٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

ئیسلامییەكان و دەسەڵاتی سیاسی توركیا

سەرچاوە: KDP.info

نووسەر: عەلی بۆڵاچ

ئەم 10 ساڵەی دوایی كە لە توركیا تێپەڕ بوون بۆ ئەو پارت و لایەنە سیاسییانەی كە لە توركیا و لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا دەیانەوێ ببن بە دەسەڵات زۆر گرنگە. بەڵام بێگومان كە هەندێك كەس و لایەن بە ئارمانجی نانەوەی ئاژاوە و ناكۆكی بانگەشەی مردنی ئیسلامییەت دەكەن و دەڵێن ئیسلامییەت چی دیكە خاوەن ئەو هێزە و پێگەیە نییە كە بتوانێت ببێتە دەسەڵات و هەندێك كەس و لایەنی دیكەیش لە چوار چێوەی ئاواتدا ئەم بانگەشەیە دەكەن.

ئەگەر سەیری بارودۆخی ناوچەكە بە گشتی و بارودۆخی توركیا بە تایبەتی بكەین ئەوا بۆمان روون دەبێتەوە كە خۆ سەرقاڵ كردن بە شەڕی ئایدئولوژی و سپیكلاسیونە ئایدئولوژییەكان تەنیا و تەنیا بە فرۆدانی كاتە و هیچ شتێكی دیكە نییە. بەڵام بۆ توركیا زۆر گرنگە كە هەمیشە مەسەلەی پەیوەندی نێوان دەسەڵات و هێزە ئیسلامییەكان لە سەر مێزدا بێت و یەكێك بێت لە بابەتە هەرە گرنگەكانی دەسەڵاتە.

ئەگەر سەیری مێژووی رابردووی توركیا و رووداوە گرنگە كۆمەڵایەتییەكان بكەین ئەوا بۆمان دەر دەكەوێت كە هەمیشە دەسەڵاتی سیاسی توركیا و هێز و لایەنە ئیسلامییەكان سەرەڕای پاراستنی هاوسەنگی و یەك دەنگی لە نێو سیاسەتی دەرەكی توركیادا بەڵام لە نێو خۆدی توركیادا لە نێو ناكۆكی و ئاڵۆزی زۆر گرندا بوونە. ئەم ئەزموونەی رابردوو دەتوانێت هاوكارمان بێت بۆ ئەوەی كە لە داهاتوودا شابلونێكی نوێ و باش لە سەر پەیوەندییەكانی دەسەڵات و ئیسلامییەكان لە توركیا دەستنیشان بكەین.

دەسەڵاتی سیاسی ئەمرۆ كە لە دەست پارتی داد و گەشە پێداندایە، دەسەڵاتێكی ئیسلامی سەردەمییانەیە، سەرەڕای كەم و كۆرتییەكانی ئەم دەسەڵاتە توانیویەتی تا رادەیەكی بەرچاو لە رووی ئاینی، سیاسی و كۆمەڵایەتی و یاساییەوە پەیوەندییە ئاڵوزەكانی نێوان دەسەڵات و لایەنە سیاسییەكان بخاتە سەر روتایەكی ئاساییەوە و زەمینە بۆ بەهێزتر كردنی ئەم پەیوەندییانە لە داهاتوودا خۆشتر بكات. بەڵام هەندێك كەس و لایەن كە لە دژی بەهێز بوونی پەیوەندی نێوان دەسەڵاتی و ئیسلامییەكانن، دەستیان بە هەوڵدان بۆ تەشهیر كردنی پارتی داد و گەشە پێدان كردووە و دەڵێن ئەم پارتە هیچ پەیوەندییەكی بە ئیسلامییەتەوە نییە بەڵكو هەوڵ بۆ قۆرخ كردنی دەسەڵاتەكان بۆ سەرۆكی خۆی دەدات. بێگومان بۆ ئەوەی كە رووداوەكانی ساڵەكانی 90 دووبارە روو نەدەنەوە و كریار و رەفتارە خراب و ناشایستەكانی هەندێك كەس لە سەر ئیسلامییەت نەكرن بە وەسڵ و نەخرێنەتە سەر ئیسلامییەت پارتی ناوبراو ئاماژەی بەوە داوە كە ئایدئولوژیای ئیسلامییە بەڵام دەسەڵاتی نە دەسەڵاتێكی ئیسلامییە.

ئاكەپە سوودی لە ئەزموونی ساڵانی رابردوو وەرگرتووە. لە دەیەی 90ی سەدەی رابردوودا دەسەڵاتی سیاسی توركیا هەرچەند پەیوەندی باشی لەگەڵ هێزە ئیسلامییەكاندا نەبوو، بەڵام بە هۆی ئەو قەیرانەیەوە كە لە دەرئەنجامی پرسی كورددا رووبەرووی توركیا ببوویەوە، دەسەڵات دەستی بە بەكار هێنانی هێزە ئیسلامییەكان بە تایبەتی ئیسلامییە توندرەوەكان لە دژی كۆمەڵگەی خۆی كردبوو. شەڕی حزبڵلا و پەكەكە نموونەیەكی زۆر بەرچاو و ئاشكرای ئەم رووداوانەیە و هەر كەس دەزانێت كە حزبڵلا لە توركیا چەندە لە لایەن هێزە شاراوەكانی سەر بە دەسەڵاتی سیاسییەوە لە دژی پەكەكە و هاووڵاتییە كوردەكان بەكار هێنراوە.

ئەمرۆ ئاكەپە هەم وەكو پارتییەكی ئیسلامی و هەم وەكو دەسەڵاتی سیاسی توركیا بە هیچ شێوەیەك نایەوێ ئەو ئەزموونە تاڵەی ساڵانی رابردوو دووبارە بكاتەوە بۆیە سەرەتا هەوڵی بۆ سەرراست كردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان دەسەڵات و هێزە ئیسلامییەكانی توركیا داوە و دواتر هەوڵی بۆ داننان بە پێگەی سیاسی و كۆمەڵایەتی هێزە ئیسلامییەكاندا ناوە.

بۆیە ئەمرۆ وەكو رابردوو ناتوانین كە پرسی چۆنیەتی بارودۆخی هێزە ئیسلامییەكان لە حكوومەت بكەین و ئەو رەفتارانەی كە دەسەڵاتی سیاسی یا خۆ هەندێك كەس و لایەنی دیكە دەیكەن وەكو رەفتار و كریاری هێزە ئیسلامییەكان لە قەڵەم بدەین. لەم روویەوە دەسەڵاتی سیاسی توركیا زەمینەی بۆ ئەوە خۆش كردووە كە دەسەڵاتی سیاسی یا خۆد هێزە ئیسلامییەكانی نێو توركیا جیا و دوور لە دەسەڵاتی سیاسی وەكو رێكخراوێكی كۆمەڵگەی مەدەنی خۆیان لە نێو كۆمەڵگەدا بەجێ بكەن تا كۆمەڵگە بتوانێت چاودێری لەسەر هەڵسوكەوتی ئەم جۆرە هێزانە بكات و ئەم هێزانە و كریار و رەفتاری ئەم هێزانە لە كریار و رەفتاری دەسەڵاتی سیاسی جیا بكاتەوە.

ئەمە سیاسەتی سەعیدی نوورسییە ( سەعید كوردی) كە لە لایەن دەسەڵاتی سیاسی ئێستای توركیاوە لە بەرامبەر هێزە ئیسلامییەكان پەیڕەو دەكرێت، سەعید نوورسی وتوویەتی: ئێمە داوای دین و ئاین لە حكوومەت ناكەین بەڵكو داوای ئازادی دین و ئاین لە حكوومەت دەكەین. دەسەڵاتی سیاسی توركیا هەر چەند لە دەست پارتییەكی ئیسلامیدا بێت بەڵام بە هیچ شێوەیەك ئامادە نییە كە رێچەك بۆ هێزە ئیسلامییەكان دەستنیشان بكات و لە بەرامبەردا دەیەوێ ئەم هێزانە لە نێو كۆمەڵگەدا خۆیان نیشان بدەن تا كۆمەڵگە لە سەریان بریار بدات نە دەسەڵاتی سیاسی.

 

سەرچاوە: زەمان

هەواڵی پەیوەندیدار