(ئێف 16)ـکانی (مالیکی) و ئابڕووی سوپای عێراق
د. ئاراس عهبدلکهریم
مێژووی هەموو دەستەڵاتە دیکتاتۆر و ستەمکارەکان پێمان دەڵێت: هەمیشە سوپا و هێزی چەکداریی ڕژێمە دیکتاتۆرەکان، لە خودی دیکتاتۆرەکان بێمۆراڵترن.
مێژووی سوپای عێراقیش هەمیشە ڕووە هەرە تاریک و ناشیرینەکەی مێژووی ستەمکاری بووە لە عێراقدا.
لەوەتەی ئەم بەشەی کوردستان بەم عێراقەوە لکێنراوە، سەبارەت بە کوردستان و ئێمەی کورد، هەرگیز سوپای عێراق ئەو شەرەفەی پێ نەبڕاوە کە بە ڕاستی سوپای وڵات و گەلەکەی بێت بە سەرجەم پێکهاتەکانییەوە.
لە زۆر باردا هێزێکی داپڵۆسێنەری شەخسی فەرمانڕەوا و ڕژێمەکەی بووە، کە وەفای تەنیا بۆ ئەو کەسە و دارودەستەکەی بووە نەک بۆ وڵات و گەلەکەی.
ئەم ڕاستییە هەمیشە (شەرەفی سەربازییانە)ـی ئەم سوپایەی بە گشتی و ئەفسەر و پلەدارەکانی بە تایبەتی لە بەردەم پرسیار و گومانێکی گەورەدا ڕاگرتووە.
لە دوای ڕزگارکردنی عێراق، خەریک بوو ئیش بۆ ئەوە دەکرا کە ئەم سوپایە ئیعتیباری مۆراڵی و نیشتمانیی بۆ بگێڕدرێتەوە، بە تایبەت کە بینیمان لە (دەستووری نوێ!!)ـدا سوپای عێراق بە سوپای گەلی عێراق بە سەرجەم پێکهاتەکانییەوە پێناسە کراوە و میکانیزمێکیش دیاری کراوە بۆ ڕێگرتن لە سەرلەنوێ نابووتکردنی ئەم سوپایە و کردنی بە ماکینەیەکی داپڵۆسێنەری دەست دیکتاتۆرێکی دیكە، بۆیە بڕیار درا لە پێنج فیرقە زیاتر نەبێت و دیاریکردنی سەرکردەی فیرقەکانیش بە ڕەزامەندیی پەرلەمان بێت.
بەڵام بە داخەوە واقیعی سوپای عێراقی نوێ ئاماژە بۆ هەمان عەقڵییەت و خەونی خۆسەپێنانە و تاکڕۆیانەی بەغداکەی (سەددام) دەکات بە خۆی و سوپا ملیۆنییەکەیەوە! ئەوەتا ژمارەی فیرقەکانی سوپا لە ١٦ فیرقە زیاترە جگە لە چەندین هێزی تایبەت کە سەرجەمیان وابەستەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانن.
ئەگەر ئەم تاکڕۆییخوازییەی (مالیکی) هێشتا جێگەی گومان نەبێت، داخۆ لەمەڕ خەونبینینیان بۆ وەدەستهێنانی فڕۆکەی جەنگیی (ئێف ١٦) نەک بۆ پاراستنی عێراق لە هەڕەشەی دەرەکی، بەڵکوو تەنیا و تەنیا بۆ دووبارە قڕکردنی کورد و کاولکردنی کوردستان! (یان خۆیان گوتەنی) دەرپەڕاندنی کوردەکان لە هەولێر! ئیدی بوارێک دەمێنێ بۆ متمانەبوون بە بەغدا؟
بۆیە دەڵێین: ئەگەر ئابڕووی سوپاکەی (سەددام) هەمیشە لە قەیرانی مۆراڵی و نیشتمانیدا بووبێ، ئەوا ئەم خەونە شۆفێنیستییە خەتەرناکەی بەغدا، سوپاکەی (مالیکی) دەخاتە قەیرانێکی مۆراڵی و نیشتمانیی قووڵترەوە.
لێرەوە ئیدی ڕووی پرسیار لە ژەنەراڵ و پلەدارەکانی بەغدایە کە تا چەند خاوەنی شەرەفی سەربازی و مۆراڵی مرۆیین و تا چەندیش دەبنە ڕۆبۆتێکی زەبروەشێنی ئەم ڕژێم و ئەو ڕژێمی ستەمکار، بۆ کوردەکانی نێو سوپایش دەڵیین: ئەرێ بە ڕاست لەوێ چ دەکەن؟




