٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

رادەست كردنەوەی كەركووك بە بارزانی

سەرچاوە: KDP.info


نووسەر: ئومید بۆزداغ

تۆغچە ڤوراڵ سەڤیم لە ناوەندی سەدەی 21مدا بابەتێكی زۆر جوانی سەبارەت بە رووداوەكانی ئەم دواییەی ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نیوان توركیا و باكووری عێراقدا نووساندووە، بۆیە من ئەمرۆ دەمەوێً لە گوشەكەی خۆمدا جێگا بە نووسینی ئەم ئاكادەمیسیەنە ناودارەی توركیا بدەم. لە مانگی تەباخی ساڵی 2012دا لە پایتەختی ئەمریكا 31مین كۆبوونەوەی كۆنسەی توركیا و ئەمریكا ساز كرا و لەو كۆبوونەوەیەدا نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان و نوێنەری حكوومەتی عیراقیش ئامادە بوون و نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و توركیا ئاماژەی بەوە كرد كە لە  ساڵی 2013دا پەیوەندییەكانی نێوان هەر دوولا دەكەونە قۆناغێكی نوێ و گرنگەوە و سەرەتای ئەم پەیوەندییە نوێیانەیش بە راكێشانی لوولەی نەوت لە كوردستانەوە بۆ توركیا دەست پێدەكات.
ئەو كاتە منیش سەبارەت بەم وتانەی قوباد تاڵەبانی بابەتێكم نووسی بوو و ئاماژەم بەوە دابوو كە بە پارەی توركیا دەوڵەتی كوردی دادەمەزرێت. هەر چەند ئەو كاتە میدیاكانی توركیا و حكوومەتی توركیا سەبارەت بە مەسەلەی راكێشانی لوولەی نەوت هیچ جۆرە لێدوانێكیان پێشكەشی رای گشتی نەكردبوو، بەڵام میدیاكانی ئەمریكا زۆر بە بەرفراوانی باسیان لە وردەكارییەكانی راكێشانی ئەم لوولەیە كردبوو.
لە كاتی سەردانی ئەم دواییەی سەرۆك وەزیری توركیا بۆ ئەمریكا زۆربەی هەرە زۆری میدیاكانی توركیا و روشنبیرەكانی نزیك لە حكوومەتی ئاكەپە وا باسیان دەكرد كە گوایا ئەمریكا لە دژی بەرفراوان و بەهێزتر بوونی پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پێ خۆش نییە كە هەر دوو لا سەبارەت بە راكێشانی لوولەی نەوت هیچ جۆرە پەیمانێك مۆر بكەن. بەڵام لە راستیدا هیچ وا نییە و لەم سەردانەی دوایی سەرۆك وەزیری توركیا بۆ ئەمریكا بۆمان دەركەوت كە ئەمریكایش سیاسەتی خۆی گۆڕاوە و پشتگیری لە مۆر كردنی پەیمانی راكێشانی لوولەی نەوت لە كوردستانەوە بۆ توركیا دەكات. بەڵام نە سەرۆك وەزیر و نە هیچ وەزیر و كەسێكی دیكە لەم بارەیەوە تەنانەت یەك وشەیشی پێشكەشی رای گشتی نەكرد، بەڵام دوو رۆژ دوای گەڕانەوەی سەرۆك وەزیر لە ئەمریكایەوە هەر دوو گەورە كومپانیای توركیا بۆتاش و تیپیك رایانگەیاند كە لە گەڵ گەورە كومپانیای ئەمریكی ئەكسون موبیل لە شەش شوێنی جیاجیای باكووری عێراقدا دەست بە گەران بە دوای نەوت و گازدا دەكەن.
كومپانیای ئەكسون موبیل كە تا چەند رۆژ لەمەوبەر حكوومەتی مەركەزی عێراق لە دژی مۆر كردنی هەر جۆرە پەیمانێك لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا بوو، بەبێ رەزامەندی حكوومەتی بەغدا و بەبێ گوێ دان بە هەڕەشەكانی مالیكی و حكوومەتەكەی پەیمانێكی یەكجار گرنگی لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا مۆر كرد و بەمجۆرە لە شەش شوێنی جیاجیادا دەستی بە گەڕان بۆ نەوت و گاز كرد و لەم شەش شوێنەدا سێ شوێن، ئەلقووش، بەعشیقە و قەرەهەنجیر لە دەرەوەی دەسەڵاتی حكوومەتی هەرێم دان و دەكەونە نێو سنوورەكانی ئەو ناوچانەیەوە كە كێشەیان لەسەرە و یەكێكی دیكەی ئەم شوێنانە كەركووكە و بەمجۆرەیش كومپانیایەكی زەبەلاحی دەوڵەتی توركیا لەگەڵ كومپانیایەكی ئەمریكایی دەست بە دۆزینەوە و هەناردە كردنی نەوتی كەركووك دەكات. لێرەدا پرسیار ئەوەیە كە بۆ چی كومپانیایەكی زەبەلاحی ئەمریكی وەكو ئەكسون موبیل ئەوەی قەبووڵ كردووە كە كومپانیایەكی توركی بكاتە هاوبەشی خۆی و لەگەڵ ئەو كومپانیایەدا دەست بە گەڕان و هەناردە كردنی نەوتی كەركووك بكات؟
هەندێك لە شارەزایان ئاماژە بەوە دەكەن كە توركیا دەیەوێ لە باشوور و ناوەراستی عێراقدا لە رێگای كومپانیای تاپەئویەوە دەست بە گەڕان و دۆزینەوەی نەوت بكات و لە باكووری عێراقیشدا لە رێگای كومپانیای بۆتاش و توپیكەوە ئەم كارە ئەنجام دەدات. بەڵام لە هەر بارودۆخێكدا ئەو لوولە نەوتییە كە سەرەڕای دژایەتی كردنی حكوومەتی بەغدا، بریارە بە هاوبەشی ئەكسون موبیل و چەند كومپانییەكی دیكە لە باكووری عێراقەوە بهێنرێتە توركیا، دەبێتە هۆكاری كردنەوەی دەرگای بازاری جیهانی بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دواتر حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بە پاڵپشتی هێزە جیهانییەكان ئەو ناوچانەی كە پێیان دەڵێن ناوچە كێشە لە سەرەكان بە كەركووكیشەوە هەر هەموویان دەخاتەوە ژێر كونترۆڵی خۆیەوە و بەمجۆرە هیچ جۆرە ئاستەنگێك لە بەردەم راگەیاندنی سەربەخۆیی كورد و دەوڵەتی كورد لە عێراق و ناوچەكەدا نامێنێت.
خاڵی سەرنجراكێش ئەوەیە كە حكوومەتی توركیا سەرەڕای نارەزایەتییەكانی حكوومەتی بەغدا پەیوەندییەكانی خۆی لە گەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا بە بێ وەسف بەرفراوان و بەهێز كردووە و بێگومان ئەنجامی ئەم پەیوەندییانەیش پارچە كردنی عێراقە كە لە داهاتوویەكی نزیكدا دەبینین، بە تایبەتی كە ئەمریكایش بە نهێنی پشتگیری باشی پرۆژەی پارچە كردنی عێراق دەكات.



 سەرچاوە: یەنی چاغ

 

هەواڵی پەیوەندیدار