مەحموود محەمەد بۆ هەفتەنامەی KURDISH GLOBE: پێویستە راگەیاندن ئاسایشی کۆمەڵایەتی و زەمینەی بەیەکەوە ژیان و راستگۆیی بەهێز بکات

لەم ماوەیەدا کوردستان گەرمو گوڕییەکی سیاسی تازەی بە خۆیەوە بینوە، دەربارەی خۆ ئامادەکردن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمان و پارێزگاکان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی لە بڕیارێکی یاساییدا رۆژی21-9-2013ی وەکو رۆژی هەڵبژاردنەکان دیار کرد و لەم هەفتەیەش حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەم رۆژەی بڕیار لێدا. هەروەها سەرۆکی هەرێم لە26-5- 2013رایگەیاند کە بەپێی ئەوەی پرۆژەی دەستوری هەرێمی کوردستان رێکارە یاساییەکانی بڕیوە، نابێت بگەڕینرێتەوە پەرلەمان، بەڵکو وەکو رێزگرتن لە مافی خەڵک دەبێت بدرێتە راپرسی و هیچ لایەکیش نابێت پێشێلی ئەو مافەی خەڵکی کوردستان لە راپرسی لە سەر پرۆژەی دەستور بکات.
لەمبارەوە مەحموود محەمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە کوردیش گلۆبی راگەیاند و پێی وایە کە ئەو رەوشە هەندێک لایەنی سیاسیی دروستیان کردووە و دەیانەوێت مەسەلە گرینگەکان بە ئاراستەی لێدانی کەسایەتی سەرۆک بارزانی ببەن و پشت بکەنە لایەنە سەرەکییەکانی دەستور لەمبارەوە راگەیاند: پێویستە پێش باسکردنی بۆچوون و سیاسەتی ئەو لایەنە سیاسیانە، باسێکی خێرایی باکگراوندی کێشەی دەستور و ریفراندۆم و چۆنیەتی دەستپێکردنی بکەین. لە سەردەمێک بڕیار درا کە دەستورێک بۆ کوردستان دابڕێژرێت، کە دایکی یاساکانە، بۆ ئەوەی بنەمایەکی دڵنیاکەرەوە بۆ خەڵکی کوردستان و هەروەها خەڵکی بێگانە دروست بکەین کە دەیانەوێت مامەلە لە روی سیاسی و ئابوری و بازرگانی لە گەڵ هەرێمی کوردستان بکەن. هەموو لایەنە بەشداربووەکانی پرۆسەی سیاسی لە کوردستاندا ئەوکات لە گەڵ ئامادەکردنی ئەو پرۆژە دەستورە بوون.
| سەرۆک بارزانی رەخنەی لە چۆنیەتی بەرێوەبردنی دەسەڵاتی بەغدا هەیە، نەک پێکهاتەی شیعە |
لە مەڕ پرۆسەی نووسین و ئامادەکردنی دەستور کە بەچەند قۆناغێک تێپەڕیوە مەحموود محەمەد بۆ هەفتەنامەی KURDISH GLOBEگوتی: ئەم پرۆژە دەستورە لە شاری کۆیێ لە لایەن 36حزبی کوردستانی بڕیاری لێدراوە و دوای گفتوگۆ و رێککەوتن لیژنەیەکی پرۆفیشنال بۆ ئەم مەسەلەیە پێکهات تاکو لەرووی یاسایی کارەنیان بکەن، بۆ ئەم کارە سود لە دەستوری چل وڵات و دەستوری ئەو وڵاتانە وەرگیراوە نزیکن لە واقیعی سیاسی و جوگرافی کوردستان. کەسانی شارەزا بەشداریان لە نووسینەوەی پرۆژەکە کردووە و لە بیری نەکەین ژمارەیەکی زۆری ئەو کەسانەی بەشداری نووسینەوەی پرۆژەکەیان کردووە کەسانی شارەزای بیانی بوون. دواتر پرۆژەکە درایە پەرلەمان و لیژنەی تایبەت کاری لەسەر کردووە و ئینجا دراوتە لایەنە سیاسی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و خەڵکی شارەزا و رۆشنبیران. هەروەها نۆ سەد هەزار دانە لە پرۆژەکە چاپکرا و دابەشی سەر خەڵکی کوردستان کرا، بۆ ئەوەی بیخوێننەوە و تێبینیەکانیان لە سەر پرۆژەکە رابگەینن. هەروەها نزیکەی پێنج هەزار تێبینی و بۆچوونیش لە لایەن خەڵکەوە گەیشتە لیژنەکەی پەرلەمان و ئەوانیش سودیان لەم تێبینیانە وەرگرت و کاریان لەسەر کرد.
لەبارەی هەڵوێستی ئەندامان و لیستە جوداکانی ناو پەرلەمان کە هەنووکە هەندێکیان دەیانەوێت مەسەلەکە بەرەو ئاراستەیەکی نادیار ببەن و کۆسپ لەبەردەم پرۆسەی ریفراندۆم دروست بکەن مەحموود محەمەد گوتی: دوای هەموو ئەو پێداچوونەوە و گۆڕانکارییەی بەسەر پرۆژەکە هات و رەنگە ئێستەش هەر کەموکورتی تێدا بێت ، لە کۆبوونەوەی پەرلەمان لە کۆی ئامادەبوونی ٩٧ کەس، ٩٦ ئەندام پەرلەمان بە بەڵێ دەنگیان بۆ پرۆژەکە دا و بڕیار لەسەر ریفراندۆم لە مەڕ پرۆژەکە درا. ئیدی دوای ئەوە بە شێوەیەکی یاسایی نێردرا بۆ سەرۆکایەتی هەرێم. دستورەکە دەوڵەمەندە هەرچەندە کەموکورتیشی تێدایە، بۆیە بۆ چارەسەری هەر کێشەیەک دەبێت دوای ریفراندۆم لە رێگەی یاسا و لە پەرلەمان هەنگاو بنرێت، نەک مەزاج و بەرژەوەندی سیاسی.
| بەکارهێنانی پرۆژەی دەستور بۆ ریکلامی هەڵبژاردن، هەلەیەکی گەورەیە |
لەبارەی ئەو هەڵوێستانەی کە لایەنەکان وەکو ئۆپۆزسیۆن کاری لەسەر دەکەن و مەسەلەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان (مەسعود بارزانی)یان کردۆتە ئامانجی سیاسی خۆیان ، بێ ئەوەی تاکو ئێستە راگەیەنرابێت کەبارزانی خۆی بۆ سەرۆکایەتی دەپالێوێتەوە یاخود نا، بەڵام ئۆپۆزسیۆن بە توندی و گێچەل پێفرۆشتنەوە دەستیان بە هێرشی راگەیاندن کردووە. ئەم ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: ئەوانەی دژایەتی ئەم پرۆسەیە دەکەن، تەنیا ئەرکی ئۆپۆزسیۆنی خۆیان جێبەجێ دەکەن، دەستور لەپێناو دروستکردنی بنەمایەکی دەستوری بۆ رێکخستنی وڵات دادەنرێت، بۆ هیچ کەس و لایێک نییە، لە بیری نەکەین ئێمە هەموومان کاتێک دەسەڵاتی شۆڕشگێری شاخمان دوای راپەڕین گۆڕی بۆ دەسەڵاتی ئیداریی و یاسایی و پێکهێنانی پەرلەمان و حکوومەت لە رێگەی هەڵبژاردنەوە، بۆیە دژایەتی دەستور هەڵەیەکی گەورەیە کە ئۆپۆزسیۆن کردویەتییە مانشێتی سەرەکی ئێستەی خۆی. ئەمە هەڵەیەکی سیاسی گەورەیە کە مەسەلەی دەستور دەکەنە بەشێک لە ریکلامکردن بۆ هەڵبژاردنەکان، رەوا نییە هەموو شتێک لە پێناو بەدەستهێنانی دەنگ بە کاربهێنرێت. تا ئێستە دیار نییە کێ خۆی بۆ سەرۆکایەتی هەرێـم دەپالێوێت، کەواتە ئامانجی ئەم هەموو هێرش و ناوهێنانە بێ بنەمایانە و دژایەتی دەستور لە لایەن ئۆپۆزسیۆنە کارێکی خراپە. دیارە دیموکراسی بوون باشترین رێگەیە بۆ لێکگەیشتن و بڵاوکردنەوەی بیروڕاکان، بەڵام ئەوەی دەیبینین تەنیا نیگەرانییە کە بۆ هاووڵاتیانی کوردستانیان دروست کردووە و لەم رێگەیەشەوە کار دەکەن خەڵک لە بەشداریکردن لە دەنگدان و پرۆسەی هەڵبژاردن سارد بکەنەوە، ئەمەش دەچێتە خانەی دەستبەسەرداگرتنی مافی هاووڵاتیان. هاووڵاتی پێویستیان بە ئاسایش و ئارامی و دڵنەوایی هەیە. نەک پێچەوانە.
لە کوردستاندا لە سایەی کەشێکی ئارام و گەشە سەندووی ئابوری و دیموکراسیدا، هەندێکجار هەست دەکرێت هەندێک دەزگای راگەیاندن رۆلێکی سلبیش لە شێواندن دەبینێت و لە جیاتی دروستکردنی رای گشتی بۆ بەرەو پێشەوەبردنی مەسەلە نیشتیمانییەکان، کاریگەری خراپی لە سەر هاووڵاتیان لە رێگەی شەڕی سیاسی دەروونیی بەرێوە دەبەن، دروست دەکات. لەمبارەوە بەرپرسی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئەرکی راگەیاندن تەنیا گەیاندنی پەیامی سیاسی و حزبی نییە، بەلکە پەیامی سەرەکی راگەیاندن دەبێت دەرفەت دان بێت بە خەڵک بۆ بەشداریکردن لە چۆنیەتی پێشکەوتن و گەشەکردنی کۆمەڵگەی کوردستان،
| یموکراسی بوون باشترین رێگەیە بۆ لێکگەیشتن و بڵاوکردنەوەی بیروڕاکان، بەڵام ئەوەی دەیبینین تەنیا نیگەرانییە کە بۆ هاووڵاتیانی کوردستانیان دروست کردووە |
راگەیاندن خوێندەوە بۆ پێشهاتەکان دەکات و رای گشتی دروست دەکات، دەتوانێت رووداوەکان لە قازانجی بەرژەوەندی وڵات ئاراستە بکات. نابێت لە پێناو بەرژەوەندی تایبەتی، هاووڵاتیان ئازار بدرێن، ناکرێت هاووڵاتیان بخرێنە حالەتی دڵەڕاوکێ و نیگەرانییەوە. تاکو هاووڵاتی لەرووی ئابوری و کۆمەڵایەتی زیانی پێنەگات. لەم سەردەمەدا رۆلی راگەیاندن لە پێشخستنی کۆمەڵگەکان دیارە، لای ئێمە هەموو شتێک لە روانگەی سیاسی و ناکۆکی کاتییەوە سەیر دەکرێت، بەراستی ئەمە زیانی لە هاووڵاتیان داوە. چونکە خولقاندنی کەشێکی دەروونی و ئابوری و رۆشنبیری لەبار، دەرفەت دەداتە خەڵک بە وریایی و هوشیارییەوە مومارەسەی مافە مەدەنی و یاساییەکانیان بکەن. هەروەها زەمینەی متمانە و لێکگەیشتن و بە هاوبەشی کارکردن و ئاسایشی کۆمەڵایەتی دروست دەکات. خراپترین کار ئەوەیە کە هەندێک دەزگای راگەیاندن لە جیاتی دەرفەت دان بەخەڵک بۆ ئەوەی زانیاری پێبدرێت، کەچی چەواشە دەکرێن و جۆرێک لە چاوبەستەکیان رووبەروو دەکرێتەوە. کە ئەمەش کاریگەری خراپی لە سەر پێشکەوتن و گەشەکردنی کۆمەڵگە لە کوردستان دەبێت.
لەمەڕ کێشە چارە نەکراوەکانی هەرێم و بەغدا ئەم بەرپرسەی پارتی دیموکرتی کوردستان راشکاوانە دەڵێت دەبێت واقیعی بین دۆزینەوەی رێگە چارە و کارکردن لەرووی ئیداری و سیاسی و کۆمەڵایەتی گونجاوترین فکرەیە، کەسێکی وەکو سەرۆک وەزیرانی عێراق، پێگەیەکی گرینگی هەیە لە کاتێکدا عێراق فرە نەتەوە و ئاین و مەزهەبە، بۆیە ئەم فرەییە تایبەتمەندی دەوێت و پێویستە بەرپرسان هەست بەم فرەیی و جیاییە بکەن. هەموو شتەکان لە بەغدا دەنووسرێتەوە و بڕیاری لێدەرێت، بۆیە باشە ئەم فرەییە بکرێتە بنەما بۆ بەهێزکردنی عێراق نەک لاوازکردن و دروستبوونی کێشە لە رێزنەگرتن و دانەنان بە بنەمای تایبەتمەندی پێکهاتەکان. هەقە خەڵک باشتر لەسەردەمی رژێمی پێشوو بژیت، ئەگەر مەسەلەکە هەمان فکری عروبەتی سەردەمی رژێمی پێشووە، کەواتە چی کراوە، دوای ئەم هەموو قوربانیەی پێشکەش کراوە لە پێناو دیموکراسی و رزگاربوون لەدەست دیکتاتۆر، جا ئەم قوربانییە لە لایەن خەڵکی عێراقەوە بوو بێت یاخود ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی. کاتی خۆی هەموو تواناکانی عێراق بۆ شەڕی ناوەخۆیی و دەرەکی بەکارهێنرا، دەبێت ئەم سیاسەت و فکرە بگۆڕێت. پێویستە عێراقی تازە لە گەڵ پێشکەوتنەکانی سەردەمەکە بگونجێت. بۆیە شەراکەت و تەوافق و یەکترقبوڵکردن زۆر گرینگە بۆ چارەکردنی کێشەکان. دەبێت ئەوە رەچاوبکرێت، نەک بڕیار لە سەر بنەمای زۆرینە و کەمینە بدرێت، چونکە عێراق لە سێ پێکهاتەی سەرەکی و ژمارەیەک نەتەوە و ئاین و مەزهەبی جیا جیا پێکهاتووە. لەبەر ئەوە یەکسانی و تەوافق رێگەیەکی گونجاوە بۆ هەموو لایەک.
| مەبەست لە بۆچوونەکانی بارزانی ئەوەبووە کە خەڵک وشیار بێتەوە و سیستەمی دیموکراسی پیادە بکرێت و هیچ لایەن و پێکهاتەیەک پشتگوێ نەخرێت و بەیەکەوە عێراق بەرێوە ببەن، |
لە بارەی هاتنی سەرۆک وەزیرانی بەغدا نوری مالکی بۆ هەولێر و ئەگەری ئەوەی لە گەڵ سەرۆکی هەرێم مەسعود بارزانی کۆبوونەوەی هاوبەش ئەنجام دەدرێت، لە درێژەی لێدوانەکەی بۆ هەفتەنامەی KURDISH GLOBE مەحموود محەمەد گوتی: هاتنی نوری مالکی بۆ هەولێر و کۆبوونەوەی هاوبەش هەنگاوێکی پێویستە و ئەنجامی باشی دەبێت و ئومێد دەکەین ئیرادەی چارەسەری کێشەکان هەبێت و ئەو کێشانەی دەمێکە درێژەیان هەیە، چارەسەر بکرێن و وەکو جارەکانی دیکە لێی پاشەگەز نەبنەوە لە ئەنجامی خوێندنەوەی جیا بۆ رێککەوتنەکان. لە کاتێکدا ئێمە دەزانین سەرۆکی هەرێم دەستپێشخەری کرد و وەفدی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدایان کرد و چەند رێککەوتنێکیان لەگەڵ نوری مالکی بەمەبەستی چارەکردنی کێشەکان مۆرکرد. ئەمانە دەبنە هەنگاوی باش، بۆیە رەچاو دەکرێت هەنگاوی ئیجابی لەمبارەوەیەوە بنرێت.
لەمەڕ رەخنە و ئەو دەنگۆیانەی کە هەندێک رۆژنامەی بڵاویان کردۆتەوە بەوەی کە سەرۆک بارزانی بۆتە هۆی تێکدانی پەیوەندی نێوان کورد و شیعە ئەم بەرپرسەی پارتی دەڵێت: لە راستیدا سەرۆک بارزانی زوو باسی ئەوە مەترسیانەی کرد کە دەسەڵاتی عێراق بەرەو هەڵدێر دەچێت و لەمبارەوەش راشکاوانە و بە روونی ئاگاداری هەموو لایەک و خەڵکی عێراقی بە گشتی کردەوە و نیگەرانییەکانی خۆی دەربڕی. مەبەست لە بۆچوونەکانی بارزانی ئەوەبووە کە خەڵک وشیار بێتەوە و سیستەمی دیموکراسی پیادە بکرێت و هیچ لایەن و پێکهاتەیەک پشتگوێ نەخرێت و بەیەکەوە عێراق بەرێوە ببەن، زۆرینە و کەمینە نەبێتە بنەمای بڕیار و بەرێوەبردن. ئەمەش کارێکی ئیجابی بوو، هەنووکە هەموو لایەک لەو راستییە گەیشتوون. دۆستایەتی کورد و شیعە کۆنە و مێژووێکی لە پشتە، ئەم هاوپەیمانیەش بۆ سەردەمە ناخۆشەکان دەگەڕێتەوە. رەخنەگرتن لە دەسەڵات و چۆنیەتی بەرێوەبردنی دەسەڵات بووە، نەک نەتەوە و رەگەز و مەزهەبەکان. رەخنەکانی ئێمە، ئاراستەی سەرۆک وەزیران بووە لە بواری بەرێوەبردنی وڵات، لە بیری نەکەین خودی مالکی بەدەنگی کورد و شیعە و سونە بۆتە حاکم، ئەوەی لەمبارەوە سەرۆک بارزانی تاوانبار دەکات، راست نییە و تەنیا مەبەستیان شێواندنی راستییەکانە. مەبەستیش لەمە بەلارێدا بردنی خەڵکە بەرەو مەبەستێکی دیکەیە.
| پارتی هەمیشە رەچاوی ئارامی و دڵنەوایی هاووڵاتیان و پاراستنی مافەکانیان دەکات و راگەیاندنەکەی بە شێوەیەک ئاراستە دەکات، کە ئاسایشی کۆمەڵایەتی هاووڵاتیان بەهێز بکات |
رێککەوتنی ستراتیژی پێویستییەکی نیشتیمانییە، ئێستە پارتی و یەکێتی بە دوو لیستی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردن دەکەن و لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنیش ئەمە بە لێک دوورکەوتنەوەی ئەم دوو لایەنە بەهێز و سەرەکییەی کوردستان دەزانن، لە دیماهی لێدانەکانی بۆ KURDISH GLOBEمەحموود محەمەد دەڵێت: رێککەوتنی ستراتیژی پێویستییەکی قۆناغەکە بوو، خەڵکی کوردستان و پرۆسەی سیاسی سود مەندی سەرەکی ئەم رێککەوتنە بوون، زەمینەی بۆ کرانەوەی پرۆسەی سیاسی و دەستاودەستکردنی دەسەڵات و ئارامی و بەیەکەوە کارکردن سازکرد، ئەمەش بەشێکی زۆری ئامانجەکانی بەدیهێناوە، بۆیە ئێمە بڕوامان وایە کە پاراستن و پەرەپێدان و گونجاندنی ئەم رێککەوتنە ستراتیژییە لە گەڵ ئەم قۆناغە بۆ کوردستان پێویستە و بە باشی دەزانین. ئەمەی ئەمڕۆ لەبارەی هەڵبژاردن دەکرێت، مانای هەڵوەشانەوەی رێککەوتنەکە نییە. بۆیە پێویستە پێداچوونەوە بەهەندێک بەندی رێککەوتنەکە بکرێت.
لەمەڕ رۆلی راگەیاندنێک کە ئارامی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی بۆ هاووڵاتیانی کوردستان دابین بکات و ئەو رەخنانەی لە راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەگیرێت بەوەی توند نییە و وەڵامی ئەو تۆمەت و شەڕە سایکۆلۆژییە ناداتەوە، بەرپرسی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی (پ د ک) دەڵێت: لەراستیدا سیاسەتی پارتی بەشێوەیەک دارێژراوە رەچاوی هەموو پرەسنیپ و بوارەکانی کاری راگەیاندنی کردووە و دەکات، بۆیە هەمیشە هەول دەدات سەردەمیانە و پرۆفیشنالانە مامەلە لە گەڵ رووداوەکان بکات. زێدەڕۆیی پێ باش نییە، هەروەها پارتی لە کوردستاندا بەرپرسیاریەتی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری و یاسایی و رۆشنبیری لە ئەستۆیە، بۆیە هەمیشە رەچاوی ئارامی و دڵنەوایی هاووڵاتیان و پاراستنی مافەکانیان دەکات و راگەیاندنەکەی بە شێوەیەک ئاراستە دەکات، کە ئاسایشی کۆمەڵایەتی هاووڵاتیان بەهێز بکات و لە جیاتی خەڵک خەریک کردن بە ناکۆکی لاوەکی و هێرشی راگەیاندن دژی یەکتر، بیر لە ئەرکە مرۆیی و دیموکراسی و نیشتیمانییەکان و مەسەلەی پێکەوەژیان و ئاسودەیی و راستگۆیی و دابینکردنی ئاسایشی خەڵک دەکاتەوە. لەم قۆناغەدا ئەمە ئەرکی راگەیاندنی بەرپرسە.. دەنا توانا هەیە و دەتوانرێت لە بەرانبەر هەموو شتێک قسەی خۆمان بکەین. بەڵام لەبیری نەکەین ئەمە ئەرکی مرۆیی و بیناکاری راگەیاندنی ئێمە بەفیڕۆ دەدات.
غ. حەسەن




