٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

سوریا دەبێتە ناوەندی ناکۆکییە نێودەوڵەتییەکان؟

سەرچاوە: KDP.info

غازی حەسەن

کێشەی سوریا لە ئاڵۆزییە ناوەخۆییەکان بەرەو ئاڵۆزی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی دەچێت، خەریکە رکابەری سیاسی و دیبلۆماسی لەمەڕ کێشەی ناوەخۆیی سوریا بەرەو یەکلایبوونەوەی رکابەری لە نێوان هێزە نێودەوڵەتییەکان بچێت. روسیا راشکاوانە دەیەوێت دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە سوریا وەکو قەڵای ستراتیژی و پاراستنی بەرژەوەندییە سیاسی و عەسکەری و ئابورییەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست بهێلێتەوە. ئەوەتە لە بەرانبەر داواکانی فەرەنسا و بەریتانیا بۆ سوکردنی سزای رێگەگرتن لە هاوکاری سەربازی لە قازانجی بەرهەڵستکاران، روسیا موشەکی دژە فڕین بە رژێمی ئەسەد دەدات.

دیارە ئامانج لەمە هێشتنەوەی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدە، هەروەها داکۆکی کردنە لە بەرەی ئەسەد و حزبوللا و ئێران و مەزهەبی شیعەیە لە ناوچەکەدا. هەروەها دەیەوێت وەکو سەردەمی شەڕی سارد پێگەی سیاسی و ستراتیژی خۆی بەرانبەر ئەمەریکا و رۆژئاوا لە ناوچەکە دروست بکاتەوە. سەرباری ئەو دەسکەوتەی کە بە چەندین بلیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت لە رێگەی پێدان و هاوکاری سەربازی. لەکاتێکدا چینیش لە ئاسیای ناوەراست دەیەویط ئەمەریکا و رۆژئاوا ئابلوقە بدات.

گرینگ کێشەی ناوەخۆیی سوریا نییە، کورد چۆن دەتوانن یەکێتی نەتەوەیی خۆیان بپارێزن و دەوڵەتێکی نەتەوەیی لە نێوان کوردستانی باشور و رۆژئاوا دروست بکەن، بێ ئەوەی ئیستیفزازی تورکیا و وڵاتەکانی دیکە بکەن. هەروەها عەلەوییەکان چۆن دوای نەمانی ئەسەد دەتوانن لە گەڵ عەرەبی سونە بژین و سونە لە سوریا چەندە دەتوانن بێ توندوتیژی رادیکالیانە و دوور کەوتنەوە لە ئیسلامی توندرەو و قاعیدە ئیدارەی وڵاتێک بکەن، کە لە دەریایەک بۆمب دەچێت و بتەقێتەوە ئیدی ناوچەکە گڕ دەگرێت.

دوای نەمانی بەشار ئەسەد نۆرەی کامە وڵات دێت، ئایا ئێران دەبێتە ئامانجی سەرەکی گۆڕانکارییەکان و جێبەجێکردنی نەخشەی رۆژهەڵاتی نوێی دیموکراسی و دابەشکردنەوەی سەر لەنوێی رۆژهەڵات، یا وڵاتەکانی کەنداوی عەرەبی دەتەقنەوە، بەحرێن دابەش دەبێت بۆ سونە و شیعە، سعودیە دەبێتە مەلبەندی ناکۆکی نێوان ئیسلامی شیعە و ئیسلامی سونە. هەروەها تورکیا ئەگەر لە چاکسازی و پرۆسەی ئاشتی بایدایەوە و رێگەی پێنەدرا چارەسەری ئاشتیانەی دۆزی کورد بکات، چی بەسەر دێت. ئەی عێراق دەبێتە بەشێک لە ویلایەتی فەقیهی ئیرانی و ئەمەریکاو رۆژئاوا تەسلیمی واقیع دەبن؟

گرینگ وەزیری دەرەوەی بەریتانیا راشکاوانە لە کۆنگرەی وەزیرەکانی دەرەوەی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند سەیرە هەندێک وڵات لە گەڵ دەستکاری هاوکاری سەربازی ئۆپۆزسیۆن لە لایەن هەندێک وڵاتەوە بە شیوەی تایبەتی خۆیان نین، لە کاتێکدا ئەوانە رووبەروی هێرش بوونەتەوە بە نوێترین چەک. لە بیری نەکەین هەندێک وڵاتی دیکەی وەکو سوید و نەمسا لە روانگەی مافی مرۆڤەوە دژی ئەو هەموراکردنەوەن کە بەریتانیا و فەرەنسا لەمەڕ هاوکاری سەربازی دەیانەوێت، بیکەن. لە کاتێکدا هاووڵاتیانی سوریا رۆژانە بێ سنور دەکوژرێن و مافی مرۆڤ پێشێل دەکرێت. کێشەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەوە دەست پێدەکات، ئەگەر بەرژەوەندییە ئابوری و سیاسییەکان بکەونە ژێر هەڕەشەوە، ئیدی بێ رەچاوکردنی هەموو یاسا نێودەوڵەتی و مرۆییەکان بڕیار بۆ لابردن و دانانی دەسەڵاتی کۆن و نوێی وڵاتەکانی رۆژهەڵات دەدەن. هەر رۆژئاوا بوو هاوکاری شای ئێران و سەدام حوسێن و حوسنی موبارەک و هەتا موعەمەر قەزافی و تەنیا بن لادن و بزوتنەوەی تالیبانیان کرد و هەر خۆشیان لێیان کەوتنە تەقە. کەچی کە هاوسەنگی هێز و بەرژەوەندییەکان دەکەونە مەترسییەوە، یاساکان و ریسا نێو دەوڵەتییەکانیش دەگۆڕێن.

سوریا، لە بەردەم گۆڕانکارییە، بەسەدان هەزار کەس کوژران و حزبوللا و ئێران هاوکاری رژێمی ئەسەد دەکەن و روسیا وەکو چۆن پێداگری لە مانەوەی قەزافی دەکرد، هەنووکە بەشداری لە مانەوەی ئەسەد دەکات. ئەوەی بڕیاری یەکلاکردنەوەی وەکو رێبەری گۆرانکاریییەکانی دونیا نەداوە ئیدارەی باراک ئۆبامایە. ئەمەش بەرپرسیاریەتییەکی مێژوویی ومرۆڤایەتییە. ئایا ئەمەریکا دەیەوێت خەڵک سوریا لە سەرکوت رزگار بکات، یا دەیەوێت بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی لە گەڵ روسیا و ئێران لە ناوچەکە بپارێزێت و بەشداری لە مانەوەی بەشار ئەسەد لە دەسەڵات دەکات.

روسیا دەیەوێت ئەمەریکا سنوردار بکات لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و تارادەیەکیش توانیویەتی لەسایەی ناکۆکییەکان لەدوای روخانی سۆڤیەتی پێشوو، بۆ یەکەمجار پێگەیەک لە بڕیاری سیاسی و ستراتیژی لە رۆژهەڵات دروست بکاتەوە. بە بوونی روسیاش هەست دەکرێت چینی کۆمۆنیستی ماوی رۆلی لە دەڤەرەکە کەم دەبێتەوە. پرسی گرینگ ئەوەیە ئایا وڵاتە زلهێزەکان بۆ تێکشکاندنی ناکۆکیی بەهێزی نێودەڵەتی سازش لەسەر قوربانییەکانی خەڵکی سوریا دەکەن، یاخود بڕیار دەدەن و ناهێلن چی دیکە بەشار ئەسەد لە بەرچاوی دونیا درێژە بە سەرکوت وکوشتنی هاووڵاتیان بدات؟. ئەمەش جۆرە بڕیارانە زەحمەت دەردەکەون کاتێک مرۆ بیر لە هەڵایسانی سەر لە نوێی شەڕی ساردی نێودەوڵەتی دەکاتەوە.  ئەوەی هەست دەکرێت سوریا لە ناکۆییە هەرێمایەتییەکانی تێپەڕاندووە و خەریکە بەرەو قوڵبوونەوەی ناکۆییە نێودەوڵەتییەکان دەچێت.

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار