٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

مەسعود بارزانی هەڵكشان بۆ سەرووتر لە فیدراڵی

سەرچاوە: KDP.info

ئازا حەسیب قەرەداخی

گەلانی بن دەست كە لە قۆناغی رزگاری نیشتمانی و لەسەروەختی بڕیاری چارەنووسسازدابوون، بەبێ رابەرانی میللی مێژووكرد نەیانتوانیوە لە وەرچەرخانەكاندا رێی دروست بدۆزنەوە و ئەو قۆناغە تێپەڕێنن.

ئەزموون و مێژووی كۆن و نوێی میللەتان ئەم راستییە زۆر سادەیەمان بۆ دەسەلمێنن. جیاواز لەوەیش ئەزموون و مێژووییەكی دیكەمان چنگ ناكەوێ.تەنانەت نەمانزانیوە هیچ میللەتێك لە قۆناغی لەمجۆرەدا موجازەفەی وەهای كردبێ كە بەبێ رابەرێكی بەرچاورۆشن و بڕیاردەر و جەسوور، خۆی لەقەرەی تێپەڕاندنی وەرچەرخانە مێژووییەكان دابێ.

بزووتنەوەی رزگاریی كوردستان قۆناغەكانی دەستكەوتنی مافە ئیداری و رۆشنبیرییەكان، پاشان لامەركەزییەت و، ئینجا ئۆتۆنۆمی و ئۆتۆنۆمی راستەقینەی بە رابەرایەتی (مستەفا بارزانی) بڕیوە و قۆناغی فیدرالییەتیشی بە رابەرایەتی (مەسعود بارزانی) و (جەلال تاڵەبانی) دامەزراندووە. ئێستا قۆناغی هەڵكشانە بۆ سەرووتر لە فیدرالی، ئەوەیش لە دوو بژاردەدا:

1-               كۆنفیدراڵی

2-               جیابوونەوە لە دەوڵەتی عێراق، واتە سەربەخۆیی

(مەسعود بارزانی) وەكوو رابەرێك و سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێداگیریی لەسەر رەوایی پرسی سەربەخۆیی كردووە و رایگەیاندووە كە ئیتر فیدراڵی بژاردەیەك نییە گەنج و رۆڵەی كوردستانی بۆ فیدا و قوربانی بكرێ. كە قۆناغ بگاتە وەرچەرخان ئەوسا بۆ سەرووتر لە فیدرالی قوربانی دەدەین.

دەستوور و دانانی هەرێمی كوردستان لەسەر نەخشەی وزە و نەوتی جیهان و جووڵەی سەرمایەگوزاری، بنەما پتەوەكانی خۆسازدانە بۆ ئەو ساتە مێژووییە كە بڕیاری هەڵكشان بۆ سەرووتر لە فیدراڵی تێدا دەدرێ. بریتین لە زەوینەسازی بۆ توانای بەرگەگرتنی میللەت لەبەرامبەر ئەگەرەكانی كێشە و ناڕەحەتی كاتیی تا ئەو كاتەی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئیقلیمی دان بە قەوارەی نوێی هەرێمی كوردستان و هەڵكەوتە یاسایی و سیاسییە نوێیەكەیدا دەنێن.

لەم ئەركە میژووییەدا هەڵسەنگاندن بۆ رابەرایەتی (مەسعود بارزانی) دەكرێ. لەمەیشدا هەگبەكەی پڕ و پڕ شانازییە. لە مێژووی زۆر نزیكماندا دەكرێ ئاماژە بۆ نموونەی زیندوو بكەین لە هەگبەی هەڵوێستەكانی (بارزانی)ـدا،كە هەنگاو بەهەنگاو بریتین لە نزیك كردنەوەی گەلی كوردستان لە مافی بڕیاردانی چارەنووس. گرنگترینیان ئەمانەن: پێكهێنانی بەرەی كوردستانی وەكوو هێزی بەرەنگاربوونەوەی ئەنفال و جینۆسایدی كوردان و، پاشان وەكوو داینەمۆی راپەڕینی ئاداری 1991 و بەڕێوەبردنی دەورانی دیفاكتۆی ئیداری و یاسایی هەرێمێكی دابڕاو لە دەسەڵاتی حوكمڕانی عێراق.

رادەستكردنی دەسەڵات لە بەرەی كوردستانییەوە بۆ پەرلەمان و حكومەتی هەڵبژێردراوی خەڵكی كوردستان.

راگەیاندنی فیدراڵی وەكوو جۆری نوێی پەیوەندی هەرێمی كوردستان بە دەوڵەتی عێراقەوە.

رێككەوتنی ستراتیژی لەنێوانی یەكێتی و پارتی.

چەسپاندنی مافەكانی كورد لە دەستووری عێراق و شەراكەت لە حوكمڕانی و سازانی نیشتمانی وەكوو بنەماگەلێك بۆ مانەوەی دەوڵەتی عێراق.

بەرەنگاربوونەوەی پیلانی شۆفێنییەتی نوێی عێراق كە هەوڵ دەدات سستمی سیاسی بگەڕێنێتەوە بۆ سەنترالیزمی توندوتۆڵ.

بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرە دەستێوەردانێكی بیانی و ئیقلیمی لە كاروباری هەرێمی كوردستان و پووچەڵكردنەوەی ئەو هەوڵانەی لەماوەی 1994 تا 1998بەم ئاراستەیەدا دەدران. هەروەها پێداگیری لە رێگەنەدان بە لەشكركێشی توركیا لەژێر ناوی بەشداری لە رزگاریكردنی عێراقدا لە ساڵی 2003 و بە ناوە جیاجیاكانی دیكەی دوای ئەوەوە، تا چاك كردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ و توركیا هەڵكشانی بۆ ئاستی زۆر باشی سیاسی و ئابووری كە رێگەی لەبەردەم پشكداریكردن لە پرۆسەی ئاشتی و چارەسەركردنی دۆزی كورد لە باكوور كردەوە.

چەندین نموونەی دیكەیش ئەو راستییە دەسەلمێنن كە رابەرانی وەكوو (مەسعود بارزانی) و (جەلال تاڵەبانی) دەتوانن قۆناغ و ئەركەكانی لەم ئاستەدا بە حیكمەت و جەسووری بەڕێوە ببەن. ئەوە میژووە كە رابەرانی لەمجۆرە دروست دەكات و، ئەوە ئەزموون و ئیرادەی میللەتە كە لەپشتەوەی ئەو مێژووەن بۆ دروست كردن و ئیدامەدان بەم رابەرانە تا تەواوكردنی ئەركەكانی قۆناغەكە و دامەزراندنی دەوڵەت.

شۆفێنییەتی عەرەب و ناوچەكە ئەم حەقیقەتە لەبارەی ستراتیژی سیاسی (مەسعود بارزانی)ـیەوە دەزانن بۆیە دژایەتی دەكەن و بەردەوام ئیش لەسەر ناشرینكردنی كاریزمایی ئەو دەكەن.

ئۆپۆزسیۆن لە كوردستاندا هەمان راستی دەزانن. بۆیە لەم قۆناغەدا كە قۆناغی هەڵكشانە بۆ سەرووتر لە فیدراڵی، دژایەتی كردنی ئەوان بۆ (بارزانی) و چڕكردنەوەی هەموو چالاكی و گوتاری سیاسی و میدیاییان لە هێرش كردنە سەر (بارزانی)ـداو، گرێدانی گشت پێدراوە سیاسی و یاساییەكان بە پرۆسەی دەنگدانیشەوە لەسەر دەستووری هەرێم بە یەك مەبەستەوە كە دوورخستنەوەی (سەرۆك بارزانی) بێ لە ناوەندی بڕیار، نەك پرسیار بەڵكو گومانێك بە فۆنتی زۆر گەورەو تۆخ دەخاتە سەر ستراتیژی ئەوان.

 

رۆژنامەی ئاوێنە

 4/6/2013

هەواڵی پەیوەندیدار