ئەردوغان پشتگیری لە كێ دەكات؟
ئەرسەلان بۆلۆت
كە سەیری بارودۆخی ئەم دوو ساڵەی دوایی سووریا و سیاسەتی توركیا لە بەرامبەر سووریا دەكەین بۆمان روون دەبێتەوە كە توركیا سەرەتا سیاسەتێكی توندی لە بەرامبەر رژیمی بەشار ئەسەد پەیڕەو دەكرد. دوای ماوەیەك بە هۆی گوشارەكانی رووسیا و ئێرانەوە توركیا تۆزێك لە بەرامبەر سووریا نەرمی نەواند بەڵام هاوسەنگییە سیاسییەكانی ناوچەكە و جیهان وای كرد كە توركیا پێداچوونەوە بە سیاسەتی نەرمی خۆی لە بەرامبەر سوویا بكات. ئەمجارەیان توركیا نەتەنیا سیاسەتی خۆی گۆڕا بەڵكو بە شێوەیەكی چالاك دەستی بە پشتگیری كردنی سوپای ئازادی سووریا كرد و ئەو پشتگیری كردنە ئەوەندە بەرفراوان بوو كە توركی مۆڵەتی بە سوپای ئازادی سووریا دا تا لە نێو سنوورەكانی توركیادا بریارگای ناوەندی خۆی دابمەزرێنێت. بێجگە لەمەیش توركیا چەندین جار بە مەبەستی زووتر هەڵوەشاندنەوەی رژیمی بەشار ئەسەد مێوانداری كۆڕ و كۆبوونەوەی جیاجیای ئوپوزسیون و دوستانی سووریا كرد.
ئەمرۆ كە سەیری هەڵوێستی توركیا لە بەرامبەر سووریا دەكەین تێدەگەین كە سەرۆك وەزیری توركیا رەجەب تەییب ئەردۆغان لە بەرامبەر بارودۆخی سووریادا هەڵوێستی خۆی گۆڕاوە و دەڵێت: هیچ پەیوەندییەكی ئێمە لەگەڵ رژیمێكدا كە خەڵكی خۆی دەكوژێت و وڵاتی خۆی وێران دەكات نییە و توركیا هەمیشە وڵاتێك بووە كە لە دژی زاڵم پشتگیری لە مەزڵووم كردووە. ئەمە هەڵوێستی سەرۆك وەزیری توركیایە بەڵام كاشكە ئەم وتانە هەر هەموویان راست ببووبانا.
من لێرەدا پرسیار لە سەرۆك وەزیری توركیا رەجەب تەییب ئەردۆغان دەكەم كە ئەگەر راستە توركیا هەمیشە لە دژی زاڵم پشتگیری لە مەزڵووم كردووە ئەو كاتە لە شەری عێراق و ئەمریكادا كە بوو هۆكاری كوشتنی زیاتر لە یەك ملیون و نیو خەڵكی مسڵمان و دەستدرێژی كردنە سەر نامووس و كەرامەتی خەڵك، توركیا پشتگیری لە خەڵكی عێراق دەكرد یا پشتگیری لە سوپای ئەمریكا دەكرد؟ ئەوانەی كە دۆعایان بۆ سەربازانی ئەمریكا دەكرد كێ بوون؟ ئەوە كێ بوو، سەرۆك وەزیری كامە وڵات بوو كە لە رێكەوتی 31ی گوڵانی ساڵی 2003دا لە دێمانەیەكی تایبەتی لەگەڵ رۆژنامەی وال ستریتی ئەمریكاییدا وتبووی: بۆ ئەوەی سەربازە قارەمانەكانی ئەمریكا سەلامەت بن و بە سەلامەتی بگەڕنەوە وڵاتی خۆیان ئێمە شەو رۆژ دۆغا دەكەین؟
ئایا ئەمە سەرۆك وەزیری توركیا رەجەت تەییب ئەردۆغان نەبوو؟ ئەی چۆنە كە ئێستا دەڵێ: توركیا لە بەرامبەر زاڵمدا پشتگیری لە مەزڵووم دەكات؟
بێجگە لە عێراق ئەی ئەوكاتە كە خەڵكی لیبیا دەكوژرا و لیبیا بوردمان دەكرا ئایا توركیا پشتگیری لە خەڵكی لیبیای دەكرد یا پشتگیری لە بكوژانی خەڵكی لیبیا دەكرد؟
بێجگە لەوانە ئایا ئەو وڵات و سەرۆك وەزیری ئەو وڵاتە كە زەمینەیان بۆ دانانی سیستەمی قەڵغانی مووشەكی ناتۆ لە مەڵاتییە خۆش كرد و ئەو سیستەمەیان لەوێ بەجێ كرد لە دژی زاڵم پشتگیری لە مەزڵووم دەكەن؟
مەبەستم لە هێنانەوەی ئەم هەموو نموونەیە ئەوەیە كە وتەكانی ئەم دوایەی ئەردوغان سەبارەت بە بارودۆخی سووریا لە راستی دوورن و توركیا كەوتووتە نێو بارودۆخێكەوە كە بۆی نییە و ناتوانێت لە بەرامبەری زاڵمەكاندا پشتگیری لە مەزڵوومەكان بكات. یەكێك لەو كەسانەیش كە زۆر پێ خۆشە شەڕی سووریا ببێتە شەڕی شێعە، سوننە و عەلەوییەكان هەر رەجەب تەییب ئەردۆغان. ناوبراو لە هەر وتەیەكی خۆی سەبارەت بە سووریا باسی عەلەوی و ئاینی عەلەویتی دەكات و دەڵێت ئەوەی كە لە سووریا خەڵك دەكوژێت عەلەوییە. ئارمانجی ئەردوغان لەم وتانە تەشهیر كردنی عەلەویتی و زەمینە خۆش كردن بۆ هاتنە كایەوەی رەق و كین لە دژی عەلەوییەكانە و دەیەوێ بەمجۆرە پێگەی جەماوەری سەرۆكی جەهەیە كەمال قڵیجدارئوغڵۆ كە عەلەوییە و سیاسەتەكانی ئەردوغان لە بەرامبەر سووریا رەخنە دەكات لاواز بكات.
ئایا لە رێفراندومەكەی ساڵی 2010دا ئەو پارتە سیاسییەكی كە دەیگوت: دادوەرە عەلەوییەكان دەچن و دادوەرە مسڵمانەكان دێنە شوێنیان پارتەكەی رەجە تەییب ئەردوغان نەبوو؟
ئەی بۆ چی ئەردوغان لەم رۆژانەی دواییدا دەڵێت: سەرۆكی جەهەپە هەوڵ بۆ هاندانی عەلەوییەكان لە دژی دەسەڵاتی توركیا دەدات؟ ئایا ئەردوغان هانی عەلەوییەكان دەدا یا كەمال قڵێجدارئوغڵۆ؟
لە لایەكی دیكەوە سەرۆك وەزیری توركیا باسی یاری كردن بە ئاگر دەكات. ئایا ئەو كەسە كە لە نێو سنوورەكانی توركیادا جێگای بەو سەرباز و چەكدارانە داوە كە لە لیبیا و ئەفغانستاندا خەڵكیان كوشت، تەجاوزی خەڵكی مەدەنییان كرد، خەڵكی بێ گونا و بێ تاوانیان سەربڕی و دڵی سەربازە كوژراوەكانیان دەر هێنا و خواردیان لەگەڵ ئاگر یاری ناكات؟
ئایا ئەو كەسەی كە بە هۆی پشتگیری كردنی لە قاتڵ و مرۆڤ خۆرەكان وڵاتەكەی رووبەرووی هێرش و تەقینەوە دەبێت و ناتوانێت دەنگی خۆی بكات یاری بە ئاگر ناكات؟
تەقینەوەكانی شاری رەیحانلی چە پەیامێكیان بۆ توركیا هەبوو؟ ئایا پەیامیان ئەوە نەبوو كە بە توركیا و رەجەب تەییب ئەردوغان بڵێن كە چی دیكە پشتگیری لە ئەلقاعێدە و چەكدارە توندرەوە ئیسلامییەكان مەكە؟
باشە كە ئەگەر وایە بۆ سەرۆك وەزیری توركیا لە جیاتی ئەوەی كە پشتگیری لە خەڵكی بێ تاوانی سووریا بكات، پشتگیری لە چەكدارە توندرەوە ئیسلامییەكان و گوایا سوپای ئازادی سووریا دەكات. سوپا ئازاد و رژیمی سووریا هەر دوو زاڵمن و خەڵكی سووریایش مەزڵوومە. بەڵام ئەردووغان لە بەرامبەری زاڵم پشتگیری لە زاڵم دەكات و مەزڵوومی وەلاوە ناوە.
ئەم هەڵوێست و سیاسەتانەی توركیا لە بەرامبەر سووریا نە خزمەتی خەڵكی سووریا دەكات نە خزمەتی توركیا و بەرەژوەندییەكانی توركیا دەكات، تەنیا و تەنیا خزمەتی زاڵمە جیهانییەكان دەكات تینۆی خوێنی مرۆڤی بێ تاوانن و ئەمەیش لە توركیا و خەڵكی توركیا ناوەشێتەوە.
سەرچاوە. یەنی چاغ




