توركیا، كورد و ناحەزەكان
ناسۆحی گۆنگوڕ
ئێمە ناتوانین رووداوەكانی دەرورووبەری توركیا و ناوچەكە تەنیا لە رووی هاوسەنگییە سیاسییەكانی توركیاوە هەڵبسەنگێنن و داهاتووی توركیا دەستنیشان بكەین، چوونكە لەم سەردەمەدا هەر هەنگاوێك كە لە لایەن توركیاوە دەنرێت چە لە سەر ئاستی ناوچەكە و چە لە سەر ئاستی جیهاندا كاردانەوەیەكی گرنگی دەبێت. هەر چەند كە چەند كەس و لایەنێك بە ئارمانجی پاراستنی هێزی و پێگەی خۆیان هەوڵ بۆ بێكاریگەر كردنی توركیا لە ناوچەكەدا بدەن بەڵام ئەم هەوڵدانانە بە هیچ شێوەیەك ناتوانن ببنە هۆكاری شاردنەوەی راستییەكان.
ماوەی زیاتر لە یەك ساڵە كە ئەنقەرە لە رووی سیاسییەوە كەوتووتە نێو قۆناغێكی یەكجار هستیار و مەترسیدارەوە. بێجگە لەم قۆناغە مەترسیدارە ماوەی چەند مانگێكە كە توركیا بۆ چارەسەر كردنی كێشەكانی نێوخۆیی وەكو پرسی كورد و مەسەلەی دیموكراتیزە كردنی دەستی بە قۆناغێكی دیكە بە ناوی قۆناغی چارەسەری كردووە. ئەم قۆناغە بۆ توركیا زۆر گرنگە و بە مرۆڤ دەتوانێت بە قۆناغی مان و نەمانی توركیا شرۆڤەی بكات.
بێگۆمان لە ئاستی ناوچەكەدا چەندین وڵاتی ناوچەكە و دەراوسێ توركیا پێیان خۆش نییە كە توركیا دەستی بە هەوڵ دان بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد كردووە و هەر بۆیە دەنگی نارەزایەتی ئەو وڵاتانە وردە وردە بەرز دەبێتەوە و بە شێواز و رێگای جیاجیا دەیانەوێ بەر لە هەر شتێك ئەو قۆناغە كە بە مەبەستی چارەسەر كردنی پرسی كورد دەستپێكراوە بەبێ ئەنجام بمێنێت.
چارەسەر كردنی پرسی كورد و سەركەوتنی پرۆسەی دیموكراتیزە كردنی توركیا بە مانای بەهێزتر بوونی توركیایە، بۆیە چەند هێز و لایەنێك پێیان ناخۆشە كە توركیا بە هێز ببێت. بۆ نموونە هاوكات لەگەڵ دەستپێكردنی پەكەكە بە كێشانەوەی هێزەكانی خۆی لە نێو خاكی توركیادا، ئێران كە وڵاتێكی گرنگی ناوچەكەیە سەرەتا هەوڵی دا كە پەكەكە رازی بكات تا بە هیچ شێوەیەك هێزەكانی نەكێشێتەوە بەڵام كە نەیتوانی پەكەكە رازی بكات ئەمجارە دەستی بە رەخنە كردنی ئەنقەڕە كرد و دەڵێت ئەنقەڕە رێگایەكی هەڵەی هەڵبژاردووە.
لە لایەكی دیكەیشەوە حكوومەتی عێراقیش هەر وەكو ئێران بیر دەكاتەوە و كێشانەوەی هێزەكانی پەكەكە بۆ دەرەوەی سنوورەكانی توركیا و جێگیر بوونیان لە باكووری عێراقدا بە هەڵە و پێشەل كردنی سەروەری عێراق لە قەڵەم دەدات و لەم چوارچێوەیەیشدا چەند بەرپرسێكی حكوومەتی عێراق ئاماژەیان بەوە كردبوو كە لە دژی توركیا لە نەتەوەیەكگرتووەكاندا سكاڵا تۆمار دەكەن.
ئێران و عێراق كە لە چارەسەر كردنی پرسی كورد لە توركیا و دیموكراتیزە كردنی توركیا و بەهێز بوونی توركیا نیگەرانن دەلًێن: دەبوایا بەر لە دەست پێكردنی كێشانەوەی هێزەكانی پەكەكە گفتووگۆ لەگەڵ ئێران و عێراقدا كرابا و ئەو دوو وڵاتەیش رازی كرابانا.
بێگومان نارازی بوونی ئێران و عێراق لەم مەسەلەیە تەنیا ئەوە نییە كە هێزەكانی پەكەكە لە توركیا كێشانەتەوە، ئەم مەسەلەیە مەسەلەیەكی ناوخۆیی توركیایە و ئێران و عێراقیش دەیانەوێ ئەم مەسەلە و كێشە ناوخۆییەكانی توركیا بەردەوام بن تا توركیا نەتوانێت ببێتە هێزێك كە كاریگەری لە سەر هاوسەنگییە سیاسییەكانی ناوچەكەدا بێت.
لە لایەكی دیكەوە ئێران و عێراقی شێعە، توركیای سوننە بە هاوپەیمانی سەرەكە و گرنگی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا لە قەڵەم دەدەن وپێیان وایە كە وڵاتانی رۆژئاوایی بە تایبەتی ئەمریكا و ئیسرائیل دەیانەوێ لە رێگای توركیاوە رژیمی سووریا كە ئەڵقەیەكی زۆر گرنگی هەلالی شێعە لە رۆژهەڵاتی ناوەراستە هەڵبوەشێننەوە، بۆیە عێراق و ئێران وەكو دوو ناحەزی یەكسانی كورد و تورك و دیموكراتیزە كردنی توركیا نەتەنیا بە هیچ شێوەیەك ئامادە نین كە هاوكاری و پشتگیری قۆناغی چارەسەری پرسی كورد لە توركیا بكەن بەڵكو هەوڵ بۆ بێ ئەنجام هێشتنی ئەم قۆناغە دەدەن.
سەرچاوە. ستار




