لە ساڵیادی كۆچی دوایی پێشمەرگەی دێرین سلێمان حادی دۆڵەمەری دا

باوكێكی تێكۆشەر بووە كە منداڵەكانی پەروەردەی كوردایەتی كرد و 4 كوڕی قارەمانی فیدای كوردستان كردووە و دەیگوت ئەوانە هەموویان قوربانی رێبازی بارزانیی نەمر بن .
سەفەر یوسف میرخان
كاروانی تێكۆشان و خەبات بۆ گەلی كوردستان زۆر سەركردە و پیاوی شۆڕشگێری لێ هەڵكەوتووە كە خەباتی پڕسەروەرییەكانی بۆ مێژووی كوردستان زۆر دەوڵەمەند دەكات و ئەم كاروانە چەندەها میرخاس لەناو خۆی پەروەردە كردووە كە لە ژێر سەركردایەتی بارزانیی نەمر دەكرا، یەكێكی تر لەو پێشمەرگە قارەمانانە (سلێمان حادی) بوو كە تەواوی ژیانی خۆی لە پێناو گەلەكەی تەرخان كردە بوو .
لە یادی یەك ساڵ كۆچی دوایی ئەم قارەمانە چەند دێرێك بە پێوستم زانی یادی بكەمەوە. پێشمەرگەی دڵسۆز (سلێمان حادی دۆڵەمەری) لە ساڵی 1927 لە گوندی بۆكرانی سەر بە دەڤەری بارزان لە بنەماڵەیەكی كورد پەورە و خەباتكار لە دایكبووە و لە تەمەنی لاویەتی بووە كە هەستی كوردایەتی چووەتە ناخی دڵییەوە و بەشداری لە شۆڕشی دووەمی بارزان 1943-1945 بە سەرۆكایەتی بارزانیی نەمر كردووە و ڕۆلێكی بەرچاوی هەبووە و بە خانوادەی لە ساڵی 1945 بە سەرۆكایەتی خوالێخۆشبوو شێخ ئەحمەدی بارزان و بارزانیی نەمر و لەشكری بارزانییەكان بە خێزان و ماڵ ئاوارەی كوردستان رۆژهەڵات دەبن یەكێك لەو پێشمەرگانە بووە كە بەشداری لە كۆماری كوردستان لە مەهاباد كردووە لە چەندین شەڕ رۆڵێكی بەرچاوی هەبووە و لە ساڵی 1959 پەیوەندی بە شۆڕش كردووە و لە شۆڕشی مەزنی ئەیلووا یەكێك لەو قارەمانە بووە لە گەڵ بارزانیی نەمر بەشداری داستانەكانی كوردایەتی كردوە و لە شەڕەكانی بادینان رۆڵی كارای هەبووە و لە شەڕی چیای ئاكری بریندار بووە بەڵام دیسان چاوەنەترس بووە كە بەشداری چەندەها داستانی تر كردووە وەك شەڕەكانی ماكۆ بزنی و سەری بێدارون چەندەها شەڕی تر بەشداری كردووە، خوالێخۆشبوو مام ( سلێمان حادی) یەكێك لەو پێشمەرگانەی هەردەم باوەرپێكراوی بارەگای بارزانیی نەمر بووە و یەكێك لە پێشمەرگانەی و پاسەوانی هەردەم نزیكی شەهید ئیدریس بارزانی و سەرۆك مسعود بارزانی بووە و هەروەها دوای نسكۆی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول ئاوارەی ئێران دەبێت و لەوێشدا بەشداری لە شۆڕشی گوڵانی پێشكەوتخواز دەكات و یەكێك لە پاسەوانەكانی شەهیدی هەمیشە لە یاد ئیدریس بارزانی بووە و بەردەوامی خەباتی دەكرد و هەتا بەشداری راپەڕینی كوردستان كردووە، خوالێخۆشبوو مام (سلێمان حادی) 4 كوڕی قارەمانی (نوری، عەلی، حادی، غازی) لە پێناو مافە ڕەوایەكانی كوردستان شەهید بووە كە هەریەك لەو قارەمانە بەشداری چەندەها داستانی كوردایەتیان كردووە و رۆڵی كارایان هەبووە بۆ كوردایەتی، مام (سلێمان حادی) كەسێكی خۆشەویست بووە هەردەم لە ناو هاوسەنگەرانی دا و لە دوای راپەڕین بە فەرمانی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی دەبێتە بەرپرسی لێژنەی كۆمەڵایەتی مەزنی كە سەر بە دەڤەری بارزان بووە و رۆڵێكی بەرچاوی كە خزمەتی بەو دەڤەرە دەكرد و لە بەر خەبات و قارەمانیەتی و كۆڵنەدانی لە كوردایەتی لە لایەن سەرۆك بارزانی میدالیای بارزانی پێ دەبەخشریت لە شەوی 16لە 17ی مانگی 5ی 2012 لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی توركیا كۆچی دوایی كرد و گەیشتە كاروانی نەمران، باوكێكی تێكۆشەر بووە كە منداڵەكانی پەروەردەی كوردایەتی كرد و 4 كوڕی قارەمانی فیدای كوردستان كردووە و دەیگوت ئەوانە هەموویان قوربانی رێبازی بارزانیی نەمر بن . یادی بە خێر لە ئەیلوولی 2008 كە وەك پەیامنێری رۆژنامەی خەبات بۆ یادی بەرپا بوونی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول سەردانی پێشمەرگەی قارەمان مام (سلێمان حادی دۆڵەمەری) م لە گوندی بۆكرانی سەر بەدەڤەری بارزان كرد و یادی رۆژانی سەختی خەبات كە خوالێخۆشبوو مام سلێمان حادی چەند بە خۆشحاڵیەوە بۆ رۆژنامەی خەبات قسەی كرد . یادت بە خێر بە منت گوت: باس كردنی ئەم شۆڕشە، بە دەیان لاپەڕە و چیڕۆك تەواو نابی باسی سیفەتە بەرزەكانی بارزانیی نەمر دەكرد كە هیچ كاتێك بارزانیی نەمر خۆی لە پێشمەرگە جیاواز نەدەكردەوە و هەموو كاتێك خۆی بە خزمەتكاری میللەتەكەی دەزانی و ئێمەش شوێن هەڵگری ئەو بووین، باسی سیفەتەكانی شەهید ئیدریس بارزانی و جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی دەكرد كە چون هەمیشە خەباتیان دەكرد بۆ كوردستان مام (سلێمان حادی) كەسێكی رۆشنبیر و كۆمەڵایەتی بوو و مرۆڤێكی بە سەبر و لە سەرخۆ و لە قسەكردن نەرم ونیان بووە و خزمەتی بەرچاوی هەیە لە رووی كۆمەڵایەتیەوە، چەندین كێشە بۆ خەڵك لە هەموو روویەكەوە چارەسەر كردووە و هەمیشە مرۆڤێكی بە عەدالەت بووە و ئەوەی لە توانی دەهات چارەسەری دەكرد هەمیشە یادت دەكەم . مام (سلێمان حادی) هەمیشە گەنج و قوتابی لەدەوری كۆدەبونەوە و چەند هانی دەدا كە دەبی خزمەتی پارتی و بارزانی بكەن. هەمیشە ئامۆژگاریەكانت چەند منی هاندا كە بەردەوام بم خزمەت بە رێگای بارزانیی نەمر بكەم. هەرچەندە باسی پێشمەگەی گیانفیدا خوالێخۆشبوو مام (سلێمان حادی) بكەین هەر كەمە، لە بەر ئەوەی هەموو تەمەنی خۆی لە گەڵ 4 كوڕی شەهیدی لە سەر رێبازی پارتی و بارزانی دانا، ئەوەی ئەمرۆش بە دەست هاتووە لە ئەنجامی خەباتی ئەو تێكۆشەرانە و هەموو شەهیەكانی كوردستان و پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان بە دەست هاتووە و ئەو ئازادیەی ئەمڕۆ ئێمە تێداینە بە خەبات و قوربانیدان بە دەست هاتووە . لەم یادە هەزاران سڵاو لە گیانی پێشمەرگەی دڵسۆز و تێكۆشەر سلێمان حادی دۆڵەمەری و 4 كوڕی شەهیدی قارەمانی و هەموو شەهیدانی رزگاریخواز و سەرقافلەیان بارزانیی نەمر و كاك ئیدریس هەردەم لە یاد.
تیبنی: ئەم بابەتە لە ژمارەی(4323) رۆژنامەی خەبات(20-5-2013) بڵاوبوویتەوە.




