٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

ئەمەریکا ترسی ڤێنامی لە عێراق و لە سوریاش ترسی عێراقی لێنیشتووە

سەرچاوە: KDP.info

غازی حەسەن

یەکێک لەو پرسە گرینگانەی کە راگەیاندنی ئەمەریکا بۆ جولاندن و وەبیرهێنانەوە رۆژانە باسی دەکرد، دوبارە بوونەوەی ترس و کارەساتەکانی ڤێنام و تێکشانی سوپای ئەمەریکا لە ڤێتنام بوو. لە هەنگاوەکانی یەکەمی دەستپێکردنی جەنگی رزگاری دژی دەسەڵاتی سەدام حوسێن، کە جۆرج دەبلیو بۆش بڕیاری لێدا، ترسێکی دەروونی و سەربازی وروژێنەر دژی کردەوەی سەربازی و هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ داتەپاندنی رژێمی بەعس لە عێراق بڵاوکرایەوە. راستە لە عێراق پتر لە چوار هەزار سەربازی ئەمەریکا کوژران، هەروەها سەدان هەزار هاووڵاتی و سەرباز و  پیاوەکانی رژێمی بەعس کە لە دەزگای پۆلیس  و هەواڵگری کاریان دەکرد، کوژران. دوای پرۆسەی رزگارکردنی عێراق و  پێکهێنانەوەی حکوومەتێکی نوێ و هەڵبژاردن و دەرچوونی سوپای ئەمەریکاش لە خاکی عێراق، بەپێی رێککەوتنی ستراتیژی. سەدان هەزار هاووڵاتی لە ئەنجامی بەردەوامی کاری تیرۆر و تەقینەوە بوونەتە قوربانی و تا هەنووکەش کوشتن و تۆقاندن و قەیرانی سیاسی درێژەی هەیە.

راستە ئەمەریکا نەیتوانی چەکی کیمیاوی سەدام حوسێن بدۆزێتەوە و جۆرج بۆشی کوڕ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە بیرەورەییەکانی دانی بە تاڵی ئەو راستییە ناوە کە لە کاتی فریودران لە مەڕ زانیارییەکان دەربارەی چەکی کیمیاوی پێیان دراوە، بەڵام ئێستاش پەشێمان نییە لە رزگارکردنی عێراق لە دیکتاتۆریەتی سەدام حوسێن. گرینگ ڤێتنام لە عێراق روی نەدا، هەرچەندە عێراق نەبۆتە ئەو وڵاتە دیموکراسییەی کە خوێنی لە پێناو رژا، ئەمەریکا لە دووریی سەدان هەزار کیلۆمەتر بڕیاری داو سوپای نارد تاکو مەینەتییەکانی خەڵکی عێراق کۆتایی پێبهێنێت. راستە دەسەڵاتی وەحشیگەری رژێمی بەعس دیماهی هات، بەڵام هەتا نوکەژی دەگەڵ دابێت کۆتایی بە کێشە ناوەخۆییەکانی عێراق نەهاتووە.

ئەمجارە میدیای ئەمەریکی ترسی دوبارە بوونەوەی هەمان کێشەی عێراق لە سوریا بڵاودەکەنەوە و ئەمەش وایکردووە سەرۆکی ئەمەریکا باراک ئۆباما راشکاوانە لە مەڕ ئەو زانیاریانەی باس لە بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی لە لایەن بەشار ئەسەد دژی هاووڵاتیانی سوریا دەکات، بە وریاییەکی زۆرەوە بڵێت، لێکۆلێنەوەی ورد بکەن تاکو هەمان کێشەمان رووبەروو نەبێتەوە، وەکو ئەوەی لەمەڕ چەکی قەدەغەکراو لە عێراق رویدا.

با راستی باس بکەین، ئەمەریکا  و هەموو دونیا دەزانن، کە سەدام حوسێن چەکی کیمیاوی دژی کورد لە هەلەبجە  و بالیسان  و هەندێک ناوچەی بادینان بەکارهێناوە. هەلەبجە گومانی نەهێشتۆتەوە، کەواتە عێراق چەکی کیمیاوی هەبووە. سوریاش بەهەمان شێوە چەکی بەکارهێناوە و سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند کە بەڵگەی یەکلاکەرەوەی بەدەستەوەیە، ئەم چەکە لە سوریا بەکارهێنراوە. ئەی بۆچی ئەمەریکا لە پێناو چی دەیەوێت ترسی خۆیان لەسوریا بەعێراق بچوێنن؟

ئەوان ترسیان هەر لە بەدرۆ دەرچوونی بوونی چەکی کیماوی نییە، بەڵکو ترسیان لەوەیە شەڕی تایفی  و ناوەخۆیی سەرهەڵبدات، هەورەها گروپە ئیسلامییە توندرەوەکان کۆنترۆلی پێگە ستراتیژییەکان بکەن. سەرباری سەرهەڵدان و فرەبوونی کێشەی هەرێمایەتی.

با بەدروستی مەسەلە ببینین، لە عێراق شەڕی تائیفی لە ساڵەکانی ٢٠٠٦-٢٠٠٧ رویدا و لەم مانگەی دوایش لە دوای بەردەوامی خۆپیشاندانی سونەکان دژی نوری مالکی و کوشتارەکەی حویجە، خەریکە مۆتەکەی شەڕی ناوەخۆیی سەرهەڵبداتەوە. هەندێک پێیان وایە ئەو شەڕە لە ترس  و نیەگەرانی تێپەڕیوە و دەستی پێکردووە، چونکە سونەکان گەیشتنە ئەو قۆناغەی دەبێت شەڕی چەکداری دەست پێبکەن. ئەمەش زەمینەی ناکۆکی  و شەڕەکە فراوان دەکات.

 لە سوریا شەڕی ناوەخۆیی دەستی پێکردووە، عەلەوی گومان لە دوارۆژی خۆیان دەکەن، لە ترسی ئەوەی کاتێک سونەکان دوای نەمانی بەشار ئەسەد دەسەڵات دەگرنە دەست، هاوسەنگی تێکدەچێت و ئەوان کەمایەتی خاوەن دەسەڵاتی ئەمڕۆن و دەبنە بەرهەڵستکار و ئیدی دەرەقەتی هیچ ناێین. سوپای سوریا شەڕ دژی سونە لە بانیاس و ناوچەکانی دیکە دەکات. کەواتە هەموو مەسەلەکان لە ئەگەر و ترس دەرچوون.

هەورەها گروپە ئیسلامییە توندڕۆکان بە بەرەی نەسەرەشەوە، لەو ناوچانەی دەسەڵاتی سوپای سوریا و حکوومەتی ئەسەدی تێدا نەماوە، فەرمانرەوان و لەمەش مەترسیدارتر دەستیان بەسەر بیرە نەوتەکانی دێرزۆر داگرتووە. هەروەها بە ئاسانیش دەتوانن چەک لە هاوکارەکانیان وەربگرن.

ئەمەریکا ترسی هەیە لە کاتی هاوکاریکردنی بەرهەلستکاران، کۆمەک  و چەک بگاتە دەستی گروپە ئیسلامییە توندرەوەکان، دیارە ئەمەش لە ترس دەرچووە، چونکە ئەم گروپانە دەستیان بە چەک راگەیشتووە و هاوکاری دەکرێن.

خاڵێکی دیکە ئەو ترسەیە کە گوایە مەسەلە لەئەنجامی پەیوەندی نێوان سونە لە عێراق و سوریا کێشەی هەرێمایەتی بە ئاراستەیەکی دیکەدا دەبات و عێراقیش دوچاری کێشە و گێژاوێکی سیاسی ترسناک دەبێتەوە.

گرینگ،  رەنگە رووداوەکان وەها بن، بەڵام ئەو هەموو ترس بڵاوکردنەوە، دەرفەتی نەداوەتە ئەوەی بەشار ئەسەد لەسەر کوشتار و پەیوەندییەکانی لە گەڵ ئێران و  حبزوللا و  روسیا  بەردەوام بێت، خۆی بەهێز بکاتەوە و تەنیا گرتنەوەی هەندێک ناوچە کە لەژێر دەسەڵاتی بەرهەلستکارەکانی بوو، بۆ ئەمجۆرە راراییە نێودەوڵەتییە دەگێڕنەوە. هاوکات عێراقیش رێگەی پێدراوە، لە ترسی گەڕانەوەی قاعیدە و بەعسییەکان، قەیرانی سیاسی کۆتایی پێنەهێنرێت و نوری مالکی بەرەو تاکڕوەیی پتر لێبخوڕێت و کێشە بنەڕەتییەکان پشتگوێ بخرێت.

ئەنجام ئەوەیە، ئەوەی لێی دەترسین، رویانداوە، پێویستە هیچی دیکە باسی ترسەکان نەکەین، بەڵکو دەبێت ترسەکان رابگیرێت، ئەوەتە گروپە ئیسلامییە توندرەوەکان بە هۆی دوور کەوتنەوەی راستەوخۆی ئەمەریکا و رۆژئاوا لە بڕیارە چارەنووسازەکان، لە بەهێزبوونن. هەورەسا شەڕی ناوەخۆیی دەستی پێکردووە و پتر لە حەفتا هەزار کەس لە سوریا کوژراوە و قەسابخانەی رۆژانەش بەردەوامە. ئیسرائیل هێرشی موشەکیی و ئاگربارانی فڕۆکەی جەنگی دژی سوریا دەست پێکردووە. ترس دیکەش ئەوەیە روسیا سیستەمی موشەکی دژە فڕۆکە بداتە بەشار ئەسەد و بوارەکانی بەرگری ئاسمانی حکوومەتی سوریا بەهێز بکاتەوە. بینیامان نە ڤێتنام لە عێراق رویدا، نە حالەتی عێراقیش لە سوریا دوبارە دەبێتەوە، بەڵام ناوچەکە بەرەو ئاگرێکی ترسناک دەچێت.. ئاگرەکەش دەتوانرێت بە پەلەکردن لە گۆڕانکاری لە شێوازی حکووم و سنوردارکردنی دەسەڵاتی سوریا لە رێگەی فشاری بە کردەوەی دیبلۆماسی و هەتا سەربازیش بکوژێنرێتەوە  و شەڕەکە تەنیا لە ناو سوریا ئابلوقە بدرێت، پێش ئەوەی بپەڕێتەوە بۆ دەرەوەی سوریا  و ناوچەکە بگرێتەوە. 

هەواڵی پەیوەندیدار