتیانی دەکات بۆ سەلامەتیان سەردانی تورکیا نەکەن و داواش لە دەسەڵاتی تورکیا دەکات هاووڵاتییەکانی خۆی چی دیکە نەچەوسێنێتەوە. ئەمە هەر نوکتە نییە، بەڵکە کارەساتە، وڵاتێک وەکو نەعامە سەری لە ژێر گڵ ناوە و پێی وایە کەس نایبینێت و داوای خێر و سەلامەتی بۆ هاووڵاتیان خۆی و وڵاتانی دیکەش دەکات، کەچی خۆی لەسەر دەریای خوێن دەژیت و بۆتە مەلبەندی ترسناکترین تراژیدیا سەدەی بیست و یەک.
نوکتەی دووەم ئەوەیە حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی نوری مالکی ریگەیاند ئەگەر ئیسرائیل ئاسمانی عێراق بۆ لێدانی ئێران بەکاربهێنێت، ئەوە وەڵامیان دەدەنەوە. کارەساتی سیاسی لەوە دایە وڵاتێک دەسەڵاتەکەی تەنیا لەنێو "گرین زۆرنیش" بەتەواوی بڕ نەکات و حکوومی لە بانزنەیەکی تەسکدا بێت، کەچی هەڕەشە لە وڵاتێکی پێشکەوتووی سەربازی و خاوەنی تەکنەلۆژیای وەکو ئیسرائیل بکات. کاتی خۆی ئیسرائیل لە عێراقی سەردەمی سەدام حوسێن لە ناوەندێکی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی دا، لە سوریا هەمان کاری دوبارە کردەوە، هەر یەکێکیش لەم دوو وڵاتە هیچ کردەوەیەکی رەتدانەوەیان ئەنجام بەدا. بەدوور نازانرێت لە ئێرانیش هەمان کاری رووبدات، بەشێوەیەکی ئاشکرا گوێ بیستی هەڕەشەی هەردوو لا دژی یەکتر دەبین. ئەمە واقیعە و دوور نییە ئەمە رووبدات. بەڵام نوکتە سیاسییەکە ئەوەیە حکوومەتەکی مالکی کە لە نێو قەیرانی سیاسی و ئیداری و زۆربوونی تەقینەوە و پەرەسەندنی کردەوەی تیرۆریستی بێ ئەوەی بتوان رێگە لە گروپە تیرۆرسیتییەکان بگرن، کەچی دەسەڵاتدارانی بەغدا هەڕەشە لە ئیسرائیل دەکەن. بەراستی ئەمە نوکتەیەکی خۆشە. کورد دەمێکە گوتیەتی (کەچەل ئەگەر دکتۆر بوایە، چارەسەری پرچی خۆی دەکرد). بەراستیش وایە ئەگەر عێراق هێندە توانای سەربازی و ئەمنی بەهێزە و دەتوانێت رێگە لە هەڕەشەکانی ئیسرائیل دژی ئێران بگرێت، بۆچی چارەسەری کێشەی تیرۆر و توندوتیژی و خۆپیشاندانەکانی ناوچە سونە نشینەکان و کێشەی ئیداری و کێشەکانی لە گەڵ هەرێمی کوردستان و پاراستنی گیانی هاووڵاتیان ناکات؟. یاخود حکوومەتەکەی نوری مالکی دەیەوێت لە رێگەی بەکارهێنانی دروشمە نەتەوەیی و بێ بەهاکان دەیەوێت، خۆی لە کێشە سەرەکییەکانی ناوەخۆی عێراق بدزێتەوە.
| نوکتە سیاسییەکە ئەوەیە حکوومەتەکی مالکی کە لە نێو قەیرانی سیاسی و ئیداری و زۆربوونی تەقینەوە و پەرەسەندنی کردەوەی تیرۆریستی بێ ئەوەی بتوان رێگە لە گروپە تیرۆرسیتییەکان بگرن، کەچی دەسەڵاتدارانی بەغدا هەڕەشە لە ئیسرائیل دەکەن |
ئەمە نوکتەیەکی گالتەجاری بازاری سیاسییە، کاتێک دەبیستین رژێمی دیمەشق خەمی هاووڵاتی سوریایە و نایەوێت بچنە تورکیا نەبادە ئازار بکێشن و حکوومەتەکی "گرین زۆرنیش" لە بەغدا هەڕەشە لە ئیسرائیل دەکات، بۆخۆشی ناتوانێت حکوومی بەغدا بەتەواوەتی بکات.
کاتی ئەوە هاتووە سیاسییەکان وەکو مەسەلەی نەعامەکە سیاسەت نەکەن. چونکە خەڵک و لایەنە نێودەوڵەتی و سیاسییەکان لەوە دەگەن، ئەم نوکتە سیاسیانە زۆر کلاسیکین و کەسیش ناهێنتە خەندە و پێکەنین. تەنیا ئەوە نەبێت ئەرکی لایەنە بەرپرسەکان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ناوەخۆی وڵاتەکانیشیان بۆ کڕکردنەوە و بەهۆشهێنانەوەی ئەمجۆرە دەسەڵاتە دواکەتووانە قورستر دەبێت، چونکە ئەمجۆرە نوکتە سیاسیانە گریانی دەوێت، نەک پێکەنین!!




