٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

شــــۆڕشی گــــوڵان ئومێد و ئاییندەی گەش

سەرچاوە: KDP.info

ئەمڕۆ ٣٧ ساڵ بەسەر هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵانی نیشتیمانی تێدەپەڕێت، شۆڕشی گوڵان و قۆناغەکەی، شۆڕشی گوڵان ئامانجەکانی، شۆڕشی گوڵان و دەستکەوتەکانی، خوێندنەوەیەکی قووڵ و فرەڕەهەندی گەرەکە کە لێرەدا گرنگترینیان دەخەینە ڕوو:

- شۆڕشی گوڵان درێژەپێدەری شۆڕشی مەزنی ئەیلوولە، هەر بۆیە دەکرێ بڵێین درێژەپێدەری هەمان ڕۆحی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستانە کە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بەڕێبەرایەتی بارزانیی نەمر ئیلهامبەخشیەتی لە پێناو ئازادی و وەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەکانیدا.

- شۆڕشی گوڵان لە قۆناغێکدا هەڵگیرسا کە جۆرێک لە بێ ئومێدی باڵی بەسەر کوردستاندا کێشابوو، گوڵان نەک هەر بێ ئومێدی ڕەواندەوە، بەڵکو ئومێدیشی خستەوە نێو ڕیزەکانی خەبات و گیانی ئازادیخوازانەی خەڵکی تێکۆشەری کوردستان، هەر بۆیە لە سەرەتاکانی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵاندا، تێکۆشەران و ئازادیخوازانی کوردستان بەوپەڕی گەرموگوڕی و گیانی فیداکارییەوە پشکدارییان لەو شۆڕشە ئومێدبەخشەدا کرد و، داستان و ڕووبەڕووبوونەوەکانیش باشترین شاهیدی ئەو قۆناغە گرنگەن لە مێژووی شۆڕشگێڕیی گەلەکەماندا.

- شۆڕشی گوڵان لە دەستپێکەوە و، لە قۆناغەکانی دواتریشدا ئامانجگەلێکی نەتەوەیی، سیاسی، کولتوری و جڤاکی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرت کە هەم بسازێ لەگەڵ قۆناغە نوێکەی ئەو کات و، هەمیش قۆناغەکە بە ئاییندەیەکی گەشی سیاسی – نەتەوەیی بسپێرێت کە خەڵکی کوردستان لە سایەیدا بە ژیانێکی ئازاد و ئارام و ڕووناک بگەن.

_ شۆڕشی گوڵان وه‌ڵام بوو، وه‌ڵام بۆ دوژمنان و پیلانگێڕان، وه‌ڵامێک تا دوژمنان له‌وه‌ حاڵی بن که‌ هیچ پیلانێک ناتوانێ ئیراده‌ی له‌بن نه‌هاتووی گه‌لی کوردستان بۆ خه‌بات له‌ پێناو ئازادیدا کپ بکات، هه‌مدیس وه‌ڵام بوو بۆ دڵسۆزان و خه‌مخۆرانی کوردایه‌تی که‌ پارتی دیموکراتی کوردستان به‌سه‌ر هه‌موو سه‌ختییه‌کاندا زاڵ ده‌بێ و کاروانه‌ پیرۆزه‌که‌ ته‌واو ده‌کات که‌ بریتییه‌ له‌ کاروانی خه‌بات له‌ پێناو ئازادی کوردستاندا.

- دەستکەوتەکانی شۆڕسی گوڵان زۆرن، لە سەرووی هەموویانەوە ڕاپەڕینە شکۆدارەکەی بەهاری ١٩٩١، کە ئەمەیش لە رێگەی ئەو یەکڕیزی و تەبایی و گیانی تێکۆشانەی خەڵکی کوردستان بوو کە شۆڕشی گوڵان لە پێناویدا هەڵگیرسا و، بەردەوام کاری شێلگیرانەی بۆ دەکرد، یەکڕیزی و تەبایی و بەیەکەوە کارکردنی سیاسیانە لە ئامانج و پرەنسیپە نەگۆڕەکانی شۆڕشی گوڵان بوو، بۆیەشە لە ڕاپەڕیندا بینیمان پێشمەرگەکانی گوڵان لە ڕیزی پێشەوەی هەڵمەتەکان بوون و، یەکڕیز لەگەڵ گەل و حزبەکانی تردا دەستکەوتی مەزنیان تۆمار کرد کە گرنگترینیان ئازادی بوو، ئەو ئازادییەی ئەمڕۆ لە سایەیدا دەژین و هەنگاو دەنێین و ئاییندەیەکی گەشتر چاوەڕێمان دەکات.
لێرەدا کە باس لە ئازادی دەکەین ناکرێ گیانی بەرزهەڵکشاوی شەهیدان بە حورمەتەوە نەخەینە نێو ڕستەکانەوە و، لەگەڵیدا سەری ڕێز و نەوازش دانەنوێنین، تایبەت شەهیدانی شۆڕشی گوڵان و، هەر لێرەوە دروود بۆ گیانی یەکەم شەهیدی ئەو شۆڕشە(سەید عەبدوڵڵا) دەنێرین کە بە خوێنی گەشی خۆی ئەو ڕاستیەی سەلماند کە کاروانی خەبات ناوەستێ و بەردەوامە.

بۆ بەرزڕاگرتنی بیرەوەریی ٣٧ ساڵەی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵانی نیشتیمانی، ئەمڕۆ لە سەرجەم شارەکانی کوردستاندا، تەنانەت کوردانی هەندەرانیش یادی ئەم شۆڕشەو دەستکەوتەکانی، یادی پیشمەرگەو شەهیدەکانی پیرۆز ڕادەگرن، دڵنیاین لە نێو یادکردنەوەکاندا پەیامگەلێک دەنێرن کە درەوشاوەترینیان، نەتەوە و خەونەکانیەتی، ئازادی و دەستکەوتەکانیەتی، یەکڕیزی و بەرهەمەکانیەتی.

- شکۆدار بێت بیرەوەریی 37 ساڵەی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵانی نیشتیمانی.

- سڵاو لە گیانی بەرز هەڵکشاوی شەهیدانی ڕێگەی رزگاری کوردستان و، تایبەت شەهیدانی شۆڕشی گوڵانی نیشتیمانی.

- سڵاو لە سەرۆک بارزانی، ئەو سەرۆکە پیشمەرگەیەی بە درێژایی تەمەنی لە پێناو ئازادی نەتەوە، بەردەوام لە نێو کۆڕی خەباتدایە.

- سڵاو لە پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەو پارتە پڕ ئەزموونەی بەردەوام لە سەنگەری نەتەوەکەیدایە و بەرەو ئاییندەیەکی گەشتر هەنگاو دەنێت.
- دروود بۆ گیانی ڕابەری نەتەوە مستەفا بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە زیندوو

هەواڵی پەیوەندیدار