مەسەلە مەسەلەی پارك نییە
حوسێن گولەرجە
ماوەی 10 رۆژە كە توركیا لە جیاوازترین 10 رۆژی ئەم دە ساڵەی دواییدا تێپەڕ دەبێت. بە پێ وتەی وەزیری پەروەردەی توركیا، ئەو هەڵمەتەی كە ئوپوزسیونی توركیا بە ساڵان خۆی بۆ تەرخان بكات ناتوانێت رێكی بخات، لە یەك رۆژدا لە لایەن خەڵكەوە رێكخرا و ئەو خەڵكانە كە لە بارودۆخێكی ئاساییدا نە دەسەڵات و نە ئوپوزسیون ناتوانن لە یەك شوێن كۆیان بكەنەوە لە ماوەی یەك رۆژدا بۆ خۆیان لە مەیدانی تەقسیم كۆ بوونەوە. چەندەها ساڵە كە گرووپ، فراكسیون، رێكخراو و لایەنە سیاسییە جیاجیاكانی توركیا كە بیروڕا و ئایدئولوژیایان لە یەكتر زۆر جیاوازترە، بۆ هیچ بۆنە و بۆ هیچ مەسەلەیەك بەمجۆرە كۆ نەبوونەتەوە، بەڵام ئەمجارە هەر هەمووی ئەم گرووپ و رێكخراو وفراكسیونانە لە نێو تۆز و دوومانی مەیدانی تەقسیمدا بۆ ماوەی 10 رۆژ پێكەوە خۆپیشاندانیان كرد.
بێگومان ئەمە لە سەرەتادا مرۆڤ دەتوانێت وەكو خۆ رەخنەكردنێك هەڵی بسەنگێنێت و دەشتوانرێت وەكو رەخنەیەك لە خراب ئورگانیزە كردن و خراب بە رێوەبردنی خۆپیشاندانەكان ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەكانی بكات.
لێرەدا شتی سەرنجراكێش ئەوەیە كە دەسەڵات و شارەوانی زۆر بە باشی نەیانتوانی كە بۆ رای گشتی كۆمەڵگەی توركیا شرۆڤە بكەن كە دەیانەوێ لە مەیدانی تەقسیم چی بكەن و چە جۆرە پرۆژەیەك جێبەجێ بكەن. ئەمە هەڵەیەكی گرنگی بەرێوەبەرایەتی توركیایە،
| ئەمرۆیش ئەگەر سەرۆك وەزیری توركیا بتوانێت بڵێت: كاكە وازمان هێنا قشڵای تۆپخانە دروست ناكەین. ئەوا كۆتایی بە خۆپیشاندانەكان دەهێنرێت. |
چوونكە لە یەكەم رۆژی رووداوەكاندا بەرپرسانی توركیا و بەرپرسانی شارەوانی ناوچەكە دەیانتوانی كە رای گشتی بە رێكوپێكی لە پرۆژەكانیان ئاگادار بكەنەوە و پێشی لە روودانی ئەو هەموو رووداوە بگرن، بەڵام وا دیارە بە پێویستیان نەزانی بوو و كاتێك كە رووداوەكانیش دەستیان پێكرد بەرپرسان بە پەلە دەستیان بە ئارام كردنەوەی باوردۆخەكە كرد بەڵام زۆر دواكەوتوو بوون چوونكە ئەوەی ئەسپی هەبوو لە مەیدان ئامادە بوو.
خاڵی دووەم ئەوەیە كە لە كاتی دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكاندا یا باشترە بڵێم هەر لە رۆژی یەكەمی خۆپیشاندانەكاندا پولیس بە فەرمانی وەزارەتی ناوخۆی زۆر بە توندی لە بەرامبەر خەڵكدا هەڵسووكەوتی كرد و ئەم هەڵسووكەوتەی پولیس بووە بە هۆكاری هاندانی خەڵك بۆ كۆبوونەوە لە مەیدانی تەقسیم. پولیس بە بەكار هێنانی هێز و توندوتێژی لە دژی خۆپیشاندەرەكان لە راستیدا هانی خەڵكیدا تا درێژە بە خۆپیشاندانەكان بدات.
| كاتێك كە ئەم هۆكارانە هەڵدەسەنگێنم ئەوا منیش دەگەمە ئەو قەناعەتە كە رووداوەكانی تەقسیم، تەقینەوەیەكی كۆمەڵایەتی دژی دەسەڵاتی ئاكەپەن. |
دوای بەرفراوان بوونی خۆپیشاندانەكان بە تایبەتی لە رۆژی دووەمدا حكوومەت لە هەوڵی ئەوەدا بوو كە بارودۆخەكە هێوەر بكاتەوە بۆ ئەم مەبەستەیش چەندین لێدوانی باش و ئەرێنی لە لایەن حكوومەتەوە ئاراستە كران، بەڵام ئەم لێدوانانە هیچ جۆرە كاریگەرییەكیان لە سەر خۆپیشاندەرەكان نەكرد. بۆ نموونە لە رۆژی دووەمی خۆپیشاندانەكاندا جێگری سەرۆك وەزیری توركیا بولەنت ئارنج و چەندین بەرپرسی دیكەی توركیا زۆر هەوڵی هێوەر كردنەوەی بارودۆخەكەیان دا بەڵام بە هۆی سوور بوونی سەرۆك وەزیری توركیا لە سەر جێبەجێ كردنی پرۆژەكە، ئەو هەوڵدانانە بەبێ ئەنجام مان.
خەڵك بیر لەوە دەكاتەوە كە لە مەیدانێك وەكو مەیدانی تەقسیم لە شاری ئەستەنبۆڵ، پێویستی بە سووك كردنی باری ترافیك، هوتێل و سووك كردنی باری هاتووچۆی هاووڵاتییان هەیە و پێویستی بە دامەزراندنی قشڵای تۆپخانە لەو مەیدانە نییە. ئەگەر لە یەكەم رۆژی خۆپیشاندانەكاندا حكوومەت ئاماژەی بەوە كردبا كە لە دروست كردنی قشڵای تۆپخانە لە مەیدانی تەقسیم پەشمان بووەتەوە، ئەوا 11 رۆژ توركیا رووبەرووی ئەو هەموو رووداوە نەخوازراوە نەدەبوویەوە. ئەمرۆیش ئەگەر سەرۆك وەزیری توركیا بتوانێت بڵێت: كاكە وازمان هێنا قشڵای تۆپخانە دروست ناكەین. ئەوا كۆتایی بە خۆپیشاندانەكان دەهێنرێت.
كاتێك كە ئەم هۆكارانە هەڵدەسەنگێنم ئەوا منیش دەگەمە ئەو قەناعەتە كە رووداوەكانی تەقسیم، تەقینەوەیەكی كۆمەڵایەتی دژی دەسەڵاتی ئاكەپەن. ئوپوزسیون و لایەنەكانی دیكەی توركیا زۆر بە خێرایی و بە شێوازێكی زۆر شارەزایانە ئەم دەرفەتەیان بۆ خۆیان گواستەوە و خۆیان لەگەڵ خەڵك لە مەیدانی تەقسیم بۆ دژایەتی كردنی دەسەڵاتی ئاكەپە رێكخست. ئەوەی كە لەم 11 رۆژەدا رووی داوە تەنیا بۆ پاراستنی پارك نەبوو، بەڵكو خۆ تاقی كردنەوەی ئوپوزسیونی توركیا بۆ شەڕی دەسەڵات بوو.
خۆپیشاندانەكان بە هۆی هەڵەی بەرێوەبەرایەتی و دەسەڵاتی توركیا دەستیان پێكرد و هەر بە هۆی هەڵسووكەوتی هەڵەی دەسەڵاتەوە بەرفراوانتر كران و ئوپوزسیونیش سوودی لە هەڵە یەك لە دوای یەكەكانی دەسەڵات وەرگرت و دەستی بە سەرەتای قۆناغێكی نارەزایەتی مەدەنی و جەماوەری لە دژی دەسەڵات كرد.
سەرچاوە. زەمان




