پەكەكە دەستی بە قۆناغێكی دیكە كرد
عەبدولقادر سەلڤی
چەند رۆژە میدیاكان و رۆژنامەنووس و روشنبیرەكانی توركیا بە هۆی سەردانی سەرۆك وەزیری توركیا بۆ ئەمریكا و چاوپێكەوتنی لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكا باراك ئوبامادا، ئاگایان لە پرسی كورد و هەنگاوەكانی پەكەكە بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد نەماوە. ئەمە لە كاتێكدایە كە بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد یا قۆناغی چارەسەر كردنی پرسی كورد لە توركیا كەوتووەتە نێو مەرحەلەیەكی نوێیەوە.
لە سەرەتای دەست پێكردنی قۆناغی چارەسەریدا بە مەبەستی وەرگرتنی بیروڕای بالیوزی ئەمریكا لە توركیا سەردانی بالیوزی ئەمریكام كرد و پێ وتم كە ئەوان وەكو ئەمریكا وەكو چاودێرێك سەیری ئەم قۆناغە و هەنگاوەكانی چارەسەری پرسی كورد دەكەن. بەڵام سەرۆكی ئەمریكا باراك ئوباما لە چاوپێكەوتنی خۆی لەگەڵ سەرۆك وەزیری توركیادا باسی ئەوەی كردووە كە ئەمریكا بەو پەڕی هێز و توانای خۆیەوە پشتگیری و پاڵپشتی قۆناغی چارەسەری دەكات.
ئوباما لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە چارەسەر كردنی پرسی كورد و كۆتایی هێنانی توندوتێژی لە لایەن پەكەكەیەوە گوتی: بۆ دەست پێكردنی قۆناغی چارەسەری سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی گەلی توركیا و بۆ وەلاوە نانی توندوتێژیش سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی پەكەكە دەكەم.
سەرۆك وەزیری توركیا لە كاتی گەڕانەوەی خۆی لە ئەمریكا لەگەڵ رۆژنامەنووسەكاندا باسی ناوەرۆكی چاوپێكەوتنەكانی خۆی لەگەڵ ئوباما كرد و گوتی: لەم چاوپێكەوتنانەدا سەبارەت بە پرسی كورد و چارەسەر كردنی پرسی كوردیش گفتووگۆمان كرد و ئەمریكا لە بەرامبەر ئەم قۆناغە زۆر خۆشحاڵە و ئامادە بوونی خۆی بۆ پێشكەش كردنی هەر جۆرە هاوكارییەك بۆ سەرخستنی ئەم قۆناغە دەربڕیوە.
سەرەڕای ئەوەی كە ئەردوغان و ئوباما سەبارەت بە پرسی كورد گفتووگۆیان كردووە و ئەمریكا بەڵێنی پشتگیری كردنی ئەم قۆناغە داوە بەڵام من پێم وانییە كە لە سەرەتای ئەم قۆناغەدا ئەمریكا راستەوخۆ بتوانێت پشتگیری لە هەنگاوەكانی توركیا بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد و كۆتایی هێنان بە مەسەلەی پەكەكە بكات. چوونكە ئەمریكا هێشتاكە متمانەی تەواوی بە پەكەكە و توركیا نییە و نازانێت كە ئایا بە راستی هەر دوو لا بۆ چارەسەر كردنی ئەم مەسەلەیە ئامادەن یا نا.
ئەمریكا سەرەتا دەست بە چاودێری كردنی وردی ئەم قۆناغە و هەنگاوەكانی هەر دوو لا دەكات دواتر دەست بە پشتگیری كردن یا دژایەتی كردنی ئەم قۆناغە دەكات، بۆیە هێشتاكە ئەمریكا هەڵوێستی راستەقینی خۆی سەبارەت بە قۆناغی چارەسەر كردنی پرسی كورد دەرنەبڕیوە.
لەم رۆژانەدا كە ئێمە لە توركیا سەرقاڵی گفتووگۆ كردن لە سەر كێشە ناوخۆییەكانی توركیان، لە ناوچەكەدا گۆڕانكاری زۆر گرنگ و خێرا روو دەدەن و توركیا و پەكەكە كامەیان بتوانێت ئیرادەی راستەقینی خۆی بۆ چارەسەر كردنی ئەم كێشەیە نیشان بدات ئەوا دەتوانێت كە ئەم گۆڕانكارییانە بە دروستی شرۆڤە بكات و رۆل و پێگەی خۆی لە نێو هاوسەنگییە سیاسییەكانی ناوچەكەدا بەهێزتر بكات.
لێرەدا راستییەكی زۆر گرنگمان بۆ دەردەكەوێت و ئەویش ئەوەیە كە دەوڵەت دەستی بە قۆناغی چارەسەری كرد بەڵام ناتوانێت بە پێ پێویست و بە پێ تایبەتمەندییەكانی ئەم قۆناغە هەنگاو بنێت و هۆكاری ئەمەیش سەرقاڵ بوونی توركیا بە كێشە نێوخۆییەكانی خۆیەوەیە. لە بەرامبەردا پەكەكە سەرەڕای هەڵسەنگاندن و شرۆڤە كردنی هاوسەنگییە سیاسییە نوێیەكانی ناوچەكە هاوكات هەوڵ بۆ گۆڕینی پارامێترە سیاسییەكانی ناوچەكە بۆ خزمەتی خۆی دەدات.
لێرەدا وتەیەكی جەم ئەسەڤەرم بە بیر دێتەوە كە لە كتێبێكی خۆی بە ناوی كورد، پەكەكە و ئوجەلاندا ئاماژەی پێكردبوو. جەم ئەسەڤەر نووسیویەتی: سیاسەتی دەوڵەتی توركیا بۆ گەڕان بە شوێنی پەكەكە لە شاخەكاندا سیاسەتێكی هەڵەیە دەبێت دەوڵەت لە ئەستەنبۆڵ، ئەنقەڕە و دیاربەكردا و لە نێو ئاكادەمییەكاندا بە شوێنی پەكەكەدا بگەڕێت.
ئارمانجی جەم ئەسەڤەر ئەوە بووە كە پەكەكە چەندە خاوەن هێزێكی چەكدارییە ئەوەندەیش خاوەن هێزی سیاسی و فێكرییە بۆیە پێویستە لە بەرامبەر فێكر و سیاسەتی پەكەكەدا دەوڵەت رێوەشوێنی پیویست وەربگرێت.
لە رۆژی ئەمرۆیشمان دەوڵەت وا دەزانێت كە بە دەست پێكردنی قۆناغی چارەسەری و كێشاندنەوەی هێزەكانی پەكەكە لە نێو سنوورەكانی توركیادا كۆتایی بە كێشە پەكەكە دێت. ئەمە بیر كردنەوەیەكی زۆر هەڵەیە چوونكە پەكەكە نەتەنیا هیچ متمانەیەكی بە هەنگاوەكانی دەوڵەتی توركیا بۆ چارەسەر كردنی ئەم پرسە نییە بۆیە دەستی بە قۆناغێكی نوێ كردووە و دەیەوێ هاوسەنگییە سیاسییەكانی ناوچەكە بگۆڕێت و خۆی بكاتە خاوەن رۆل و پێگەیەكی سەرەكە لە ناوچەكەدا تا ئەگەر هاتوو توركیا ویستی لە قۆناغەكە پاشەگەز ببێتەوە یاخۆ قۆناغەكە بە باشی بە رێوە نەبات ئەو كاتە لە رێگای هێزەكانی ناوچەكەوە گوشار بخاتە سەر توركیا.
ئەم قۆناغە كە ئێسته لە توركیا دەستپێكراوە قۆناغی چارەسەری نییە بەڵكو قۆناغی خاون كردنەوەی توركیا لە سیاسەتە هەڵەكانی رابردوو و رووبە روو بوونەوەی توركیا لەگەڵ راستییەكانە. بۆیە لە قۆناغێكی بەمجۆرەدا رەنگە توركیا بۆ چارەسەر كردنی پرسەكە هەنگاو بنێت بەڵام پەكەكە لە بەرامبەر ئەم هەنگاوانەدا هەنگاوی گەورەتر دەنێت و خۆی دەكاتە ناوەندی هاوسەنگییە سیاسییەكانی ناوچەكە و ئەمەیش بە مانای لاواز بوون و پەرتەواز كردنی توركیایە.
بۆیە ئەم قۆناغە نوێیە كە پەكەكە دوای كێشانەوەی هێزەكانی خۆی دەستی پێكردووە قۆناغە لاواز كردن و پەرتەواز كردنی توركیایە و پەكەكە سوود لە هەڵەكانی رابردووی توركیا وەردەگرێت و وەكو هەڵ بۆ خۆی دەیانقۆزێتەوە و توركیایش هەر سەرقاڵی سڕینەوەی ئاسەواری هەڵە و سیاسەتە هەڵەكانی رابردوو دەبێت.
سەرچاوە: یەنی شەفەق




