پەكەكە.. توركیا.. عێراق...

فەیسەڵ دەباغ
پڕۆسەی كشانەوەی هێزەكانی پەكەكە لەناو توركیا بۆ قەندیل بووەتە بابەتێكی سەرەكی كە زۆربەی میدیاكاران و سیاسەتكارانی عێراق و توركیا و هەتا بیانیش قسەی لەسەر دەكەن.
میدیاكار و سیاسەتكارانی توركیا هەندێكیان بە خاڵێكی پۆزەتیڤی دادەنێن و هەندیكیشیان بە نێگەتیڤ.
ئەوانەی سەر بە دەستەڵاتن، یان لە دەستەڵاتەوە نزیكن، بە تایبەتی لە خودی پارتی داد و گەشەپێدان بە پۆزەتیڤی دادەنێن و ئەوانەی لە مەهەپە و مەهەپەش نزیكن، بە نێگەتیڤ.
میدیاكار و سیاسەتكارانی عێراقیش بە تایبەتی ئەوانەی سەر بە لایەنی شیعەكانن، جا سەر بە دەستەڵات بێ یان نا، هەر هەموویان بە چاوێكی پڕگومانەوە سەیری پڕۆسەكە دەكەن و پێیانوایە، توركیا بەو هەنگاوە دەیەوێ كێشەكانی خۆی بخاتە ناو خاكی عێراقەوە لەو باوەڕەشدان كە ئەو ئاشتبوونەوەیە كاریگەریی توركیا لەسەر كورد بەهێزتر دەكات و وایان لێ دەكات ئەوەندە منەتیان بە حكوومەتی فیدراڵی نەبێت.
ئەم كشانەوەیە هەنگاوی یەكەمە لە پڕۆسەیەكی درێژ و پڕ ئاڵۆز كە كەس نازانێ ئەنجامەكەی چی دەبێت.
لە ڕاستیدا هەتا ئێستا وێنەیەكی ڕوون لە ئارادا نییە كە نەخشەی چارەسەری كێشەكەمان پێ نیشان بدات، تەنیا ئەوە نەبێت كە كۆمەڵێك بەڵێن و لێكتێگەیشتن لە نێوان هەر دوو لادا هەیە.
پرسیار ئەوەیە: باشە بۆ پەكەكە پشت بە بەڵێن دەبەستێت بە بێ ئەوەی شتێكی نووسراو، یان زەمانەتێك بۆ جێبەجێكردنی ئەو بەڵێنانە هەبێ؟ بە ڕای من باری پەكەكە زۆر باش نییە و بڕیاری دانوستانەكەش پەیوەندی بە ئازادكردنی ئۆجەلانەوە هەبوو كە ئەگەر هەڵە نەبم 14 ساڵە لە زیندانی ئیمراڵییە.
ئەمە سەرەڕای پێشهاتە هەرێمییەكان كە لە بەرژەوەندیی پەكەكە نەبوون، هەروا پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستانی عێراق بە توركیاوە كەوا دیارە هەر دوو لا پێگەیەكی ستراتیژییان بۆ داناوە.
توركیاش لە هەندێ هەنگاو بەدەر نییە لەو هەنگاوەی كە ناوەیەتی، لەوانە هەمواركردنی دەستوور و چوونەناو یەكەتیی ئەورووپاوە كە پارتی داد و گەشەپێدان دەیەوێ هەر دوو ئامانجەكە لەسەر دەستی ئەو بە كۆتا بێت.
بەهەر حاڵ، بەپێی زانیارییەكان پڕۆسەی ئاشتی بە سێ قۆناغدا تێپەڕ دەبێت:
1- كشانەوەی هێزەكانی پەكەكە بۆ چیای قەندیل نزیك لە سنووری ئێران كە لە نەوەدەكانەوە سەركردایەتیی عەسكەریی پارتی كرێكارانی كوردستانی تێدایە و ماوەی كشانەوەی ئەو هێزانەش تا ئەم ساتە دیار نییە، ئایا بە دوو مانگ تەواو دەبێت، یان شەش مانگ، بەڵام بە پێی قسەی هەندێ لە سیاسەتكارانی پارتی داد، لەوانەیە تا كۆتایی ئەم هاوینە بەردەوامی هەبێت.
2- حكوومەتی توركیا دەستوورێكی نوێ، یان هەندێ بڕگەی دەستووریی ئێستا هەموار دەكات، كە تیایدا دان بە پێناسە و تایبەتمەندێتیی نەتەوەیی كورد بنێت، ئەمە سەرەڕای چەند وردەكارییەی دیكە كە پەیوەندییان بە زمان و كولتوور و شێوەی بەڕێوەبردنی ناوچە كوردییەكانەوە هەیە.
پارتی داد و گەشەپێدان لەو قۆناغەدا لە سەنگی مەحەكدا دەبێت كە ئایا تا چەند ئامادەیە داواكارییەكانی كورد وەدی بێنێ، چونكە سیاسەتی پەراوێزخستنی كورد كە ماوەی سەد ساڵە بەردەوامی هەیە، لە بەردەم تاقیكردنەوەیەكی مێژووییدایە، ئەم سیاسەتەش تەنیا سیاسەتی پارتە نەتەوەییەكانی تورك نەبووە، بەڵكو هیی پارتی داد و گەشەپێدانیش كە هەندێ جار خودی ئەردۆگانی سەرۆكوەزیرانی ئێستای توركیا لە هەمووان توندتر بوو، قەتیش دانی بە بوونی كێشەی كورد لە توركیا نەدەنا، هەتا جارێكیان و ڕێك لە ساڵی 2002ـدا لە لێدوانێكیدا ڕایگەیاند كە ئەگەر ئەو كات لە دەستەڵات بووایە ئۆجەلانی لە سێدارە دەدا. بە هەرحاڵ سەبارەت بە دەستوورەوە ڕۆژنامەی میللەت بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەكی حكوومی، ئەردۆگان دەیەوێ (5) بڕگەی دەستوور هەموار بكاتەوە كە پەیوەندییان بە پارتە سیاسییەكان و یاسای هەڵبژارندن و یاسای هاونیشتمانیبوون و یاسای حوكمی مەحەلی و یاسای پەشیمانبوونەوە كە پەیوەستە بە گەڕانەوەی چەكدارانی پەكەكە بۆ شار و شارۆچكە و دێهاتەكانی خۆیان.
3- پەكەكە بە یەكجاری واز لە چەك بێنێ لە بەرامبەر ئازادكردنی ئۆجەلان و لەم ڕووەوە ئێستا حكوومەتی توركیا خەریكی زەمینەسازكردنە بۆ جێبەجێكردنی ئەو قۆناغە و بەر لە چەند ڕۆژ ئەردۆگان لەگەڵ لیژنەی حوكم كە لە پەنجا كەسایەتیی دیاری توركیا پێك هاتووە كۆ بووەتەوە كە چۆن پاش ئەنجامدانی ئەو قۆناغە پێشوازی لە چەكدارانی پەكەكە دەكات و چۆنیش نیشتەجێیان دەكات و بۆ ئەم مەبەستەش شاندێكی توركی سەردانی باشووری ئەفریقیای كردووە بۆ ئاشنابوون لە نموونەی نیلسۆن ماندێلا و توانای جێبەجێكردنی لەسەر ئۆجەلان كە ئێستا لە دوورگەی ئمیراڵی بەندە و دەشگوترێ، كە شاندەكە بەر لەو سەردانە، سەردانی بەریتانیایان كردووە بۆ ئاشنابوون لەو وردەكاری و میكانیزمی چارەسەركردنی كێشەی سوپای ڕزگاری ئیرلەندی و رێخۆشكردن بۆ قەبووڵكردنی ئەو چارەسەرییە لە لایەن كۆمەڵگەی توركییەوە.
بە ڕای من، ئەنجامدانی ئەم سێ قۆناغە پێویستی بە كاتە، چونكە توركیا سێ ئەركی گەورەی لە پێشە:
1- هەڵبژاردنی شارەوانییەكان لە بەهاری 2014.
2- هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتیی كۆمار لە بەهاری 2014.
3- هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی ساڵی 2015.
ئەوەشمان لەبیر نەچێ كە دەنگدان بە دەستووری نوێ، یان ماددە هەمواركراوەكانی ناو دەستووری ئێستا ئەركێكی دیكە دەبێت لە بەردەم ئەردۆگاندا، چونكە پاش هەمواركرنەكە و گوێزانەوەی توركیا لە سیستەمی پەرلەمانی بۆ سیستەمی سەرۆكایەتی، ئەردۆگان دەبێتە سەرۆكی توركیا بە دەستەڵاتێكی ڕەهاوە كە پێنج ساڵ دەخایەنێ دەكرێ بۆ پێنج ساڵی دیكەش بەردەوامی بەو پۆستە بدات.
نكۆڵی لەوە ناكرێ كە ئەردۆگان بەو كارەی كە دەیكات موغامەرەیەكی سەیر دەكات، كاتێ بە تەنیا مل بۆ ئەو پڕۆسەیە دەنێ، ئەمە لە كاتێكدا كە پڕۆسەی وا پێویستی بە كۆدەنگییەكی نیشتمانی هەیە، بە واتایەكی دیكە مانەوەی هەردوو پارتی گەلی كۆماری و بزووتنەوەی نەتەوەیی كە دژ بە چارەسەرییەكەن، توانای تەواوكردنی ئەو سێ قۆناغە لاواز دەكات.
هەتا ئەگەر توانی بە هۆی پارتەكەیەوە و بە هاریكاری و پشتگیریی لایەنی كوردی ئەم كارە ئەنجام بدات، لەوانەیە دەرگەیەكی سەیر لەخۆ بكاتەوە كە لەوانەیە سەقامگیریی ناوخۆی توركیا بخاتە مەترسییەوە
ئەوەی لێی دڵنیام دەبێ ئەردۆگان ئەم پڕۆسەیە بە ئەنجام بگەیەنێت، چونكە لە هەرسێ قۆناغەكەدا كورد وەكو سەیركەر نامێنێ، بەڵكوو زۆر بە وردی چاودێریی جێبەجێكردنیان دەكات و بە شتی ڕووكەشی قەت قایل نابێ، بۆیە هەر لە ئێستاوە خەریكی بەستنی چوار كۆنگرەیە لە دیاربەكر و ئەنكەرە و هەولێر و پایتەختێكی ئەورووپا كە لە یەكەمیاندا هێز و لایەن و كەسایەتیی سەربەخۆی كوردستانی توركیا بەشداری تێدا دەكەن و كۆنگرەكەش دەربارەی دانانی بەرنامەیەكە بۆ چۆنیەتیی ئەنجامدانی چارەسەرییەكە.
دووەم كۆنگرە لە ئەورووپا دەبێت كە كەسایەتیی توركی و كوردی دەرەوەی كوردستان و توركیا بەشداریی تێدا دەكەن، بە مەبەستی دانانی بەرنامەیەك بۆ گەڕانەوەی دوورخراوەكان و كۆچپێكراوانی زۆرەملێ و دانانی زەماناتی یاسایی پێویست بۆ ئەنجامدانی ئەو كردەیە
سێیەم كۆنگرە لە ئەنكەرە دەبێت بۆ تەواوكردنی گفتوگۆكانی ئەورووپا.
چوارەم كۆنگرە لە هەولێر ئەنجام دەدرێت كە لە غەیری كورد، توركمان و عەرەب و سریانییش بەشدار دەبن و ئامانجەكەشی دڵنیاكردنەوەیانە كە ئەو پڕۆسەیە لە دژی هیچ پێكهاتەیەك لەو پێكهاتانە نییە، وەك ئەوەی كە ئێستا سیاسەتكارانی عەرەب، بە تایبەتی لە عێراق ئاماژەی پێ دەكەن و دەڵێن كە ئەمەی ڕوو دەدات هاوپەیمانییەتیی نوێی كورد و توركیایە دژ بە عێراق و سووریا، بە واتایەكی دیكە گۆڕینی ڕێسای گەمەكەیە و لە جیاتی ئەوەی كورد لە توركیا و سووریا و ئێران بێ، بە پێچەوانەوە دەبنە هاوپەیمانی توركیا دژ بە لایەنەكانی دیكە، حكوومەتی عێراق باش دەزانێ كە ئەم پڕۆسەیە، یان ڕوونتر قۆناغی یەكەمی ئەم پڕۆسەیە، واتا كشانەوەی هێزەكانی پەكەكە بۆ قەندیل كاتییە و بەندە بە تەواوكردنی قۆناغی دووەم و سێیەم.
نیگەرانییەكانی حكوومەتی عێراق لە مەسەلەی كشانەوە، دەكرێ لە پێنج خاڵدا كۆیان بكەینەوە:
1- لەو پڕۆسەیەدا پرسی پێ نەكراوە و نەكراوەتە لایەن.
2- جیاوازییەكانی لەگەڵ توركیا سەبارەت بە مەسەلەی سووریا.
3- حكوومەتی عێراق پێیوایە توركیا لە پشت خۆپێشاندانەكانی عەرەبی سوننەیە.
4- ململانێی ئەقلیمی لە نێوان توركیا و میحوەرێكی تر.
5- داپۆشینی كێشە ناوخۆییەكانی عێراق و مەشغوڵكردنی ڕای گشتیی عێراقی بە مەسەلەیەكی وا.
پڕۆسەكە ئاسان نییە و بێ تەگەرەش نابێ، هەتا لە لایەن خودی كوردەكانی توركیاشەوە، بەڵام گرنگ بوونی ئیرادەی پۆڵایینە لەلایەن خودی سەرۆكوەزیرانی توركیاوە.
ئەوەی ئەمڕۆ لە توركیا ڕوو دەدات، كودەتایەكی سپییە بەسەر هەموو ڕووداوە ناوخۆش و تاڵەكانی سەد ساڵی ڕابردوودا، كە ئەگەر ئەردۆگان توانی تێیدا سەر بكەوێ، مێژوویەك بۆ خۆی نەك هەر لە توركیا، بەڵكوو لە ناوچەكەشدا تۆمار دەكات.




