وانەكانی پاركی گەزی
ئاسڵی ئایدینتاشباش
توركیای دیكە ئەو توركیایە بوو كە بەشداری لە خۆپیشاندانەكانی گەزی پاركی مەیدانی تەقسیمی كرد. لە مەیدانی تەقسیم كوردیش هەبوو و مەهەپەیش هەبوو. بەڵام زۆربەی زۆری ئەو كەسانە كە لە مەیدانەكەدا ئاڵای توركیایان بەرز كردبوویەوە لە چینی لائیك و چینی ناوەندی كۆمەڵگەی توركیا بوون كە وا هەستیان دەكرد لە لایەن حكوومەتەوە پەراوێز خراون و بە شێوەزاری جوراوجۆر سزا دراون.
بێجگە لە جەماوەری پارتی داد و گەشە پێدان زۆربەی زۆری خەڵكی چینەكانی دیكەی توركیا لە خۆپیشاندانەكانی مەیدانی گەزیدا ئامادە بوون.
خۆپیشاندانەكانی مەیدانی تەقسیم، جۆرەیەك ئاگادار كردنەوەی حكوومەت بوو، ئاگادار كردنەوەیەكی بە بێ سەرباز و هێزی سەربازی و بەبێ سەرۆك و رابەر. با كەس هەڵە تێ نەگات من نامەوێ ئەدەبیاتی مەیدانی تەحریری قاهرەتان بۆ بكەم، بەڵام راستییەكە ئەوەیە كە خۆپیشاندانەكانی مەیدانی تەقسیم سەرەتا بەبێ ئەوەی كە هیچ كەس یا لایەنێكی سیاسی توركیا هانی خەڵك بدات تا دەست پێ بكەن، دەستیان پێ كردبوو. هیچ خاڵێكی هاوبەشیش لە نێوان خۆپیشاندانەكانی مەیدانی تەقسیم و تەحریردا نییە، هەر دوو مەیدانن و شارەكانیشیان جیان و ئارمانجی خۆپیشاندانەكانیشیان جیایە. گرنگ ئەوە نییە كە ئایا مەیدانی تەحریر و تەقسیم وەكو یەكن یا لە یەكتر جیاوازن بەڵكو گرنگ ئەوەیە كە پێویستە حكوومەت ئەو پەیامانەی كە لە مەیدانی تەقسیمەوە ئاراستە كران بە باشی وەربگرێت و هەڵسەنگاندنیان بۆ بكات.
پارتی كۆماری گەل ( جەهەپە) رێكخەری خۆپیشاندانەكان نەبووە و لە سەرەتای خۆپیشاندانەكانیشدا بەشدار نەبوو، ئەگەر ئەم خۆپیشاندانانە وەكو ئورگانیزاسیۆنێكی جەهەپە هەڵسەنگاندنیان بۆ بكرێت ئەوا ئەو محافێزەكارانە كە پشتگیری لە خۆپیشاندانەكان دەكەن رەخنەیش لە توندوتێژییەكانی پولیس دەكەن و دەسەڵاتیش ناچار دەبێت كە لە دژی خۆپیشاندانەكاندا جەماوەری پارتی داد و گەشە پێدان بەكار بهێنێت.
مەیدانی تەقسیم و خۆپیشاندانەكانی پاركی گەزی ناتوانن ببن بە مەیدانی تەحریر و خۆپیشاندانەكانی مێسر، چوونكە خۆپیشاندانەكانی مەیدانی تەحریری مێسر بوون بە هۆكاری گۆڕانی هاوسەنگی و سیستەمی سیاسی ئەو وڵاتە. وا بیر بكەینەوە كە هێشتاكە دەسەڵاتی كوودەتای ساڵی 1980 و كەنعان ئەڤرەن لە توركیا زاڵە، بۆیە واتا و مانای خۆپیشاندانەكانی پاركی گەزی زۆر جیاوازە، رووداوەكانی گەزی راپەڕینی چینێكی زۆر جیاوازی كۆمەڵگەیە و رەنگە دەرئەنجامی ئەم خۆپیشاندانانە لە كاتی دەنگداندا خۆی بخات روو. هەر چەند چاوەروان كردنی گۆڕانی هاوسەنگییەكان بە هۆی ئەم خۆپیشاندانانەوە دەبێتە فانتازیایەكی شۆڕشی بەڵام وا بزانم ئەنجامی ئەم خۆپیشاندانانە كاریگەری لە سەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی توركیادا دەبێت. ئەگەر كاریگەریش لە سەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكاندا نەبێت بەڵام خۆپیشاندانەكان هەر مافێكی رەوای خەڵك بوو كە خەڵك لە چوارچێوەیەكی یاساییدا دەستی بە دەربڕینی نارەزایەتی خۆی كردووە. حكوومەت یا سیستەمێكی سیاسی كاتێك دیموكراتە كە بتوانێت مافی خۆپیشاندانی هێمنانەی هاووڵاتییانی خۆی گەرەنتی بكات، بەڵام بە داخەوە حكوومەتی توركیا بە هۆی بەكار هێنانی هێزی لە رادەبدەر لە دژی خۆپیشاندەرەكان، لە پولی خۆیدا مایەوە و ئەزموونێكی سەركەوتووی پێشكەش نەكرد. یەكێك لە وانە گرنگەكانی ئەم خۆپیشاندانانە كە پێویستە حكوومەت سوودی لێ وەربگرێت ئەوەیە كە توندوتێژی توندوتێژی بە دوای خۆیدا دەهێنێت و بەكار هێنانی گازی بیبەر بە شێوەیەكی بەرفراوان و بەبێ پەروا لە لایەن پولیسەوە دەبێتە هۆكاری توورە كردن و پولیتیزە كردنی كۆمەڵگە.
من لە ماوەی ئەم چەند رۆژەدا سەردانی زۆربەی هەرە زۆری ناوچە جیاجیاكانی ئەستەنبۆڵم كرد و شتی سەرنجراكێش ئەوە بوو كە لە سەر دیوار و لافێتەكان و تابەلاكاندا دروشم و سلۆغانی دژ بە سەرۆك وەزیری توركیا نووسرا بوو و ئەمەیش مانای ئەوەیە كە ئەم خۆپیشاندانانە تۆزێك تایبەتی و بەرتەسك كراون و سەرۆك وەزیری توركیا رەجەب تەییب ئەردوغانیان كردووە ئامانج. بە راستی ئەم مەسەلەیە بۆ توركیا دەبێتە مایەی نیگەرانی، چوونكە زیاتر لە ناكۆكی نێوان پارتەكان و ناكۆكی ئایدئولویكی هەر هەمووی رەق و كینەكان روویان لە ئەردوغان كردووە و ئارمانجی سەرەكەی خەڵكیش شەرمەزار كردنی چۆنیەتی بەرێوەبردنی وڵاتە بووە نە تێكدانی بەشێك لە پاركی گەزی لە ئەستەنبۆڵ. بۆ نموونە خەڵك لە دژی قەدەغە كردنی خواردنەوە كهوولییەكانە، مەسەلەی تەشهیر كردنی سولتان سەلیم، توندوتیژییەكانی یەكی گولان، رەفتارە توندەكانی پولیس و بەجێ كردنی پولیس لە شوێنە جیاجیاكانی شاردا چەند هۆكارێكن بۆ ئەوەی كە خەڵك وا بزانێت لە ژێر دەسەڵاتی سەربازیددا دەژیت. ئەم چەند خاڵە و چەندین خاڵی دیكە پێكەوە هاندەرێك بوون بۆ ئەوەی كە خەڵك پاركی گەزی بكاتە بیانوو و برژێتە سەر شەقامەكان.
سەرچاوە. میللیەت




