دیاربەكر تۆ چەندە شارێكی جوانی !
نووسەر: یۆسۆف قاپڵان
دوای سەردانی بەلژیكا و ئەڵمانیا گەڕامەوە دیاربەكر و لە سەرەتای هەفتەیەوە لە دیاربەكر بووم و بە راستی هیچ نەمدەویست كۆتایی بەم سەردانم بێت. هاوڕێكانیشم هیچ نەیاندەویست كۆتایی بە سەردانە سێ رۆژییە بهێنم. بەراستی سێ رۆژی زۆر خۆش و بەختەوەرەم بەسەر برد.
بە راستی دیاربەكر شاری دڵ و گیانە، ئەگەر كەس لە من بپرسێت كە دیاربەكر چییە؟ بێگۆمان من لە وەڵامیدا دەڵێم دیاربەكر دڵ و گیانە. دیاربەكر گۆرانی كەسانێكی زەحمەتكێش و كرێكارە كە بەستەی گۆرانییەكەیان ئامادە كردووە و هیچ كۆتاییش بەم گۆرانییە نائیت. دیاربەكر چیرۆكی ژیانێكە كە نە كۆتایی پێ دێت و نەكەس دەتوانێت بەرەو كۆتایی ببات. ئەوەی كە دیاربەكری كردووە بە دیاربەكر ئەو مرۆڤانەن كە سەرەڕای زڵم و چەوساندنەوەی چەندین ساڵە هێشتاكە بە دڵ و بە گیان دەستیان بە ژیان و كلتووری رەسەنی خۆیانەوە گرتووە و چیرۆكی بێ كۆتایی ژیانی خۆیانیان لە پێ ناو ئازادی و سەربەست و یەكسانی بەردەوام دەكەن و رۆحی ئەو پیاو خاسانەیە كە دیاربەكریان لە هەر جۆرە كارەسات و تراژدیایەك پاراستووە.
دیاربەكر كە تا ئێستا بە هۆی بومە لەرزەوە كاوڵ نەكراوە یا خۆ هیچ بومە لەرزەیەك نەیتوانیوە بی لەرزێنێت، لەم رۆژانەدا بە هۆی بومەلەرزەیەكی سیاسییەوە كەوتووەتە نێو جمووجۆڵ و جۆشەوە. ئەم بومەلەرزەیە كە دەستكردی دەستی مرۆڤە، كاریگەرییەكی یەكجار زۆری لە سەر دانیشتوانی دیاربەكر و ژیانی دیاربەكر كردووە. دیاربەكر كە بۆ ماوەیەكی درێژ پێشەنگایەتی بۆ ئیسلام و كلتووری ئیسلامییەت كردووە و شوێنی سەرەتایی ژیانی مرۆڤایەتی بووە، سەرەڕای ئەوەی كە بۆ ماوەیەكی درێژ پێشەنگ بووە، بەڵام سیاسەت و سیستەمی سیاسی توركیا بۆ ماوەیەك دیاربەكری ئەوەتۆ گۆشەگیر كردووە كە زۆر كەس لە دیاربەكر و ژیانی دیاربەكر و كلتووری دیاربەكر بێ ئاگان.
ئەمرۆ كە دیاربەكر بە هۆی بومەلەرزەی سیاسییەوە تووشی جۆش و جمووجۆڵ بووە ئێمە دەتوانین باسی سێ دیاربەكر بكەین. دیاربەكری سۆرچ، دیاربەكری راستەقین و شاری رۆحی راستییەكان. دیاربەكری رۆحی راستییەكان هەر ئەو دیاربەكرەیە كە بە ساڵانێكی درێژ پێشەنگی ژیانی مرۆڤایەتی و كلتووری ئیسلامی بووە و ئەو شارە كە بە ئاوی دیجلە ئاو دراوە و خاوێن كراوەتەوە ئەمرۆ لە بەرامبەر زەمان سەری بەرز كردووەتەوە و مێلوودی گۆرانی ژیانی ئامادە كردووە.
دیاربەكری دووەم ئەو دیاربەكرەیە كە نە ناسنامەی هەیە و نە رۆحی هەیە، ئەمە دیاربەكری تازە پێگەیشتوویە. دیاربەكری سێیەمیش ئەو دیاربەكرە دیجیتاڵەیە كە لە دەردەوری مەیدانی گەورەی شاردا بونیاد نراوە.
دیاربەكری راستەقین دیاربەكری سۆرچە و دیاربەكرە رەسەنییەكانیش لەم ناوچەیەدا دەژین. دیجلەیش هەر وەكو رابردوو، ئەمرۆ ژیان بە دیاربەكری راستەقین دەبەخشێت.
هەر چەند دیاربەكر تا دوێنێ شارێكی گەورەی ئیسلامی بوو و ببوو بە ناوەندێك بۆ بڵاوە پێكردنی كلتووری ئیسلامی، بەڵام ئەمرۆ ئەم شارە بووەتە شاری نموونە بۆ پێكەوە ژیان و برایەتی نێوان مسڵمان، سووریانی، ئاسووری و ئەرمەنەكان.
خەڵكی دیاربەكر كە هێشتاكە لە ژێر كاریگەری كوودەتا سەربازییە یەك لە دوای یەكەكان و بارودۆخە ئاوارتە سەربازییەكاندایە، بەڵام ورەی هەر بەرزە و بە داهاتووی خۆی گەشبینە.
دیاربەكر موزائیكێكی یەكجار گرنگ و گەورەیە لە نێو توركیا هەر بۆیە لە رابردودا رووبەرووی زۆر تراژدیای سیاسی و كۆمەڵایەتی بووەتەوە. لە مێژووی كۆماردا ئەوەی كە لە دیاربەكر رووی داوە لە ئەورووپای سەردەمی ناویندا رووی نەداوە، بەڵام خەڵكی دیاربەكر هێشتاكە ئەسالەت و رۆحی سووكی و كلتووری پێكەوە ژیانی خۆی لە دەست نەداوە. حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی توركیا زۆر هەوڵیان دا كە دیاربەكر لە ناسنامەی راستەقینی خۆی دوور بخنەوە و ناسنامەیەكی دەستكردی پێ بدەن، بەڵام دیاربەكر خۆڕاگری كرد و ناسنامەی خۆی پاراست و ئەمرۆ ئەم ناسنامەیە بووەتە هۆكاری ئەوەی كە دیاربەكر زیاتر لە ئەستەنبۆڵ و ئەنقەرە بۆ ناوەندە جیهانییەكان گرنگ و سەرنجراكێش بێت.
بە هۆی سیاسەتە هەڵە و سەربازییەكانی حكوومەتەكانی توركیا دیاربەكر لە رابردوودا نەیتوانیوە ببێتە ناوەندێكی گەورەی پێكەوە ژیان و ئاشتی بۆ جیهان، بەڵام ئەگەر ئەم قۆناغەی ئێستا كە دەستی پێكردووە سەر بگرێت و بكاتە ئەنجام ئەوا دیاربەكر لە ئاسمانی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا وەكو ئەستێرەیەكی گەش دەدرۆشێتەوە و دەبێتە مایەی سەربەرزی بۆ ئێمە.
شارێكی زۆر خۆشە، خەڵكانی هێشتاكە خاوەن كلتووری رەسەنی كوردین، مێوان پەروەر و مرۆڤ دوست و خەیرخوازن، بە هۆی بارودۆخی ئاوارتەی سەربازی كە پێشتر لە سەر دیاربەكردا سەپێندرابوو، باری گوزەرانیان زۆر باش نییە بەڵام رۆحیان زۆر سووك و مێشكیان زۆر كراوەیە. ئومیدێكی زۆریان بە قۆناغی چارەسەری هەیە و پێیان وایە كە ئەگەر ئەم قۆناغە بگاتە ئەنجامی مەبەست ئەوا بارودۆخی دیاربەكر بە گشتی گۆڕانی بە سەردا دێت و باری گوزەرانی خەڵكێش باشتر دەبێت و دیاربەكر دەبێتە ناوەندێكی گەشتیاری و كلتووری لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا. چوونكە دیاربەكر بۆ ئەرمەنەكانی جیهان، ب ئاسووری و سووریانییەكان شوێنێكی پیرۆز و ئارام و هیوا بەخشە و بۆ كوردەكانی پارچەكانی دیكەی كوردستانیش رۆڵی دڵی هەیە. كوردانی پارچەكانی دیكەی كوردستان زۆر زۆر دیاربەكریان خۆش دەوێ و ئەگەر تا ئێستا نەیانتوانیوە لەو شارە بۆ خۆیان كۆ ببنەوە و بریار لە سەر چارەنووسی خۆیانیان بدەن ئەوا سیستەم و دەسەڵاتی سیاسی توركیا ئاستەنگ بووە. بەڵام سیستەمی سیاسی توركیا وردە وردە گۆڕانی بە سەردا دێت و بارودۆخی دیاربەكریش گۆڕانی بە سەردا دێت و دیاربەكریش دەبێتە وەكو هەولێر. هەولێر ئەمرۆ بۆ كورد وەكو ناوەندێكی ئابووری و بازرگانییە، بەڵام دیاربەكر دەبێـتە ناوەندی كلتووری و ئاشتەوایی و پێكەوە ژیان.
سەرچاوە: یەنی شەفەق




