شێخ عەبدوڵڵا بارزانی مرۆڤێكی كوردپەروەر و پێشمەرگەی دێرین و بە وەفا بۆ رێبازی كوردایەتی

سەفەر یوسف میرخان ژاژوكی
كاتێك سەیری لاپەڕەكانی مێژووی خەباتی پڕ لە بەرخودان و تێكۆشانی كوردستان دەكەین دەبینین بە هەزاران تۆماری جوامێرانەو سەروەریی نەخشاوە، كە لە بەشێك لەو مێژووەشدا چیرۆكی زۆر قارەمان بەرجستەن كە خەباتیان كردووە بۆ رێبازی كوردایەتی و گیانی خۆیان كردوتە قوربانی بۆ رێگای ئازادی گەلەكەیان، یەكێك لەو تێكۆشەرانە وەفاداری كوردایەتی خوالێخۆشبوو شێخ عەبدوڵڵا بارزانی یە. لە یادی یەك ساڵەی كۆچی دواییدا چەند دێرێك دەخەمەڕوو.
شێخ عەبدوڵڵا بارزانی كوڕی شێخ محەمەد سەدیق بارزانی و ئامۆزای جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی یە، كەسایەتی خاكی و كۆمەڵایەتی بوو، لە ساڵی 1945 لە گەڵ بارزانیی نەمر و بارزانیەكان ئاوارەی كوردستان رۆژهەڵاتی ئێران دەبن و بەرگری لە كۆماری كوردستان لە مەهاباد دەكەن و دوای تێكچوونی كۆماری كوردستان لە مەهاباد لە ساڵی 1947بۆ شارەكانی بەغدا و بەسرا و كەربەلا نەفی كران، باوكی لە بەندینخانە بووە كاتێك نەفی كرا، باوكی خوالێخۆشبوو شێخ عەبدوڵڵا بارزانی برای شێخ ئەحمەد بارزانی وبارزانیی نەمرە. خوالێخۆشبوو شێخ عەبدوڵڵا بارزانی هەمیشە لە بارزانیی نەمر نزیك بووە و پێشمەرگەی دێرین بوو و بەشداری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و گوڵان كردووە و وكەسێكی رۆشنبیر و كۆمەڵایەتی بووە و شارەزا زمانەكانی كوردی و فارسی و عەرەبی بووە و هەندێك شارەزایی لە زمانی ئینگلیزی هەبووە، دەستی نوسین و شیعر و وەرگیرانی هەبووە و دیوانی حافزی شیرازی وەرگێراوەتە سەر زمانی كوردی. هەر لە دوایی گەڕانەوەی تەرمی بارزانیی نەمر و كاك ئیدریس بارزانی هەردەم ساغ بۆ بارزان لەو كاتەوە شێخ عەبدوڵڵا بارزانی سەرپەرشتیاری مەزاری نەمران بووە و نوێنەری جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی بوو لە پێشوازیكردنی میوانانی مەزارگەی نەمران لە بارزان. شێخ عەبدوڵڵا بارزانی مرۆڤێكی شۆرشگێر بووە بۆ كوردایەتی و مرڤێكی بەڕێز و میهربان و نەرم و نیان بوو، خۆشەویست بوو لە ناو خەڵك و ڕێزی لە خەڵك دەنا. لە كاتی پێشمەرگایەتی چەك و فیشەك و رەختی لە شان نەكردۆتەوەو هەمیشە خەڵكی هان دەدا كە رێبازی كوردایەتی بگرنەبەر هەموو ژیانی خۆی تەرخان كردەبوو بۆ خزمەتكردن لە پێناو سەركەوتنی كورد كوردستان . باس كردن لە سەر شێخ عەبدوڵڵا بارزانی بە دەیان و سەدان لاپەڕە تەواو نابێت، چونكە ئەزموونێكی پرسەروەریی و خەباتێكی دووردرێژی هەبووە بۆ كوردایەتی، ئێستا كە یادی یەك ساڵەی كۆچی دوایی شێخ عەبدوڵڵای بارزانی دەكەینەوە، بەراستی بیرەورییەكان و یادەورییەكانی هەمیشە لە بەرچاومانن، لەو رۆژەدا پەیمان نۆی دەكەینەوە كە بەردەوام بین لە خەبات و خزمەتكردن بە رێبازی بارزانیی نەمر و هەزاران سڵاو لە گیانی خوالێخۆشبوو شێخ عەبدوڵڵا بارزانی و شەهیدانی كوردستان و سەروەریان بارزانیی نەمر و كاك ئیدریسی هەردەم ساغ...
تیبنی: ئەم بابەتە لە ژمارەی(4321) رۆژنامەی خەبات(16-5-2013) بڵاوبووەیتەوە...




