٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

دەستوور بۆ حزبە یان بۆ خەڵك؟

سەرچاوە: KDP.info

 سوورە مەرگەیی

هەموو حزبێك دەستووری خۆی لە چوارچێوەی پەیڕەو و پرۆگرامێكی دیاریكراو دادەڕێژێ كە لە كۆنگرەی حزبەكەو بە دەنگی بەشداربووانی كۆنگرە پەسند دەكرێ، دەستووری حزب پەیوەندی نێوان ئۆرگانە حزبیەكان ڕێكدەخاو ئاراستە سیاسی و فكریەكان دیاریدەكاو قۆناغبەندی بۆ ئامانجە دوور و نزیكەكان دەكات، هەموو ئەوانەش كە ئەو دەستوورەیان لا پەسندە وەك ئەندام و هەواداری ئەو حزبە لە بازنەی دەستوورەكەدا وزەو توانای سیاسی و ڕۆشنبیری و كارو چالاكی خۆیان یەكدەخەن، بەڵام دەستووری وڵات كە دەستووری خەڵكە، گرێبەستێكی سیاسی كۆمەڵایەتی نێوان خەڵك و حكومەتەو ئەرك و مافی هەردوولایان دیاردەكات، پەیوەندی نێوان چین و توێژەكان لەگەڵ یەكتری و لەگەڵ حكومەت ڕێكدەخات، بۆیە مافێكی سرووشتی خەڵكە دوای تەواو كردنی ڕێكارە یاساییەكان لەلایەن لیژنەی پسپۆڕو وەرگرتنی متمانەی پەرلەمانی وڵات، تاكی كۆمەڵگا لە پەسندكردن و ڕەتكردنەوەیدا سەرپشك بكرێ و ڕاستەوخۆ بڕیاری لەسەر بدات، بەڵام هەندێ دەستەو گرووپی سیاسی كە سەری زمان و بنی زمانیان دیموكراتییە، ئەو مافە بە خەڵك ڕەوا نابینن و لەباتی خەڵك بیردەكەنەوە و لەبات خەڵكیش بڕیار دەدەن، بێ گەڕانەوە بۆ دەنگی خڵك دەیانەوێ دەستوور بخەنە ژێر هەژموونی بەرژەوەدی دەستەگەرایی و چی ئامانجی حزبی خۆیان هەیە بە زۆری زۆرداری و بە بڕیارێكی سیاسی بەسەر كۆی چین و توێژەكانی كۆمەڵگایدا بسەپێنن.

ئەو دەستەو گرووپانە و هەندێ بەناو ڕۆشنبیرو ڕۆژنامەنووسی سێبەریش ئەوەندەی كێشەو گرفت لەبەردەم كورد كردنە خاوەن دەستووری خۆی درووستدەكەن، نیو ئەوەندە لەخەم یەكخستنی ناو ماڵی كوردو پێكەوە ژیانی سیاسی و ئاشتی كۆمەڵایەتیدابان، ئێستا زۆر هەنگاوی ترمان دەبڕین و زۆر قۆناغی سەختی ترمان تێدەپەڕان و پێگەی نەتەوەیی كوردیش لە ئێستا زۆر بەهێزتر دەبوو، خۆ ئەگەر بڵێم: خاوەن كیان و دەوڵەتی كوردیش دەبووین زێدەڕۆییم نەكردووە.

ئەوانەی گڕووی بە حزبی كردنی دەستووریان گرتووەو داوای دووبارە گەڕنەوەی بۆ هۆڵی (نا) و (نەخێر)ی پەرلەمان دەكەن، یا ئەوەتا بە ڤایرۆسی ڕق و تۆڵە دوو گیانی سیاسی بوون، یا ئەوەتا بە هەورە تریشقەی دوورە وڵات و خۆڵبارینی بەهاری وڵاتانی عەرەبی بارگاوی بوون، پرسیا ئەوەیە، گریمان دەستوور گەڕایەوە پەرلەمان، یان بە ڕێككەوتنی حزبی وەك ئەوەی دوو گیانە سیاسی و لایەنە بارگاوی بووەكان دەڵێن تێپەڕێنرا، لە هەردوو بارەكەدا دوو گیانە سیاسییەكە لەبەر ژانی ڕق و تۆڵە گوێ ناگرێ و بارگاوی بووەكانیش لە كەش و هەوای خۆڵبارینەكەدا نابینن، ئەو كاتەش ماڵماڵۆكەی حزبی وا ترسناك درووست دەبن میوانی ڕەزاقورسی ئایدۆلۆژی دەكەنە خانەخوێ و دەرگاش بە ڕووی خانەخوێ ڕەسەنەكەدا كە پرسی كوردە دادەخەن.

كورد دەبێ وردتر بیر لە پرسی دەستوورو لە قەیران خستنی بكاتەوە، ئەگەر پرۆژەی دەستوور بگەڕێتەوە پەرلەمان دەكەوێتە زیندانی تاكە كەسی و وەك كاكە مەم ڕوناكایی سەر زەوی نابینێتەوەو حزبێكی وەك حزبەكەی كاك قادر عەزیز كە بە سواڵ و سەدەقە سیاسی و هاوپەیمانییە ئیسلامیەكەی ساڵی 2009 كورسییەكی پەرلەمانی وەرگرت دەتوانێ ڕێگری لە دەرچوونەوەی بكات، چونكە ئەو كاتە زۆرینەو كەمینە بەهای نامێنێ و حزب لە ڕێگای دەستنێژە پەرلەمانەكانیەوە بڕیار دەدات، ئەگەر زۆرنەو كەمینە بێت ئەوا پرۆژەی دەستوور دەنگی لە (../99)ی پەرلەمانی پێدراوە، خۆ ئەگەر بە ڕێككەوتنی حزبیش بێ قوڕەكە ئەوەندەی تر خەستتر دەبێ و پێویستە ڕەزامەندی هەموو حزبەكانی ناو پەرلەمان و دەرەوەی پەرلەمانی لەسەربێ، نەك وەك ئەو ڕێككەوتنە پێنج قۆڵیەی ئۆپۆزسیۆن داوای دەكات، لەوانەش ترسناكتر ئەگەر دەستوور جارێكیتر لە پەرلەمانەوە تێپەڕێنرێ، ئەوا ئەو حزبەی ئێستا لە پەرلەمان كورسی نییە، ئەگەر هاتوو لە هەڵبژاردن بووە خاوەن كورسی مافی ئەوەی هەیە داوای گەڕانەوەو هەموار كردنەوەی دەستوور بكات، ئەگەر بە ڕێككەوتنی حزبیش بێ، هەر كاتێك حزبێكی تر دامەزرێ ئەو دەستوورە بە حزبی كراوە بە هی خۆی نازانێ، مادام دەستوورەكەش حزبییە بۆی هەیە دووبارە دەستوور بخاتەوە ژێر نەشتەرگەری حزبی و مافی خۆیەتی جێی مەقەست و تەقەڵی ئەویشی پێوە دیاربێ، بۆیە پێویستە ئەو پرۆژە دەستوورەی ئێستا هەیەو ڕێكارە یاساییەكانی تەواو بوون و ڕەزامەندی پەرلەمانیشی وەرگرتووە، بە دەستوور كردنی بە دەنگی خەڵك بسپێردرێ و لە حاڵەتی ڕەتكردنەوەیدا هەموار بكرێتەوە، جا ئەگەر دەستوور بۆ حزب بێ ئەوا ئەندام و لایەنگرانی ئەو حزبە مافی خۆیانە جۆری دەستوورو چۆنیەتی كار پێكردنی دیاری بكەن و كەسی تر مافی ئەوەی نییە قسەی تێدا بكات، بەڵام دەستووری وڵات وەك پرسێكی نیشتیمانی بۆ هەمووانە، هیچ حزب و لایەنێك بۆی نییە موزایەدەی سیاسی پێوە بكاو دەبێ لێگەڕێن بخرێتە ڕاپرسییەوەو خەڵك بڕیاری خۆی لەسەر بدات. 

 

هەواڵی پەیوەندیدار