دیموكراسیەتی توركیا پێش دەكەوێت
شاهین ئاڵپای
دوو ساڵ لەمەوبەر كونسەی بەرێوەبەرایەتی پەیوەندییەكانی دەرەوەی یەكیەتی ئەورووپا بروشوورێكی سەبارەت بە توركیا لە ژێر ناوی ( توركیا چۆن بیر دەكاتەوە) بڵاو كردەوە. لە نێو ئەم بروشوورەدا نووسەر باسی ئەوەی كردووە كە توركیا هەر چەند هێشتا نەبووە ئەندامی یەكیەتی ئەورووپا بەڵام ئەورووپاییەكان زۆر گرنگی بە پێشكەوتنی دیموكراسییەت لە توركیا دەدەن و توركیایش وردە وردە لە جیاتی ئەوەی كە لە دیموكراسییەت نزیك ببێتەوە بەرەو ئوتوریتەر بوونەوە هەنگاو دەنێت. هاوكات لەگەڵ بڵا بوونەوەی ئەم بروشوورە لە ئەورووپا لە نێو توركیایشدا چەندین كاناڵی میدیایی باسی ئەوەیان دەكرد كە پارتی داد و گەشە پێدان كە لە رێگەی دەنگدانەوە دەسەڵاتی بە دەست گرتووە هەوڵ بۆ ئەوە دەدات كە لەگەڵ چەندین گرووپ و پێكهاتەی دیكەی ئیسلامیدا ئوتوریتەیەكی ئیسلامی لە توركیا جێگیر بكەن. من لەو كاتەدا بابەتێكم نووساندبوو و ئاماژەم بەوە كردبوو كە من وەكو نووسەر و روشنبیرێكی تورك هیچ گرنگییەك بەمجۆرە راپورت و نووسینانە نادەم چونكە متمانەم بەوە نییە كە پارتی داد و گەشە پێدان كار بۆ سەپاندنی ئوتوریتە و دەسەڵاتی خۆی لە سەر كۆمەڵگەی توركیا بكات.
ئەمرۆیش دەنگۆیەكی دیكە هەیە كە گوایا سەرۆك وەزیری توركیا رەجەب تەییب ئەردوغان لە هەڵبژاردنەكانی ئەم جارەدا كە بە زۆرینەی دەنگەكانی بەدەستەوە هێناوە تا ئەمرۆ هەڵوێستێكی كەفیەتگەرایی و سەپاندنی ئوتوریتەی نەواندووە و بۆیە ئەوانەی كە رەخنەیان لە ئەردوغان دەگرت لە سەر رێگای راست بوون و ئەوانەیش كە پشتگیرییان لە ئەردوغان دەكرد لە سەر رێگایەكی هەڵەدا بوون. من ئەمرۆیش هیچ گرنگییەك بەم دەنگۆ و ئیدیعایانە نادەم.
| لە سەردەمی دەسەڵاتی ئاكەپەدا گۆڕانكاری زۆر ئیجابی كران. بۆ نموونە دان بە هەبوونی پرسی كورد نرا و زمانی كوردی سەربەست كرا و بەربەستەكانی بەردەم زمانی كوردی هەڵوەشێندرانەوە و چەندین كاناڵی رەسمیش بۆ زمانی كوردی لە توركیا كرانەوە |
چوونكە ئەو كەس و لایەنانەی كە ئەم جۆرە دەنگۆ و ئیدیعایانە بڵاو دەكەنەوە چاوپۆشی لەوە دەكەن كە لە سایەی دەسەڵاتی ئاكەپەدا نەتەنیا ئابووری توركیا بۆژاوەتەوە و توركیا بووەتە خاوەن ئابوورییەكی بەهێز بەڵكو ئەو كەس و لایەنانەیش لە رووی ئابوورییەوە لە سایەی دەسەڵاتی ئاكەپەدا بوون بە خاوەن پێگە و هێزێكی ئابووری. بیجگە لە بواری ئابووری لە رووی سیاسیشەوە ئاكەپە توانی لە توركیا گۆڕانكاری یەكجار بەرچاو و گرنگ بكات، بۆ نموونە تا چەند ساڵ لەمەوبەر سوپا تەقە مەرجەعی كۆتایی بۆ بریاردان لە سەر مەسەلە چارەنووسسازەكانی وەكو دەستوور و سیاسەتی دەرەوەی توركیا بوو، بەڵام ئاكەپە توانی لەم روویەوە دەستی سوپا كۆرت بكاتەوە.
لە لایەكی دیكەوە لە سەردەمی دەسەڵاتی ئاكەپەدا لە توركیا چەندین تابۆی دیكە لە ناوبران بۆ نموونە ئازادی رادەربڕین، پێشتر مافێكی بەمجۆرە لە توركیا هەبوونی نەبوو بەڵام لە كاتی دەسەڵاتداری ئاكەپەدا دان بەم مافە نرا و هەر هەمووی ئاستەنگییەكانی بەردەم ئازادی رادەربڕین و ئازادی بیروڕا هەڵوەشێندرانەوە. سەبارەت بە گەورەترین و ئاڵۆزترین پرسی توركیا كە پرسی كورد بوو و بە ساڵان بوو توركیا بە دەستییەوە دەناڵا، لە سەردەمی دەسەڵاتی ئاكەپەدا گۆڕانكاری زۆر ئیجابی كران. بۆ نموونە دان بە هەبوونی پرسی كورد نرا و زمانی كوردی سەربەست كرا و بەربەستەكانی بەردەم زمانی كوردی هەڵوەشێندرانەوە و چەندین كاناڵی رەسمیش بۆ زمانی كوردی لە توركیا كرانەوە. و زیاتر لە هە رهەمووی ئەمانەیش دەسەڵاتی ئاكەپە لەم دوایانەدا دەستی بە هەنگاوی گرنگ و ئەرێنی بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد كردووە و بۆ ئەم مەبەستەیش سەرقاڵی دانووستاندنە بۆ چارەسەر كردنی ئەم پرسە.
| ساڵانێكی درێژ بوو كە توركیا بە دەستی كلتووری یەك كلتووری ئوتوریتەری لائیكی لە سەر دیموكراسیەتی توركیادا دەناڵا. ئەم دەسەڵاتە ئوتوریتەرە دەسەڵاتی سوپا بوو |
بۆیە ئەگەر ئاكەپە تەنیا ویستبایا كە ئوتوریتە و دەسەڵاتی خۆی لە سەر كۆمەڵگە فەرز كردبایا، ئەوا لە كاتی دەستپێكردنی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد و پرۆسەی دیموكراتیزە كردنی توركیادا خەڵك بە هیچ شێوەیەك پشتگیری لە ئەردوغان و سیاسەتەكانی ئاكەپە نەدەكرد. خەڵك لە من و روشنبیرەكانی دیكەی وەكو من باشتر تێدەگات كە بەرنامەیەكی ئاكەپە بۆ سەپاندنی ئوتوریتە و دەسەڵاتی خۆی بە سەر كۆمەڵگەدا نییە و دەیەوێ توركیایەكی دیموكرات و سەردەمییانە سەر لە نوێیەوە دابمەزرێنێت. خۆپشاندانەكانی ئەم دوایەی مەیدانی تەقسیمی ئەستەنبۆڵیش بەڵگەیەكی گرنگن بۆ سەلماندنی هەبوونی دیموكراسی لە توركیا و پێشكەوتنی كلتووری دیموكراسی لە توركیا. بەر لە دەسەڵاتی ئاكەپە هیچ كەس و لایەنێك بۆی نەبوو كە خۆپیشاندانی بەمجۆرە رێك بخات. بۆیە رێكخستنی خۆپیشاندانێكی بەمجۆرە لە توركیا نیشانەی پێشكەوتنی دیموكراسیەتی توركیایە. مومكێنە سەرۆك وەزیری توركیا وەكو كەس لە لایەن خەڵكەوە زۆر خۆشتەویست نەبێت بەڵام وەكو دەسەڵات و وەكو سەرۆك وەزیری توركیا خەڵك پشتگیری لێ دەكەن، چوونكە ساڵانێكی درێژ بوو كە توركیا بە دەستی كلتووری یەك كلتووری ئوتوریتەری لائیكی لە سەر دیموكراسیەتی توركیادا دەناڵا. ئەم دەسەڵاتە ئوتوریتەرە دەسەڵاتی سوپا بوو و سوپایش لە چوارچێوەی پیوانەكانی خۆیدا هیچ بیروڕایەكی دیكەی بێجگە لە بیروڕای لائیكەكان قەبووڵ نەدەكرد و بانگەشەی هەبوونی دیموكراسیشی دەكرد، بەڵام دەسەڵاتی ئاكەپە توانی بە كردەوە ئەم كلتوورە كە وەكو بەربەست بوو لە بەردەم پێشكەوتنی دیموكراسیەتی بازنە كراوە و بەرفراوان، وەلاوە بنێت و رێگای پێشكەوتنی دیموكراسی لە توركیا بكاتەوە. دیموكراسیش شتێك نییە كە بتوانین بە یەك شەو تاقی بكەینەوە یا جێبەجێ بكەین بەڵكو پێویست بە كات هەیە تا دیموكراسی جێبەجێ بكرێت و كاریگەریش لە سەر بوارەكانی دیكەی ژیانی كۆمەڵگە بكات.
سەرچاوە. زەمان




