٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

تەڤگەری سیاسی كوردی چۆن سەیری دەستووری نوێ توركیا دەكات؟

سەرچاوە: KDP.info

نووسەر: سەدات ئەرگین

ماوەیەكی درێژە كە كۆمیتەی ئامادە كردنی دەستووری نوێ توركیا دەستی بەكارەكانی كردووە و ئەمرۆیش یەكەم رۆژی دوایین 30رۆژی مۆڵەتی كۆتایی ئامادە كردنی ئەم پرۆژەیەیە و بریارە ئەم كۆمیتەیە لە پارلەمانی توركیا بۆ سوود وەرگرتن لەم 30 رۆژەی كۆتایی زۆر بە جدی كار بكات. دوای كۆتایی هاتنی ئەم 30 رۆژە پێویستە پارلەمانی توركیا بە پێ ئەنجامی كار و چالاكییەكانی ئەم كۆمیتەیە بریاری كۆتایی بدات و بۆ رای گشتی توركیا ئاشكرا بكات كە ئایا دەستووری نوێ توركیا ئامادە دەكرێت یا نا؟ یا ئەگەر دەستوورێكی نوێ ئامادە نەكرێت توركیا چی دەكات؟

بۆ ئەوەی وەڵامی ئەم پرسانە بدۆزینەوە لەگەڵ چەند هاوپیشەیەكی خۆم سەردانی نوێنەرانی پارتی ئاشتی و دیموكراسی ( بەدەپە) لە نێو ئەم كۆمیتەیەمان كرد و لەگەڵ نوێنەرانی كورد لەم بارەیەوە دەستمان بە گفتووگۆیەكی چڕ و پڕ كرد.

نوێنەرانی كورد پێیان وایە كە كۆمیتەی ئامادە كردنی دەستووری نوێ توركیا ناتوانێت زەمینەی پێكهێنانی پارت و لایەنە سیاسییەكانی توركیا لە سەر دەستووری نوێ ئامادە بكات و لەم بارەیەوە ئاڵتان تان دەڵێت: ئەگەر تا دە ساڵی دیكە ئەم كۆمیتەیە كۆ ببێتەوە و دەست بە گفتووگۆ بكات ئەوا ناتوانێت زەمینەیەكی لەبار بۆ پێكهاتنی پارت و لایەنە سیاسییەكان لە سەر دەستووری نوێ توركیا ئامادە بكات.

لە ماوەی یەك ساڵ و نیودا لە سەر 174 مادەی سەرەكی دەستووری نوێ لە نێو ئەندامانی كۆمیتەكەدا گفتووگۆ كراوە و دوای 18 مانگ هەر چوار پارتی سیاسی سەرەكەی توركیا توانیویانە تەنیا لە سەر 43 مادە پێك بن.

هەر چوار پارتی سیاسی نێو پارلەمانی توركیا لە سەر ئەو 131 مادەی دیكە چەندین بیروڕای جیاوازیان هەیە و بیروڕاكان لە یەكتر زۆر دوورن. بۆ نموونە لە بەشی یەكەمی دەستووری نوێدا لە كۆی 13 مادەدا تەنیا لە سەر 2 مادە هەر چوار پارتی هاوڕان، بەڵام ئەم چوار پارتە لە سەر 11 مادەی دیكە تێبینییان هەیە. لە بەشی دادوەریدا تەنیا لە سەر یەك مادە هەر چوار پارتی گەیشتنە تەوافوق و 22 مادەی دیكەی ئەم بەشە سەرەڕای گفتووگۆیەكی بەرفراوان بەڵام هێشتاكە بریارێكی هاوبەش و پێشنیارێكی هاوبەش بە دێ نەهاتووە. لە بەشی ئیجرا ( دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی وەزیران) تا ئێستا ئەم پارتانە نەیانتوانیوە لە سەر هیچ مادەیەك پێك بن و گفتووگۆكانی گۆڕینی سیستەمی سیاسی توركیا بۆ سیستەمی سەرۆكایەتی بووەتە ئاستەنگێكی سەرەكە لە بەردەم كارو چالاكاییەكانی كۆمیتەی ئامادەكاری دەستوور. هەر چەند لە سەر چەند مادە و بڕگەیەك بەدەپە و ئاكەپە نزیكی یەكتر بن، بەڵام جەهەپە و مەهەپە خاوەن هەڵوێستێكی جیاوازن و یا ئەگەر جەهەپە و مەهەپە لە سەر مادە یا بڕگەیەك هاورا بن ئەوا ئاكەپە و بەدەپە خاوەن بیروڕای جیاوازن. بۆ نموونە لە سەر مادەی پێناسە كردنی هاووڵاتی بوونی توركیا هەر چوار پارتی زۆر جیاواز بیر دەكەنەوە . بەدەپە دەڵێت با وشەی هاووڵاتی توركیا بێت، ئاكەپە دەڵێت با وشەی هاووڵاتی كۆماری توركیا بێت و هەر یەك لە جەهەپە و مەهەپەیش دەڵین با وشەی هاووڵاتی تورك بێت.

پێناسە كردنی هاووڵاتی بوونی توركیا لە نێو دەستووری نوێ توركیادا یەكێكە لەو خاڵانە كە پێكهاتنی هەر چوار پارتی لە سەری زۆر ئەستەمە. چوونكە هەر یەك لەو پارتانە سوورە لە سەر بیروڕاكەی خۆی.

نوێنەرانی كورد پێیان وایە كە ئامادە كردنی دەستووری نوێ توركیا بەمجۆرە زۆر ئەستەمە و بۆیە پێویستە پارلەمان و حكوومەتی توركیا دەست بە تاقی كردنەوەی سێ بژاردەی دیكە بكەن. یەكەمین بژاردە ئامادە كردنی دەستوورێكی نوێ كاتییە بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە. دووەمین بژاردە گۆڕانكارییەكی بەرچاو لە دەستووری ئێستا توركیا و سێیەمین بژاردە دوا خستنی مەسەلەی دەستوور بۆ دوای هەڵبژاردنەكانی سەرۆك كۆماری لە ساڵی 2014.

بێگۆمان لایەنی كوردی زۆر بە ژیرانە بیری كردووەتەوە چوونكە لە ئەگەری جێبەجێ كردنی هەر یەك لەم بژاردانەدا مەسەلەی سیستەمی سەرۆكایەتی توركیا و مەسەلەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری توركیا و دواكارییەكانی كورد بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد دەكەونە نێو یەكترەوە و پارتی دەسەڵات ( ئاكەپە) بۆ ئەوەی بتوانێت لە هەر یەك لەو خاڵانەدا سەركەوتن بە دەستەوە بهێنێت پێویستی بە هاوكاری و پشتگیری لایەنی كوردی لە نێو پارلەماندا هەیە و لایەنی كوردیش تا داواكارییەكانی جێبەجێ نەكرن یا خۆ گەرەنتی جێبەجێ كردنی داواكارییەكانی وەرنگەرێت پشتگیری لە ئاكەپە ناكات.

نوێنەرانی بەدەپە لە نێو پارلەمانی توركیادا ئاماژە بەوە دەدەن كە لەم ماوەی دواییدا سەرۆك وەزیری توركیا لە بەرامبەر داواكارییەكانی بەدەپەدا نەیتوانیوە بریارێكی یەكجارەكی بدات، نە داواكارییەكانی رەد كردووەتەوە و نە بەڵێنی جێبەجێ كردنی ئەم داواكارییانەی داوە. بەدەپە پێ وایە كە ئەم هەڵوێستەی سەرۆك وەزیری توركیا لە دوای كۆبوونە گشتییەكی پارتی رەگەزپەرەستی توركیا ( مەهەپە) روونتر بووە، چوونكە مەهەپە لەو كۆبوونەوەیەدا بە شێوەیەكی ناراستەوخۆ ئاماژەی بەوە دابوو كە ئەگەری پشتگیری كردنی مەهەپە لە ئاكەپە لە چەند بوارێك لە ئارادایە.

بەدەپە پێ وایە كە ئاكەپە ناتوانێت سەبارەت بە دەستووری نوێ توركیا یا خۆی گۆڕینی دەستووری توركیا بە شێوەیەكی راستەوخۆ لەگەڵ بەدەپەدا كار بكات چوونكە لە حاڵەتێكی بەمجۆرەدا ئەگەری لە دەستدانی جەماوەری ئاكەپە وەكو كێشەیەكی سەرەكە رووبەرووی ئاكەپە دەبێتەوە و ئەم جەماوەرە ئەگەر لە ئاكەپە دوور بكەوێتەوە ئەوا خۆی نزیكی جەهەپە و مەهەپە دەكات و ئاكەپەیش بە هیچ شێوەیەك ئامادە نییە شتێكی بەمجۆرە قەبووڵ بكات.

دوا كەوتنی ئامادە كردنی دەستووری نوێ توركیا بۆ كورد دەبێتە هۆكاری دڵەراوكێ و گۆمان، چوونكە كورد پێ وایە كە سێ پارتە سیاسییەكەی توركیا بۆ دوا خستنی چارەسەر كردنی پرسی كورد مەسەلەی ئامادە كردنی دەستووری توركیایان ئەوەندە درێژ كردووە، چوونكە ئەوان نایانەوێ بەر لە ساڵی 2014 و بەر لە هەڵبژاردنە گشتییەكانی ساڵی 2015دا پرسی كورد چارەسەر بكرێت، بەڵام كورد دەیەوێ بەر لە هەڵبژاردنەكان هەم پرسی كورد ئامادە بكرێت و هەم دەستوورێكی نوێ بۆ توركیا ئامادە بكرێت. بێگۆمان كاتێك كە سەیری بارودۆخی توركیا دەكەین بۆمان روون دەبێتەوە كە جێبەجێ كردنی ئەم دوو داواكارییەی كورد زۆر ئەستەمە.

 

 

سەرچاوە. حوریەت

 

 

 

 

 

 

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار