لە یای 37 ساڵەی بەرپابوونی شۆشی گوڵاندا... پێشمەرگەی دێرین (حەدە مۆمنی)

پێشمەرگەی دێرین (حەدە مۆمنی): ژیانی پێشمەرگایەتی منی فێرە خوراگر و سەبر و تەحمول كرد، لە شۆڕشی گوڵاندا هەمیشە ئامۆژگارییەكان ئیدریس بارزانی و سەروك مسعود بارزانی بۆ ئێمە پێشمەرگان ئەوە بوو كە نابی ورەمان لە دەست بدەین و نابی بێ ئومێد بین دەبی هەمیشە بیر لە سەركەوتن بكەینەوە
دەڤەری بارزان -- سەفەر یوسف میرخان ژاژوكی
زۆرن ئەوانەی كە هاندەری ڕێبازی بارزانیی نەمر و كوردایەتی بوونە تا هەستی نەتەوەپەروەری و ئازادیخوازی بكەنە ژیانیان، بۆیە رۆڵەكانی كوردستانیش لە قوتابخانەیەك لەم ڕێبازەدا فێری تێكۆشان و كۆڵنەدان بوونە و هەموو كات لە پێناو ژیانی گەلەكەیان بەرەو پیری مەرگ چوونە. ئەو رۆژگارە سەختانەی كە ئەمرۆی ئازادی و فیدراڵیان بۆ كوردستان بەرهەم هێناوە، بۆیە ئێمە دەبی بە شانازییەوە هەمیشە ئەو دیرۆكە بە زیندوویی رابگرین، گۆشەكیش لەم ئەركە بە سەركردنەوەی پێشمەرگە دێرینەكان و هەڵدانەوەی لاپەڕەكانی بیرەوەری و گێڕانەوەی خەباتنامەی پێشمەرگایەتیانە كە یەكێك لەو پێشمەرگە قارەمانە مام (حەدە مۆمنی) تێكۆشەرە كە هەمیشە جێگای شانازیی كوردستان بووە كە بە هەموو ئیرادەیەك خەباتی كردووە بۆ كوردایەتی. بۆ بەرز راگرتنی یادی 37 ساڵەی بەرپابوونی شۆڕشی گوڵانی پێشكەوتنخواز درێژەپیدەری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول لە دەڤەری بارزان لە ناحیەی گۆڕەتوو سەردانی ئەو قارەمانەمان كرد یەكێك لەو تێكۆشەرە دێرین و ماندونەناسانەمان بەسەركردوە، كە ئەویش پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و راپەڕین (حدو حالی بانی) ناسراوە بە (حەدە مۆمنی). كچی گەنجی (خانم) لە كارەساتی زێوە گیانی لە دەست داوە:
• پێشمەرگەی دێرین (حەدەمۆمنی) لە خانوادەیەكی كوردپەروەر و خەباتكار لە گوندی (بانی) سەربەدەڤەری بارزان لە دایك بووە لە تەمەنی منداڵی بووە كە لە ساڵی 1945 گەڵ خانوادەكەی ئاوارەی كوردستانی رۆژهەڵاتی ئێران دەبێت، باوكی تێكۆشەری (حالی بانی) لە ئەنجامی ئەو رێگا نەخۆشە لە مەهاباد بە هۆی نەخۆشی كوشندە گیان لە دەست دەدا، بەڵام لە دوای باوكیان دایكی دڵسۆزی پەروەردەكردنی منداڵەكانی لە ئەستۆ گرت، ئەو خانوادەی زۆر غەریبی و ئاوارە و دەردەسەریان كێشاوە، (حەدە مۆمی) هەر لە تەمەنی لاویەتی هزری نەتەوایەتی دەچێتە ناخی بۆ كوردایەتی و دەبێتە پێشمەرگە و یەكێك لەو دڵسۆزانە بووە كە لە گەڵ بارزانیی نەمر بەشداری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول دەكات لە دەڤەری بادینان كە رۆڵێكی قارەمانانە هەبووە بەشداری شەڕەكانی پیرس، سەر ئاكرێ، چیای زاویتە و گەرماوە و مەریبا و كردووە، كەسێك باوەرپێكراو نزیك بارزانیی نەمر بووە و بەشداربووی شۆڕشی گوڵانی پێشكەوتنخوازكە رۆڵێكی گیانفیدای هەبووە و بەشداری داستانی خواكوڕكی كردووە و پێشمەرگەی راپەڕین بووە.
• لە سەرەتا لێمان پرسی خوێندنەوت چیە بۆ شۆڕشی گوڵان ؟ مام (حەدە مۆمنی) گوتی:
هەر لە دوایی نسكۆی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول كە هەزاران هەزار خەڵكی كوردستان لە گەڵ رابەری كوردستان كە ماڵ و خێزان و منداڵەوە كە ئاوارەی ئێران بوون، هەرچەندە كە لەوێشدا رژێمی ساواك شای ئێرانی ئێمەی ئاوارەكانی هەموو بە سەر چەندین ناوچە و شار و پارێزگایەكان و شارە دوور و نزیكەكانی ئێران دابەش كردین، بۆ ئەوەی هیچ جاری تر بزاڤ بۆ كوردایەتی نەكەین، بەڵام ئێمە روحیەمان لە دەست نەدا و بە باوەڕیمان بە بارزانیی نەمر و پارتیمان و جەماوەرە خۆڕاگرەكەمان هەمان هەڵوێستی شۆرشگێڕانمان هەبوو بۆ ئازادی كوردستان، دەستمان لە ناو دەستی یەكترنا بۆ ئەو هەستەی كە بەرامبەر بە خاكی كوردستانمان هەبوو و توانیمان لە گەڵ رابەرمان شۆڕشێك دروست بكەین كە ئەویش شۆڕشی گوڵان هەمان درێژە پێدەری ئەیلوولی مەزن بوو، ئەم شۆڕشە هەر لە دەستپێكی كە بیرۆكەی باوكی كورد بارزانیی نەمر بوو كە بڕیاریدا دەبێ شۆڕش بەرپا بكرێتەوە، كە دواتر ئەو شۆڕشە ناونرا شۆڕشی گوڵان ئێمە بە هەمان ئیرادەی خۆمان چ ئەوانەی كە پێشمەرگەكانی ئەیلوول بووین بە هەمان هەست چووینە ناو رێزەكانی لەشكری كوردستانی بۆ ئازادی وڵاتمان. بەحقیقەت شەهیدی جوانەمەرگ كاك ئیدریس بارزانی و سەرۆك مسعودبارزانی هەردووكیان قوتابی قوتابخانەی باوكیان بوون و لەو قوتابخانەیە فێری كوردایەتی ببوون بۆ رزگار كردنی كوردستان و شۆڕش لە سەر شانی ئەوان بوو لە هەموو روویەكەوە خزمەتیان دەكرد چ لە ئاوارەیدا چ لە كوردستانی ئێراقیش بە هەمان شێوە، ئیدریس بارزانی توانی لە ئاوارەییدا لە ئێران زۆربەی پێشمەرگەكانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول كۆبكاتەوە لە هەموو شارو شارۆچكەكانی ئێران و پەیوەندی كرد بە جەماوەری كوردستان و پێشمەرگەكانی تر لە دیوی كوردستان هەر یەك لە ئێمە ماڵ و جێگای خۆمان بەجێهیشت هاتین بۆ سەر سنوورەكان، لەوێوە پەیوەندیمان كرد، هەر یەكێكمان لەو شوێنانەی كە زیاتر شارەزاییمان پێ هەبوو، بەم شێوەیە دەستمان كرد بە شۆڕشی گوڵان، بووینە پێشمەرگە و جارێكی تر لە ناو سەنگەرەكانی تێكۆشان خەباتمان كرد بۆ شەرەفی میللەتەكەمان و كوردستانێكی ئازاد .
• مام (حەدە مۆمنی) لە بارەی رۆڵی ئەندازیاری ئاشتی كاك ئیدریسی هەمیشە زیندوو لە هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی گوڵان و سیفەتە بەرزەكانی ئەم سەركردەیە بەم شێوەیە هاتە ئاخەوتن:
ئیدریس بارزانی كەسایەتی ناوداری كوردستان بووە هەمیشە خەباتی دەكرد، ئەوەندە مرۆڤێكی كوردپەوەر بووە هەمیشە لە گەڵ جەماوەری كوردستان هەمیشە دەیگوت دەبی میللەتی كوردستان بكاتە ئاواتەكانی خۆی و كوردستان رۆژێك هەر ئازاد دەبێت. ئیدریس بارزانی هەمیشە پیاوی رۆژانی تەنگانە بووە لە ئاوارەیی پاڵپشتێكی مەزن بۆ كوردەكانی ئاوارە بووە كاك ئیدریس بارزانی وەكو پێشمەرگە بوو، وەك پێشمەرگە دەژیا و بە خۆی پێشمەرگەكانی پارتی و رێبازی بارزانیی نەمر هەرچیان دەخوارد ئەویش هەر هەمانی دەخوارد و لە پێشەوەی مەیدانی كوردایەتی بووە هیچ كاتێك پلە و پایەی لای نەبوو و ئەو پێشمەرگە و بەرپرسەی خۆشی دەویست كە خزمەتی كوردستانیان كرد بێت و هەموو جار سەردانی ماڵ ئێمە پێشمەرگەكان كردووە و هەمیشە خانوادەی شەهیدانی بەسەردەكردەووە و هەمیشە بە خۆی و جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی پشت و پەنای ئێمە ئاوارەكان بوون هەرچی لە دەستیان دەهات بۆ كوردایەتی ئامادە بوون خزمەت بكەن.
• دەتوانی لە هەندێك لە بیرەورییەكانی رۆژانی سەختی خەبات باسی رۆڵی ئەندازیاری ئاشتی ئیدریس بارزانی و جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی بكەی؟ مام (حەدە مۆمنی) گوتی:
بە حەقیقەت رۆڵی ئەو دوسەركردە زۆر كاریگەری هەبووە بۆخەباتی كوردایەتی، ئێمە هەمیشە روحیەمان بەرز دەبوویەوە كە ژیانی پێشمەرگایەتی وەك ئێمە بوون و باس كردن لەو دوو سەركردە ئیدریس بارزانی و سەروك مسعود بارزانی بە سەدان لاپەڕە تەواو نابێت چونكە مێژوو شاهید دەدات هەردووكیان لە شۆڕشی گوڵان هەمان بیروچوونەكانی باوكیان بارزانیی نەمر هەبووە، هەموو كاتێك نەخشەی مەیدانی شەڕی بۆ دوژمن دادەنا كە گەورەترین زەربەی لە دوژمن دەدا خاوەنی پڵانێكی سەركەوتوویی بوون و گەورەترین دەسكەوتیان بۆ مێژووییی بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان بە دەستیان دەهێنا شۆڕشی گوڵانیشدا توانیان جەماوەرو خەڵكی دڵنیابكەنەوە كە لە رێبازی كوردایەتیدا كوردستان هەمیشە گۆڕەپانی راستەقینەی خەباتەو هەرگیز واز لەم رێبازە ناهێنین و شۆڕشی بارزانیی نەمر بەردەوامە. هەمیشە ئامۆژگارییەكان بۆ ئێمە پێشمەرگان ئەوە بوو كە نابی ورەمان لە دەست بدەین و نابی بێ ئومێد بین دەبی هەمیشە بیر لە سەركەوتن بكەینەوە.
• لە بارەی رۆڵی پەناهەندەكانی كورد لە ئێران مام (حەدە مۆمنی) چاوەی پڕ لە فرمێسیك گوتی:
بە حەقیقەت رۆڵی جەماوەری كوردستان رۆڵێكی یەكجار زۆر بوو، جەماوەری كوردستان و بە تایبەتی ئاوارەكان كورد لە ئێران رۆڵێكی مەزن بووە بۆ شۆڕشی گوڵانی پێشكەوتنخواز، هەموویان ماڵ و منداڵی خۆیان بە جێهشت و هاتنە ناو سەنگەرەكانی شۆڕش. دەمەوێت بڵێم نابی لە شۆڕشی گوڵان رۆڵی ئافرەتەكان لە بیر بكەین چونكە ئافرەتەكان سەرەڕای ئەوەی پیاوەكانیان لە سەنگەری خەبات بوون و دەبوایە لە لایەك منداڵەكانیان بە خێو بكەن و لە لایەكی تریش دەبووا بۆ بژیوی ژیان ئیش و كار بكەن، تاكو منداڵەكانیان لە برسان نەمرن، هەمیشە ئامادەی پاڵپشتی بوون بۆ شۆڕشی گوڵان، لە یادمە چەندین جار كاك ئیدریس بارزانی لە ئاوارەیی دا دەیفەرموو: كە دەبی تەحموڵی هەموو شت بكەن و هەتا لە گەڵ برایانی ئێرانی برایانە رفتار بكەن و ئەگەر هەركەسێك كێشەیەكی هەبوو دەبی هاوكاری یەكتر بن. هەتا كاك ئیدریس بارزانی دەیفەرموو : لە ئاوارەیی دا رەسەنی كورداییەتی خۆتان لە بیر نەكەن و بزانن كە دوژمن چەند زۆڵمی لە ئێمە كردووە، ئومید بە خوای گەورە ئێمە بەردەوام دەبین لە خەباتمان و دوژمنمان شكست دەدەین و دەگەڕێینەوە كوردستانی ئازاد، بۆیە پەناهەندەكانی ئێران و هەتا جەماوەری ناو كوردستانی ئێراق پەیوەندییان كرد بە شۆڕشی گوڵان.
• ژیانی پێشمەرگایەتی تۆی فێرە چ كردووە، مام (حەدە مۆمنی) گوتی:
ژیانی پێشمەرگایەتی منی فێرە خوراگر و سەبر و تەحمول كرد، هەمیشە بارزانیی نەمرخۆی بە پێشمەرگەی كوردستان دەزانی چونكە دەیزانی پێشمەرگە واتە بەرگری لە شەرەف و كەرامەتی میللەتی كوردستان، من 52 ساڵە پێشمەرگەمە هەموو تەمەنی خۆم لە پێشمەرگایەتی بۆ كوردستان تەرخان كردووە لە پێناو ئامانجەكانی بارزانیی نەمر، بۆیە ژیانی پێشمەرگایەتی منی فێرە هەموو تەحمولێك كرد بەرامبەر ژیان، بەرامبەر برسیویەتی و ماندووبوون و تینیویەتی و سەرما و گەرما و برینداربوون و هەڵویستی وێژدانمان هەبێت بەرامبەر كوردستان و هەتا نەبوونی خۆمان بە بێ جیاوازی دابنین ناوی پێشمەرگەیە بۆ ژیانی پێشمەرگایەتی فێری ڕێزگرتنی بەرامبەرو فێری ئەوەمانی كرد، كە هیچ كاتێك تەعدا قبوڵ نەكەین و خۆشمان مرۆڤی راستگۆو ئازاو میهرەبان بین، هەمووی ئەوە ژیانە لە قوتابخانەی كوردایەتی بارزانیی نەمربووە كە فێری ئەوەی كردین دەبێت هەموومان بەرامبەر كوردستان هەست بەرپرسیارەتی بكەین. فێری كردین دادپەروەر بین و جیاوازی نەكەین لە ناو ژیانی پێشمەرگایەتی و لەگەڵ خەڵكدا. لە ژیانی پێشمەرگایەتی فێری ئەو بووین كە دەبێ بە هێزێكی پڕ ورەوە هەموو كاتێك خۆمان ئامادەی پێش مەرگ بكەین بۆ سەركەوتنی خەباتی كوردستان. بەشازییەوە كە خۆم بە یەك لە پێشمەرگەكانی كوردستان بزانم بۆ من شەرەفە.
• لە كۆتاییدا چ پەیامێكت هەیە؟ مام (حەدە مۆمنی) گوتی:
من زیاتر لە 52 ساڵ دەبێت كە پێشمەرگەمە و هەتا دەمرم خۆم هەر بە پێشمەرگەی رێبازی بارزانیی نەمر كە كوردایەتیە دەزانم ئێمە دەبی لەسەر هەمان ریبَازی بارزانی نەمر و كاك ئیدریسی هەمیشە زیندوو هەموو شەهیدانی كوردستان كە گیانیان فیدای نیشتمان كرد و بەردەوام بین و نابێ خەبات و ماندووبونی ئەوان لە بێر بكەین . هەروەها نابی شۆڕشەكانی كوردستان و شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و گوڵان لە یاد بكەین و هەتا ئەو پێشمەرگە قارەمانانەنەی كە خەباتیان كردووە و هەتا ئێستا بریندار و پەتككەوتوونە و خوێنی شەهیدانی كوردستان لە یاد بكەین كە ئەوان بوونە بەرهەمی ئەمڕۆی كوردستان تێیدا خاوەن ئاڵا و حكوومەت و پارلمان و سەرۆكی هەرێمی كوردستان جەنابی سەرۆك مسعود بارزانین. ئەوەیش بۆ سەقامگیری و تەبایی كوردستان خەبات دەكات و كوردستان لە سایەی ئەو دا ئەمن و ئارامی و تەبایی و ئاشتی بەردەوام باڵی بە سەر كێشاوە. هیوادارم نەوەی ئەمڕۆو ئایندە مێژووی نەتەوەكەیان بخوێنەوەو رێز لە خەبات و قوربانیدانی گەلەكەیان بگرن و بە دڵسۆزیەوە خزمەت بە نەتەوەو نیشتیمانەكەیان بكەن. زۆر سوپاس بۆ ئێوەی بەڕێز و رۆژنامەی خەباتان كە هەموو كات ئێمەی پێشمەرگەقارەمانەكان و خانەوادەی شەهیدان و هەڤاڵانی بارزانیی نەمر بەسەردەكاتەوە، سەركەوتوو بن.لەكۆتاییدا پێرۆزبایم لە هەموو پێشمەرگەكانی كوردستان و بنەماڵەی سەربەزی شەهیدان دەكەم و هەزاران سڵاو و درود بۆ گیانی پاكی شەهیدانی بزاڤی رزگاریخوازی و سەرقافلەیان بارزانیی نەمر و كاك ئیدریسی هەردەم لەیاد.
• تیبینی: ئەم بابەتە لە ژمارەی(4328) رۆژنامەی خەبات(27-5-2013) بڵاو بوویتەوە.




