پرۆژەی دەستوور و سازانی نیشتمانی دوو تایتڵ بۆ یەك ململانێی سیاسی

ئازا حەسیب قەرەداخی
پرۆژەی دەستوور
پرۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان پاش حەوت ساڵ كاركردنی لیژنەیەكی پسپۆر و بە سوودوەرگرتن لە شاراەزایانی بیانی و دەستووری چل وڵاتی دیموكرات و چاپكردنی یەك ملیۆن دانە لێی و گەیاندنی بە هەموو خێزانێك لە هەرێمی كوردستان و میدیا و دەزگاكانی راگەیاندن و كۆلیژەكانی یاسا و سیاسەت و چڤاك و كەسایەتی شارەزا و وەزارەت و فەرمانگاكان و، پاشان بەر لەبەرچاوگرتنی زیاتر لە 5200 نامەی رەخنەیی و تێبینی و پێشنیارنامە و، ئینجا بە سازانی نێوان 36 لایەنی سیاسی و رەزامەندی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزاییەكانی كوردستان و دەنگی 96 پەرلەمانتار پەسەند كرا. بڕیار بوو لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆكی هەرێمدا لە 25 ـی تەمموزی 2009 ـدا بخرێتە دەنگدانی گشتییەوە، وەلێ ئەو كارە نەكرا و وا خولێكی تەواوە بۆشاییەكی دەستووریی راستەقینەی لە هەرێمدا دروست كردووە و بۆتە هۆی بەشێكی زۆری ئەو كێشە و ئاریشە و خەوشانەی لە ژیانی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و ئیداری و یاسایی ئەم هەرێمە و جۆری پەیوەندییەكانی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی عێراقدا هەن.
پرسیاری هەنووكە ئەوەیە كە ئایا لەژێر تایتڵی هەمواركردنی ئەو پرۆژەیەدا تاكو كەی بێنە و بەرە بە دەستووری هەرێم دەكرێ ؟ بە جۆرێكی دیكە، لەژێر تایتڵی ململانێی سیاسی و حزبیدا تا كەی هەرێمی كوردستان دەستووری نابێ ؟!
كێشە و ئاریشەی سیاسی لە هەرێمدا هەن و لەسەر بنەمای تێگەیشتن لە هۆكار و ئەنجامەكانی ئەو كێشانە جەمسەرگیری سیاسی دروست بووە. هۆكارێكی سەرەكی ئەم حاڵەتی جەمسەرگیرییە و پاڵ بەیەكەوە نان و نەگەیشتن بە سازانی سیاسی لەسەر جۆری چارەسەر، نەبوونی دەستوورە وەكوو مەرجەعێكی یاسایی كە جەمسەرەكان و حەكەمەكانی نێوانیان پشتی پێ ببەستن.
هەنگاوەكانی چاكسازیی سیاسی و ئیداری لە هەرێمدا زۆر خاو دەچنە پێشەوە و لە هەندێ جومگەیشدا وەكوو ئەوە وایە چەقی بێ. هۆی سەرەكی ئەم حاڵەتە، لە بناغەوە نەبوونی دەستوورە لە هەرێمدا كە لە چاكسازیدا پشتی پێ ببەسترێ.
لەنێوانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی عێراقدا ژمارەیەك كێشەی هەڵپەسێراو هەن، نەبوونی دەستوورێك كە مەرجەعی سەركردایەتی سیاسی و گەلی كوردستان بێت بۆ دیاری كردنی جۆری مامەڵە لەگەڵ بەغدادا، چارەسەركردنی ئەو كێشانە دواتر دەخات.
پرۆسەی گەشەكردن لە هەرێمی كوردستاندا وێڕای بزاوتی خێرای بەڵام خودان بەرنامە و ستراتیژێكی رۆشن نییە، هەروەها قۆرت و بەربەستی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی دێنە پێش. یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكان نەبوونی دەستوورە وەكوو مەرجەعێك بۆ سیاسەت و ستراتیژی ئابووری و گەشەكردنی هەرێمی كوردستان.
زوو زوو ئاریشەی سیاسی سواغدراو بە رەنگی كۆمەڵایەتی لەسەر بابەتە جەندەری و ئایینی و بڕوا و عەقیدە و ئازادییەكانی بیروڕا و میدیا لە هەرێمی كوردستاندا سەر هەڵدەدەن و تا رادەی نمایشكردنی گوتار و رەفتاری توندوتیژانە هەڵدەكشێن و بەشێوەیەكی بەرچاو كۆمەڵگا و دەزگاكانی راگەیاندن و حكومەتیش تێوە دەگلێن بێ ئەوەی چارەسەری بنبڕیان لا بێ. یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی ئەم حاڵەتە نەبوونی دەستوورە وەكوو مەرجەعێكی یاسایی و سیاسی و كۆمەڵایەتی كە هەم پیرۆزییەكانی خەڵك بپارێزێ و هەم یەكسانی مرۆڤەكان و ئازادی بیروڕا و میدیا.
ئەمانە و چەندین نموونەی دیكە دەیسەلمێنن كە نەبوونی دەستوور بۆشاییەكی زیانبەخشە بۆ كۆی ژیانی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی هەرێمی كوردستان. هەمووانیش بەرپرسیارێتی ئەمەیان دەكەوێتە ئەستۆ.
بزووتنەوەی گۆڕان و
دەستوور و سەرۆك
كە ئۆپۆزسیۆن داوا دەكات ئەم پرۆژەی دەستوورە بگەڕێنرێتەوە بۆ پەرلەمان تا بە سازانی نیشتمانی، پرۆژەی دەستوورێك ئامادە بكرێت بۆ دەنگدانی گشتی، ئەوە لەبیر خەڵك دەبەنەوە كە ئەم پرۆژەیە بە سازانی 36 حزبی كوردستانی و پێكهاتەی نەتەوەیی و ئایینی و ئاینزاكان پەسەند كراوە.
ئەو سەردەمەی ئەم سازانە نیشتمانییە كراوە تەنیا "بزووتنەوەی گۆڕان" وەكوو بزووتنەوەیەك لە گۆڕەپانەكەدا نەبووە، بەڵام بە كردەنی لە ناو هەناوی یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا بووە، یەكێتیش بەشداربوویەكی راستەقینە و كارای داڕشتن و پەسەندكردنی ئەم پرۆژەی دەستوورە بووە.
هەڵبەت دەستوور نابەسترێتەوە بە دروست بوون و هەڵتۆقینی وەرزیانەی حزبی سیاسییەوە و هەر كە حزبێكی نوێ دروست بوو، لەبەرخاتری ئەو دەستوور بگەڕێنرێتەوە بۆ هەمواركردن و سەرلەنوێ دەنگدانی گشتی. پێدراوە سیاسییەكانی هەرێمیش لەم قۆناغەدا وەها نیشان دەدەن كە پۆلبەندی سیاسی نوێ لە ئارادایە و دەشێ لێكترازان و دروستبوونی حزبی دیكەیشی لێ بكەوێتەوە.
بزووتنەوەی گۆڕان لە پرسی پرۆژەی دەستووری هەرێمدا بەختی خۆی لەگەڵ دادگای فیدراڵی عێراقیشدا تاقی كردۆتەوە و وەڵامەكەی بە نەخێر دەستكەوتۆتەوە.
هەرێمی كوردستان وەكوو قەوارەیەكی سیاسی - دەستووریی و وەكوو حەقیقەتێكی جوگرافی و سیاسی یەك قەوارەی یەكگرتووە و قابیل بە دابەشكردن نییەو نابێ لە ژێر هیچ ناونیشان و پاساوێكدا هیچ كانتۆنێكی سیاسی لەناودا هەڵتۆقێنرێ. پرۆژەی دەستووری هەرێم داكۆكیار و پارێزەری ئەم بنەمایەو رەنگدانەوەی ئیرادەی یەكگرتووی هاوڵاتیانە و سەرۆكی هەرێمیش گوزارشتە لە سەروەری ئەم یەكگرتووییە. ئەگەر ئەم بنەمایە بە هەر دوو ئاماژەكەیەوە لەگەڵ ویستی لۆكاڵیانەی بزووتنەوەی گۆڕاندا ناگونجێ، كێشەكە لە پرۆژەی دەستووردا نییە تا بە سازانی نیشتمانی هەموار بكرێتەوە. بەڵكو كێشەكە لە دنیابینی بەرتەسك و لۆكاڵی بزووتنەوەی گۆڕاندایە كە پێویستە بە خۆیدا بچێتەوە و قاوغی قەتیس بوونی بشكێنێ.
هەر لە سەرینی دەستوورەوە، بزووتنەوەی گۆڕان لە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمدا كە پێشتر لە پەرلەماندا ئەنجام دەدرا، پێ داگیری كرد كە بكرێتە هەڵبژاردن بە دەنگی خەڵك. پێوەری لەمەدا دەرەنجامەكانی هەڵبژاردنی رابەر بوو لە ساڵی 1992 دا، كە هیچ كام لە كاندیدەكان دەنگی پێویستیان نەهێنا. وای زانی ئەگەر (مەسعود بارزانی) بچێتەوە بەر دەنگدانی خەڵك وەكوو ئەوسا دەنگی پێویست ناهێنێتەوە. لەمەدا بە هەڵەدا چوو، تەنانەت (بارزانی) دەنگی لە دەنگی هەردوو حزبە گەورە هاوپەیمانەكەیش زیاتر بوو. ئەمەیش شكستێكی ستراتیژی بزووتنەوەی گۆڕان بەگشتی و رێكخەرەكەی بوو بەتایبەتی. بۆیە ئێستا دیسانەوە گەڕاوەتەوە سەر بای بەڕەكۆن و پێ داگیری دەكات كە سەرۆك لە پەرلەمانەوە هەڵببژێردرێ بۆئەوەی دیار نەبێ كە (بارزانی) خودان چ بنكە و هێزێكی جەماوەرییە.
ماددەی 6ی پرۆژەی دەستوور
دوو لە حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێستا "یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی" ئەوسا بەشداربوویەكی راستەقینە و كارای پرۆسەی نووسینەوە و پەسەندكردنی ئەم پرۆژەیەی دەستوور بوون و ئەو راستییەش باش دەزانن كە ماددەی (6): " بنەماكانی شەریعەتی ئیسلام سەرچاوەیەكی سەرەكیی یاسادانانن"، بە سازانی سیاسی و ئایدیۆلۆژی و ئایینی و ئایینزایی پەسەند كراوە. بە گەڕانەوەی ئەم پرۆژەیە بۆ پەرلەمان، هیچ گەرەنتییەك نییە كە جارێكی دیكە ئەو سازانە بسازێنرێتەوە، چونكە بەشێكی بەرچاوی ناوەندی سیاسی و كۆمەڵگای مەدەنی و چالاكوانانی كایە كۆمەڵایەتییەكان و داكۆكیكاران لە ئازادییەكان و بەهای ئایین و ئایینزا جیاجیاكانی ناو كۆمەڵگای كوردستان ئەوسا هاتنە دەنگ و ئێستایش لەسەر ئەم مادەیە دێنەوە دەنگ و ئەوانیش داوای سازان دەكەن.
سازانی نیشتمانی
گـەڕانەوەی دەستوور بۆ پەرلەمان خراوەتە ژێر تایتڵی " سازانی نیشتمانی"ـەوە. وەلێ لە پشتەوەی سازان چەند پرسێك هەن، پێویستە لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن ئەو پرسانە بهێننە بەر رووناكی. ئەوانیش ئەمانەن:
یەكەم: مافی (فیتۆ)
تێگەیشتن و جۆری مامەڵەی گوتاری سیاسی ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ (سازان) وەكوو تێگەیشتنێتی لە مافی (فیتۆ). ئەوان نایانەوێ سازانی نیشتمانی رێكارێكی سیاسی بێ بۆ بەشداری و بەرپرسیارێتی لە پرسە چارەنووسسازەكاندا، بەڵكو دەیانەوێ سازانی نیشتمانی مافی فیتۆیان بۆ مسۆگەر بكات و لە ململانێی سیاسیدا وەكوو رێكارێكی یاسایی بەكاری بهێنن بۆ تێكشكاندنی ئیرادەی نەیارەكانیان.
مافی فیتۆ ئیرادەی خەڵكی كوردستان زەوت و فیتۆ دەكات و هیچ بەهایەك بۆ دەنگ و بەشداری ئەوان ناهێڵێتەوە و پۆچەڵی دەكاتەوە. نموونەیش ئەمەی ئێستایە كە تەنانەت بەر لەوەرگرتنی مافی ڤیتۆ، ئۆپۆزسیۆن دژی ئیرادەی ئازادانەی خەڵكن لەوەی دەنگ لەسەر پرۆژەی دەستوور بدەن.
مافی فیتۆ كۆڵەگەكانی سستمی دیموكراسی لە خۆكاندیدكردن و دەنگدان و هەڵبژاردنی پەرلەمان و زۆرینە و كەمینەی هەڵبژێردراو دادەڕمێنێ و كۆی ئەو سستمە فیتۆ دەكات.
مافی فیتۆ (پەرلەمان و حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێم) ئیفلیج دەكات و هیچ بەهایەكیان بۆ ناهێڵێتەوە.
مەحاڵە لە سایەی تێگەیشتنی فیتۆیانە بۆ سازان هیچ فۆرمێكی دیموكراسی گەڵاڵە بكرێ. مافی فیتۆ بە تەواوی پێچەوانەی دیموكراسی و سازانی نیشتمانییە. بۆیە بە فیتۆ پرۆژەی دەستوور هەموار ناكرێ و نانووسرێتەوە...
دووەم: سەروژێركردنی لۆژیكی سازان
سازان پرۆسەیەكی سیاسییە و دەرەنجامی یاسایی هەیە، نەك بەپێچەوانەوە كە سازان پرۆسەیەكی یاسایی بێ و دەرەنجامی سیاسی هەبێ.
سازان لەنێوانی حزبە سیاسییەكاندا دەكرێ و دەرەنجامە سیاسییەكانی لە پەرلەماندا دەخرێنە قاڵبی یاساییەوە.
سازان كە سیاسی بوو، سوود و ئەنجامە یاساییەكانی بۆ گەل دەبێ. بەڵام كە سازان یاسایی بوو، سوود و ئەنجامە سیاسییەكانی و تەنانەت سوودە یاساییەكانیشی لەناو ململانێ و عەرزی عەزەڵاتی سیاسیدا ناشرین و بێزراو دەكرێن.
ئۆپۆزسیۆن دەیەوێت سازان لە پرسێكی سیاسییەوە بكاتە پرسێكی یاسایی و دەرەنجامی سیاسی بۆ خۆی لێ بچنێتەوە. بە هەمان تێڕوانین مامەڵە لەگەڵ پرسی هەمواركردنەوەی پرۆژەی دەستووریشدا دەكات و نایەوێ سازانی سیاسی لەبارەوە بكات و دەستكەوتی یاسایی بۆ هەمووان لێ بكەوێتەوە، بەڵكو بە پێچەوانەوە دەیەوێ لەناو پەرلەماندا سازانی یاسایی لەبارەوە بكات تا لێوەی دەستكەوتی سیاسی بۆ خۆی كۆ بكاتەوە.
سێیەم: سازان بازنەیەك بۆ ئۆپۆزسیۆن
ئۆپۆزسیۆن، سازان تەنیا بەو بازنەیە تێگەیشتووە كە خۆیانی تێدان. لە دەرەوەی ئەم بازنەیە هیچ حزبێك یان پێكهاتە و قەوارەیەكی دیكەی نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزایی و تەنانەت كۆمەڵگایی نابینن.
بازنەیەك نابینن كە جگە لە پارتی و یەكێتی 34 حزبی دیكەی تێدایە و لەوانە خودان كورسین لە پەرلەماندا و پێشتر سازانیان لەسەر ئەم پرۆژەی دەستوورە كردووە، بەڵام ئۆپۆزسیۆن بە ئاسانی دەیەوێ فڕێیان بداتە دەرەوەی بازنەی سازانی نیشتمانی.
ئۆپۆزسیۆن بازنەیەكی فراوان نابینن كە هاوڵاتیانی بێ لایەنی تێدایە و لەوانەیە بەشداری نەكەن لە هەڵبژاردنەكاندا بەڵام ئامادەن بەشداری بكەن لە دەنگدان بۆ دەستوور. وەلێ ئۆپۆزسیۆن لە ژێر تایتڵی سازانی نیشتمانیدا هەم بێ بەشیان دەكات لە سازان، هەم بێ بەشیان دەكات لە دەنگدان.
ئەوان بازنەی ئەو رێژەیە نابینن كە جیاوازی نێوان رێژەی دەنگدانە بە پارتی و یەكێتی لەگەڵ رێژەی دەنگدان بە سەرۆكی هەرێم و دەیانخەنە دەرەوەی سازانی نیشتمانی.
هەموو ئەم ئیشكالییە سیاسی و كۆمەڵایەتییانە بەوە چارەسەر دەبێ كە ئۆپۆزسیۆن لە غروری خۆی كەم بكاتەوە و بگاتە ئەو بڕوایە كە سازانی نیشتمانی بازنەیەكە بۆ هەمووان. بازنەیەكە ئۆپۆزسیۆن و حزب و لایەن و نەتەوە جیاجیاكان و كریستیان و ئیزیدی و پێكهاتەكانی دیكە و پارتیشی تێدایە.
چوارەم: سازان یانەی رۆشنبیرییە
گوتاری میدیایی ئۆپۆزسیۆن و جۆری كاركردنی لە كایەی هوشیاركردنەوەدا سەبارەت بە سازانی نیشتمانی، وەها نیشان دەدات كە ئۆپۆزسیۆن سازان بە یانەیەكی رۆشنبیری و فیكری تێگەیشتوون كە تەرخانە بۆ گفتوگۆ و قسەكردنی بێ كۆتایی. لەكاتێكدا سازانی نیشتمانی مەتبەخێكی سیاسییە بۆ قسەكردن لەپێناوی بڕیارداندا.
هەرێمی كوردستان بەو كێشانەی هەیەتی و بەو كێشانەیشەوە كە بەردەوام بەغداد بۆی دروست دەكات و بەو ئەگەرە مەترسیدارانەی گۆڕانكارییە دراماتیكییەكانی ناوچەكە بۆی هەڵدەتۆقێنن، چیتر بەرگەی ئەوە ناگرێ دەستووری نەبێ و سازانی نیشتمانیش یانەی رۆشنبیری و بابەتی میدیایی و بازنەی تەسكی غروری چەند حزبێك بێت و هیچ بڕیارێكی لێ سەوز نەبێت. خەڵكی كوردستانیش بەرپرسیارێتی بۆشایی دەستووریی لە هەرێمی كوردستاندا دەخاتە ئەستۆی هەمووان.
رۆژنامەی هاوڵاتی
29/5/2013




