٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

نهێنییەكانی پشت سازانە نیشتیمانیەكەی ئۆپۆزسیۆن

سەرچاوە: KDP.info

سوورە مەرگەیی

پڕۆژەی رەشنووسی دەستوورو پرسی هەمواركردنەوەو گەڕانەوەی بۆ پەرلەمان، هەرایەكی سیاسی و میدیایی وای ناوەتەوە هەڵوێستی لایەنە سیاسییەكان و لە رێگای ئەوانیشەوە رای شەقامی دابەش كردووە بەسەر دوو بەرەی جیاوازدا، كە دەكرێ ئەو دوو بەرەیە بە بەرەی گەل و بەرەی حزب ناوبەرین، هەرچی پارتی دیموكراتی كوردستانە بەرەی گەلی هەڵبژاردووەو دەڵێ: پەسندكردن و ڕەتكردنەوەی پرۆژەی رەشنووسی دەستوور مافی خەڵكەو نابێ ئەو مافەی لێ زەوتبكرێ، پێویستە ئەو ڕەشنووسەی هەموو رێكارە یاساییەكانی بڕیون بخرێتە ڕاپرسییەوەو ئەركی حزبەكانیش پابەند بوونە بە هەر بڕیارێك كە خەڵك لەو راپرسییەدا دەیدات، بۆیە هیچ نهێنی و خواستی شاراوەی حزبی لەپشت راوبۆچوونی پارتی بەدیناكرێ، هەچی ئۆپۆزسیۆنیشە لە بەرەی گەل و بڕیاری خەڵك یاخیبووەو خۆی خزاندۆتە بەرەی حزبی و دەڵێ: پەسندكردن و ڕەتكردنەوەی پرۆژەی رەشنووسی دەستوور مافی حزبەو بەرلەوەی بخرێتە پێش چاوی خەڵك پێویستە بە بێژینگی بەرژەوەندی حزبیدا بكرێ، ئەركی خەڵكیشە پابەندبێ بە هەر بڕیارێك كە بە نەفەسی حزبی و لەلایەن حزبەوە دەردەچوێنرێ، ئەو ڕاوبۆچوونەی ئۆپۆزسیۆن جگە لەوەی ترسانە لە رای خەڵك، دەرچوونیشە لە خولگەی دیموكراتی و بەرتەسك كردنەوەی ئازادیەكانی خەڵكە لە بازنەی ئامانجە دیاریكراوەكانی حزبدا، بۆیە گوومان لەوەدا نییە نهێنیگەلێكی مەترسیدار لەپشت راوبۆچوونی ئۆپۆزسیۆن هەیەو بەناوی سازانی نیشتیمانییەوە پەردەپۆشیان دەكاو لە خەڵكی كوردستانیان دەشارێتەوە، بۆیە پێویستە بۆ دۆزینەوەی سەرەداوی نهێنیەكانی ئۆپۆزسیۆن و شێواندنی چەمكی سازانی نیشتیمانی سەرنجی خوێنەر بەلای چەند خاڵێكدا رابكێشین.

  1. ئۆپۆزسیۆن بەستە بۆ سازانی نیشتیمانی دەڵێ و هەڵپەڕكێ بۆ سازانی حزبی دەكات، بەو هەڵوێستەش دەریدەخات كە بە بنەما سەرەتاكانی دیموكراتی ناكۆكەو لەگەڵ جیاوازیەكان هەڵناكات، كار لەسەر بە كۆیلەكردنی سیاسی رای شەقام دەكاو دەیەوێ ئیرادەو ڕاوبۆچوونی خەڵك بخاتە ژێر ركێفی حزبییەوە.
  2. پوختەی پێناسەی كودەتا سەپاندنی رای كەمینەیە بەسەر زۆرینەدا، ئۆپۆزسیۆنیش لە سەرەتای دەركەوتنیەوە بە نێتی كودەتاخوازییەوە هاتە ناو كایەی سیاسی و جومگەكانی دیموكراتی، ئەوەتا بە چەپ و ڕاستدا شمشێری كودەتای هەڵكێشاوەو پەندیش لە شكستەكان وەرناگرێ، لە پەرلەمان هەوڵدەدەن خاڵ و پاكێجی كەمینەی حزبی بەسەر زۆرینەی پەرلەمانیدا بسەپێنن، لە شەقام بەهێزی كەمینە (ارحل) لە هێزی زۆرینە دەكەن، كودەتای ئەمجارەیان لەوانیتر جیاوازە، لەو كودەتایەدا سازانی حزبیان دزە پێكردۆتە ناو سازانی نیشتیمانی و پێكەوە ژیانی سیاسی و ئاشتی كۆمەڵایەتی و كۆی ئامانجە نەتەوەییەكانیان خستۆتە ژێر هەژموونی هزرو بیری كودوتاچێتی، بەوەش دۆست و لایەنگرانی خۆشیان دەكەونە بەر ئەو كودەتا ئیقلیمگیریەی كە گازی پێ لە دیموكراتی و ئیرادەو بڕیاری خەڵك دەگرن و بۆشی دەگرین.
  3. مەبەست لە گەڕانەوەی پرۆژەی رەشنووسی دەستوور جگە لەوەی گووشینی ئیرادەو بڕیاری خەڵكە لە مەنگەنەی تاكڕەوی گرووپگەراییدا، برەودانیشە بە فەرهەنگی لاساری سیاسی و زاڵكردنی ئیرادەی حزبە بەسەر پرۆسەی بنیاتنانی دیموكراتیدا، نهێنی ئەو لاساری و تاكڕەویەش بۆ ئەوەیە لە بانگەشەی هەڵبژاردنی داهاتوودا هێزی سیاسی و جەماوەری حزبی خۆیان لەوە گەورەتر نماییش بكەن كەهەن.
  4. ئۆپۆزسیۆن بوون و هێزو مانەوەی خۆی لە بێ دەستووریدا دەبینێ، بۆیە بەرژەوەندی حزبیان وا دەخوازێ بەگژ هەموو ئەو هەوڵانەدا بچنەوە كە كورد دەكەنە خاوەنی دەستووررێك كە هێز لە بڕیارو دەنگی خەڵك وەربگرێ، چونكە ئەوان فەوزایەكی سیاسی وایان دەوێ وەك ئێستاو بێباك لە بەپرسیارێتی نەتەوەیی تەراتێنی حزبی تێدا بكەن، بوونی دەستووریش رێگر دەبێ لە نانەوەی هەر پشێوی و ئاژاوەیەك كە زیان بە بەرژەوەندی گشتی و گووتاری نەتەوەەیی بگەیەنێ، بۆیە نهێنیە گەورەكە لە گەڕانەوەی پرۆژەی ڕەشنووسی دەستوور بۆ پەرلەمان رێگرتنە لە بوونی دەستوور، ئەگەر ئەوەش روویداو گەڕێنرایەوە پەرلەمان بە شێوەیەك گۆشەگیر دەكرێ و سزایەكی حزبی وای بەسەردا دەسەپێنرێ بەر لێبووردنی هیچ جۆرە سازانێك نەكەوێ، مەگەر ئەو سازانە كودەتاخوازیەی خۆیان نەخشەیان بۆ كێشاوە.  

هەواڵی پەیوەندیدار