٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

پرۆژەی دەستوور و هەڵسەنگاندنێك بۆ ڕا و بۆچوونە جیاوازەكان

سەرچاوە: KDP.info

سوورە مەرگەیی

ئۆپۆزسیۆن بە گشتی و بزووتنەوەی گۆڕان بە تایبەتی بە دوای كێشەدا دەگەڕێن، تاكتیكی چەواشەكاری و ستراتیجی یاخی بوونیان گرتۆتەبەرو بۆ هەر پرسێك بیانوویەك دەدۆزنەوە، ئەگەر قسە لەسەر خستنە ڕاپرسی یان گەڕانەوەی پرۆژەی دەستوور بۆ پەرلەمان بكەین پەردە لەسەر زۆر نەهێنی و ئامانجی شاراوەی ئۆپۆزسیۆن لادەدرێ، ئەوەی ئەمڕۆ خەڵكی كوردستانی سەرقاڵ كردووە بوونی دوو ڕا و بۆچوونی جیاوازە لەسەر برۆژەی دەستوور، یەكەمیان ڕای پارتی دیموكراتی كوردستانە كە پێداگری لەسەر گەڕانەوە بۆ ڕای خەڵك و خستنە ڕاپرسی پرۆژەكە دەكات، دووەمیشیان ڕای ئۆپۆزسیۆنە كە پێداگری لەسەر بە حزبی كردنی و پشت لە ڕای خەڵك دەكات، بەر لەوەی بچمە سەر هەڵسەنگاندنی دوو ڕا جیاوازەكە دەمەوێ ئەوە بڵێم: ئەگەر پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر پرۆژەی دەستوور ڕای ئێستای ئۆپۆزسیۆنی هەبووایە، بێ سێ و دوو ئۆپۆزسیۆن ڕای ئێستای پارتی دەكردە خاڵی دەستپێكی دەربازبوون لە دیكتاتۆریەت و وەرچەرخانێكی نموونەیی بەلای دیموكراتیدا، ئەوەش ئەو ڕاستییە دەردەخات كە ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆی لە دژایەتیدا دەبینێ و ئەوەندەی بەدوای ڕای پێچەوانەی پارتیدا دەگەڕێ، ئەوەندە بەدوای ڕا و بۆچوونێكدا ناگەڕێ كە خزمەت بە پرسی دیموكراتی و دۆزی نەتەوەییمان بكات، ڕاستییەكانیش لە ڕوانین و بۆچوونی هەردوولا بۆ پرۆژەی دەستوور و كۆی ئەو پرسانەی ڕەهەندی نەتەوەیی و نیشتیمانیان هەیە دەردەكەوێ.

دیارە پرۆژەی دەستوور لە گڵاڵە كردنیەوە تا دەبێتە دەستوورێكی كارپێكراو بە چەندین فیلتەردا تێدەپەڕێ، سەرەتا پرۆژەكە لەلایەن چەند لیژنەیەكی شارەزا و پسپۆڕ لە بوارە جیاوازەكاندا گەڵاڵە دەكرێ و دەبێتە پرۆژەی دەستوور، دوای پێداچوونەوەو وردبینی دەدرێتە پەرلەمان، لە پەرلەمانیش دوای تێبینی و سەرنجی پەرلەمانتاران دەخرێتە دەنگدانەوە، دوای ئەوەی لە پەرلەمان دەنگی لەسەر درا و متمانەی پەرلەمانی وەرگرت، بۆ ئەوەی خەڵك بەرچاو ڕوونی لەسەر هەبێ و بەر لە دەنگدان خاڵە باش و خراپەكانی دیاری بكات، لە رێگای ڕۆژنامەو بڵاوكراوەی ترەوە دەخرێتە پێش چاوی خەڵك، تا ئێرە هەر پرۆژەیەو بۆ بە دەستوور كردنی دەخرێتە ڕاپرسی و خەڵك لە پەسند كردن و ڕەتكردنەوەیدا بڕیار دەدات، ئەگەر بە ڕێژەی یاسایی دەنگی خەڵك پەسند كرا دەبێتە دەستوور و كاری پێدەكرێت، بە پێچەوانەوە ئەگەر ڕەتكرایەوە پرۆژەش نامێنێ و دەبێ لە سەرەتاوە دەست پێبكرێتەوە، پرۆژەی دەستوور تا ڕاپرسی كە ئەركی لیژنە جۆربەجۆرەكان و پەرلەمانە هەموو ڕێكارە یاسایی و پەرلەمانیەكانی تەواو كردوون، ئەوەی ئێستا ماوە مافی خەڵكەو بۆ هیچ حزب و لایەنێك نییە ئەو مافە بخاتە گرەوی سیاسییەوە، من قسە لەسەر چاك و خراپی و كامڵ و ناكامڵی پرۆژەی دەستوورەكە ناكەم، ئەوە مافی خەڵكە لە ڕاپرسیدا قسەی لەسەر بكات، قسەی من لەسەر ڕا و بۆچوونە جیاوازەكانی سەر پرۆژەی دەستوورەكەیە.

هەرچی پارتی دیموكراتی كوردستانە ڕای وایە دەستوور بۆ خەڵكە و مافی خەڵكیشە بڕیار لەسەر پەسند كردن و ڕەتكردنەوەی بدات، بەوەش پارتی دەبێتە داكۆكیكارێكی سەرسەختی دیموكراتی و بەرگری لە ماف و ئازادیەكانی خەڵك دەكات بە دۆست و لایەنگرانی ئۆپۆزسیۆنیشەوە، هەرچی ئۆپۆزسیۆنیشە ڕەخنە لە دیكتاتۆری دەگرێ و شین بۆ هێنانەكایەی دیموكراتی دەكات، خۆی بە نوێنەری شەقام دەزانێ و لە بچووكترین دەرفەتیشدا سواری خواست و داواكاری خەڵك دەبێ و جڵەو بۆ ئامانجە سیاسییەكانی شل دەكات، پێچەوانەی ئارامگای دیموكراتی هەنگاوی قۆرغكاری هەڵدەگرێ و سیاسەتی حزبسالاری دەگرێتە بەر و ماف و ئازادیەكانی خەڵك سنووردار دەكات، ئەوەتا لە پرسێكی گرنگ و چارەنووسسازی وەك دەستوور، ڕای خەڵك دەكاتە پێخوستی سەرەڕۆیی حزبی و بچووكترین مافە سەرەتاكانی دیموكراتی كە ڕا دەربڕینە بە خەڵك بە ڕەوا نابێنێ و جووڵەی شەقام لە بڕیاری سیاسی و تاكڕەوی حزبیدا سڕدەكات، بۆیە پێویستە لەژێر ڕۆشنایی ئەو هەڵسەنگاندنەی سەرەوەدا سەرنجی خەڵك بەلای وەڵامی ئەو پرسیارەدا ڕابكێشم كە ئۆپۆزسیۆن وەك مەتەڵێكی سیاسی حەز و خولیا شاراوەكانی پێسپاردوون، ئایا لەو پرسانەی كە ڕەهەندی نیشتیمانیان هەیەو جوانكاری دیموكراتیان پێوە دیارە، وەك ئەوەی پرۆژەی دەستوور لە نێوان خستنە ڕاپرسی و گەڕانەوە بۆ ڕای خەڵك لە لایەك و لە لایەكی تریشەوە خولانەوە لە جوغزی بڕیاری حزب و دەرچوون لە مەداری دیموكراتی و بە كەم زانینی ڕای خەڵك، كام حزب و لایەن هێزی بە دیموكرات كردنی كۆمەڵگا لە ڕا و بڕیاری خەڵك وەردەگەرێ و كام حزب و لایەنیش ڕا و بڕیاری خەڵك پەراوێز دەخاو هێز لە تاكڕەوی حزبی وەردەگرێ؟

 

هەواڵی پەیوەندیدار