ئەرێ مەیدانی تەقسیمی ئەستەنبۆل دەبێتە مەیدانی تەحریری قاهرە؟
ئەحمەد هاكان
لەوە دەترسم كە لە خۆپیشاندانە نارەزایەتییەكانی مەیدانی تەقسیم لە ئەستەنبۆڵ كە بە هۆی تێكدانی بەشێك لە پاركی گەزی و برینی چەند دارێك لەو پاركە دەستیان پێكردووە و هەفتەیەكە بەردەوامن، راپەرین و خۆپیشاندانێكی سەرانسەری لە توركیا دەست پێبكات. بێگۆمان لە چوار رۆژی یەكەمی ئەم خۆپیشاندانانەدا تەنیا ئەستەنبۆڵ ئاڵۆز بوو، بەڵام لە رۆژی پێنجەمەوە وردە وردە لە شارە گەورەكانی وەكو ئەنقەڕە و بۆرسایش خەڵك بە مەبەستی پشتگیری كردن لە خۆپیشاندانەكانی مەیدانی تەقسیمی ئەستەنبۆڵ رژایە سەر شەقامەكان و دەستی بە خۆپیشاندان كردووە.
هەندێك لە چاودێران و نووسەرانی توركیا پێیان وایە كە ئەمە سەرەتای دەستپێكردنی بەهاری توركییە و توركیا چاوەروانی ئاتاتوركێكی دیكەیە. منیش ترسم لەوەیە كە مەیدانی تەقسیم لە ئەستەنبۆڵ ببێتە مەیدانی تەحریر لە قاهرە.
من دەزانم كە خۆپیشاندنی چەند هەزار كەسێك لە ئەستەنبۆڵ بە مانای راپەرین و خۆپیشاندانی گشتی خەڵكی توركیا نییە و خۆ خستنە بەر دۆزەر ( پارلەمانتاری بەدەپەی شاری ئەستەنبۆڵ سەرری سۆرەیا ئۆندەر لە رۆژی یەكەمی تێكدانی پاركی گەزی لە مەیدانی تەقسیمدا خۆی خستبووە بەر دۆزەر و بەمجۆرە نەیهێشتبوو كە دۆزەرەكە كار بكات) بۆ ئەوەی كە بە مانای دەستپێكردنی بەرەیەكی رزگاریی نییە. بەڵام هەندێك كەس و لایەنی دیكە بە جۆرەیەكی دیكە بیر دەكەنەوە و خۆیان بۆ خۆپیشاندان و راپەرینێكی سەرانسەری ئامادە كردووە و دەڵێن: ئەمە بەرنامەی ئوپوزسیونی توركیایە و پارك و برینی دارەكان بیانوویە و ئارمانجی سەرەكی دەست پێكردنی خۆپیشاندان لە دژی حكوومەتە و بۆیە سەرۆكی پارتی كۆماری گەل ( جەهەپە) داوای دەست لە كاركێشانەوەی حكوومەت و سەرۆك وەزیر دەكات.
من رۆژی چوارەم و رۆژی پێنجەم زۆر بە وردی سەیری خۆپیشاندانەكانم كرد و تێگەیشتم كە لەم خۆپیشاندانانە، راپەرینی سەرانسەری و شۆڕش دەست پێ ناكات و بەمجۆرەیش ئیدیعای ئەوەی كە تەقسیم دەبێتە تەحریر دەبێتە ئیدیعایەكی بێ بنەما و دوور لە راستی.
بێگومان كەم نین ئەو كەس و لایەنانەی كە دەیانەوەێ بە زۆر مەیدانی تەقسیم بكەنە مەیدانی تەحریر. بۆ نموونە پارتی رەگەزپەرەستی تورك ( مەهەپە) لە سەرەتای دەستپێكردنی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد و هەوڵدانەكانی حكوومەت بۆ ئامادە كردنی دەستوورێكی نوێ بۆ توركیا هەڕەشە لە حكوومەت دەكات و حكوومەت بە خیانەت كردن بە توركیا تاوانبار دەكات و دەڵێت: پێویستە حكوومەت بە هۆی ئەم خیانەتانەوە سزا بدرێت. ئەم پارتە وەكو لایەنێكی ئوپوزسیون، بەو پەری هێزی خۆیەوە دژایەتی قۆناغی نوێ و توركیایەیەكی دیموكراتیك و سەردەمییانە دەكات. بەڵام لە رووی سیاسییەوە و لە نێو پارلەماندا توانای ئەوەی نییە كە لە بەرامبەر حكوومەتدا هەبوونی خۆی و پێگەی جەماوەری خۆی بسەلمێنێت، بۆیە ناچارە پەنا بباتە بەر ئاژاوەی بەمجۆرە. ئەم پارتە یەك هەفتەیە هەر هەمووی ئەندام و لایەنگرانی خۆی هان دەدات كە لە مەیدانی تەقسیم بن و بەشداری لە خۆپیشاندانەكان بكەن. بەڵام سەرۆكی ئەم پارتە باسی ئەوە دەكات كە لە شوێنێكدا كە پارتی ئاشتی و دیموكراسی ( بەدەپە) هەبێت ئەوا مەهەپە ناچێتە ئەو شوێنەوە. بەڵام راست نییە چوونكە زۆربەی زۆری گیراوەكان ئەندام و لایەنگری مەهەپەن.
لە لایەكی دیكەیشەوە پارتی كۆماری گەل ( جەهەپە) بەو پەری هێزی خۆیەوە خۆی لە مەیدانی تەقسیم كۆ كردووەتەوە. چوار مانگ بەر لە دەست پێكردنی كار بیناسازی لە پاركی گەزی لە مەیدانی تەقسیم، ئەنجومەنی شارەوانی تەقسیم وتوێژی لە سەر ئەم پرۆژەیە كردووە و ئەم پرۆژەیە بە كۆی دەنگ پەسەند كراوە و نوێنەری جەهەپەیش پشتگیری ئەم پرۆژەیەی كردووە و دەنگی پێداوە، بەڵام كەچی لە كاتی دەست پێكردنی ئاڵۆزییەكاندا جەهەپە خۆی لەو مەیدانە كۆ كردووەتەوە و لە دژی حكوومەت دەستی بە خۆپیشاندان كردووە.
سەرۆك وەزیری توركیا رەجەب تەییب ئەردوغان قسەیەكی زۆر باشی كرد و گوتی: ئەوان بۆ پاراستنی دار و سەوزایەتی دەستیان بە خۆپیشاندان نەكردووە بەڵكو لە دژی حكوومەت دەستیان بە خۆپیشاندان كردووە و بۆیە بەو پەری هێزی خۆیانەوە دەیانەوێ ئاراستەی رووداوەكان بۆ لای ئەجەندای خۆیان بگۆڕن.
لێرەدا نە جەهەپە نە مەهەپە بۆ پاراستنی دار و پاركی گەزی خۆیان كۆ نەكردووەتەوە بەڵكو دەیانەوێ ئەم دەرفەتە وەكو هەڵێك بۆ خۆیان بقۆزنەوە و جەماوەری خۆیان لە سەر شەقامەكان كۆ بكەنەوە تا بەمجۆرە بۆ حكوومەت بسەلمێنن كە ئەگەر نەتوانن لە رووی سیاسییەوە گوشار بخەنە سەر حكوومەت ئەوا دەتوانن لە رووی كۆمەڵایەتی و جەماوەرییەوە گوشار بخەنە سەر حكوومەت و ئارمانجیشیان ئەوەیە كە لە قۆناغی چارەسەری و مەسەلەی ئامادە كردنی دەستووری نوێ توركیادا، حكوومەت داواكارییەكانیان قەبووڵ بكات.
سەرچاوە. حوریەت




