ئۆپۆزسیۆن بگاتە كورسی دەسەڵات، كوردیش دەگاتە جیهانی ڕاستییەكان
سوورە مەرگەیی
سیحر و جادووی درووشم و بانگەشەی درووستكردنی جیهانە خەیاڵیەكەی ئۆپۆزسیۆن كاتێك بەتاڵ دەبێتەوە كە بگەنە دەسەڵات، چونكە بۆ هەموو حزب و لایەنێكی سیاسی گرنگ و پێویستیشە كردارو ڕەفتاری دەسەڵاتدارێتی ڕەنگدەرەوەی وتارو درووشم و بانگەشەی سەردەمی ئۆپۆزسیۆنی بن، ئەوەی ئۆپۆزسیۆن دەیڵێ و داوای دەكات، تەنها بە خوای گەورەو باڵادەست جێبەجێ دەكرێ و ئەویش بۆ ڕۆژی ئاخیرەتی هەڵگرتووە، لە سیاسەتدا هەموو ئەگەرێك چاوەروانكراوە، ئۆپۆزسیۆن بۆ گەیشتنە دەسەڵات لە هیچ ناسڵمێتەوەو سەر بەسەر زۆر كوونی مەترسیداردا دەكات، لەو پێناوەشدا ملی كوێرە ڕێی پڕ هەڵدێری وەكو (ارحل)ی تاقی كردەوە، پەندی لە مێژووی (ارحل) وەرنەگرت و ئێستا بە لاواندنەوەی سیاسی و یاخی بوون لە بنەماكانی دیموكراتی و گووتنەوەی بەردەوامی درووشمی تەنها من ڕاستم، خەتێكی ڕاست و چەپ بەسەر بیركردنەوەی جیاوازدا دێنێ، گریمان بە یەكێك لەو ڕێگا نادرووستانەی پەیڕەوی دەكەن گەیشتنە دەسەڵات، دەبێ ئەو ڕاستییە بزانن كە درووشم و بانگەشەو درووستكردنی جیهانیە خەیاڵیەكەی ئێستایان بوونە پرسیارو بە گەشیتنە دەسەڵاتیان خەڵك داوای وەڵامیان لێدەكات.
دیارە ئاوەدانی و چەسپاندنی سیستەمی دیموكراتی و دابینكردنی خۆشگوزەرانی و پێشكەوتنی كۆمەڵایەتی بە قۆناغ دەچنە پێش، لەو بارەوە هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەو هەموو ئاستەنگە ناوخۆیی و عێراقی و هەرێمیەی بۆی درووستدەكرێ هەنگاوی باشی بڕیون و، ساڵانە پێشكەوتنی بەرچاو دەبینین، بیركردنەوەی نوێ و داهێنانی بەردەوامیش لەو قۆناغبەندیەوە سەرچاوە دەگرن، هەر كاتێ ئەو قۆناغبەندیە نەما بیركردنەوە دەگاتە خاڵی بنبەست و داهێنانیش دەوەستێ، بۆیە دەڵێم: ئەوەی ئۆپۆزسیۆن داوای دەكات ژیانی بەهەشتییە و گەیشتن بەو ژیانەش لە دەسەڵاتی خوای گەورەدایە، لە بەهەشت ژیان یەك تایمەو كەس پێویستی بە بیركردنەوە نییە، كەس پێویستی بە داهێنانی نوێ نییە، كەس پێویستی بە كاركردن نییە، ئەوەی بەهەشتی بێ چی حەز بكات دێتە بەردەستی، بخۆ، بخەوە، پاڵكەوە، مەجووڵێ و كار مەكە، مەترسە پارێزرای و پەلامار نادرێی، دەكرێ دوو لایەنە ئیسلامیەكەی ئۆپۆزسیۆن دوای گەشتنە دەسەڵات خەڵك لە چاوەڕوانیدا بێڵنەوەو بڵێن: خوای گەورە پاداشتی خێرتان بداتەوە، ئەوەی بە ئۆپۆزسیۆنی بانگەشەمان بۆ دەكرد جێبەجێ كردنی ئەو ئەركە ئیسلامیە بوو كە پێمان سپێردرابوو، ئەگەر بێتوو پشتیوانیمان بكەن و بە بیانووی جیاواز چاو نەبڕنە لەقكردنی پێگەی دەسەڵاتمان، ئەوەی لەم دنیا پێمان ڕاگەیاندوون لە دنیای ئەودیو پێیدەگەن، بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان بگاتە دەسەڵات بە درووستكردنی كام جیهان پەردە پۆشی درووشم و هەراوهۆریای ئێستای ئۆپۆزسیۆنی دەكات؟! مەگەر بە خەڵك بڵێن: بەدوا چوواندا مەچوون، ئەوەی گووتمان موزایەدەو درووشمی سیاسی بوو، ئەگەر نا لە گوتنەوەی ئەو گۆرانیە زیاتر شتێكی ترمان پێناكرێ.
ئەو جیهانەی دەتانەوێ.
هەرگیز لامان دەستناكەوێ.
پێموایە ئەوكاتەش ئەوەندە ڕاستگۆ نابن و بە بارێكی تردا فوو لە چرای ڕاستی دەكەن، بۆیە هەموومان دەزانین كە ئەو جیهانەی دەمانەوێ، هەرگیز لای ئۆپۆزسیۆن دەست ناكەوێ، بەڵام لەوەمان باشتتر دەستدەكەوێ ئەویش ئەوەیە: ئەگەر ئۆپۆزسیۆن بگاتە دەسەڵات، كوردیش دەگاتە جیهانی ڕاستییەكان و تێدەگات ئەوەی بە ئۆپۆزسیۆنی دەگوترا هەمووی چەواشەكاری سیاسی و خڵەتاندنی خەڵك و دەربڕینی ڕق و بوغزو كینەی كۆنی شكستەكانی مێژوو بوو،
ماوەتەوە بڵێم: ئۆپۆزسیۆن بە یەك ئاراستەو بۆ دوو ئامانجی جیاواز و دژ بەیەك هەنگاو دەنێ، هەرچی بزووتنەوەی گۆڕانە ئامانجی دامەزراندنی دەوڵەتە شارە لە سلێمانی و، هەرچی كۆمەڵ و یەكگرتووی ئیسلامیشە ئامانجیان گێڕانەوەی خەلافەتێكی ئیسلامی هاوشێوەی ئیمپراتۆری عوسمانییە، كەواتە لێرەدا دەگەینە ئەو ڕاستییەی كە ئاراستەكە دژایەتی كردنی پەیامی یەكهڵوێستی و كۆدەنگی نیشتیمانییەو، دوو ئامانجە جیاوازەكەش لە خاڵی تاكڕەوی و پاوانكردنی دەسەڵاتدا یەكدەگرنەوە، هیچ كامێكیش لەوانە لەگەڵ ئاراستەی كوردایەتی هەڵناكەن و بە ئامانجە نەتەواییەكانی كورد ئاشنانین، چونكە ئامانجی كورد دامەزراندنی دەوڵەتەو ئەوەش تەنها بە گرتنە بەری ئاراستەی نەتەوایەتی دێتەدی، نەك بە ئاراستەی ئینكاری سیاسی و خولانەوە لە بازنەی هێنانەدی ئامانجی حزبی.




