٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

سەركردەكان لە نێوان مێژووی شۆڕشگێڕی و ئیرادەی دیموكراتیدا سەرۆك بارزانی وەك نموونە

سەرچاوە: KDP.info

 سوورە مەرگەیی

لە هەر وڵاتێكدا دیكتاتۆری دەستی بەسەر پەیوەندیە سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتیەكاندا گرت و ئازادیەكانی تاك و كۆمەڵی لە چوارچێوەی بەرژەوەندی دەستەگەرایی و تاكڕەوی سیاسی خۆیدا زەوتكردو نەخشەی بۆ چۆنیەتی بیركردنەوەی خەڵك كێشا، ئازادیخوازان بۆ گێڕانەوەی ئازادی بیركردنەوەو پاراستنی بەها مرۆییەكان و ڕێزگرتنی ڕای بەرامبەر پەنا بۆ هەڵوێست و كارو چالاكی شۆڕشگێڕی دەبەن، بە واتایەكی تر ئەوكاتەی دیكتاتۆری دەروازەكان بەڕووی دیموكراتیدا دادەخاو هێڵی سوور بۆ ئازادی بیركردنەوە دەكێشێ و بەهێز جیاوازیە سیاسیەكان یەكدەخات، ئازادیخوازان لە دەروازەی شۆڕشگێڕیەوە هێڵی سووری دیكتاتۆری دەبەزێنن و كار لەسەر شكاندنی بەربەستەكانی بەردەم دیموكراتی دەكەن و بە خوێن و خەبات و لەكاردانەوەیەكی شۆڕشگێڕیدا دەبنە هەڵگری پەیامی ئازادیخوازی و پێشەنگی گۆڕانكاری سیاسی و كۆمەڵایەتی ناو كۆمەڵگا، بەڵام زۆر جاران سەركردە شۆڕشگێڕەكان دوای سەركەوتن بەسەر دیكتاتۆریدا، بە مێژووی شۆڕشگێڕی دنازن و خەونی دواڕۆژی خەڵك و ئیرادەی دیموكراتی لە هەناوی مێژووی شۆڕشگێڕیدا دەگووشن و پانتایی ئازادیەكان بە شێوەیەك سنوودار دەكەن كە خۆیان دەبنە دیكتاتۆرێكی شاراوەی ڕق داگرتوو لە جیاوازیەكانی ئەودیو سنوورە دیاریكراوەكە، ڕوداو و گۆڕانكارییەكانی سەدەی ڕابردووش پڕیەتی لەو نموونانەی كە ئەو بۆچوونەی سەرەوە پشت ڕاست دەكەنەوە.
بە هەموو پێوەرە مێژووییەكان سەدەی ڕابردوو سەدەی بەریەككەوتنی چەوساوە و چەوسێنەر، ڕژێمە دیكتاتۆر و جووڵانەوە شۆڕشگێڕیەكان بووە، بەڵام دوای سەركەوتنی جووڵانەوە شۆڕشگێڕیەكان سەركردەكان لە بازنەی مێژوودا خولاونەتەوەو هەر بە ئەقڵی شۆڕشگێڕی پلانیان بۆ قۆناغی دوای سەركەوتن داڕشتووە، ئەوەش پێچەوانەی بنەماكانی دیموكراتی بووەو دیكتاتۆری لە فۆرمێكی تردا نمایش كردووە، مێژووی جووڵانەوە شۆڕشگێڕیەكان ئەو ڕاستییەی سەلماندووە كە دەیان سەركردەی شۆڕشگێڕ دوای قۆناغی شۆڕشگێڕی كەوتنە بە دیكتاتۆر كردنی ئامانجی جووڵانەوە شۆڕشگێڕیەكان، ڕاستە زۆر سەركردە لە هەڵوێست نواندنی شۆڕشگێڕی و بەگژدا چوونەوەی ستەمی دیكتاتۆری بە هەورازی سەختی مێژووی خەبات و شۆڕشگێڕی هەڵگەڕاون و توانیویانە ئاراستەی ڕووداوەكان بگۆڕن، بەڵام جاریكیتر مێژووی شۆڕشگێڕیان كردۆتەوە بەربەست لەبەردەم پێكەوە ژیانی سیاسی و بەگژ ئیرادەی دیموكراتیدا چوونەتەوە.
لەناو هەموو سەركردە شۆڕشگێڕەكانی سەدەی ڕابردوو سەرۆك بارزانی تاكە سەركردەیە كە بە هەڵوێستی شۆڕگێڕی بەربەستە دیكتاتۆریەكانی شكاندن و بە مێژووەكەشی دەروازە دیموكراتیەكانی بەڕووی خەڵكی كوردستاندا واڵا كردنەوە، باشترین بەڵگەش بۆ ئەو ڕاستییە ئەوەیە كە چوار ڕۆژ دوای ڕاپەڕینی ساڵی (1991)و لە ڕۆژی 9ــ3ــ1991 لە وتارە مێژووییەكەی شاری كۆیەو لەناو ئاپۆرای خەڵكدا بە ڕاشكاوی ئاماژەی بەوەدا كە هەرگیز مێژووی شۆڕشگێڕی نابێتە بەربەست لەبەردەم گەیشتن بە ماف و ئازادیەكانی خەڵكی كوردستان، سەرۆك بارزانی لەو كۆبوونەوە جەماوەریە فراوانەدا خەڵكی كوردستانی لەوە ئاگادار كردەوە كە قۆناغی شۆڕشگێڕی كۆتایی هاتووەو ئێستا لەبەردەم قۆناغێكی نوێ داین و ئەو قۆناغەش ئەركێكی نوێمان لێدەخوازێ، ئەویش قۆناغی هەنگاونانە بەرەو دیموكراتی و دەبێ خەڵك بە ئازادی و لە پرۆسەیەكی دیموكراتی و بە هەڵبژاردن نوێنەرانی خۆی دیاری بكاو بڕیار لەسەر چارەنووس و دواڕۆژی خۆی بدات، ئەوەش ئەو ڕاستییە دەردەخات كە سەرۆك بارزانی لە پرسی دیموكراتیدا ڕوانینی تایبەتی خۆی هەبووەو پێچەوانەی سەركردە شۆڕشگێڕكانی دنیا هەڵگری خواست و ئامانجی سەرجەم چین و توێژەكانی خەڵكی كوردستان بووە، بە تێگەیشتن لە هەڵكردنی باهۆزی دیموكراتی و خوێندنەوەی درووست بۆ سیاسەتی نێودەڵەتی ئەوكات، هەوڵی داوە جیاوازییە سیاسیەكان بە شێوەیەك كارا بكات كە لە بەشداری پرۆسەی بنیاتنانی سیستەمی دیموكراتی و ئاوەدان كردنەوەی كوردستاندا بتوانن پێگەی شیاوی خۆیان وەربگرن، بۆ تێپەڕاندنی هەر قۆناغێكیش ئەو خواست و ئامانجانەی لەبەرچاو گرتوون و ڕێزی لە جیاوازییە سیاسیەكان گرتووە، هەر بۆیەش دەبینین هەڵوێستی شۆڕشگێڕی لای سەرۆك بارزانی ئامرازێك بووە بۆ ڕەواندنەوەی سێبەری دیكتاتۆری و بنبڕكردنی چەوسانەوەی نەتەوەیی و گەیشتن بە قۆناغی دیموكراتی و دابینكردنی سەربەخۆیی نەتەوەیی، نەك هۆكار بووبێ بۆ پاوانكاری سیاسی و گەیشتن بە دەسەڵات، وەك ئەوەی هەندێ لایەن بە مەبەستی حزبی و بۆ دەستخستنی دەستكەوتی سیاسی بە هەڵە لێكدانەوەی بۆ دەكەن.
ئەگەر وردتر بە دوای هەنگاوی شۆڕشگێڕی و هەوڵەكانی چەسپاندی پرۆسەی دیموكراتی سەرۆك بارزانی ـدا بچین دەگەینە زۆر ڕاستی تر، وەك ئەوەی هەڵوێستی شۆڕشگێڕی كردە پردی پەڕینەوە لە فەیەزان و باوبۆرانی دیكتاتۆری و گەیشتن بە كەش و هەوای ئازاد و ژیانی ناو جیهانی دیموكراتی، ئێستاش دەیەوێ بە چەسپاندنی دیموكراتی سیمای كورد لە ناوەندە نێودەوڵەتیەكان جوانتر بكاو بیكاتە ئامرازی گەیشتن بە دوا ئامانج كە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردییە.
جا ئەگەر ئەوە ڕاستییە مێژووییەكان بن پێوستە هەموومان ئەو پرسیارە لەخۆمان بكەین، ئایا دیموكراتی و دواڕۆژی نەتەوەییمان لە كرداری دیموكراتخوازی و هەڵوێست نواندنی نەتەوەوەیی سەرۆك بارزانی ـ دایە، یان لە بەندهەڵدان بە بەژن و باڵای دیموكراتی و موزایەدەی سیاسی و وتاری قەبەو كرداری قرپۆكی هەندێ دەستەو گرووپی درووشمچی؟
سەرك بارزانی دەڵێ: كورد هەرەشەی لەسەرەو هەڵوێستە دوژمنكاریەكانی بەغداو ڕوداو و گۆڕانكاری ناوچەكە لێمان دەخوازن ناو ماڵی خۆمان یەكبخەین.
ئەوان دەڵێن: كێشەكان شەخسین و هەرەشە لەسەر كورد نەماوەو دەوروبەرمان شامی شەریفەو دوژمنی وەهمی درووست دەكەن.
سەرۆك بارزانی دەڵێ: با لە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم و پەسندكردنی دەستوور و سەرجەم پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانیەكان بگەڕێینەوە بۆ دەنگ و بڕیاری خەڵك.
ئەوان دەڵێن: (نا) بە ڕێكەوتنی سیاسی و لە پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانیەكانیش گەڕانەوە بۆ دەنگ و بڕیاری حزب لە دەنگ و بڕیاری خەڵك باشترو دیموكراتی ترە.
سەرۆك بارزانی دەڵێ: كورد لە كوردستان بە فرە بۆچوونی سیاسی و ئازادی بیروڕا و بیركردنەوەی جیاواز جوان دەبێ، لە بەغداش بە یەكهەڵوێستی و یەكێتی نەتەوەیی بەهێز دەبێ.
ئەوان دەڵێن: لە كوردستان ئەوەی گووتمان نەڵێن بەڵێ، لە بەغدا بە (لا)ی عەرەبی دێینە وەڵام و لە تۆڵەی هەر دڵ شكانێكی حزبی دڵی نەتەوەیی دەشكێنین، ڕاستی نێوان ئەو دوو بۆچوونە لەلایەك و لەلایەكی تریشەوە بەریەككەوتنی هەڵوێستی سەركردەی شۆڕشگێڕی دوێنێ و پێشەنگی كاروانی دیموكراتخوازی ئەمڕۆ و دامەزرێنەری دەوڵەتی سبەی كوردی سەرۆك بارزانی، لەگەڵ سیاسەتی چەواشەكاری و تۆمەت بەشینەوەی ئەوان بۆ هەڵوێست و ڕای خەڵك جێدێڵم، نەك بۆ سیاسەتی دووفاقەیی و خولانەوە لە بازانەی بڕیاری بەرژەوەندخوازی حزب.
 
  

هەواڵی پەیوەندیدار