٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

بۆ کێشەی دەستور، کێ بڕیار دەدات؟

سەرچاوە: KDP.info

غازی حەسەن

 

کوردستان هێشتا نە بۆتە وڵاتێکی سەربەخۆ، بەڵام حکوومەتێکی فیدرالی سەربەخۆی لە بڕیاری سیاسی و ئابوری و دانانی یاسادا هەیە. کوردستان سەرۆک و پەرلەمانیشی هەیە، بەشێوەیەکی دەستوری و یاسایی کار دەکەن. وەلێ هێشتا نەبووەتە کیانێکی سەربەخۆ، تاکو لە رووی دەستوری و سیاسییەوە، بەشداری بڕیارە نێودەوڵەتییەکان و  کۆمەڵگەی پێشکەوتووی دیموکراسی  بکات و هەورەها وەکو کینانێکی دانپیانراو لە نەتەوە یەکگرتووەکان پێشوازی لێبکرێت.

کوردستان پرۆژەی دەستوری هەیە و لە ساڵی ٢٠٠٥ ەوە  لە نێو پەرلەمان گفتوگۆی لەمەڕ دەکرێت، لەراستیدا چەند ساڵێک پێش ئێستە پەرلەمان بە زۆرینەی دەنگ پرۆژە یاسای دەستوری هەرێمی کوردستانی پەسند کردووە و تەنیا ئەوەی ماوە بدرێتە دەنگدان و راپرسییەوە. ئەو کات و ئێستەش گفتوگۆی سیاسی و هەتا حزبیش لەمەڕ ئەم پڕۆژە یاسایە هەیە.

ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوانەی لە ماوەی رابردوو دژی ئەوە بوون لە پەرلەمانی کوردستان مەسەلەی هەڵبژاردنی سەرۆک و هەندێک بواری دیکە بڕیاری لێبدرێت، دەیانویست خەڵک راستەخۆ دەنگ بەسەرۆکی هەرێم بدات. کەچی هەنکووکە لەبەر تێکچوونی هاوسەنگی هێز و پێگە سیاسییەکان و سەرهەڵدانی رۆلی هەندێک لایەنی دەرەکی لە دەستوەردان لە مەسەلە گرینگ و ستراتیژییەکانی کوردستان. یەکێک لەو مەسەلانەش نمونەی بڕیاردان لە دەستوری هەرێمە، کە مسەلەیەکی ستراتیژییە و پێگەی هەرێم لە  داهاتوو لە رووی دەستوری  و پەیوەندی نێودەوڵەتی و دیاریکردنی جوگرافیای کوردستان و بەرهەمهێنان و  ئابوری و رۆشنبیری و پێکەوەژیانی پێکهاتەکانی کوردستان دیار دەکات، ئەو لایەنانەی دوێنێ دژی چارەسەرکردنی مەسەلەکان لە ناو پەرلەمان بوون هەنووکە بایان داوەتەوە و دەڵێن نەخێر دەبێت شتەکان لە پەرلەمان لە رێگەی هاوسەنگی و رێککەوتنی سیاسی و حزبی لە نێو پەرلەمان چارەسەر بکەین. نیەگرانی رای گشتی لەوەیە کە مەسەلە دەستورییەکان کە دەخرێنە ژێر کاریگەری مەزاج و کاردانەوەی ئایدیۆلۆژی و بەرژەوەندی بەرتەسک، رەهەندە نیشتیمانییەکان لاواز و بێ متمانە دەبن.

ئەمە مەسەلەیەکی گرینگ دیموکراسییە، چونکە بەشی هەرەسەرەکی راپرسی پەیوەستە بە دەرفەتدان بە خەڵک و تەواوی پێکهاتە ئاینی  و نەتەوەیی و ئافرەتان و گەنجان و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگە بۆ ئەوەی بەشداری سیاسی و بەکارهێنانی مافەکانیان لە بڕیارێکی گرینگی وەکو راپرسی لەسەر پرۆژەی دەستوردا  بە کاربهێنن.

لە کوردستاندا گروپێک هەن بەشداری لە راپرسی ناکەن، هەشیانە هێشتا یەکلایی نەبۆتەوە بەشداری دەکات، یاخود بەکارتی سپی بەشداری لە راپرسی دەکات.  گروپێکی دیکە هەیە پەیوەندیان بە بڕیار و بۆچوونی لایەنە سیاسییەکانەوە هەیە. دوور نییە ئەوانەش بەشێکی کەمیان لە دواین ساتی راپرسی دەنگی خۆیان بگۆڕن، بە ئیجابی یاخود سلبی بەشداری لە راپرسییەکە بکەن.

گرفت لێرە ئەوە کە خەریکە مەسەلەی راپرسی لە مەڕ دەستور کە پەیوەستە بە چارەنووسی نیشتیمان و  پتەوکردنی پێگەی دەستوری و یاسایی و سیاسی و دیموکراسی و مافی مرۆڤ لە کوردستاندا، بچوک دەکرێتەوە لە ئەنجامی باڵاتر نیشاندانی ناکۆکی و تێڕوانینی سیاسی هەنووکەیی و  بەرچاوتەنگی هەندێک لایەن لە تێڕوانینی سیاسی و هەروەها گروپێکیش دەیانەوێت لە رەخنەکانیان مەسەلە لەوە بچوک بکەنەوە کە گوایە ئەم دەستورە بۆ تەنیا کەسێک دەنووسرێتەوە.

من پێم وایە نابێت راپرسی  وەکو مەبدەئێکی نیشتیمانی تێکەڵی هەندێک بۆچوون و بەرژەوەندی و کاردانەوەی کورت بینانە بکرێت. مەسەلەی راپرسی بۆ بڕیاردان لەسەر پرۆژەی دەستوری هەرێمی کوردستان پەیوەستە بە پێکهێنانی کیانێکی دەستوری و کۆمەڵگەیەکی مەدەنی و حکوومەت و پێکهاتەکانی دیکەلە سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمان و دادگا بە پێی دەستور. نابێت ئەو مەسەلە ستراتیژییە تەنیا لە روانگەی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە قالب بدرێت. چونکە سەرۆکی ئایندەی هەرێمی کوردستان هەر کەسێک بێت ئەگەر کار بۆ بەدەوڵەت بوون و  پێکهێنانی کیان و بارێکی ئابوری و دەروونی  و ئەمنی و رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی نەکات، هەروەها شتی باشتر لەوەی ئێستە  نەکاتە بەرنامەی خۆ کاندیدکردن، مێژوو گلەیی لێدەکات. ئەو سەرۆکەی ئێستەی لە دەسەڵاتە ئەگەر زەمینەی بەشدارکردنی خەلک بە شێوەیەکی شەفاف و دیموکراسی و ریزلێگیراو بۆ راپرسی لە سەر دەستور دروست نەکات، دەکەوێتە ژێر پلارو رەخنەوە.

هەورەها دەستوریش دەبێت ئەمە بکاتە بنەما بۆ بەشداری کردنی خەڵک لە بڕیار دان لە کێشە  و مەسەلە چارەنووساز و ستراتیژییەکان. کەواتە کاتێک بماونەوێت چەمک و بنەما سەرەکییەکانی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی و دیموکراسی پتەو بکەین، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ راسی خەڵک، با خەڵک بڕیار بدات و لایەنە سیاسیەکانیش سیاسەت بکەن.. لە پێناو رێزگرتن و جێبەجێکردنی ئەو هیواو و بڕیارانەی خەڵک دەنگی بۆ دەدات.  بۆیە هەڵبژاردنی خەڵک لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان و بەسداری پێکردنیان لە بڕیاری گرینگدا کارێکی گونجاوە و متمانە و پێگەی دیموکراسی پتەوتر دەکات، نەک بە پێچەوانە. ئەوەی ئەمڕۆ شەڕ لە پێناو خەڵک دەکات، دەبێت دەرفەت بۆ بەشداری خەڵک دروست بکات، نەک رێگرتن لە بەکارهێنانی مافەکانیان.

هەواڵی پەیوەندیدار