٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

تۆسیاد پشتگیری چارەسەر كردنی پرسی كورد دەكات

سەرچاوە: KDP.info

نووسەر: مەحموود ئۆڤۆر

لە توركیا هەر كەس ئاگای لە پەیوەندییە ئاڵۆزەكانی نێوان سەرمایەی ئەستەنبۆڵ و ئاكەپەیە. سەرەڕای قەیرانی ئابووری جیهانی لە توركیا بە هۆی سیاسەتی بە هێزی ئابووری، توركیا توانی كە رۆژ لە دوای رۆژ ئابووری خۆی بەهیزتر بكات و ئەو رێكخراوە جیهانییانەیش كە لە رووی بەهێز بوون و لاواز بوونی ئابوورییەوە وڵاتەكان پولین دەكەن، رۆژ لە دوای رۆژ پلەی توركیایان بەزتر نیشان داوە. ئەمە نیشانەی سیاسەتی باش و بە هێزی ئابووری وڵاتە. بەڵام سەرەڕای سیاسەتی باشی حكوومەت بۆ بواری ئابووری، هێشتاكە پەیوەندییەكانی نێوان تۆسیاد ( رێكخراوی پیشەشازان و خاوەنكارانی توركیا) دەسەڵات تۆزێك ئاڵۆزن و جارجاریش ئەم ئاڵۆزییە دەگاتە ئاستی یەكتر تاوانبار كردن. بەڵام تا كاتی دەستپێكردنی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد ئاڵۆزی و ناكۆكییەكانی نێوان تۆسیاد و دەسەڵاتی سیاسی توركیا هەر بەردەوام بوونە و لە دوای دەستپێكردنی قۆناغی چارەسەری بە مەبەستی دیتنەوەی دەرگایەكی نوێ بۆ باشتر كردنی ئەم پەیوەندییانە هەر دوولا هەوڵی جدییان داوە.

دوای ئەوەی كە موحەرەم یەڵماز بوو بە سەرۆكی تۆسیاد و تۆسیاد كۆبوونەوەی خۆی لە ئەنقەرە بە بەشداری سەرمایەدارە ناودارەكانی ئەستەنبۆڵ ساز كرد، ئەو كاتە تۆزێك بیرورای دەسەڵاتی سیاسی و تۆسیاد نزیكی یەكتر بوویەوە. هەر چەند كۆبوونەوەی ئەنقەرەی تۆسیاد رێبازێكی كڵاسیكی تۆسیاد بوو بەڵام بەشداری كردنی سەرمایەدار و خاوەنكارە ناسراوەكانی ئەستەنبۆڵیش بوو بە هۆكاری ئەوەی كە ئەم كۆبوونەوەیە ببێت بە سەرەتایەك بۆ كردنەوەی دەرگای نێو لە نێوان دەسەڵات و تۆسیاددا.

لە كۆبوونەوەی تۆسیاددا باسی دوو مەسەلەی گرنگ كراوە یەكەمیان مەسەلەی چارەسەر كردنی پرسی كورد و دووەمیش مەسەلەی ئامادە كردنی دەستوورێكی نوێ مەدەنییە كە ئەوەیش هەر گرێدراوی پرسی كوردە و ئارمانجی ئەم كۆ بوونەوەی تۆسیاد لە ئانكارا ئەوە بوو كە بە دەسەڵاتی سیاسی توركیا بڵێت كە منیش بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد و ئامادە كردنی دەستووری نوێ توركیا مافی دەربڕینی بیروڕای خۆمم هەیە.

لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆكی دادگای دەستووری توركیا و وەزیری دادی توركیایش وەكو مێوان بەشداربوون و تۆسیاد راوبۆچوونی خۆی لە رێگای سەرۆكی دادگای دەستوور و وەزیری دادی توركیاوە ئاراستەی حكوومەتی توركیا كرد.

بەر لە كۆبوونەوەكە من لەگەڵ یەكێك لە ئەندامە پایە بەرزەكانی تۆسیاد قسەم كرد و ویستم بزانم كە وەكو تۆسیاد چۆن سەیری چارەسەر كردنی پرسی كورد و قۆناغی نوێ توركیا دەكەن. ناوبراو پێ راگەیاندنم كە توركیا لە سی ساڵەی رابردوو بە هۆی پرسی كوردەوە لە رووی ئابووری و سەرمایەگوزاری دەرەكییەوە رووبەرووی زەرەری یەكجار گەورە بووەتەوە، چوونكە پرسی كورد و شەڕی پەكەكە و سوپا ببوو هۆكاری نائارامی لە توركیا و ئەم نائارامییەیش ببوو هۆكاری ئەوەی كە سەرمایەی دەرەكی لە توركیا نەخرێتە گەڕ. بەڵام ئێستە كە توركیا سەرقاڵی چارەسەر كردنی پرسی كوردە، سەرمایەی دەرەكیش روو لە توركیا دەكات. ئێمە وەكو تۆسیاد بۆ هاتنی سەرمایەی دەرەكی بۆ توركیا چی لە دەستمان بێت دەكەین، هەر بۆ ئەم مەبەستەیە كە ئێمە وەكو تۆسیاد ئامادەین بەو پەڕی هێزی و ئیمكاناتی خۆمانەوە پشتگیری لە هەنگاوەكانی حكوومەت و پەكەكە بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد بكەین.

تۆسیاد كە پێشتر بە هۆی سەروەر نەبوونی یاسا و نەبوونی دەسەڵاتی یاسایی لە توركیا نەیتوانیوە بە پێ پێویست چالاك بێت و رۆلی خۆی بگێڕێت، ئەمرۆ لە عەرەفەی ئامادە كردنی دەستووری نوێ توركیا و قۆناغی چارەسەر كردنی پرسی كورددا دەیەوێ بۆ بە دەسەڵات گەیاندنی دەوڵەتێكی یاسایی لە توركیا رۆلی خۆی بگێرٍێت و بۆ ئەم مەبەستەیش دەزانێت كە یەكەمین هەنگاو بۆ بە دەسەڵات گەیاندنی دەوڵەتێكی یاسایی ( دەوڵەتی یاسا) لە توركیا چارەسەر كردنی پرسی كورد و هەنگاوی دووەمیش ئامادە كردنی دەستوورێكی نوێ مەدەنییە بۆ توركیا.

تۆسیاد پێوایە كە دەسەڵاتی پارتی دادو گەشە پێدان بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد و سەردەمیانەتر كردنی توركیا و سیستەمی سیاسی توركیا زۆر جدییە، بۆیە تۆسیادیش لە كۆبوونەوەی خۆی لە ئەنقەڕە بریاری داوە كە كۆمیتەیەكی تایبەتی دابمەزرێنێت تا لە رێگای ئەم كۆمیتەیەوە هاوكاری دەوڵەت و پەكەكە بكات بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد و لە لایەكی دیكەیشەوە تۆسیاد بریاری داوە كە لەگەڵ كۆمیتەی ئامادەكاری دەستووری نوێ توركیادا كۆ ببێتەوە و راو بۆچوونی خۆی سەبارەت بە دەستووری نوێ توركیا ئاراستەی ئەم كۆمیتەیە بكات.

 

سەرچاوە. سەباح

 

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار