٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

كورد و پەكەكە لە دەرسیم

سەرچاوە: KDP.info

سیبەل ئەرسەلان

ئێمە وەكو تیمی باشوور و باشووری خۆرهەڵاتی ئانادۆڵی كۆمیتەی عەقڵمەندان، لە چەند رۆژی رابردوو سەردانی ناوچەی دەرسیممان كرد و لەگەڵ رێكخراوە مەدەنییەكانی ناوچەكە كۆ بووینەوە. بەراستی لەوەتەی كە كۆمیتەی عەقڵمەندان دامەزراوە تا ئەمرۆ ئەمە یەكەمین كۆبوونەوە بوو كە تێیادا ژمارەیەكی یەكجار زۆر خەڵك تێیادا بەشدار بێت و بیروڕاكانیش لە یەكتر جاواز بن.

هەر چەند ئەم خەڵكە و نوێنەرانی رێكخراوە مەدەنییەكان سەبارەت بە قۆناغی چارەسەری بیروڕایان جیاواز بوو بەڵام بەو پەڕی سینگ فراوانییەوە یەكتریان تەحەمول كرد و گوێیان بۆ یەكتر راگرت. ئەمە یەكەمین جار بوو كە لە توركیا من هەڵوێستێكی بەمجۆرە ببینم.

دەرسێم تەنیا پارێزگای توركیایە كە دەنگی بە دەستووری سەربازی ساڵی 1982 نەداوە و بە سەربەرزییەوە لە دژی كوودەتا و كوودەتاگەرەكان راوەستاوە بەڵام بەداخەوە دواتر زۆر خراب تووڵەیان لێ كردووەتەوە. وێران كردن، چۆڵ كردن، تێكدانی ژێرخانی خزمەتگوزاری، ئەشكەنجە، كریاری بكەرنادیار و .. بوونە قەدەر و چارەنووسی دەرسیم لە دوای كوودەتاكان.

پیرە ژنێك لە سەردەمی كوودەتاكەدا تەنیا یەك كوڕی كوری هەبووە و ئەویش لە لایەن ژاندارمەكانەوە بێسەروشوێن كراوە، كارمەندی شارەداری ئەرداڵ شەن لە لایەن پەكەكەیەوە بە زۆر براوەتە شاخ، خانەوادەكەی چەندین جار سەردانی رێكخراوەكانی مافی مرۆڤی كردووە بەڵام هیچی بە دەست نەهێناوە. پەیرخانیش هێشتاكە بە دوای دەسگیرانەكەی خۆیدا دەگەڕێت كە بەر لە 20 ساڵ لە بەر دەرگای ماڵی خۆیاندا رەفێندراوە و هێشتاكە كەس نازانێت لە كوێیە و چی بە سەر هاتووە، پەیرخان هێشتا ژیانی هاوسەری پێك نەهێناوە و چاوەروانی دەستگیرانەكەی خۆی دەكات كە بگەڕێتەوە. ئەمانە بەشێكی زۆر گچكە لە رووداو و تراژدییەكانی ناوچەی دەرسیمن. مرۆڤ كە دەچێتە دەرسیم هێشتاكە هەست بەوە دەكات كە كۆتایی بە كوودەتاكەی ساڵی 1980 نەهاتووە. سوپا، ژاندارمە و دەوڵەت لە لایەكەوە و پەكەكە لە لایەكی دیكەوە زڵمیان لە دەرسیم و دانیشتوانی دەرسیم كردووە.

دانیشتوانی ئەو گوندانە كە بە هۆی باری ئەمنییەوە لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە چۆڵ كراون لەو رۆژەوە تا ئێستە لە نێو بارزارەكانی شارە گەورەكانی توركیادا بە فرۆشتنی سیر و كەكیك سەرقاڵی بەردەوام كردنی ژیانی خۆیانن.

لە دەرسیم مرۆڤ دەتوانێت هەست بە ئەوە بكات كە پەكەكە نوێنەری هەر هەمووی هاوولاتییە كوردەكان نییە. چوونكە دانیشتوانی دەرسیم هەر چەندە بیروڕایشیان لە یەكتر جیاواز بێت و بارودۆخی ژیانیان زۆر خراب و ئاڵۆز بێت، بەڵام نموونەی پێكەوە ژیانە بۆ توركیا. عەلەوی، سوننە، كورد و تورك پێكەوە داوای ئاشتی و تەبایی دەكەن. هەڵوێستی دانیشتوانی دەرسیم دەتوانێت ببێتە نموونەیەكی بەرچاو بۆ سەرانسەری توركیا. بۆ نموونە پارتی كۆماری گەل ( جەهەپە) لە ئەنقەرە دژایەتی قۆناغی چارەسەری دەكات، بەڵام تەشكیلاتی جەهەپە لە دەرسیم بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد و پشتگیری كردن لەم قۆناغە راپۆرتێكی ئامادە كردووە كە زۆر گرنگ و ئەرێنییە.

جوانانی دەرسیم سەرەڕای ئەوەی كە بە دەست بێكاری و مادە كحولییەكان و مادە هۆشبەرەكانەوە دەناڵێن بەڵام زیاتر لە جوانانی شارەكانی دیكەی توركیا پەرۆشی چارەسەر كردنی پرسی كورد و ئاشتەوایین.

دانیشتوانی دەرسیم گازەندەی ئەوەیان هەیە كە بۆ چی حكوومەتی توركیا بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد تەنیا لەگەڵ پەكەكەدا دادەنیشێت. پەكەكە نوێنەری هەر هەمووی كورد نییە، پێویستە دەوڵەت لەگەڵ ئەو كوردانەیش كە لایەنگر و ئەندامی پەكەكە نین دابنیشێت و سەبارەت بە چارەسەر كردنی مەسەلەی كورد گفتووگۆیان لەگەڵدا بكات.

دەرسیم یەكێكە لەو ناوچانە كە لە ماوەی شەڕی 30 ساڵەدا گەورەترین زەرەری بەركەوتووە و گەورەترین قوربانی بۆ هەر دوو لا داوە. سوپای توركیا چەندە زڵمی لە دانیشتوانی دەرسیم كردووە پەكەكەیش هەر ئەوەندە زڵمی لێ كردوونە. بۆیە پێویستە حكوومەت لەگەڵ ئێمەیشدا دابنیشێت و بیروڕای ئێمەیش سەبارەت بەم قۆناغە وەربگرێت.

 دانیشتوانی دەرسیم هەر چەند گازەندە و رەخنەیشیان هەبێت بەڵام ئامادەن كە بەو پەڕی هێز و توانای خۆیانەوە پشتگیری و پاڵپشتی لە قۆناغی چارەسەری پرسی كورد بكەن، چوونكە نایانەوێ دووبارە ببنە شاهێدی رووداوە تاڵەكانی ساڵانی رابردوو.

سەرچاوە. ستار

هەواڵی پەیوەندیدار