٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

مسعود بارزانی لەدەست مەدەن

سەرچاوە: KDP.info

موهەنەد حەبیب ئەلسەماوی

زیادەڕۆیی نیە ئەگەر بڵێین كە بەرزبوونەوەی ئاستی گرژی و ناكۆكی نێوان هاوپەیمانیی نیشتمانی و هەندێك لە پەرلەمانتارانی سەر بە لیستی دەوڵەتی یاسا و ئەندامانی لیستی هاوپەیمانیی كوردستانی، كاردانەوەی نێگەتیڤی دەبێ بۆ سەر سەرتاپای پرۆسەی سیاسی لە ئێراق، بەڵكو ئەگەر لە رێگەی كەسانێكی خاوەن حیكمەتی هەردوولا، مەسەلەكە هێور نەكرێتەوە، بێگومان ئەو وەختە كاردانەوە و دەرەنجامی مەترسیداری دەبێ بۆ سەر رێڕەوی بونیادنانی دەوڵەت و خودی پرۆسەی دیموكراسی.

وەك دیارە زۆر لایەنی سیاسی، بەتایبەتی لیستی ئێراقیە، چاوەڕێی هاتنەپێشەوەی بارودۆخێكی لەم جۆرە و دروستبوونی درزێك دەكەن لەنێوان هاوپەیمانیی نیشتمانی و لیستی هاوپەیمانیی كوردستانیدا، بەمەبەستی قۆزتنەوەی بۆ بەرژەوەندی سیاسی خۆی لە هەوڵی سەندنەوەی متمانە لە حكومەتی نوری مالیكی. لەو بارەشەوە خاتو مەیسون دەملوجی وتەبێژ بەناوی لیستی ئێراقیە بە ئاشكرا ئەمەی بە ئاژانسی هەواڵی كوردستان راگەیاند، دەملوجی وتی : لیستی ئێراقیە دەستی بە جموجۆڵ كردووە لە پێناوی دەستەبەركردنی كۆدەنگیەكی نیشتمانی بۆ سەندنەوەی متمانە لە حكومەتی مالیكی.

بەڵام وێڕای ئەو رەشبینیەی كە لە ئەنجامی ئەو جۆرە راگەیاندنانەدا دووچاری هەندێك كەس بووە، من پێم وایە كە راستیەك هەیە ئەویش ئەوەیە كە مەحاڵە لە ژێر هەر بارودۆخێكدا ئەو هاوپەیمانیەی نێوان شیعە و كورد هەڵبوەشێتەوە، هاوپەیمانیەك كە لە بنەڕەتدا دەرەنجامی لێكتێگەیشتن و خەباتی كۆن و بەرژەوەندیی هاوبەش و بۆچوون و پرۆگرامی سیاسی وایە كە بۆ چەندین ساڵی پێش رووخانی رژێمی بەعس و داڕمانی لە 2003 دەگەڕێتەوە. ئەو راستی و ئەنجامەش، یان هەرشتێكی دیكە كە خۆت ناوی دەنێیت، هەڵقوڵاوی بیركردنەوەیەك نیە كە خۆم بیخوازم، بەزمانی سیگمۆند فرۆید، هەروەها لێكدانەوەیەكی گەشبیانەی واش نیە كە سەرچاوەكەی ناشارەزایی بێ، بەڵكو لێكدانەوەیەكە پشت بە كۆمەڵێك هۆكار دەبەستێ كە ئەمانەن :

یەكەم : سروشتی ناكۆكی ئێستای نێوان لیستی دەوڵەتی یاسا و هاوپەیمانی كوردستانی لە بنەڕەتدا ناكۆكیەكی كاتیە و پەیوەندیی بە بۆچوون و لێكدانەوەی جیاوازەوە هەیە سەبارەت بە شیكردنەوەی هەندێك مەسەلە یان كێشە یان بابەتی وا كە زیاتر خۆیان لە شێواز و چۆنیەتی ناردنەدەرەوە و سەرمایەگوزاریەكانی لە ناوەوەی هەرێم و جێبەجێكردنی مادەی 140 ی دەستووردا دەبیننەوە، ئەمانەش كێشەی وا نین كە چارەسەركردنیان مەحاڵ بێ، بەتایبەتی ئەگەر بزانین كە لە دەستووردا یاسای نەوت و غاز خاڵە گشتیەكانی تایبەت بە رێگەچارە و شیكردنەوەی هەموو ئەو خاڵە هەڵپەسێردراوانەی دیار كردووە كە لەنێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەندیدا هەن، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ رازیبوونی هەموو لایەك بە گەڕانەوە بۆ دەستوور، وەك مەرجەعی یاسایی لە ئێراق.بەڵێ مەسەلەی تاریق هاشمی جێگری سەرۆك كۆمار و پەنابردنی بۆ هەرێمی كوردستان بەشێوەیەك لە شێوەكان هۆكارێك بوو بۆ تێكچوونی پەیوەندیی نێوان حكومەتی ئیتیحادی و سەرۆكی هەرێمی كوردستان و لیستی هاوپەیمانیی كوردستانیش، لەو بارەشەوە لیستی هاوپەیمانیی كوردستان لە وەڵامی ئەندامانی لیستی دەوڵەتی یاسادا روونی كردەوە كە هاشمی بە ئاگاداریی دەسەڵاتداران فڕۆكەخانەی بەغدای بەجێ هێشتووە، ئەو كاتەش داواكاریی دەسگیركردنی دەركراوە، بەڵام تا بەغدای بەجێ نەهێشت بڕیاری جێبەجێكردنی بڕیارەكە نەدراوە.

دووەم : بوونی هێمایەكی سیاسی گەورەی وەك جەلال تالەبانی سەرۆك كۆماری ئێراق، كە خاوەنی كاریگەریەكی بەرچاوە لەنێوان كوتلە سیاسیەكاندا، تالەبانی خاوەنی توانا و شارەزایی كەموێنەیە دەربارەی وەستاندنی تۆپەڵە بەفری كێشەكانی نێوان كوتلە سیاسییەكان لە كاتی گونجاودا، بەر لەوەی بارودۆخەكە بگاتە قۆناغی نەگەڕانەوە، ئەو كاتەش هەموولایەك پەشیمان دەبنەوە و هیوا دەخوازن كە مەسەلەكان بەم ئاستە نەگەیشتبان.

سێیەم : جگە لە برایانی لیستی كوردستانی، هیچ ئەلتەرناتیڤێكی دیكە لەبەردەمی هاوپەیمانی نیشتمانی بەدی ناكرێ، لیستی هاوپەیمانیی كوردستانیش جگە لە هاوپەیمانی نیشتمانی هاوبەشێكی سیاسی ستراتژی دیكەی نیە، هەردوولاش، واتە كورد و شیعە، كە زۆرینەی ئەم وڵاتە پێكدێنن، لە سەردەمی رژێمی پێشوودا مەینەتی و دەردەسەری و چەوساندنەوەی زۆریان بینیوە، هەر ئەو برینە قوڵانە بوونە مایەی داڕشتنی هۆشیاریەكی شیعی ژ كوردی و بۆچوونێكی لێك نزیك دەربارەی ئامانجە هاوبەشەكانیان. لەم روانگەیەوە دووپاتی دەكەینەوە كە هەریەكە لە لیستی نیشتمانی و ئیئتیلافی كوتلە كوردستانیەكان ناتوانن بەتەنیا لەگەڵ لایەنی سێیەمدا هاوپەیمانیی ببەستن، ئەویش لیست ئێراقیەیە و لە هاەكێشەی سیاسی ئێراقدا گرنگی خۆی هەیە، بەو پێیەی كە لەنێوان لیستی نیشتمانی و كوردستانی لەلایەك لەگەڵ ئێراقیەشدا لەلایەكی دیكە، چەندین ناكۆكی بنەڕەتی هەن سەبارەت بە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی كاروباری وڵات، ئەمانە بوونەتە بەربەست و رێگر لەبەردەمی تەنانەت بیركردنەوەش لە ئەگەری بونیادنانی هاوپەیمانیەكی ستراتیژیی بۆ دامەزراندنی حكومەتێكی نوێی جیاواز لە حكومەتەكەی مالیكی.

لەگەڵ ئەوەشدا من پێم وایە ئەو شتەی كە دەبێ بەنەزەری ئیعتیبار وەربگیرێ، نەوەك تەنیا لەنێو ئەو هەموو دژە راگەیاندنانەی نێوان پەرلەمانتارێكی سەر بە دەوڵەتی یاسا، كە هەرچەند لە سەرۆك وەزیرانەوە نزیك بێ، یان بەیاننامەكانی نوێنەرانی پارتی دیموكراتی كوردستان و ئەندامانی كوتلەی كوردستانی لە پەرلەمانی ئێراقدا، ئەو جۆرە راگەیاندنانە دەكرێ وەك بەشێك لە فەزای ئازادیی رادەربڕین قبوڵ بكرێن، ئەو ئازادیەی كە ئەنجامی كەشوهەوا دیموكراسیەكەی دوای ساڵی 2003 یە، بەو مەرجەی كە تیایاندا رەچاوی بەهاكان بكرێ، ئەوەی لێرەدا مایەی سەرنجە و دەبێ بەنەزەری ئیعتیبار وەربگیرێ، ئەو وتە و راگەیاندنانەن كە لەلایەن بەڕێز مسعود بارزانیەوە سەبارەت بە سەرۆك وەزیرانی ئێراق و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی كاروبارەكان و حكومەت و بنەمای هاوبەشیی نیشتمانی خرانەروو، لە راستیدا ئاسان نیە ئەو وتە و بۆچوونانە پشتگوێ بخرێن كە بەڕێز مسعود بارزانی دەیانخاتەروو، چونكە مسعود بارزانی ئەو كەسەیە كە لەسایەیدا و بەپێی رێككەوتنێك كە ئەو كاتە بە رێككەوتننامەی هەولێر ناونرا، حكومەتی ئێراق دامەزرێنرا، ئەمە لەكاتێك بوو كە هەموو ئاسۆ سیاسیەكان روویان لە داخران كردبوو، دوای دەركەوتنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2010. لێرەوە پێمان وایە كە حكومەتی ئێراق نابێ كەسایەتیەكی وەك مسعود بارزانی لەدەست بدات، ئەو كەسایەتیەی كە بەشێكی قەوارە و لایەنێكی سیاسی سەرەكیە، بەڵكو زۆر لە چاودێران بە رێكخەری هاوسەنگیەكان وەسفیان كردووە لە پرۆسەی سیاسیدا، جگە لەوە لەتوانایدا هەیە كاریگەریی گرنگ بكاتە سەر گۆڕەپانی سیاسی ئێراق، هەروەها دەشتوانێ بڕیاری وا دەربكات كە ببنە مایەی هێنانەدی گۆڕانی بنەڕەتی بەسەر نەخشەی سیاسی هاوپەیمانێتیەكان، لەو باوەڕەش دام كە هاوپەیمانیی نیشتمانی و تەنانەت خودی سەرۆك وەزیران و هاوپەیمانیی كوردستانی و مێژووی پەیوەندیی نێوان شیعە و كوردیش بە ئەنجامەكانی رازی نابن. كە مەسەلەكە بەم شێوەیە بێت، كەواتە ئاستەمە بەڵكو مەحاڵە ئەمە كار بكاتە سەر ئایندەی ستراتیژیی پەیوەندیەكانی نێوان هاوپەیمانی نیشتمانی و لیستی هاوپەیمانی كوردستانی.
 

هەواڵی پەیوەندیدار